ڕاپۆرتی سیاسیی کومیتەی ناوەندی بۆ کونگرەی ١٤ی کۆمەڵە
(ىۆ داگرتنی PDFی ئەم ڕاپۆرتە لەیرە کلیک بکە)
هاوڕێیان و نوێنەرانی کونگرەی ١٤ی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
ئەمڕۆ لە دۆخێکدا کونگرەی کۆمەڵە بەڕێوەدەچێ کە کۆمەڵگای کوردستان لە هەموو بوارێکەوە ئاڵوگۆڕی زۆری بەسەردا هاتووە. ئاخێزی میلیۆنیی جەماوەری، شۆڕش و هەستان و مانگرتن و چالاکییە مەدنی و سیاسیی بەرین و بەردەوام، خۆڕاگری بەرانبەر بە یەکێک لە دڕندەترین ڕژێمەکانی سەردەم کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تووشی شەڕ و ماڵوێرانی کردووە، بەشێکی جیانەکراوەی ژیانی خەڵک لە کوردستانە.
خۆڕاگری و ئازایەتییەک کە هاوکات لەگەڵ ئەوەی کوردستانی کردووەتە سەنگەری پێشڕەو و نەبەزیوی خەباتی جەماوەری، لە ئێران و ناوچەکە و بگرە جیهانیش، ناوی کوردستانی وەکوو سەمبولی ڕاپەڕین و مەتەرێزی ڕاوەستانەوە بەرانبەر بە سەرکوت و، هیوا بە داهاتوویەکی ئازاد و گەش بەرز کردووەتەوە.
شۆڕشی ژینا وەکوو تەکان و هەژانێکی سیاسیی قووڵ و بنەڕەتی کە لە کوردستانەوە دەستی پێکرد، کونگرەی ئێمەی خستووەتە دۆخێکی تایبەتەوە. کۆنگرەی کۆمەڵە دەبێ بە پشتبەستن بەم ئاڵوگۆڕ و تەکانە و بە ڕوانگەیەک لەسەر ئەم بنەمایە، کۆمەڵگای کوردستان و چەڵێنج و سواژەکانی، دەور و هەلومەرجەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریی خوازیی نەتەوەیی کوردستان، دۆخی حیزبەکان، ژنان و بارودۆخی تایبەتی ئەمڕۆی کوردستان بخوێنێتەوە و لێکیبداتەوە و بەو شێوەیە وەکوو حیزبێکی کوردستانیی چپ تاکتیکەکانی و خەتی سیاسیی خۆی و چۆنیەتیی بەشداریی چالاکانەی کۆمەڵە لە کار بۆ گەیاندنی کۆمەڵگای کوردستان بە ئاوات و داخوازی و پێویستییەکانی لەم خوێندنەوەیە هەڵێنجێ و خۆمی زیاتر لە جاران بۆ خەبات و ئاخێزە میلیۆنییەکانی داهاتوو ڕێکبخات.
ئەمڕۆ کە ئێمە لێرە کۆبووینەتەوە و ئەو دەرفەتەمان هەبوو کە لە ناو دڵی ڕاپەڕینێک، شۆڕش و هەستانەوەیەکی ڕزگاریخوازی میلیۆنیدا بین و هەوڵ بۆ دیاری کردنی چارەنووسی خۆمان بدەین، پێویستە جێگە و پێگەی ئەو شۆڕشە کە ناوی شۆڕشی ژینای لێنرا، لێکبدەینەوە و بیر لەوە بکەینەوە کە ئەم شۆڕشە چ کاریگەریی گرینگ و قووڵ و یەکلاکەرەوەی لەسەر چارەنووسی ئێمە، هەلومەرجی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان و بزووتنەوە مافخوازانەکانی دیکە و داهاتووەکەیان داناوە.
با لە شۆڕشی ژیناوە دەست پێ بکەین. بەستێنە مێژووی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و خەباتکارانەکانی لە کوردستان لێکبدەینەوە، تایبەتمەندییەکانی بناسین، ئاسەوارەکانی لە کوردستان دەرخەین و دەنگدانەوەی ناوچەیی و نێونەتەوەیی ئەم شۆڕشە هەڵسەنگێنین. (پێشتر لە بەیانییەکانی کۆمەڵە بە بۆنەی جۆراوجۆر لەوانە بە بۆنەی ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژینا، لەسەر ئەم شۆڕش و کاریگەرییەکانی قسە کراوە کە دەتوانێ بنەمای باسی ئەمڕۆی ئێمە لە کونگرەدا بێ)
شۆڕشێ ژینا
کاتێک دایک و باوکی ژینا لە کاتی مەرگی ڕۆڵەکەیاندا باوەشیان پێکدا کرد، نە خۆیان و نە کەسی دیکەش نەیدەزانی ئەو ساتەوەختە دەبێتە سەرەتای هەژانێکی سیاسیی گەورە کە زۆر زوو بە دروست ناوی شۆڕشی لێنرا.
لەڕاستیدا دایک و باوکی ژینا دەورێکی تایبەتیان لە هەڵگیرسانی ئاگری شۆڕش و ڕاکێشانی هاوپشتی و پشتیوانی بۆ ئەم شۆڕشە هەبوو. دەنا کوشتنی ژیناش دەیتوانی وەکوو هەزاران تاوانی دیکەی ڕژێمی ئێران لە بێدەنگی بنەماڵەکەی و نەبوونی کاردانەوەیەکی جەماوەریدا لەبیربچێتەوە.
شۆڕشی ژینا شۆڕشێکی کوردستانی بوو کە لە کوردستانەوە و لەسەر بەستێنی مێژووی خەباتکارانەی کوردستان، خۆڕاگریی ٤٥ ساڵەی بەرانبەر بە یەکێک لە دڕندەترین دەسەڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەسەر بنەمای پێکهاتەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاڵووگۆڕە قووڵەکانی کۆمەڵگای کوردستان سەری هەڵدا.
ئەم شۆڕش کە بە شێوەیەکی سەرەنجڕاکێش ئێران و جیهانیشی گرتەوە، بەهەڵکەوت و لەخۆوە سەریهەڵنەدا. ئەم شۆرشە قووڵتر و بەرینتر و هەمەلایەنەتر لە جاران کوردستان و خەباتەکەی ــ کە ٤٥ ساڵ بوو بەرانبەر بە حکوومەتی ئیسلامی بە تەنها ڕاوەستابوو ــ تا ئاستی شۆڕشی جەماوەری بەرزکردەوە شۆڕشێک کە لە شەقامەکانی شارە گەورەکانی جیهاندا دەنگیدایەوە و پشتیوانیی لێکرا.
هەوڵە دوژمنکارانەکانی ڕژیمی ئێران بۆ ئەوەی تەنها ڕەواڵەتێکی نیزامی بداتە بزووتنەوەی کوردستان هەموویان شکستیان هێنا. سەرەڕای ئەوەی خۆڕاگریی پێشمەرگانە و چەکدارانە لە کوردستان هەر لەسەرەتای دەسپێکردنیەوە خاوەن جێگە و پێگە و وجەی خۆی بووە بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا سیمای مەدەنی، سیاسی و بەشداریی گشتی و نافەرمانییە مەدەنییەکان زۆر بەرچاوتر بووە. بزووتنەوەی کوردستان بزووتنەوەیەکی چەکدارانە نییە ( بە پێداگری لەسەر ئەوەی بەرگری لە خۆ مافی بێئەملاوئەولای خەڵکی کوردستانە) بزووتنەوەی کوردستان بزووتنەوەی مافخوازانەی نەتەوەیەکی سەرکوتکراوە کە هەنگاوی گەورە و بنەڕەتیی بۆ دەستەبەرکردنی ئاواتە لەمێژیینەکەی هەڵگرتووە. شۆڕشی ژینا کە لە ناو دڵی ئاڵوگۆڕەکان و خەباتی کوردستانەوە سەریهەڵدا، تایبەتمەندیهایەکی هەیە کە لە ئاخێزەکانی پێش خۆی جیای دەکاتەوە.
ساڵانی پاش شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی و ڕووخانی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی پاشایەتی و ئەو سەردەمەی ئێران بەخێرایی بەرەو ئیسلامی بوون و دەسەڵاتی ئیسلامی دەڕۆشت و تەنانەت ئەو شەپۆلە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشی گرتبووەوە، کوردستان سێکۆلاریزم و ئازادیخوازیی کردبووە ئاسۆی خەباتی. ئەو کاتەی حکوومەتی ئیسلامی لەسەر بنەمای سەرکوتی ژنان و زەوت کردنی مافەکانیان دادەمەزرا لە کوردستان جیلێک لە ژنانی پێشڕەو و خەباتکار وەکوو پێشەنگی خەباتکاران و هاوشانی پیاوان لە هەموو بوارەکانی خەبات بەرانبەر دواکەوتوویی و کۆنەپەرەستی سەریانهەڵدا و لە خەباتی مەدەنیدا و لە خەباتی پێشمەرگانەدا بەرانبەر هێرشی حکوومەتی ئیسلامی بۆ سەر کوردستان و لە خەباتی سیاسیدا دەورێکی بەرچاوی مێژووییان دەگێڕا.
ئەو کاتەی ئێرانی ئیسلامی یاسا نامرۆڤانیەکانی دەسەپاند و دەیکردنە یاسای فەرمی و هەموو خەباتێکی مەدەنی و سیاسیی سەرکوت و بێدەنگ کردبوو و خەڵکی بەرەو سووچی ماڵەکانیان پاشەکشە پێکردبوو، خەباتی جەماوەریی کوردستان بە داهێنەربوون و ڕێبەرانی نوێ و شێوازی نوێی خەبات بەرانبەر بە داگیرکاریی ڕژێمی ئیسلامی، ڕۆژ لە ڕۆژ زیاتر دەپشکوت و بەرەو پێشەوە دەچوو.
ئەو سەردەمە و دواتریش کوردستان بوو بەرانبەر بە سزا لە پیش چاوی جەماوەر ڕاوەستا، کوردستان بوو کە بە داهێنانی جەماوەری بەری بە یاسای نامرۆڤانەی تۆڵە (قصاص) گرت، کوردستان بوو کە وەکوو پێشەنگی نەتەوە مافخواروەکانی ناو جوگرافیای ئێران لە خەبات بۆ مافی چارەی خۆ نووسین، گڕ وتینی دایە خەباتی مافخوازانەی نەتەوەکان بۆ گەیشتن بە مافەکانیان و لە کردەوەدا ڕابەریی نەتەوەکانی گرتە ئەستۆ.
شۆڕشی ژینا هەموو هەوڵەکانی ڕژیم بۆ دووبەرەکی نانەوە لە نێوان نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی دیکە و لە نێوان ئایین و ئاینزاکان و باقی لایەنە جیاوازەکانی پووچەڵ کردەوە. ٤٥ ساڵ کۆماری ئیسلامی پڕۆپاگاندەی دژی کوردستان کرد و هەموو هێز و توانی مادی و مەعنەویی خۆی دژی کوردستان ڕێکخست و هەوڵی جێگریکردنی درۆکانی بەرانبەر بە کوردستان دا، شۆڕشی ژینا هەموو ئەو هەوڵانەی کردە تۆزی بەربا. لە ئاکامی شۆڕشی ژینادا هاوپشتییەکی بەرین بۆ کوردستان دەستەبەر بوو و هەموو فڕوفیشاڵی ڕژیمی وەدرۆخستەوە و کوردستان و بزووتنەوە ئازادیخوازانەکەی بوون بە سەرمەشقی خەباتی خەڵکی دیکە و پێشوازیی بەرینیان لێکرا.
شۆڕشی ژیان توانی خەبات و گینفیدایی نەتەوە ژێردەستەکان، خەباتی ژنان دژی حیجابی زۆرەملێ و بێمافیی ژنان و خۆڕاگری و بەرخۆدانی نێو زیندانە ترسناکەکانی پێکەوە گرێدا. شۆڕشێ ژیان گیانێکی تازەی کرد بەبەری ئەو خەبات و خۆڕاگرییانەی بە درێژایی دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامی بە ئاشکرا و نهێنی، چکۆلە و بەرین، ناوچەیی و سەرانسەری، ڕێکخراو و خۆڕسک بەردەوام بوون.
بەفرانباری ١٣٩٦، گەڵاڕێزانی ساڵی ١٣٩٨ و سەدان ئاخێزی گەورە و چکۆلەی دیکە، سەرمایەیەکی گەورەیان بۆ بەرەوپشچوون و بەردەوامیی خەبات کۆکردبووە و شۆڕشی ژینا بوو بە جەمسەری هەموو ئەوانە و لە کوردستانەوە تاکوو بەلووچستان و شەقامەکانی تاران و کەرەج و بێرلین و پاریس و تۆرۆنتۆ هاوپشتییەکی مەزنی لە نێوان خەڵکێکدا خولقاند کە لە ٤٥ ساڵی ڕابردوودا حکوومەتی ئێران هەوڵی بێگانەکردنیان و دوورخستنەوە لەیەک و گرینگینەدان بە چارەنووسی یەکتری و نانەوەی ناتەبایی و دوژمنایەتی لە نێوانیاندا دابوو.
شۆڕشی ژینا، ڕاستی و ڕەواییەکی قووڵتر و جیدیتری دایە بزووتنەوەی رزگاریخوازیی نەتەوەیی کوردستان. ئەم شۆڕشە، دروشمی ژن ژیان ئازادیی ئەو بزووتنەوەیە و ناوەرۆکە ئینسانی و ئازادیخوازانەکەی، تایبەتمەندییە پێشکەوتنخوازنە و جەماوەرییەکانی زەقتر کردەوە و پشتیوانییەکی ناوچەیی و جیهانیی بۆ لای بزووتنەوەی کوردستان ڕاکێشا و مۆرکی ڕەوابوونی لە خۆڕاگری و خەباتی ٤٥ی خەڵکی کوردستان دا. شۆڕشی ژینا دۆخێکی لەبارتری بۆ کوردستان و بزووتنەوەکەی ڕەخساندووە.
شۆڕشی ژینا دۆخی ژنان، خەباتی ژنان و جێگە و پێگەیان لە ئەمڕۆ و داهاتووی کوردستانی تووشی گۆڕانی بنەڕەتی کردووە. دیارە ئەم شۆڕشە نەیدەتوانی بە بێ بوونی بنەمای پێویست پێگەیەکی وا بە ژنان ببەخشی. بوونی ڕەوتێکی چەپ و سۆسیالیستی وەکوو کۆمەڵە و سیاسەتەکانی و بەخشێنی پێگەیەکی بەرز بە ژنان و بەشداریی ژنان لە ٤٥ ساڵ خەباتی سیاسی و پێشمەرگانەدا، ئاڵوگۆڕە قووڵەکانی کۆمەڵگا، دۆخی ژنانی لە بواری خوێندنی باڵا، ئەدەبیات، مۆسیقا، وەرزش و بنەماڵە و کۆمەڵگا بەتەواوەتی گۆڕی بوو. شۆڕشی ژینا بە دەورگێڕان لە بەهێزکردنی پێگەی ژنان و پاشەکشەکردن بە پیاوسالاری بە گشتی ڕەواڵەتێکی پێشکەوتووانەتر، مرۆڤانیتر و یەکسانیخوازانەتری داوەتە کوردستان و شۆڕشە لەمێژینەکەی.
شۆڕشی ژینا دەسەڵاتی ئیسلامیی ئێرانی لە جیهاندا ڕیسواتر کرد و زەبرێکی کوشەندەی لە ڕەوایی ئەو دەسەڵاتە دا. پشتیوانە نێونەتەوەییەکانی ڕژیمی ئیسلامیی ئێران لەوەی بە دۆستی ئەو حکوومەتە بناسرێنەوە دەترسان و چیدیکە بە ئاشكرا پشتیوانییان لێ نەدەکرد. زۆرێک لە دەوڵەتانی جیهان بە ئاشکرا هەڵوێستی خۆیان دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەربڕی. لاوزبوون و لە چالاکی کەوتنی لابییەکانی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات، ڕێپێوانە بەرینەکانی دەرەوەی وڵات و بەتایبەت خرۆشی ١٠٠ هەزار کەسیی بەرلین و کەوتنەگەڕی میلیۆنها کەس کە لە تاو سەرکوت و دڕندەیی دەسەڵاتدارانی ئێران هەڵاتبوون، هێرشی بەرین بۆ سەر باڵیۆزخانەکانی و ناوەندەکانی سەر بە حکوومەتی ئێران، ناساندنی سپای پاسداران وەکوو تێرۆریست و دەرکردنی کەسەکانیان لە وڵاتی کانادا هەموویان دەسکەوتی مەزن و لەبیرنەکراوی شۆڕشی ژینان.
ئیسلامی سیاسی و حکوومەتی ئیسلامی لە باری عەقیدەتی و ئیدۆئۆلۆژیک و ستراتێژیکەوە زەبرێکی گەورەی لێکەوت. بەشەرییەتی پێشکەتوو بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی خەڵک لەگەڵ خرۆشی جەماوەر کەوتن. حیجاب کە تا بەر لەم شۆڕشە هەوڵدرابوو بە بەرگی خوازرا و هەڵبژێردراوی وڵاتانی بە ناوی ئیسلامی بناسێندرێ لەباری کۆمەڵایەتی، فیکری و عەقیدەتییەوە زەبرێکی گەورەی لێکەوت. سووتاندنی حیجاب بەدەستی خەباتکارانی شۆڕشی ژینا بنەمای دەسەڵاتی دژە ژنی ئیسلامیی کردە ئامانج.
ئەم شۆڕشە لە بەر شێوازی ژنانە و پێشکەوتنخوازانەی خەباتی، لەبەر مەیلی مرۆڤایەتیی پێشکەوتوو بۆ بەرەنگاری لەگەڵ دواکەوتوویی، سۆزێکی کەموێنەی جیهانیی بۆ لای خۆی ڕاکێشا. ئەو هاوپشتییە تەنانەت دەوڵەتانی ڕۆژاوای ناچار کرد ئەگەر بەڕەواڵەت و بە شێوەی کاتیش بووبێ بە سیاسەتەکانیان و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا بچنەوە. شۆڕشی ژینا سیاسەتی نێونەتەوەیی بە قازانجی خەڵک گۆڕی.
شۆڕشی ژینا بنەماکانی حکوومەتی ئیسلامی لاواز کرد و بە سەڵماندنی ناڕەوایی ئەو حکوومەتە زەبرێکی وەهای لێدا کە هەموان بەچاوی خۆیان بینییان کە خەڵک دەتوانن ئەو دەسەڵاتە سەرکوتکارە بڕووخێنن.
شۆڕشی ژیان بەرینترین، گەرموگوڕترین و کاریگەرترین بزووتنەوەی سیاسی سەردەمی دەسەڵاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانە. دیارە ئەم شۆڕشە لەسەر بەستێنی ٤٥ ساڵ خۆڕاگریی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر ئاخێزی جەماوەری، لەوانە ئاخێزەکانی بەفرانباری ١٣٩٦، گەڵاڕێزانی ساڵی ١٣٩٨ هەڵیدا و بە لەخۆبردووی و گیانفیدایی خەباتکارانی گەیشتە تروپکی خۆی و لە ناوچەکە و جیهاندا دەنگی دایەوە.
شۆڕشی ژینا دۆخێکی لەبارتری بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی کوردستان ڕەخساند و ڕەوایی ئەو بزووتنەوە و داواکارییەکانی سەلماند و پشتیوانیی بۆ کۆکردەوە. ناوەرۆکی بزووتنەوەکە زیاتر لە جاران ئازادیخوازانە و ئینسانی و عەداڵەتخوازانە و پێشکەوتوو بووە. ڕەوایی پێداگریی بزووتنەوەی کوردستان لە سەر داخوازییەکان و ئاواتەکانی جێگریتر بوو بە گشتی پیلان و سێناریۆی ٤٥ ساڵەی حکوومەتی ئێران دژی خەڵکی کوردستان پووچەڵ کرایەوە. ژن ژیان ئازادی سنوورەکانی بەزاند و شۆڕشی ژیان چاوەڕوانییەکانی خەڵکیان بردە سەرێ و بەتایبەت حیزبە چەپ و دادپەروەرەکان کە بەشداری ڕێکخستنی خۆڕاگریی جەماوەری لە کوردستان بوون لەو نێوەدا زیاتر چاوەڕوانییان لێدەکرێ. هەر بۆیە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ئەرکێکی سیاسیی گرینگ و مێژوویی کەوتووەتە سەرشان. پەیوەندیی حیزبەکان لەگەڵ خەڵک، لەگەڵ ڕێبەرانی بزووتنەوەکە، دەور و نەخشی حیزبەکان لە دەوری داهاتوودا، ڕێکخستنی ناڕەزاییەکان و ئەو بزووتنەوانەی بەڕێوەن هەموویان تووشی ئاڵوگۆڕ هاتوون. ئەم ئاڵوگۆڕانە کە شۆڕشی ژینا زیاتر زەقیانی کردەوە و هێنایانیە مەیدان، حیزبە کوردستانییەکان لەگەڵ دۆخێکی نوێدا بەرەوڕوو کردووەتەوە کە پێویستی بە لێکدانەوە و بیرلێکردنەوەیە.
سەرەڕای ئەوەی لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادیدا پەیوەندیی حیزبە کوردستانییەکان لەگەڵ شۆڕشەکە ئاستێکی شیاو و باشی هەبوو بەڵام کەموکۆڕییەکانی حیزبەکانی لە ڕێکخستنی ناڕەزاییەکان، گشتگیر کردنی دروشمەکان، ڕێنووێن بوون بۆ بزووتنەوەکە، نوێنەرایەتیکردنی بزووتنەوەکە لە ئاستی جیهانیدا و وەڵامدانەوە بە هەموو پێویستییەکانی وەها شۆڕشێکی بەگوڕ و مودیڕن دەرخست.
کونگرەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، ڕێبەریی هەڵبژێردراوی ئەم کونگرەیە و هەموو پێکهاتەی ئەم حیزبە دەبێ بۆ وەڵامدانەوە بۆ پێویستییە ئەمڕۆییەکانی بزووتنەوەی کوردستان خاوەن پلان و پلاتفۆرم و ڕێکخستنێکی ڕوون بن.
(پاشکۆی ژمارەی ١ی ڕاپۆرتی سیاسیی دەقێکی درێژتر و کامیلتر لە سەر شۆڕشی ژینایە کە ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لەسەر ئەم شۆڕشە دەری کردووە)
بارودۆخی کۆماری ئیسلامی
شۆڕشی ژینا بارودۆخی کۆماری ئیسلامیی لە چاو بەر لە شۆڕشەکە گۆڕی. حکوومەتی ئێران سەرەڕای هێنانە مەیدانی هەموو هێزی سەرکوتی خۆی لە دژی شۆڕش، نەیتوانی و نەیوێرا باسی شکست پێهێنانی شۆڕشەکە بکا. حکوومەتی ئێران دەبێ هەموو ڕۆژێک لە هەوڵ و تەقالادا بێ و خەریکی سەرکوتی خەڵک بێ بۆ ئەوەی شکست نەخوا. شۆڕشی ژینا بە هێزی جەماوەر سێبەری ڕووخان و لەناوچوونی خستە سەر حکوومەتی ئێران. ڕووخانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئەمڕۆکە بووەتە مەترسییەکی جیددی لەسەر دەسەڵاتدارانی ئێران.
ڕژێمی ئێران لە ژیر هێرشی ئەم شۆڕشەدا زۆر لە پشتیوانەکانی خۆی لەدەست دا. هونەرمەندە خۆفرۆشەکان و هونەرەکەیان کە یەکێک لە ئامرازەکانی حکوومەت لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بوون نزیک بە تەواویان لە دەستی حکوومەت دەرچوون و بەشێکی زۆریان بە بزووتنەوەکەوە پەیوەست بوون و بەتایبەت ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی هونەرمەندی ناسراو بە فڕێدانی سەرپۆشی زۆرەملی پشتیوانی و لەگەڵبوونی خۆیان بە ئاشکرا ڕاگەیاند، تەنانەت ژمارەیەک لەوانەی لە دەنگوڕەنگی فەرمیی حکومەتدا کاریان دەکرد داوای لێبووردنیان لە خەڵک کرد و ئەو دەزگایەیان بەجێهێشت، کە یەکێک لە ئامرازەکانی سەرکوتی حکوومەتبوو. شکۆی درۆینەی سپای پاسداران شکا.
لە بواری وەرزشیشەوە سپای پاسداران و حکوومەتی بەرەوڕووی شکست بوونەوە. وەرزشەوانانێکی بوێر لەبەرانبەر حکوومەتدا ڕاوەستان و ژمارەیەک لە ژنان لە مەیدانە جیهانییە وەرزشییەکاندا حیجابی زۆرەملییان هەڵگرت و ئاشکرا هاتنە ڕیزی خەڵکی خەباتکارەوە. ئەم شۆڕشە زەبری گەورەی لە ٤٥ ساڵ هەوڵ و خرجکردنی بوودجەی سپای پاسداران بۆ پاراستنی حکوومەت لە ڕێگەی ئامرازە هونەری و ورزشییەکانەوە وەشاند.
ئاگردانی ڕووسەری و حیجاب و لێدان لە عەمامە ئاخوندەکان لە لایەن لاوانەوە بوو بە هۆی ئەوەی هەموو جیهان بزانێ حکوومەتی ئێران بە توندوتیژترین شێوازی دیکتاتۆریش نەیتوانیوە بیر و ڕای خەڵک بگۆڕێ. دەرکەوت حکوومەتی ئیسلامی لە ئاستی کەلانی ئیدۆیۆلۆژیکدا لە ناوەندی بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسیدا شکستی هێناوە.
لە دەروەی وڵاتیش حکوومەتی ئێران تووشی گرفت بوو. شۆڕشی ژن ژیان ئازادی ناردەکردنی خۆفرۆشەکان بۆ دەرەوە وڵات و پێکهێنانی لابی و دامودەزگای پرۆپاگاندا لە ڕۆژاوا لە چەند دەقیقەدا ڕووخاند. لە وڵاتی کانادا سەدان کەسی سەر بە سپای پاسداران و حکوومەتی ئێران دەرفەتی مانەوەیان لێسەندرایەوە و دەرکران. ڕێنەدان بۆ سەردانی جەوادی زەریف بۆ کانادا ڕیسواییەکی سیاسیی دیکەی حکوومەتی ئێران بوو. ڕێپێوانی شکۆداری بێرلین و بەشداریی میلیۆنها کەس لە ڕێپێوانەکانی ئورووپا و ئەمریکا هەموو پلانەکانی حکوومەت لە دەرەوەی وڵاتی هەڵوەشاندەوە. لە هەوڵێکی بێوێنەدا حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هێنرایە بەردەم دادگای نێونەتەوەیی لاهە. تیرۆرە نێوخۆییەکان و هەڵاتنی کاربەدەستانی حکوومەتی لە ترسی تۆڵەی خەڵکدا، حکوومەتی ئێرانی بردە پلەیەکی نوێ لە ئەزمەوە، ئەزمەی مەرگ، دوا ئەزمە.
ئەزمەی ئابووری و بژیو، تێکچوونی بەرهەمهێنان، بە مەسرەفی کردنی بازاڕی ئێران، هەژارکردنی میلیۆنها خانەوادە، نەبوونی بژیوی سەرەتایی ژیان لە سەر سفرەی خەڵک و هەژاری و ڕۆژڕەشیی لەڕادەبەدەر زیاتر لە جاران پەرەیان سەندووە. هەموو دامودەزگای حکوومەتی ئێران بوونەتە مافیایەکی ئابووری و لە باندێکی قاچاخچی دەچن کە لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە جەولاندان.
گرفتی ئابووری کۆماری ئیسلامیی ئێران سیاسییە. حکوومەتی ئێران هەموو سەروەت و داهاتی لە ناوەوە و دەرەوەی ئێران بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆی بەکاردێنێ بەڵام خەڵک و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و تەنانەت خودی دەسەڵاتداران لەوەی ئەم حکوومەتە بۆ ماوەیەکی درێژی دیکە بەپێوە بێ لە گومانن. مل نەدانی حکوومەتی ئێران بە یاساکانی بازاڕ و ڕێککوتنە نێونەتەوەییەکان، دزی و ئیختلاسی گەورە، بودجەیەکی لەڕادەبەدەر کە سەرفی مانەوەی دەسەڵات دەکرێ بوونەتە هۆی ناجێگیریی تەواوی ئابووریی ئێران و کەوتنەدەرەوەی لە بازاڕی جیهانی. دەسەڵاتدارانی حکوومەتی ئێران ژمارەیەک چەتە و ڕێگرن و لە ڕێگای بانکەکان و بازاڕی ئەو وڵاتانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە دەستیان تێدایە پووڵ و پارە دەگەیەننە تاران بۆ ئەوە سەرچاوەی ئابووری بۆ چەکوچۆڵی گرووپە تیرۆریستییەکان دابین بکەن.
دۆخی ئابووریی ڕژیمی ئێران بە نیرخی ئەمڕۆی دۆلار کۆنترۆڵ ناکرێ و یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی تێکچوونی هەموو بنەماکانی ئابووریی ئێرانە. لە ڕاستیدا حکوومەتی ئێران بیر لە پشکووتنی ئابووری ناکاتەوە و تەنها شتێک کە بۆی گرینگە ڕزگار کردنی خۆی لە مەترسیی ڕووخان و شکست لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە کە ٤٥ ساڵە ئابووری، ژیان و هەست و نیستی دەیان میلیۆن کەسی کردووەتە قوربانیی ئەم کارە. تا کاتێک حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و قاچاخچییەکانی دۆلار و دز و تاڵانچییە حکوومەتییەکانی لە دەسەڵاتدا بن ئابووریی سەقامگیر نابێ و ئێران ناگاتە پشکووتنی ئابووری و خەڵک ناگەنە ئارامیی ئابووری و ژیانێکی شیاو. کۆماری ئیسلامی هەموو ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی لە گەندەڵی و ئابوورییەکی ڕووخاو و ژینگەیەکی وێران و بێکاری و هەژاری و نەداریدا خنکاندووە و بەرهەمهێنان و پیشەسازیی لەناو بردووە.
ئەمڕۆکە هەموو خەڵکی جیهان کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دەسەڵات و حکوومەتێکی دژە ژن دەناسن. حیجاب چیدیکە تەنها لەتە پەڕۆیەک نییە و وەکوو سەمبۆلی ستم لەسەر ژنان دەناسرێ. شۆڕشی ژینا ئەم شەرمەزارییەی بە باڵای حکوومەتی ئێران دووری. حکوومەتی ئێران بە هێنانی گەڵاڵەی حیجاب لە ڕاستیدا دانی بە شکستی خۆیدا ناوە. حجاب نەک هەر هێڵی سووری حکوومەت بەڵکوو ئامرازی سەرکوت بوو، خەڵک یەکە یەکە ئامرازەکانی سەرکوتی حکوومەتیان لە دەستی سەندووە و ئەو ئامرازانە چیدیکە بڕشتی جارانیان نەماوە.
