ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی سپتامبری ٢٠٢٥ زایینی و بە دەستپێشخەری ناوەندی دیالۆگ، پێکهاتوو لە حەوت حیزب و لایەنی کوردستانی، سمینارێکی هاوبەش بە بۆنەی ساڵوەگەڕی سەرهەڵدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و بە بەشداری نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و کۆمەڵێک کەسایەتی سیاسی ئەکادیمی و سەربەخۆ لە شاری برگیش گلادباخی ئاڵمان بەڕێوەچوو. بەرنامەکە لە دوو پانێلی بەیانی و دوانیوەڕۆدا بەڕێوەچوو و بە شێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و لایەنە سیاسییەکان و میوانانی دیکەوە پێشوازی لێکرا.
سیمینارەکە لە سەر بنەما و تەوەری لێکدانەوەی شۆڕشی ژینا و دەسکەوتەکان و کەموکوڕی و خاڵە بەهێز و لاوازەکانی شکڵی گرت و هەر یەک لە وتاردەران و بەشداربووان لە گۆشە و رەهەندێکی جیاوازەوە بزووتنەوەکەیان شیکردەوە و بە مەبەستی هێڵکاریکردنی ڕێڕەوی داهاتوو، جەختیان لەسەر پێویستی پێداچوونەوەی ڕەخنەگرانە بەو بزووتنەوەیەدا کردەوە.
لە میانەی گفتوگۆکاندا پرسی هاوکاری نێوان هێزە کوردییەکان وەک تەوەرە و میحوەرێکی سەرەکی جەختی لەسەر کرایەوە. زۆربەی بەشداربووان لە وتارەکانیاندا پێداگر بوون کە بە بێ گوتار و کردەوەی هاوبەش، ناتوانرێت سوود لە دەرفەتە مێژووییەکانی بەردەم بزووتنەوەیکوردستان بگیردرێت. بەم پێیە جەخت لەسەر گرنگیدان بە خاڵە هاوبەشەکان و کەمکردنەوەی پارچەپارچەبوون و بەهێزکردنی هەماهەنگی لەسەر ئاستی سیاسی و دیپلۆماسی و مەدەنی و دامەزراندنی میکانیزمی بەردەوام بۆ هاوکاری هاوبەشی نێوان حیزب و لایەنەکان کرا.
ئەم سیمینارە جگە لە ڕەنگدانەوەی بەها و ئایدیالی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، نیشانی دا کە پۆتانسێلی جیدی هەیە بۆ کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە هاوکاریی هێزە سیاسییە کوردییەکان. ئامادەبوونی سەرنجڕاکێشی ئەندامان و لایەنگران و هەروەها کەشوهەوای دینامیکی گفتوگۆکان، جارێکی دیکە وەبیری هێنایەوە کە کۆمەڵگای کوردیی بە تامەزرۆییەوە چاوی لە هەنگاوی کردەیی و یەکگرتوویی حیزب و لایەن و ڕەوتە سیاسییەکانە.
دواجار کۆبوونەوەی هاوبەشی حیزب و لایەنە کوردستانیەکان، بە جەختکردنەوەیەکی نوێ لەسەر درێژەدان بە دیالۆگ و هەوڵدان بۆ داڕشتنی ستراتیژی هاوبەش و پێویستیی بەستنەوەی خەباتی سیاسی و مەدەنی و دیپلۆماسی کۆتایی هات. ئەم ڕووداوە دەتوانرێت بە هەنگاوێکی گرینگ هەژمار بکرێت بۆ بەهێزکردنی هاوکاری و دروستکردنی ئاسۆیەکی هاوبەش بۆ داهاتووی کوردستان.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان_کومیتەی ئاڵمان




















		