
لە ماوەی ڕابردوودا، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، چەندین ژن و کچ کوژراون. کوژرانی سەوگەند، کچێکی تەمەن ١٦ ساڵ کە بە دەستی باوکی لە کرماشان کوژرا، یەکێک لە نموونە دڵتەزێنەکانی ئەم شەپۆلەی ژنکوژییە.
هەرچەندە ڕەگی سەرەکیی ژنکوژی لە بیرکردنەوەی پیاوسالارانە و هەستی خاوەندارێتیی پیاوان بەرامبەر بە ژنانی بنەماڵەکەیاندا ڕیشەی هەیە، بەڵام ئەم تاوانانە تەنیا کێشەیەکی کەلتووری نین. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ژنکوژی لە ژینگەیەکدا بەردەوامە کە دەسەڵاتی داگیرکەری کۆماری ئیسلامی، کە خۆی لەسەر بنەمای پیاوسالاری و ئایین دامەزراوە، بە یاسا و دامەزراوە و ئایدیۆلۆژیی خۆی ژن بە کەسێکی پلە دوو دەزانێت و پیاوان بە خاوەن و بڕیاردەری ژیان و چارەنووسی ژنان دادەنێت.
یاساکانی سزایی و مەدەنیی ئێرانیش ئەم نایەکسانییە یاساییە قووڵتر دەکەن. بۆ نموونە، بەپێی ماددەی ٣٠١ی یاسای سزای ئیسلامی، باوک و باپیری باوکی لە سزاى قیساس بۆ کوشتنی منداڵی خۆیان بەخشراون. هەروەها، لە هەندێک حاڵەتدا، کەمترکردنەوەی سزا و هەبوونی ڕێگای یاسایی بۆ ڕزگاربوونی تاوانباران لە سزای گونجاو، ژینگەیەک بۆ بێسزایی و بەردەوامیی ئەم تاوانانە دروست دەکات. بەم شێوەیە، دەسەڵاتەکە نەک تەنیا پارێزگاریی لە ژنان ناکات، بەڵکوو بە سیاسەت و یاسا و دامەزراوەکانی خۆی بەشێکە لەو بارودۆخەی کە ئەم تاوانانەی تێدا بەردەوام دەبن.
لەم دۆخەدا، چاوەڕوانیی دادپەروەریی لەو دەسەڵاتە بێمانایە، چونکە لەلای ئێمە هیچ ڕەواییەکی نییە. بۆیە بەرپرسیارێتیی کۆمەڵگای کوردی، بزووتنەوەی کوردستان و هەموو هێزە پێشکەوتنخوازەکان لێرەدا قورستر و گەورەترە. ئەگەر ئێمە بە هەڵوێستی ڕوون و کرداریی هاوبەش ڕێ لەم تاوانانە نەگرین، دەسەڵات نەک ڕێگرییان لێ ناکات، بەڵکوو بەردەوامی و دووبارەبوونەوەیان ئاسانتر دەکات.
کوشتنی ژنان بە ناوی «شەرەف»، بە تەواوی پێچەوانەی مانای ڕاستەقینەی شەرەف و مرۆڤایەتییە. شەرەف لە ڕێزگرتن لە مرۆڤ، پاراستنی ژیان و کرامەتی مرۆڤدا خۆی دەنوێنێت، نەک لە خاوەندارێتی و کۆنترۆڵکردنی ژیان و جەستەی ژنان. هەر ڕەوتێک، هەر کەسێک و هەر ڕاگەیاندنێک کە ژنکوژی پاساو بدات یان ئاسایی و قبووڵکراوی پیشان بدات، بە شێوەیەک لە شێوەکان لە بەردەوامیی ئەم تاوانانەدا بەشدارە. ئەوانەش کە لە ترس یان بەهۆی نائاگاییەوە بێدەنگ دەمێننەوە، پێویستە بێدەنگییەکەیان بشکێنن، چونکە بێدەنگی هەل و ژینگەیەکی گونجاو بۆ دووبارەبوونەوەی ئەم تاوانانە دەڕەخسێنێت.
داوا لە تاکەکانی کۆمەڵگای کوردی، ڕێکخراوە مەدەنییەکان، حیزبە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکانی ژنان و بزووتنەوەی کوردستان دەکەین کە بەرەنگاربوونەوەی ژنکوژی بە ئەرکێکی کۆمەڵایەتی و نیشتمانیی خۆیان بزانن و بە هەڵوێست و هەنگاوی کرداریی هاوبەش، دژی هەموو شێوەکانی توندوتیژیی و چەوساندنەوەی ژنان بوەستنەوە. بزووتنەوەی کوردستان تەنیا ئەو کاتە دەتوانێت بانگەشەی ڕزگاریی ڕاستەقینە بکات کە دژی هەموو شێوەکانی چەوساندنەوە بوەستێتەوە، یەکێک لە سەرەکییترینەکانی کوشتنی ژنانە.
هاوکات، داوا لە هەموو تاک و لایەنە پێشکەوتنخوازەکانی ئێران دەکەین کە لە دژی تاوانی ژنکوژی دەنگ هەڵبڕن و لە هەڵوێست و چاڵاکییە هاوبەشەکاندا بەشدار بن، چونکە ژنکوژی تاوانێک نییە کە تەنیا بە یەک شوێن و ناوچەوە سنووردار بێت، بەڵکوو کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و سیستەماتیکە کە پێویستی بە بەرەنگاربوونەوەی هاوبەش هەیە.
ئەم پەڵە رەش و ناپاکییە تەنیا بە هەڵوێستی هاوبەش و هەنگاوی کرداریی دەسڕێتەوە.
کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ی هەتاوی
١٨ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٦ی زایینی