حکوومەتی ئیسلامی لەگەڵ خەڵکێک بەرەوڕووە کە لە سەدا شەستی لە لاوانێک پێکدێ کە بەشی هەرەزۆریان خۆیان بە بەشێک لە جیهانی پێشکەوتوو دەزانن. لاوانی ناوچەکانی ژیر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ دەسەڵاتداران لە بواری تەمەن، کولتووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی بەتەواوەتی جیاوازن. جیلی نوێ خوێندەوارن و خوێندنی باڵایان هەیە، لایەنگری پێشکەوتوویین و خۆشبژیوییان دەوێ. لاوانی لەدایکبووی دەیەی هەشتای هەتاوی بزوێنەری سەرەکیی ڕاپەڕینەکە بوون و ئەمە خۆی نیشانەی شکستی کۆماری ئیسلامی و ئیسلامی سیاسییە. ئەم جیلە سەرەڕای سەرکوت و هەزاران میلیارد دۆلار خەرجی حکوومەت لەسەر پرۆپاگاندەی ئایینی، نەبوون بە کەسانێکی بڕوامەند بە ئایین و حکوومەتی ئاینییان نەویست. لاوان بوونەتە مەترسیی و هەڕەشەیەکی گەورە لە سەر بوون و بنەماکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
کۆمەڵگای ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ئێران پاش دەیان ساڵ سەرکوت و تاڵان و زیاتر لە چوار دەیە پاش دروشمی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی، بووەتە ناوەندی هەڵچوونی کۆمەڵایەتی و ئاخێزی سیاسیی بەردەوام و شۆڕش و مانگرتن و ڕابوونی جەماوەریی بەرین. مانگرتنی کرێکاران، نافەرمانیی مەدەنیی لاوان و ژنان و ئاخێزی جەماوەریی نەتەوە ژێردەستە و سەرکوتکراوەکان لە بەرامبەر حکوومەتێکدا کە بەردی بناغەی بە هێرش بۆ سر وڵاتەکانیان و داگیرکردنیان دانراوە، بووتە دیاردەیەک کە هەموو ڕۆژ و مانگ و ساڵێک ئەگەری ڕوودانیان هەیە.
لە دەیەی ڕابردوودا ڕەوتێکی خەباتکارانە دەستی پێکرد کە گەڕانەوەی بۆ نییە و شۆڕشی ژینا گەورەیی و بەریناییەکەی بە باشی دەرخست. دانیشتووانی ئێران لە سەروبەندی شۆڕشێکی گەورەدان کە مژدەبەخشی گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی دادپەروەرانە، ڕزگاریی نەتەوەکان، ژنان و لاوان و پەیوەست بوون بە کۆمەڵگای پێشکەوتووی جیهانییە. حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و هەموو دامودەزگای ئیدۆئۆلۆژیک و سەرکوتەکەی لە گۆڕێکدا کە خۆی هەڵیکەندوو دەنێژرێ.
لە بواری نێونەتەوەیدا حکوومەتی ئێران و دەسەڵاتدارانی زیاتر لە جاران وەکوو حکوومەتێکی تیرۆریستی، پشتیوانی تیرۆریستان و هەناردەکەری تیرۆریزم، قاچاخچیی دراوە نێونەتەوەییەکان و هۆکاری شەڕ و ماڵوێرانی لە ناوچەکەدا ناسراوە. ئەم ڕژێمە کە هەموو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تووشی شەڕ و ئاژاوە کردووە و بۆ ئەوەی شەڕ لە خۆی دوورکاتەوە دەیان شاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تووشی شەڕ و ئاژاوە کردووە، ئەمڕۆکە بە تەواوەتی تەریک کەوتووەتەوە.
دانیشتنە نێهێنی و ئاشکراکانی دەسەڵاتەکانی ڕۆژاوا لەگەڵ حکوومەتی ئێران دەریدەخا کە ئەو دەسەڵاتانە نایەکگرتوو و بێدەرەتانن و مەترسیی تەیاربوونی کۆماری ئیسلامی بە چەکی ئەتۆمی زۆرجار باسی گەرمی ناوەند جیهانییەکانە و دەرفەتێکی داوەتە ئەم حکوومەتە تیرۆریستە کە تەمەنی خۆی درێژکاتەوە. نەبوونی ئاڵتێرناتیڤێکی جیددی و جەماوەری لە ئاکامی چل و پێنج ساڵ سەرکوتدا، بیانووی داوەتە دەست وڵاتانی ڕۆژاوا و دەرفەتی بۆ حکوومەتی ئێران ڕەخساندووە کە کایەی مەرگی خۆی لە ناوچەکەدا درێژە پێبدات.
کۆماری ئیسلامیی لەسەروبەندی ڕووخاندایە. زۆرێک لەو بنامایانەی حکوومەت لەسەریان دانرابوو ڕووخاون و خەڵک چیدیکە لە ژیانی ڕۆژانەیاندا ملکەچی یاسا دژە ئینسانییەکانی حکوومەت نابن و نموونەی بەرچاوی ئەو گوێپێنەدانە حیجابی زۆرەملییە. کۆماری ئیسلامی دەڕووخێ، بزووتنەوەیەکی بەرین وەڕێکەوتووە کە ڕاناوەستێ و بێگومان بەرینتر و قووڵتر دەبێتەوە.
کوردستان پڕشکۆ و خۆڕاگر
ئەمڕۆ کە ئێمە وەکوو یەکێک لە حیزبەکانی کوردستان و نوێنەرانی کونگرەی چواردەهەمی کۆمەڵە لێرە کۆبووینەتەوە، پێویستە نیشانی بدەین کە بزووتنەوەیەک کە لەسەرەتای دامەزرانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا لە کوردستان دەستی پێکرد و نزیکەی نیو سەدەیە بەردەوامە، چە جێگە و پێگەیەکی هەیە.
چەندین مانگ بەر لە ڕووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی دیار بوو کە کوردستان ڕێگەیەکی جیاوازی گرتووەتە بەر. سەرکوتکاریی حکوومەتی پاشایەتی لە کوردستان هەر لە یەکم ڕۆژی پاش کودەتای ١٢٩٩ و دامەزرانی سیلسیلەی پەهلەوی تا کۆتایی تەمەنی نگریسیان لە ڕێبەندانی ١٣٥٧دا، درێژەی هەبوو. سەرکوت و کوشتنی سمکۆی شکاک، هێرش بۆ سەر کۆماری کوردستان و لەسێدارەدانی ڕێبەرانی کۆمار، سەرکوتی بزووتنەوەی ٤٧ـ١٣٤٦، گرتن و زیندانی کردن و دوورخستنەوەی خەباتکاران و ڕابەرانی کورد، دانانی پلانی سیستماتیک بۆ تواندنەوەی نەتەوەی کورد لە ڕێگەی جۆراوجۆری وەکوو لەناوبردنی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی یان بە ئێرانی نواندنی، دانانی زمانی فارسی وەکوو زمانی فەرمی، پشتگوێ خستنی کوردستان لە پرۆژە ئابوورییەکان و هەژار ڕاگرتنی بە ئەنقەستی کوردستان و دەیان نموونەی دیکە کارنامەی ڕەشی حکوومەتی پەهلەوی لە کوردستانن. لەسەردەمی ئاخێزە سیاسی و هەڵچوونە کۆمەڵایەتییەکانی پاییز و زستانی ساڵی ١٣٥٧ دا ئەو هەلە بۆ نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕەخسا کە هەنگاوێکی گەورە بۆ ڕزگاری لە ستەم و بێمافی و سەرکوت و تاڵانی سەرچاوە سروشتییەکان و دەربازبوون لە ئاسیمیلاسیۆن هەڵگرێ. بە لەبەرچاوگرتنی مێژووی حکوومەتی ئێران لە کوردستان و ڕابردووی خەباتکارانی نەتەوەی کورد، دیار بوو کە کوردستان ڕێگەی تایبەتی خۆی دەگرێتەبەر. ڕووخانی ڕژیمی پاشایەتی وەکوو دەسەڵاتێکی سەرکوتکاری نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ناو ئێران، دەرفەتێکی زێڕینی دایە نەتەوەی کورد کە بە بزووتنەوەیەکی نوێ و جەماوری و بە ئاسۆیەکی ڕووناکترەوە خەباتی ڕزگاریخوازانەی درێژە پێ بدات.
داڕێژەرانی شۆڕشی ئیسلامی و دامەزرێنەرانی حکوومەتی تازە بەدەسەڵات گەیشتووی ئێران بە هاودەنگیی شۆڤینیستەکانی پێشوو و شۆڤینیستە تازەکانی سەر دەسەڵات، زۆر زۆر کەوتنە خۆ و ویستیان بەسەرکوت و کوشتار ئەم دەرفەتە لە نەتەوەی کورد بستێننەوە و بە خەیاڵی خۆیان ئەم هەلە لەباربەرن. نەورۆزی ئازادیی کوردستانیان کردە نەورۆزی خوێناویی سنە. گوللەبارن و تۆپپاران و هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی بۆ سەر خەڵکی شاری سنە بۆ بە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە ٢٠٠ کەس لە خەڵکی ئازادیخواز و بێتاوانی شار. سەرەڕای ئەو تاوانانە بزووتنەوەی سیاسیی مافخوازانە هەموو کوردستانی گرتەوە، بزووتنەوەیەک کە بە داهێنانی نوێ، سیاسەتی نوێ و هێزی جەماوەریی پێشکەوتوو، چالاکیی بەرچاوی ژنان و بەشداریی بەرینی کۆمەڵە و ڕێبەران و کادرەکانی لە هەموو جووڵە و چالاکییە سیاسییەکاندا، بوو بە خاوەنی کاکڵ و ناوەرۆکێکی ئازادیخوازانە، مودیڕن و پێشکەوتووتر.
ڕێبەرانی حکوومەتی ئیسلامی مانگی خاکەڵێوەی ساڵی ١٣٥٨ سەردانی کوردستانیان کرد و گوایە دەیانویست وتوێژ لەگەڵ خەڵکی کوردستان و نوێنەرانیان بکەن بەڵام لە ڕاستیدا مەبەستیان هەڵسەنگاندن و کونترۆڵ و هەوڵ بۆ بەدەستەوە گرتنی جڵەوی ناڕەزاییەکانی خەڵک و کڕینی کات بۆ ڕێکخستنی هێزە سەرکوتکارەکانیان بوو. ئەو سەفەرە هیچ دەسکەوتێکی بۆ کوردستانییەکان نەبوو و خەڵکی کوردستانی زیاتر لە جاران دەسەڵاتی تازەی ئیسلامییان ناسی و هیوایەکیان پێی نەما.
چەند مانگ پاش ئەو سەفەرە خومەینی ڕێبەری ئەو کاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی بڕیاری هێرش بۆ سەر کوردستانی دەرکرد و هێزە سەرکوتکارەکانی سپای پاسداران و ئەرتەش بۆ داگیرکردنەوەی دووبارەی کوردستان کەوتنەڕێ بەڵام لەگەڵ ئیرادە و بڕیاری بوێرانەی خەڵکی کوردستان بۆ خۆڕاگری بە کەمترین کەرەستە و پێداویستیەوە بەرامبەر بە هێرشی داگیرکارانەی چەکدارەکانی حکوومەت، بەرەوڕوو بوونەوە.
