ئامادەبوون و گوتاری نوێنەری هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە پەرلەمانی ئەورووپا
برۆکسل – کۆنفرانسی «بونیادنانی ئێرانێکی دیموکراتیک»
له کاتی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی «بونیادنانی ئێرانێکی دیموکراتیک» لە پەرلەمانی ئەورووپا، فەریبا محەمەدی، جێگری سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بە نوێنەرایەتی لە «هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران» گوتارێکی پێشکەش کرد.
ئەم ئامادەبوون و هەڵوێستە لە کاتێکدایە کە لە پێشخستنی بەرنامەکانی ئەم هاوپەیمانییەدا، «کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان» بەرپرسیارێتیی خولیی هاوپەیمانییەکەی لە ئەستۆدایە.
بەڕێز فەریبا محەمەدی لەم گوتارەدا، وێڕای خستنەدەنگۆی پێکهاتەی نەریتیی دەسەڵات و خوێندنەوە فەرمییەکان بۆ چەمکی دەوڵەت-نەتەوە لە ئێراندا، ڕەخنەی لە ئەمنیکردنی ناسنامە نەتەوەییەکان گرت و ئاماژەی بەوە کرد کە داواکاریی مافە ڕەواکانی ئەم نەتەوانە و جەختکردنەوە لەسەر «مافی دیاریکردنی چارەنووس» لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا، هەمیشە لەلایەن دەسەڵاتەوە بە تۆمەتی جیاییخوازی، بە تاوانناساندن و سەرکوتی توندوتیژانە وەڵام دراوەتەوە. لە کاتێکدا کەمکردنەوەی ئەم ئیرادە نەتەوەییانە بۆ وشە سنووردارکەرەوەکانی وەک قەوم یان ئەتنیک، پشتگوێخستنی ڕاستییە مێژووییەکانی کۆمەڵگە و ڕەسنایەتیی ئەم خەباتانەیە.
ناوبراو لە درێژەی باسەکەیدا بە پشتبەستن بە نموونە جیۆپۆلیتیکییەکانی ناوچەکە و ڕوانگەی شیکەرەوە سیاسییەکان، جەختی لەوە کردەوە کە سنوورەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرهەمی ئیرادەی ڕەهای خودی نەتەوەکان نەبووە، بەڵکوو دەرەنجامی ڕێککەوتنەکان و جێگیربوونی هێزە نێودەوڵەتییەکانە لە درێژایی مێژوودا. وەک چۆن نەتەوەی کورد وەک نموونەیەکی بەرچاو، بەهۆی سنوورە سەپێندراوانەوە بەسەر چوار وڵاتدا دابەش کراوە.
نوێنەری هاوپەیمانیی، بە بیرهێنانەوەی ئەم خاڵە کە سنوورە سیاسییەکان لە ڕەوتی مێژوودا هەمیشە گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە و نابێت بە دەمارگرژیی چەقبەستووەوە سەیریان بکرێت، جەختی لەسەر پێویستیی تێپەڕین لە گێڕانەوە فەرمییە سەد ساڵەییەکان کردەوە و بەرهەمهێنانەوەی بیرۆکەی دیموکراسیی یەکپێکهاتەیی لە نێوان بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی وەک تابوویەکی سیاسی لەقەڵەمدا کە دەبێت بشکێنرێت.
له بەشی کۆتاییی وتارەکەدا، ڕوونکرایەوە کە بۆ ڕۆژی دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ناتوانرێت کۆمەڵگە بە دروشمی گشتگیر بەڵام لێڵ و ناڕوونەوە بەجێبهێڵرێت و هەر جۆرە پێکەوەژیانێکی هاوبەش و بەردەوام لە چوارچێوەی جوگرافیای ئێراندا، مەرجدارە بە دەستەبەرکردنی یەکسانیی پێکهاتەیی لە سێ بواری سەرەکیی، مافە نەتەوەییەکان، فرەیی زمانەوانی-کۆمەڵایەتی و یەکسانیی ڕەگەزی.
١٤ی ژوئەنی ٢٠٢٦
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران

