خەڵکی خۆڕاگری کوردستان!
هاونیشتمانیانی تێکۆشەر!

چوار ساڵ بەسەر شەهیدکردنی ژینا ئەمینی و سەرهەڵدانی بزوتنەوەی “ژینا – ژن، ژیان، ئازادی” تێدەپەڕێت. شەهیدبوونی ژینا بووە خاڵی وەرچەرخانێکی مێژوویی، کە تێیدا کاردانەوەی بێ‌وێنە و بوێرانەی خەڵکی تێکۆشەر و ئازادیخوازی کوردستان و ئێران، بناغەکانی ڕژێمی سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامی هەژاند و دەنگی ئازادیخوازیی نەتەوەکەمان و هەموو ئازادیخوازانی ئيرانی بە جیهان گەیاند.

ئەمڕۆ لە کاتێکدا لە ساڵیادی ئەو سەرهەڵدانە سەرتاسەرییە نزیک دەبینەوە کە دۆخی خەڵک و پرسی ئازادییەکانیان لەوپەڕی خراپی دایە. بەتایبەت دوای شەڕی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، سەرجەم قەیرانە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان قووڵ بوونەتەوە. دەسەڵات بۆ شاردنەوەی شکستەکانی لە ئاستی دەرەوە و لاوازییەکانی نێوخۆی، گوشارە ئەمنی و ئابوورییەکانی بۆ سەر خەڵکی وەزاڵەهاتووی کورد و ئێرانی چەند هێندە کردووە، بە جۆرێک کە هەژاری، گرانی، بێکاری و نەبوونی ئازادی و ئاسایش تەنگی بە ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان هەڵچنیوە.

سەرەڕای پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان و زیندوویی بزووتنەوە جۆراوجۆرەکان، ڕژێم بەردەوامە لە سیاسەتی کوشتار و سەرکوتکردن. شەپۆلی دەستبەسەرکردنی خەباتکارانی سیاسی، چالاکانی مەدەنی، داکۆکیکارانی مافی ژنان، چالاکانی کلتووری، ژینگەپارێزان، کرێکاران و مامۆستایان بەردەوامە و لە هەڵکشاندایە. سەپاندنی سزای قورسی بەندکردن و زیادبوونی بێ‌وێنەی سزای سێدارە، لەلایەکەوە نیشانەی ترسی ئەم ڕژێمەیە لە ئیرادەی خەڵک و لەلایەکی دیکەش ئاماژەیە بە پێداگریی لە توندوتیژی کە بنەمای دەسەڵاتەکەیەتی.

گەلی کورد کە لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا هەمیشە پێشەنگی تێکۆشان بۆ ئازادی بووە، لەم هەلومەرجە هەستیارەشدا ڕۆڵێکی مێژوویی لەئەستۆیە. تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە و تێپەڕبوون لەم ڕژێمە، تەنیا بە یەکگرتوویی و ئیرادەی یەکلاکەرەوەی خەڵک دەکرێت. کاریگەریی هەبوون و بەردەوامیی تێکۆشان لە بوارە جیاوازەکان و دەوری خەباتی مەدەنی و سەرتاسەری لەلایەن کۆمەڵگە، بۆ بەچۆکداهێنانی دەسەڵات و هەروەها نیشاندانی ئیرادە و یەکگرتوویی سەرجەم چین و توێژەکان بابەتێکی سەلمێندراوە.

بەڕێوەچوونی ناڕەزایەتی سیاسی و مەدەنی و بەتایبەت مانگرتنە گشتییەکانی کوردستان هەر لە دەستپێکی بەدەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامییەوە تا بە ئەمڕۆ ئەوەی نیشان داوە کە ڕەوتی داواکارییە نەتەوەیی و ئازادیخوازییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە هێڵی سیاسی و بنەماکانی ئەو دەسەڵاتە جیاواز بووە. نەتەوەکەمان لە مێژووی تێکۆشانی خۆیدا بە بەڕێوەبردنی مانگرتنی گشتی و مێژوویی جگە لە جەختکردنەوەی مافەکانی خۆی، دژی توندوییژی و سەرکوتیش وەستاوە و پەیامی سیاسی‌بوون و مەدەنیانەی تێکۆشانی خۆی نیشانی جیهانیان داوە.

بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستا، وەک هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران داوا لە سەرجەم چین و توێژەکانی خەڵک دەکەین، ڕۆژی ٢٥ی خەرمانان و لە چوارەمین ساڵڕۆژی تاوانی کوشتنی ژینا ئەمینی مانگرتنێکی سەرتاسەری و گشتی لە بەرانبەر بەردەوامیی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بەڕێوە ببەن. ئەم مانگرتنە جگە لە وەبیرهێنانەوەی یادی سەرجەم شەهیدان و نرخەکانی شۆڕشی «ژینا – ژن، ژیان، ئازادی»، تێکۆشانێکی مەدەنی و وڵامێکی جەماوەرییە دژی قەیرانە ئەمنی و ئابوورییەکان و دەبێتە پەیامی زیندووبوونی خەباتی مەدەنی و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان.

داوا لە هەموو خەڵکی تێکۆشەر و ئازادیخواز دەکەین ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خەرمانان بە داخستنی دووکان و بازاڕەکان و مانەوە لە ماڵەکانیان پەیوەستی ئەم مانگرتنە گشتییە بن و هەمووان پێکەوە بە هەڵوێستێکی یەکگرتووە دووپاتی بکەینەوە کە گەلەکەمان لە هەر دەرفەتێک بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواکانی خۆی کەڵک وەردەگرێت و هەرگیز تەسلیمی زوڵم نابێت. ئەم مانگرتنە گشتییە، هەنگاوێکی گرنگ و پەیامێکی ڕوونی بەرەنگاربوونەوە دەبێت بۆ چەسپاندنی ئیرادەی سیاسی و نەتەوەییمان. هەر بۆیە داواش لە سەرجەم لایەن و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکان دەکەین پشتیوانی لە بەڕێوەچوونی ئەم مانگرتنە گشتییە بکەن، تاوەکو بە یەکڕیزی و بە هێزی خەباتی مەدەنیی خۆمان نیشانی بدەین کە سیستمی سەرکوت و سێدارە هەرگیز ناتوانێت پێش بە تێکۆشانە ڕەواکانمان بگرێت.

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران
٢٢ی خەرمانانی ٢٧٢٦
١٣-٠٩-٢٠٢٦

Share.

Comments are closed.

Exit mobile version