٤٥ ساڵ پاش ئەو بڕیارەی خومەینی، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان بە پشتبەستن بە زیاتر لە چوار دەیە خۆڕاگری و خەباتی جەماوەری، بەرگریی ڕەوای پێشمەرگانە، بەشداریی بەرینی گەلی کورد لەم خۆڕاگرییەدا، بزووتنەوە و مانگرتن و داهێنانی نوێی سیاسی، ئاستێکی بەرزتری پەیدا کردووە. ناوەرۆک و ناوئاخنی ئەم بزووتنەوەیە لە پێش چاو هەمووان پێشکەتووتر، مرۆڤانیتر و مۆدێڕنتر بووە. بزووتنەوەی کوردستان هەموو کاتێک لە لایەن میللەتانی ژێردەستەی دیکەی ناو جوگرافیای سیاسیی ئێرانەوە پشتیوانیی لێکراوە و حیزبە چەپ و دیموکراتەکان و بزووتنەوەی سیاسیی کرێکاران و ژنان پشتی کوردستانیان گرتووە. لە ڕاستیدا لە بەشێکی بەرچاوی ئەم ٤٥ ساڵەدا کوردستان و بزووتنەوە ئازادیخوازانەکەی تەنها ترووسکەی هیوا و تەنها سەنگەری بەرگری و تەنها بزووتنەوەی جەماوەری بووە کە بەرامبەر حکوومەتی ئیسلامی ڕاوەستاوە و بەگژیدا چووەتەوە.
لە دوو دەیەی ڕابردوودا زنجیرەیەک لە چالاکییە سیاسی و مەدەنییەکان بەداهێنانی نوێ و بەشداریی میلیۆنها کەس لە خەڵک دەورێکی بەرچاویان لەسەر ناوەرۆک و جێگە و پێگەی بزووتنەوەکە لە خەبات دژی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، لە پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی حکوومەت بۆ پەراوێزخستنی کوردستان و لە چەسپاندنی ڕەوایی و ئاسۆی بزووتنەوەی کوردستاندا هەبووە.
شۆڕشی ژینا وەکوو پێئاژۆ و ئاکامی ئەو بزووتنەوانە نەک هەر پێگەی بزووتنەوەی کوردستانی قایمتر کرد بەڵکوو لە هەموو بوارێکەوە پێشی خست و لە هەموو لایەکەوە لەباری ناوەرۆک و ئاستدا ئاڵوگۆڕی بەرچاوی پێکهێنا. ئەم شۆڕشە دەنگی خۆی بە خێرایی گەیاندە هەموو جیهان و زۆر خێرا سەرەنج، ڕێز و پشتیوانییەکی بەرینی بۆ کوردستان لەگەڵ خۆی هێنا. ژن ژیان ئازادی پەیامێکی ڕزگاریبەخش بوو کە یەکە یەکە سنوورەکانی بەزاند.
کۆمەڵگای کوردستان لە چاوی ئەو ڕۆژەی خومەینی بڕیاری هێرشی هێزی زەمینی و ئاسمانی و تەنانەت دەریایی دژی کوردستان دەرکرد، ئاڵوگۆڕی زۆری بەسەردا هاتووە. جوگرافیای سیاسیی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی کوردستان زۆر بەرینتر بووەتەوە و ڕادەی بەشداریی خەڵکی کوردستان و بەرینایی بزووتنەوەکە کە ئێستە بە میلیۆنها کەس شێلگیرانە تێدا بەشدارە لەگەڵ ئەو کاتە بەراورد ناکرێ. جێگە و پێگەی ژنان لە کۆمەڵگا و بزووتنەوەکە و هەموو بوارەکانی و لە رێبەریی حیزبەکانی کوردستان و لە ئەدەبیات، هونەر، خانەوادە و خوێندنی باڵا و هەموو لایەنەکانی دیکەدا بە تەواوەتی گۆڕاوە و پێش کەوتووە. ئەم بەشدارییەی ژنانی کوردستان و بزووتنەوەکەی و حیزبەکانی و داهاتووی خەباتەکەی، ئینسانیتر، یەکسانیخوازانەتر و پێشکەوتووتر کردووە.
وشیاریی نەتەوەیی لە کوردستان بە ناوەرۆکێکی پێشکەتوو و ئەمڕۆییەوە، قووڵتر و بەرینتر بووەتەوە. بزووتنەوەی ئەمڕۆی کوردستان بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی کە لە ئاستێکی بەریندا لە مانگرتنەکان و لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادیدا بیندرا، بە بڕوابەخۆیەکی زیاتر و بە هیوا بە ڕزگاری و بە پشتبەستن بە ئیرادەی سەربەخۆی خەڵکی کوردستان و مافیان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی سیاسیی خۆیان بۆ گەیشتن بە ئاواتە لە مێژینەکانی خەڵکی کوردستان بۆ سەربەستی، بووەتە خواستێکی گشتگیری میلیۆنها کەس لە خەڵکی کوردستان.
بێگومان پیلانەکانی شۆڤینیسمی لەسەردەسەڵات و پێداگری لەسەر دروشمهایەکی وەکوو یەکپارچەیی سەرزەمینی و تەمامییەتی ئەرزی ئەمڕۆکەش وەکوو سەد ساڵی ڕابردوو لە کوردستان لایەنگری نییە. سەرکوتی کوردستان و نەتەوەکانی دیکەی ناو جوگرافیای ئێران لە سەد ساڵی ڕابردوودا بە دەستی حکوومەتەکانی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی دەبێ کۆتاییان پێ بێ و ئەو جۆرە دەسەڵاتانە بڕووخێن. ئیتر کەس لە کوردستان لە ترسی ئەوەی بە جیاییخواز ناوی نەبەن یان بە دژایەتیی قسەی بێناوەرۆکی وەکوو تەمامییەتی ئەرزی تاوانباری نەکەن دەست لە مافەکانی هەڵناگرێ و، ئەو دەورەیە کۆتایی پێهاتووە. بەشداریی حیزبەکانی کوردستان و نوێنەرانی خەڵک لە هەر ناوەند و هاوکاری و پێکهاتەیەکی سیاسی کە بەتەما بێ بڕیار لە سەر مافەکانی نەتەوەکان بدا تەنها کاتێک دەتوانێ سەرکەوتوو بێ و بگاتە ئاکام کە ڕوون و بە بێ پێچوپەنا ددان بە مافی چارەی خۆ نووسینی نەتەوەی کورد و خەڵکی کوردستاندا بنێت.
مافی چاەری خۆ نووسین تا ئاستی دامەزرانی دەوڵەتی سەربەخۆ، مافی بێئەملاو و ئەولا و حاشاهەڵنەگری نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی دیکەیە. تەنها کاتێک پێکەوە ژیان و پێکەوە مانەوەی نەتەوەکانی ناو ئێران مومکین دەبێ کە ئەم مافە و هەموو پێداویستییەکانی سەروەریی نەتەوەیی و مافی بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆ بۆ میللەتان بە ڕسمی بناسرێ.
پێگە و دەوری کۆمەڵە
کۆمەڵە ڕۆڵێکی شۆڕشگێرانە، مێژوویی و حاشاهەڵنەگری لە کوردستان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستاندا بووە. پاش چاکسازیی ئەرزی، کۆمەڵگەی کوردستان ئاڵوگۆڕی جیددی بەسەردا دەهات و سیمای کۆمەڵگا بەتەواوی گۆڕا بوو. لەم ئاڵوگۆڕەدا هێزە کۆنەپارێزەکان، سوننەتە لەکۆنەوە بەجێماوەکان و کولتوور و پەیوەندی و پۆلبەستنەکانی بەر لە سەرمایەداری وردە وردە لە ناو دەچوون.
کۆمەڵە کە خۆی سەمەر و ئاکامی ئەم ئاڵوگۆڕ و نوێبوونەوە مێژووییە بوو لە سەردەم و دەورەیەکی زۆر لەبار و پڕ لە گوڕ و تیندا دەرفەتێکی مێژوویی دەسکەوت و بە بەشداریی ڕاستەوخۆ لە ڕەوتی ڕووداوەکان و کاریگەری لە سەر بزووتنەوەی نوێی کوردستان و خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەیی وایکرد کە ناوی کۆمەڵە و ناوی کاک فواد، کاک حەمە حسێنی کەریمی، کاک سدێق کەمانگەر و ڕێبەرانی مەیدانیی دیکەی کۆمەڵە کەوتە سەر زاری خەڵک و کۆچی مێژوویی مەریوان، ڕێپێوانەکان بۆ پشتیوانی لەو کۆچە، یەکیەتیی جووتیاران، بیر و ڕوانینی یەکسانیخوازانە، پشتیوانی لە کرێکاران و زەحمەتکێشان و چینە بەشخوراوەکان، بەشداریی بەرچاوی ژنان لە چالاکییە سیاسی و کۆمەڵایەتی و پێشمەرگانەکاندا، هەڵگیرسانی شۆڕشێکی نوێ لەسەر بنەمای بیر و هێزی کۆمەڵایەتیی نوێ بە ناوی کۆمەڵەوە گرێ درا و لە هەموو کۆمەڵگای کوردستاندا دەنگی دایەوە.
لەم دۆخە لەبارەدا لێزانی، لێهاتوویی، داهێنەربوون و بوێریی بەرچاوی ژمارەیەکی زۆر لە کادر و ڕێبەرانی بزووتنەوەی چەپ و سۆسیالیستیی کوردستان کاریگەرییەکی سەرسووڕهێنەری لەسەر ئاڵوگۆڕەکان دانا. کۆمەڵە بە پلان و سیاسەتی گونجاو لەو دەورە پڕ ئاڵۆزی و ئاڵوگۆڕەدا بە خێراییەکی زۆر بوو بە خۆشەویستی خەڵکی کوردستان و جەماوەری خەباتکار و تێکۆشەر.
کۆمەڵە کۆمەڵگای کوردستانی بەروە بیری چەپ برد و خەباتی سیاسیی کە تا ئەوکات لە دەستی ژمارەیەکی کەمدا بوو جەماوەری کردەوە. تۆوی هیوای بە ڕزگاری و گەیشتن بە دنیایەکی دوور لە چەوسانەوەی لە دڵی خەڵکی زەحمەتکێشدا چاند. دەرفەتی بۆ ژنان ڕەخساند کە بێنە ڕیزی یەکەمی خەباتی کۆمەڵایەتی و سیاسی و، وشیاریی یەکسانیخوازانەی بڵاوکردەوە و ئاڵوگۆڕی لە پەیوەندیی نێوان ژن و پیاودا پێکهێنا. شێوازی نەریتیی حیزبایەتیی گۆڕی و ئەفسانەی یەک نەتەوە یەک حیزبی کۆتایی پێهێنا.
