هاونیشتمانیانی تێکۆشەر!
تێکۆشەرانی ڕێگای ڕزگاری، دادپەروەری، ئازادی ویەکسانی!
پێشمەرگە فیداکارەکان!
بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختکردووانی کۆمەڵە!
٣١ی جۆزەردان، ساڵڕۆژی گیانبەختکردنی هاوڕێی پێشەنگ سەعیدی موعینی (ناسراو بە “خانە”)، یەکەمین پێشمەرگە و یەکەمین گیانبەختکردووی کۆمەڵە کە لە باشووری کوردستان و لە تێکۆشان بۆ ڕزگاری و دادپەروەری و یەکسانی لەو بەشەی کوردستان گیانیبەختکرد، دەیان ساڵە وەکوو ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە دیاری کراوە.
مێژووی نیو سەدە پێشمەرگایەتیی کۆمەڵە، قوتابخانەیەکی پڕ لە داهێنان، شانازی و دەسکەوتی هاوچەرخە. ناوی پێشمەرگەی کۆمەڵە هەمیشە لەگەڵ چەمکە بەنرخەکانی وەک بەرگریی شێلگیرانە لە مافی چارەی خۆنووسین بۆ نەتەوەی کورد، هاوسەنگەری لەگەڵ کرێکاران و ڕەنجدەران، و پێداگری لەسەر ماف و پێشەنگایەتیی ژنان لێکئاڵاوە. پێشمەرگەکانی کۆمەڵە بە فیداکاری، سەداقەت و خەمخۆریی بێپایانیان بۆ خەڵک، متمانەیەکی مێژوویی و پێگەیەکی پۆڵایینیان لە دڵی کۆمەڵگەی کوردستاندا چەسپاندووە. له مەیدانەکانی نەبەرد له دژی لەشکری داگیرکەران پێشمەرگەکانی کۆمەڵە به جەنگاوەرانی ئازا و نەترس و ورەبەرز له سەرتاسەری کوردستان ناو و ناوبانگی تایبەتیان بۆ خۆیان تۆمار کردووە و سەدان حەماسەی پێشمەرگانەیان خولقاندووە.
کۆمەڵانی تێکۆشەری خەڵکی کوردستان!
دۆخی ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان گۆڕانکاریی بنەڕەتی بەسەردا هاتووە. ئەمڕۆ کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە گێژاوی سیاسەتە تێکدەرانەکان و ئەو ئاگری شەڕە هەرێمییانەدا دەسووتێ کە خۆی دایگیرساندوون، و زیاتر لە هەمیشە لە داڕمان نزیک بووەتەوە، ئەرکێکی مێژوویی و قورس کەوتووەتە سەر شانی پێشمەرگەی کۆمەڵە. دۆخی چالاکیی ئێمە گۆڕاوە، بەڵام ئامانجەکانمان بۆ ئازادی، ڕزگاری، دادپەروەری و یەکسانی هەر وەک خۆیان بەرز و بەرنرخن.
پێشمەرگەی کۆمەڵە تەنیا هێزێکی چەکدار بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی نیزامی نییە؛ بەڵکوو تێکۆشەرێکی وشیار، خاوەن هەڵوێست و هەڵگری پەیامی ژیانێکی شیاو و سەردەمییانەیە. لەم قۆناغە هەستیارەدا، پێشمەرگەی کۆمەڵە وەک هەمیشە پارێزەر و پاڵپشتی سەرەکیی بزووتنەوە مافخوازەکانی ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و پەیوەندیی پێکهاتەیی و قووڵی نێوان خەباتی پێشمەرگایەتی و ڕێکخستنە جەماوەرییەکانی ناو شار و گوندەکان دەپارێزێ و پەرەی پێدەدات. پێشمەرگەی کۆمەڵە ئەمڕۆ هەڵگری پەیامی ڕزگاری، ئازادی، یەکسانی، ژینگەپارێزی و ژیانی شیاوی مرۆڤە و لەگەڵ ئازار و هیواکانی خەڵک دەژی.
ئێمە وەک پێشمەرگەی کۆمەڵە، بە ئیلهاموەرگرتن لە دەسکەوتە فیکری و شۆڕشگێڕییەکانی دەیەکانی ڕابردوومان کە لە شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی”دا بەڕوونی ئاسەوارەکانی دەرکەت، زیاتر لە هەمیشە جەخت لەسەر مافی نەتەوەی کورد بۆ سەربەستی، یەکسانیی مرۆڤ، دادپەروەریی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئازادییە تاکەکەسی و گشتییەکان دەکەینەوە و ڕێگە نادەین هیچ پاشەکشەیەک بەم بایەخە مرۆییانە بکرێت. لەم چوارچێوەیەدا، بەشێکی جەوهەری لە ئەرکی پێشمەرگەی کۆمەڵە بۆ داهاتووی کوردستان ئەوەیە کە پارێزەری ماف و ئازادییەکانی سەرجەم پێکهاتە و دانیشتووانی کوردستان بە هەموو جیاوازییە بیروباوەڕی، نەتەوەیی، ئایینی و فەرهەنگییەکانەوە بێت.
پێشمەرگەی کۆمەڵە نەک تەنیا چاوەڕوانی ئاڵوگۆڕەکان ناکات، بەڵکوو بە پابەندبوون بە بایەخەکانی کۆمەڵە و ئاواتەکانی نەتەوەی کورد بۆ ڕزگاری و ئازادی، بە وشیاریی سیاسی و بە دەرسوەرگرتن لە ئەزموونەکانی ڕابردوو، دەبێت و دەتوانێت ببێتە داڕێژەر و سازەوانی گۆڕانی گەورە لە کوردستان و توێژە مافخوراوەکانی. ئێمە بە پلان و بەرنامەی ڕوونەوە بەرەو داهاتوو دەڕۆین تا نیشتمانێک پڕ لە ئازادی و بەختەوەری بە ئاسۆیەکی دادپەروەرانە و یەکسانی خوازانە بۆ هەموان بونیاد بنێین.
بەرز و بەڕێز بێت ٣١ی جۆزەردان، ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە!
بەرز و بەڕێزە یاد و ناوی سەرجەم گیانبەختکردووانی کۆمەڵە و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان!
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان- سکرتارییەتی کومیتەی ناوەندی
٢٩/جۆزەردان/١٤٠٦
١٩/ژوئن/٢٠٢٦


