ماڵاوایی لە ژیانکردنی بیرمەند، نووسەر، وەرگێڕ و توێژەری بەناوبانگی کورد، بەڕێز “دوکتور گۆڵمراد مورادی” هەموو خەڵکی کوردستانی تووشی خەم و پەژارەیەکی زۆر کرد.
دوکتور مورادی یەکێک بوو لە کەسایەتییە کاریگەر و مێژووییەکانی بیر و فەرهەنگی کوردی،کە ژیانی پڕبەهای خۆی بە توێژینەوەی زانستی، ڕۆشنبیریی فیکری و خزمەت به گەلی کورد و بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی کوردستان تەرخان کردبوو.
لێکۆڵینەوە بنەڕەتییەکانی سەبارەت به کۆماری کوردستان، بەشێکی گرنگیان هەیه لە تۆمارکردنی مێژووی هاوچەرخ و پاراستنی یادەوەریی سیاسیی و مێژوویی نەتەوەی کورد.
دوکتور گۆڵموراد لە بواری مافەکانی مرۆڤ و چالاکییە نێودەوڵەتییەکانیشدا، بە ڕوانگەیەکی بەرپرسیارانە و سەربەخۆ کە هەیبوو، پارێزەری کەرامەتی مرۆڤ و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و مافەکانی نەتەوە بندەستەکان بووە.هەوڵە بەنرخەکانی لە پاراستن و ڕوونکردنەوەی ئایینی یارساندا، وەک بەشێکی ڕەسەنی شوناسی فەرهەنگی و فکریی کوردستان، بووە هۆی ئەوەیکە ناوی ئەم ڕووناکبیره کورده بۆ هەتاهەتیه لە بیر و زەینی هەر تاکێکی کورددا بمێنێتەوە.
سکرتارییەتی کۆمەڵه وێڕای ڕێزگرتن لە پێگەی زانستی و ڕۆشنبیری و ئینسانیی ڕێزدار دوکتور گۆڵموراد مورادی، سەرەخۆشی لە بنەماڵە بەڕێزەکەی، کۆمەڵگەی ڕۆشنبیری کوردستان، پەیڕەوانی ئایینی یارسان، و نەتەوەی کورد لە سەرانسەری جیهاندا دەکات و ماڵاوایی لە ژیانکردنی ئەم بەڕێزە بە خەسارێکی گەورە بۆ کوردستان دەزانێت.
جارێكی دیکە یاد و ناوی دوکتور گۆڵموراد مورادی بەرز دەنرخێنین.
سکرتارییەتی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێسانی کوردستان
١٤ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی
٠٤ی ژانویەی ٢٠٢٦ی زایینی