کۆمەڵە سیمای بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی نەتەوەیی کوردستانی پێشکەوتووتر ئینسانیتر و بەناوەرۆکتر و بە وجەتر کرد و، نوێگەریی لە بزووتنەوەتی کوردستان، پەیوەندیی حیزبەکان و خۆڕاگریی پێشمەرگانەدا کرد و بزووتنەوەکەی لە تاکلایەنەبوون و تەنها لە خزمەتی شەڕی پێشمەرگانەبوون دەرهێنا و زیاتر لە جاران ئەرکی سیاسیی و کاری سیاسیی خستە ڕۆژەڤەوە. ناوی پێشمەرگەی کۆمەڵە لای خەڵک ڕێز و خۆشەویستیی تایبەتی پەیدا کرد. ڕێبەرانێکی جیاواز و سیمایەکی جیاواز لە ڕێبەرانی نەریتیی بزووتنەوەی کوردستان بە خەڵک ناسێندران کە پەیوەندیی نزیکیان لەگەڵ جەماوەردا هەبوو و لە ڕیزی پێشەوەی چالاکییە کۆمەڵایەتییەکاندا بوون. سیاسەتی ڕوون، شێلگیری لە دژی کۆنەپارێزی و کۆنەپەرستی، هەڵوێستی ڕوون بەرامبەر ناسیۆناڵیزمی توندڕەو و ڕەگەزپەرەستانە، هەڵسوکەوتی ئینسانی لەگەڵ دیلەکانی شەڕ، ڕێزدانان بۆ نەتەوەکانی دیکە، پاراستنی ئازادیی دەربڕین، ئازادیی بڕوا یان بێبڕوایی بە ئایین، ئازادیی حیزب و ڕێکخراوەکان و هەموو دامەزراوە سیاسی و پیشەییەکان، لە داهێنانە بەرچاوەکانی کۆمەڵە و جیاوازییەکانی کۆمەڵە لەگەڵ حزبە سیاسییەکانی دیکەدا بوون.
کۆمەڵە داهێنەر و پشتیوانی دەربڕینێکی نوێ لە شیعر و ڕۆمان و دەقی ئەدەبی و سیاسییدا بوو. هاوخەباتی و هاوکاری نزیک لەگەڵ حیزبە چەپەکان و بزووتنەوەی کرێکاری و ڕابەرانی و بزووتنەوەی ئازدیخوازی و مافخوازی و پەیوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی کوردستان لە بەشەکانی دیکە و یارمەتیدان و پشتیوانی لە هەموو ئاستێکی پێویستدا لە ناسنامەکانی کۆمەڵە بوون.
هەر لە سەرەتاکانی دامەزرانی کۆمەڵەوە بناغەی هەڵوێستێکی سیاسی و ڕوانینێک دانرا کە نیو سەدەی ڕابردوو و ئاڵوگۆڕەکانی ڕاستیی ئەوە هەڵوێستە و ڕەوایی ئەو ڕوانیینەیان سەلماند.
ڕێبەرانی ئەو دەورەیەی کۆمەڵە، حیزبێکی چەپی کوردستانییان دامەزراند، ئاڵوگۆڕەکانی کوردستان بەتایبەت ڕۆژهەڵات و باشوور، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەیی لە هەردوولاوە و لێکدانەوەی کەموکورتییەکانی لە هەموو بوارێکدا، کاریگەرییەکانی کۆماری کوردستان و لە سێدارە درانی ڕابەرانی، بزووتنەوەی چەکدارانەی ساڵەکانی ٤٧ــ١٣٤٦ لە کوردستان و پێداچوونەوە بە خەباتی نەتەوەی کورد بەتایبەت پاش دابەشکرانی کوردستان لە ساڵانی دوای شەڕی جیهانیی یەکەمدا، لە ڕوانین و خەتی فیکریی کۆمەڵەدا جێگەیەکی تایبەتیان هەبوو.
دامەزرێنەرانی کۆمەڵە بیریان لە حیزبێکی کوردستانی دەکردەوە دەنا ئەو کات حیزبی “سەرانسەری” زۆر بوون. دامەزرێنەرانی کۆمەڵە کە زۆربەیان خوێندکارانی زانکۆکان بوون پاش تەواکردنی خوێندن دەگەڕانەوە بۆ کوردستان و لە شار و لادێدا بە نهێنی هەستەکان و شانەکانی حزبی نوێیان بنیات دەنا.
هەر لە پایزی ساڵی ١٣٤٨ی هەتاوییەوە کۆمەڵە خەتی خۆی بە ڕوونی لە ڕوانینی چریکی جیاکردەوە کە لەو سەردەمەدا لە بزووتنەوەی جیهانیی چەپ و لە ئێراندا باڵادەست و بەهێزترین ڕەوتی چەپ بوو. شەڕی جیهانیی دووهەم و خۆڕاگریی پارتیزانەکان دژی فاشیزم، سەرکەوتنی شۆڕشەکانی چین و کووبا لە ئاکامی شەڕی چەکدارانەی چریکەکان و خەڵکدا، ئێرنێستۆ گیڤارا و خۆشەویستیی لەڕادەبەدەری، ناکارامەبوونی حیزبە نەریتییەکان بەرانبەر بە دیکتاتۆریی شا بەتایبەت پاش کوودەتای ١٣٣٢ و مەیلی زۆربەی چالاکانی چەپ بە شەڕی چەکدارانە هەم لە ڕووی تاکتیکی و هەم لە باری ستراتێژیکەوە، بوو بە هۆی ئەوەی خەتی چریکی زاڵ بێ و لە لایەن زۆربەی چالاکانی چەپەوە پشتیوانیی لێ بکری و بزووتنەوەی ٤٧ ــ ١٣٤٦ لە کوردستانیش هەر لە ژێر کاریگەریی ئەو ڕەوتەدا بوو. هەڵوێستی ڕوونی کۆمەڵە لە هەمبەر ئەم ڕەوتە زاڵە و پێداگری لەسەر کاری سیاسیی جەماوەری و ڕێکخستنی خەڵک و چوونە ناو کرێکاران و زەحمەتکێشان و ڕێکخستنی خۆڕاگریی جەماوەری لە بزووتنەوەی کوردستاندا ئەمڕۆکە پاش زیاتر لە پەنجا ساڵ ڕاستیی و ڕەواییەکەی دەرکەوتووە.
لە ڕوانینی بنگەهیی کۆمەڵەدا هەر لە ساڵی ١٣٤٨ەوە کار لە نێو جەماوەردا و ئەوەی کە “شۆڕش بە جەماوەر دەکرێ” و بوونی پرەنسیپی توندوتۆڵ لەسەر چوونە ناو خەڵک و بەشداریی و هەوڵ بوو خستنەڕێی بزووتنەوە ناڕەزاییەکان، گرینگییەکی تایبەتی هەبوو و لە سەردەمە هەستیارە سیاسییەکانی دواتردا دەرکەوت کە ئەم ڕوانینیە دروست بووە. بڕوا بە هێزی جەماوەر و هەوڵ بۆ ڕێکخستنەیان، دڵخۆش نەکردن بە دەسەڵاتداران بۆ ئاڵوگۆڕ و خۆ دوورخستنەوە لە ساتوسەودا لەگەڵ “ئەوانەی سەرەوە” لەباتی پشتبەستن بە خەڵک وەکوو سەرچاوەی سەرەکیی هێز لە هەموو ڕاپەڕین و بزووتنەوە و چالاکییەکاندا، بنەمای بیر و ڕوانینی کۆمەڵە بووە. ئەم ڕوانینە و ئەم هەڵوێستە بوو بە هۆی ئەوەی کۆمەڵە نەکەوێتە داوی “دژایەتیی ئەمپێریالیزم” کە دروشمێکی باو بوو کە بەتایبەت پاش ڕووخانی حکوومەتی شا و گیرانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ساڵی ١٣٥٨دا ئەو دژایەتییە درۆینەی خومەینی و حکوومەتەکە زۆرێک لە حیزب و لایەنە سیاسییەکان و تەنانەت بەشێک لە ڕەوتی چەپی فریو دا و کردیانییە هاوپەیمان و پشتیوانی کۆماری ئیسلامی و زۆرێک لە ئەندامانی ناسراوترین و چالاکترین حیزبی چەپی ئەو کات واتە سازمان فداییان خلق پاڵیان بە کۆماری ئیسلامییەوە دا. کۆمەڵە لە دەگمەن ڕێکخراوهایەک بوو کە ڕوون و ئاشکرا بەرانبەر بەم بەناو خەبات دژی ئەمپێریالیزمە ڕاوەستا. خەبەرنامەی کۆمەڵە هەر ئەوکات نووسی: ” خەباتی دژە ئەمپێریالیستی کە لە ڕێگەی سەرکوتی نەتەوەکان، کرێکاران، ژنان و ئازادییە سیاسییەکانەوە بێ، تەنها لای فریوکاران و فێلبازاندا مانای هەیە.”
تایبەتمەندیی ئاشکرای دیکەی کۆمەڵە لەو سەردەمەدا دووربوون لە بە ناو “ئوردووگای سۆسیالیزم” بوو کە ئەوکات لە ئاستی جیهان و بەتایبەت لە وڵاتانی ناسراو بە جیهانی سێهەمدا لایەنگری زۆری بوو. کۆمەڵە هەر لەسەرەتای دامەزرانییەوە دڵنیا بوو کە ئەو دەسەڵاتە سۆسیالیستیی نییە و بەدوای ڕزگاریی مرۆڤایەتییەوە نییە و یەکێک لە دوو جەمسەری ئیمپێریالیستیی جیهانە. ئەم ڕوانینە مێژووییە هەر لەوکاتەوە کۆمەڵەی بەرەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و جەماوەرییەکان و داهێنانە خەڵکییەکان و ڕێکخستنی خەڵک پاڵپێوەنا.
ساڵی ١٣٥٢ی هەتاوی زۆربەی کادرەکانی کۆمەڵە بە دەستی ساواک گیران و کەوتنە زیندان و ئەشکەنجە کران، هەرچەن کارەکانی کۆمەڵە تووشی گرفت بوون بەڵام ئەو کادرانەی لە دەرەوەی زیندان بوو خۆیان ڕێکخستەوە و درێژەیان بە چالاکیی خەباتکارانە لە نێو جەماوەردا دا. خۆڕاگریی کادرەکانی کۆمەڵە لە زیندان و هەڵوێستی سیاسیی ڕوون و لێبڕاوانەیان بەتایبەت بەرامبەر بە خەتی چریکی و ئوردووگای بەناو سۆسیالیستی، پێگە و قورساییەکی تایبەتی پێیان بەخشی.
مانگی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ و ڕووخانی ڕژیمی پاشایەتی دەرفەتێکی مێژوویی لەباری بۆ حزبێکی کەم تەمەن و ڕەوتێکی نوێی وەکوو کۆمەڵە ڕەخساند کە دەوری خۆی لە گەرمەی ڕووداوەکان و هەڵچوونی کۆمەڵگا و بزووتنەوەی بەرینی جەماوەریدا بگێڕێ. کۆمەڵە و ڕابەرانی لەو سەردەمەدا دەورێکی تایبەتیان گێڕا. بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین لە ساڵی یەکەمی پاش ڕووخانی ڕژیمی پاشایەتیدا کۆمەڵە زیاترین کاریگەریی لەسەر ئاڵوگۆڕەکان و ڕووداوەکانی ئەو سەردمە دانا.
