بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی ڕەشەممەی ١٤٠٣ی هەتاوی ڕێوڕەسمێک بەبۆنەی ٢٧ی ڕەشەممە ڕۆژی گیانبەختکردووانی کۆمەڵه لە یەکێک لە ئوردووگاکانی کۆمەڵە بەڕێوەچوو.
لەم مەراسمەدا کەژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی،کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی کۆمەڵە تێیدا بەشدار بوون، ڕێز گیرا لە یادی هاوڕێیانی هەمیشە قارەمانی گوردانی شوان و گیانبەختکردووانی کۆمەڵە و ئەم ڕۆژە بەرز ڕاگیرا.
سەرەتای مەراسمەکە بە سروودی ئەی شەهیدان دەستیپێکرد و پاشان بۆ ڕێز لێنان لە یاد و فیداکاریی هاوڕێیانی گوردانی شوان و سەرجەم گیانبەختکردووانی کۆمەڵە، چەند ساتێک بێدەنگی ڕاگیرا.
بێدەنگیەکە بە کوپلە شێعرێک لە لایەن ژیلا ڕەشیدی، پێشکەشکاری ڕێوڕەسمەکە شکێندرا.
دواتر هاوڕێ ڕەزا کەعبی سکرتێری گشتیی کومەڵە بەم بۆنەوە قسە و باسێکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
پاشان پەیامی کومیتەی ناوەندیی لە لایەن هاوڕێ ئارمان کورد،ئەندامی کومیتە ناوەندیی کۆمەڵە خوێندرایەوە.
ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی کورتەیەک لە گیانبازیی و فیداکاریی هاوڕێیانی گوردانی شوان و ئەو کارەساتە دڵتەزێنە، درێژەی پێدرا.
لە کۆتاییدا جارێکی دیکە یادی ئەو هاوڕێە جەسوورانە کە لە گوردانی شوان گیانی ئازیزیان لە پێناو ئامانجە بەرزەکانی کۆمەڵەدا بەخت کرد بەرز ڕاگیرا و ئەم ڕۆژەش وەک ڕۆژی گیانبەختکردووانی کۆمەڵە ڕێزی لێگیرا.
٢٦ی ڕەشەممەی ١٤٠٣ی هەتاوی
١٦ی مارسی ٢٠٢٥ی زایینی