لێکدانەوەی دروست و ڕوونی ناوەرۆکی ڕژێمی ئیسلامی، ڕێکخستنی جەمعییەتە دموکراتیکەکان لە هەموو شارەکانی کوردستان، بەشداری لە ڕێکخستنی خۆڕاگریی خەڵک لە نەورۆزی خوێناویی سنە، گێڕانی دەوری سەرەکی لە وتووێژ لەگەڵ دەستەی نوێنەرایەتیی دەوڵەتی کاتی لە خاکەلێوەی ساڵی ٥٨دا، پێشەنگایەتی و گێڕانی دەوری سەرەکی لە بایکۆتی ڕیفراندۆمی ١٢ی خاکەلێوەی ٥٨دا، بەشداری لە کۆتایی هێنان بە شەڕی نەغەدە، دامەزراندنی یەکیەتیی جووتیاران، ڕێکخستنی کۆچی مەریوان، ڕێپێوانی سنە و بانە و سەقز بۆ مەریوان، هەوڵی سیاسی بۆ بەرگرتن و وەدواخستنی هێرشی چەکدارانی حکوومەت بۆ سەر کوردستان هەموویان ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن.
پاش هێرشی حکوومەتی ئێران بۆ سەر کوردستان کۆمەڵە لە ڕاگەیاندنێکی کورتدا لە ژێر ناوی ” خەڵکی کوردستان لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکدا” بڕیار و ئیرادەی خۆی بۆ ڕێکخستن و ڕێبەریکردنی خۆڕاگریی جەماوەریی کوردستان بەرانبەر بەو هێرش ڕاگەیاند. لە شەڕی سێ مانگەی هاوین و پاییزی ساڵی ١٣٥٨دا کە ڕژیم تێدا شکستی هێنا، کۆمەڵە بەشێکی گرینگی ئەو خۆڕاگرییە مێژووییەی ڕێکخست و ڕابەریی کرد.
بەشداریی کۆمەڵە لە دەستەی نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستان، ڕێکخەری سەرەکیی خۆڕاگریی ٢٤ ڕۆژەی شاری سنە لە بەهاری ساڵی ٥٩، ڕێکخستنی بەرگری و خۆڕاگریی خەڵک بەرانبەر بە هێرشی دووهەمی هێزەکانی حکوومەت لە بەهاری ئەو ساڵەدا ە ڕێکخستنی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە و بەشداریی چالاک لە خۆڕاگریی جەماوەریی کوردستاندا، زۆر زوو کۆمەڵەیان کرد بە یەکێک لە دوو هێزە سەرەکییەکەی کوردستان.
دامەزرانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران بە دەستی کۆمەڵە بە هەر هۆیەک بێ، کۆمەڵەی لەو ڕەوتەی خۆی دابڕی یان بوو بە سەرەتای ئەو دابڕانە. سەرەڕای ئەوەی بزووتنەوەی کوردستان بە گەرموگوڕی بەردەوام بوو و نەیدەهێشت کۆمەڵە لێی بێخەم بێ بەڵام وردە وردە لە نێو کۆمەڵەدا بەستێن بۆ پەرەسەندنی مەیلی ناکۆمەڵایەتی و ناتەبا لەگەڵ مێژووی کۆمەڵە ئامادە بوو. حزبی کۆمۆنیستی ئێران تەنانەت زەبری لە پێگەی “سەراسەریی” کۆمەڵە دا و بوو بە هۆی تەریک کەوتنەوەی. دواتر سەرهەڵدانی ڕەوتی کۆمۆنیستی کرێکاری و جیابوونەوەیان لە کۆمەڵە بەشێکی بەرینی سەرمایەی ئینسانیی کۆمەڵەی بۆ هەمیشە بەلاڕێدا برد و لە کوردستان و کۆمەڵە دووریخستنەوە. ئاڵوگۆڕەکان و کێشەکان و دابڕانەکانی دواتری نێو حزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە هەرکامەیان بەشی خۆیان بوونە هۆی بەربەست لە ڕێگەی چالاکیی کۆمەڵەدا و سەرمایە ئینسانییەکەیان لەت لەت کرد. ئەو کەسانەی کە لە ساڵەکانی سەرەتای چالاکیی کۆمەڵەدا دەوری کاریگەریان لە بوون و سەرکەوتنەکانی کۆمەڵەدا بوو، لێکدابڕان.
ساڵی ٢٠٠٠ی زایینی (١٣٧٩ی هەتاوی) جیابوونەوەیەک لە کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا ڕوویدا کە تێدا بەشێکی ڕێبەران و کادرەکانی کۆمەڵە حزبی کۆمۆنیستیان بەجێهێشت و سەودای کوردستانی بوونی کۆمەڵە و گەڕانەوە بۆ سەر هێڵی سەرەکیی کۆمەڵەیان لەسەردا بوو و هەڵگرتنی ئاڵای ئەرک و پەیامی ئەسڵیی کۆمەڵەیان کردە دروشم، کە هەم دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوو و هەم پێشوازییەکی بەرینی گشتیی لێکرا.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ساڵی ٢٠٠٧، پاش گرفتی جیددی سیاسی و تەشکیلاتی لە نێو ئەو ڕەوتەی کە پاش ساڵی ٢٠٠٠ بە ناوی ساغکردنەوەی کۆمەڵەوە ناسرابوو، بوونی خۆی ڕاگەیاند. کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان پێی وابوو کە ڕەوتی ساغکردنەوە لە هێلی سەرەکیی خۆی واتە کردنەوەی کۆمەڵە بە حیزبێکی چەپی کوردستانی لایداوە و یەکێک لە بنەما سەرەکییەکان و یەکێک لە ئامانجە گەورەکانی ئەو هەوڵە وەکوو بڕیاربوو نەچووەتە پێشەوە واتە کۆمەڵە نەخشی خۆی وەکوو دەبێ لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نەتەوەیی کوردستاندا نەگێڕاوە و ڕێگەیەکی هەڵەی گرتووەتە بەر. لە بواری حیزبیشەوە بووەتە حیزبێکی داخراو و دوور لە دمۆکراسیی حیزبی و کۆنترۆڵی هەموو جمگەکانی دەسەڵات و ناوەندە گرینگەکانی دەسەڵاتی سیاسی و ماڵی و ڕاگەیاندن و دیپلۆماسی لە دەستی ژمارەیەکی کەمدایە و بەکردەوە حیزبەکە بووەتە هی ئەو کەسانە.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشان ساڵی ٢٠٠٨ لە کۆنگرەی دوازدەی خۆیدا، پەیڕەوی ناوخۆ و بەرنامەی سیاسی و ڕاپۆرتی سیاسیی پەسەند کرد و چالاکیی سەربەخۆی خۆی بەو کۆنگرە بەتەواوەتی ڕەسمییەت پێدا. کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە ١٥ ساڵ چالاکیی ئەو دەورەیەی خۆیدا توانی وەکوو حیزبێکی چەپی کوردستان و بەشدار لە ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی کوردستان جێی خۆی بکاتەوە و پێگەی جەماوەرییەکی باشی هەبێ و لە نێوان حیزبە کوردستانییەکان و تا ڕادەیەک ڕێکخراوە ئێرانییەکاندا جێگەیەکی پتەوی هەبێ.
هەوڵ بۆ یەکگرتنەوە لەگەڵ کۆمەڵەی شۆڕشگیڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
دامەزرانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران کە لە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، حزبی دیموکراتی کوردستان، حزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگیڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران پێکهاتبوو لە درێژەی خۆیدا بوو بە هۆی نزیکیی لایەنەکانی کۆمەڵە و لایەنەکانی دموکرات و لە کۆتاییدا یەکگرتنی دیمۆکراتەکان و هەوڵ بۆ یەکگرتنی کۆمەڵەکانی لێکەوتەوە.
ئێمە بە سەرەنجدان بە دۆخی کوردستان و پێویستییەکانی بزووتنەوەی کوردستان، شۆڕشی ژینا و پێویستیی یەکخستنی هێزی هەموو حیزبەکان لە دژی ڕژیمی ئێران و بە مەبەستی دامەزراندنی ڕابەرییەکی هاوبەش بۆ بزووتنەوەی کوردستان سەرەڕای ئەوەی دەمانزانی کە ناتەبایی و جیاوازیشمان هەیە، هەوڵماندا لەگەڵ کۆمەڵەی شۆڕشگیڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران یەکبگرینەوە.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە ١٥ ساڵ تەمەنیدا هەموو کاتێک هەوڵیدابوو کە زیاترین کەسەکانی کۆمەڵە بەدەوری یەکەوە کۆبکاتەوە و کۆتایی بەو پەرتەوازییە بێنێ و حیزبێکی یەکگرتوو بە پشتیوانی زیاترین ژمارەی کادرەکانی کۆمەڵە پێکبێنێت کە بتوانێت وەڵامدەرەوەی پێویستییەکانی بزووتنەوەی کوردستان بێ. هەوڵەکانمان دوو جار لەگەڵ کۆمەڵەی شۆڕشگیڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بێئاکام بوو و لەگەڵ دووی دیکە لەو ڕەوتانەی کە بەشێک لە سەرمایەی ئینسانیی کۆمەڵە بوون هەوڵی هاوکاری و لێک نزیکبوونەوەمان دا بەڵام پاش قسە و باسێکی زۆر ڕێککەوتنێک سەری نەگرت.
بەڵام هەوڵی ئەمجارەمان بۆ یەکگرتن لەگەڵ کۆمەڵەی شۆڕشگیڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ــ سەرەڕای گرفتی زۆر لە پرۆسەکەدا کە دواتر دەورێکی زۆری لە سەرنەکەوتنی هەوڵەکەدا بوو ــ سەریگرت و مانگی نۆڤامبری ساڵی ٢٠٢٢ دەسپێکی پرۆسەی یەکگرتن لە لایەن سکرتێری دوو حیزبەکەوە ڕاگەیەندرا.
هەوڵ بۆ یەکگرتنی دوو کۆمەڵە زۆری نەخایاند، زۆر زوو دەرکەوت ناتەباییە سیاسییەکانی نێوان ئەو دوو حیزبە ئەوەندە قووڵە کە پرۆسەکە ناگاتە سەرەنجام و ئەو دوو لایەنە ناتوانن وەکوو حیزبێک کار بکەن. سکرتێرەکانی دو حزبەکە لە دیدارە نهێنییەکانیاندا لەسەر شتهایەک ڕێکەوتبوون کە ئەو هەیئەتانەی بۆ یەکگرتن دیاری کرابوون و بەشی هەرەزۆری کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لێیان ئاگادار نەبوون. سکرتێری گشتیی ئەو کاتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان هەڵوێستی ١٥ ساڵەی حزبەکەی و خۆی وەلانابوو و لە ساتوسەودایەکدا دەستی لە هەموو ئەو هەڵوێستانە هەڵگرتبوو. دواتر دەرکەوت سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگیڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بڕوای بە یەکگرتن و کاری هاوبەش نەبووە و لەو پرۆسەیەدا بە پشتبەستن بە گۆڕانی هەڵوێستە سیاسییەکانی سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بەتەمایە بگاتە ئاواتی لە مێژینەی خۆی و کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بتوێنێتەوە. سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە ڕێککەوتنێکی نهێنیدا لەگەڵ سکرتێری لایەنەکەی دیکە دەستی لە هەڵوێستە بنەڕەتییەکانی ئێمە لەسەر بزووتنەوەی کوردستان، شۆڤینیزمی ئێران، چەپی کوردستان و هتد هەڵگرتبوو و هەڵوێستە نوێکانی بەتەواوەتی دژبەری هەموو ئەو هەڵوێستانە بوو کە پێناسەی سەرەکیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە ١٥ ساڵ ژیانی سیاسییدا بوون.
هێشتا دوو مانگ بەسەر دەسپێکی ڕەسمیی پرۆسەی یەکگرتنەوەدا تێنەپەڕیبوو کە باسی دانیشتنی زانکۆی جۆرج تاون و مەنشووری مەهسا هاتەگۆڕێ. سکرتێری کۆمەڵەی شۆڕشگیڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران (کە ئەو کات بە شێوەی کاتی نوێنەرایەتیی هەر دوو کومیتەی ناوەندییەکەی دەکرد) لە دانیشتنەکەی جۆرج تاون دا بەشدار بوو بەڵام وتی وەکوو تاکێک بەشدار بووە و بە پێویستی نەزانییوە ڕێبەریی هاوبەش لەو بەشدارییە ئاگادار بکا. ئەو جەمعە زۆر زوو لەیەک دابڕان و هاوکارییەکەیان هەڵوەشایەوە. مەنشوورەکەیان بە تەواوەتی دژی بزووتنەوەی کوردستان، خۆڕاگریی ٤٥ ساڵەی و ئاستی داواکارییەکان و ئامانجەکانی ئەو بزووتنەوەیە بووە و بە توندی لە لایەن زۆربەی خەڵکی کوردستان و حیزبە سیاسییەکانیەوە رەت کرایەوە و بایکۆت کرا.
ئەم دوو بابەتە واتە چۆنیەتی چوونەپێشی پرۆسەی یەکگرتن و مەنشووری جۆرج تاون، ئەو هەوڵە لەرزۆک و لاوازەی لەبەر بەرژەوەندیی بزووتنەوەکە کار و لە لەخۆبردوویمان بۆ کردبوو لەبار برد. زۆربەی ڕێبەریی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کادر و ئەندام و پێشمەرگەکانی بڕیاریان دا کە ئەم پرۆسەیە ڕاگرن و هەر لە ژێر ناوی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستاندا درێژە بە چالایی خۆیان بدەن. (ڕاگەیاندنی درێژەی چالاکیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان پاش شکستی هەوڵی یەکگرتن هاوپێچی ئەم ڕاپۆرتەیە)
دۆخی ئەمڕۆی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و ئاسۆی داهاتوو
شۆڕشی ژینا گیانێکی تازەی کرد بە بەری گوتاری دادپەروەرانە، یەکسانیخوازانە، پێشکەوتوو، پێشڕە و خەباتکارانەی کۆمەڵە لە کوردستاندا. کاتێک بە ڕووخانەی ڕژیمی پاشایەتی دەرفەتی ئاشكرابوونی چالاکیی کۆمەڵە ڕەخسا، ئەو حیزبە بوو بە موژدەبخش و هەڵگری پێشڕەوترین ئامانج و ئاواتە مرۆڤانی و یەکسانیخوازانەکان. ڕەوتێکی بەتەمەن لاوی پڕ لە وزە و خاوەن هزر و بیری نوێ. ئاڵوگۆڕەکانی چەن دەیەی ڕابردووی کوردستان و بەشداریی بەرچاوی ژنان لە هەموو بوارە کۆمەڵایەتییەکاندا، گۆڕانی پێکهاتەی کۆمەڵەگای کوردستان، بەرزبوونەوەی ئاستی خوێندن، کەمڕەنگبوونەوەی دەوری ئایین لە ژیانی خەڵکدا سەرەڕای دەسەڵاتیی ئایینیی زاڵ، لاوبوونەوەی دانیشتووان و بوون و بەشداریی بەرچاوی لاوان لە پرسە کۆمەڵایەتییەکاندا، برینبوونەوەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی کورد و لەمدواییەدا شۆڕشێک بە دروشمی ژن ژیان ئازادی، ڕەوایی گوتار و سیاسەتی کۆمەڵەی سەلماند.
بەرینبوونەوەی خەباتی مەدەنی لە کوردستان لە دوو دەیەی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو لە ژێر کاریگەریی داهێنانەکانی کۆمەڵە لە ڕێکخستنی خەباتی مەدەنی لەسەرتای سەرکەوتی ڕاپەڕینی ٥٧ و کاک فواد وەکوو ئەندازیاری خەباتی مەدەنی دایە. هەمووان دان بەوەدا دەنێن کە دەوری کۆمەڵە لەسەر دۆخی ژنان لە هەموو بوارەکاندا نکۆڵیی لێ ناکرێ و لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا ئەو ڕاستییە قەبووڵ کراوە. ئاڵوگۆڕەکانی چەن دەیەی ڕابردوو مۆرکی ڕاستییان لەسەر پێداگریی کۆمەڵە لە سەر باسی ئایین لە کۆمەڵگای نەریتیی ئەو سەردەمەدا داوە و ئەوەی کە ئایین دەبێ وەکوو دیاردەیەکی تاکەکەسی چاویلێبکرێ و بەر بە دەخاڵەت و دەستێوەردانی ئایین لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا دا بگیرێ بووەتە خواستێکی گشتی. پێداگریی کۆمەڵە لەسەر بەشداریی خەڵك لە ژیانی سیاسیی کۆمەڵگادا و دەوریان لە حیزب و ڕێکخراوە مەدەنییەکان پاش ساڵانێکی زۆر هێشتا جێگەی سەرەنجە.
شۆڕشی ژن ژیان ئازادی دەریخست کە گوتاری کۆمەڵە ڕەگ و ڕێشەیەکی قووڵی لە کۆمەڵگای کوردستاندا داکوتاوە و کۆڵەکە و بەشێکی سەرەکی لە بزووتنەوەی ئەمڕۆ و داهاتووی کوردستانە و مەجال و ئیمکانی ئەوەی تیایە کە لەگەڵ پێویستییەکانی ئەم بزووتنەوەیە و گوتاری نوێ و پێشکەوتنەکانی بەرەو داهاتوو هەنگاو هەڵگرێ.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان دەیەوێ لێبڕاوانە بە بەشداریی چالاکانەی خۆی لە هەموو بوارەکانی خەبات و کاری سیاسی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستاندا و بە تێگەیشتن لە پێداویستییەکانی گوتاری داهاتووی بزووتنەوەکە، هەوڵ بۆ پێشخستن و بەروپێشبردنی ئەم بزووتنەوەیە بدات. سەرەڕای پەرەم پەرەم بوونی هێزی ئینسانیی کۆمەڵە، هەموو هەوڵی خۆمان بۆ کۆکردنەوەی ئەو هێزە دەدەین. گرینگییەکی زیاتر بە ڕوون بوونی ڕوانین و هەڵوێستی سیاسیی خۆمان لە ڕابەریی بزووتنەوەی کوردستان دەدەین. کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان پێداگری لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە نابێ خۆی بە شانازییەکانی ڕابردوویەوە سەرقاڵ بکا بەڵکوو دەبێ ئەو شانازی و ئەزموونە بەنرخانە بکاتە چرای ڕێگەی ئەمڕ و داهاتووی.
کونگرەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان سەرخەتی سیاسەتەکان، بابەتە گرینگەکان و ڕوانینی ئێمە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا بەمشێوەیە دەداتە بەر باس:
١. کۆمەڵە حیزبێکی چەپ و کوردستانی:
بێگومان لە سەرەتای دامەزرانی کۆمەڵەوە وەکوو حیزبێکی چەپ و کوردستانی، ئاڵۆگۆڕی بەرینی فیکری لە ڕەوتی چەپ و جێگەی ئەو ڕەوتە لە پێشهاتە سیاسییەکان و کۆمەڵگا لە هەموو جیهان ڕوویداوە. کۆمەڵە هەر لەسەرەتاوە نوێنەرایەتیی خوێندنەوە و ڕوانینێکی لە چەپ و سۆسیالیزم دەکرد کە ئەمڕۆکەش وەفاداربوون پێیان دەتوانێ مانەوە و کاریگەریی کۆمەڵە لە کۆمەڵگای خەباتکاری پڕ لە هەڵچوونی سیاسی بپارێزێ، کۆمەڵگایەک کە لە تێدا بزووتنەوەی مەزنی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی و خواستی میلیۆنها ئینسان بۆ ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە ژیاندا و گەیشتن بە دادپەروەری و عەداڵەت و مافی چارەیخۆ نووسین شەپۆل دەدا و کۆمەڵە دەبێ وەکوو حیزبێکی چالاک و شوێندانەر، زیندوو و بە ئۆتۆریتە دەوری تێدا بگێڕێ.
پرنسیپە ناسراوەکانی بواری کۆمەڵایەتی وەکوو دادپەروەری، یەکسانیی ئابووری، یەکسانیی مافەکانی ژن و پیاو و ڕەگەزەکانی دیکە، پابەندبوون بە دیمۆکراسیی بەرین، ئازادیی سیاسی و ئازادیی ڕادەربڕین، بەهێزکردن و بەرینکردنەوەی بزووتنەوە مەدەنییەکان، بزووتنەوەی کرێکاران، ژنان و کەمینە ڕەگەزییەکان و لاوان و بەشداریی بەرچاو و یەکلاکەرەوە لە ڕێبەریی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی کوردستان کە کۆمەڵە هەر لەسەرەتاوە دەورێکی حاشاهەڵنەگری تێدا بووە، ئەمڕۆکەش دەتوانن کۆمەڵە وەکوو حیزبێکی خوازیاری عەداڵەت و دادپەروەری، چالاکی ڕێگەی یەکسانیی ڕەگەزی، پشتیوانی پێشڕەترین و پێشکەوتووترین ئاواتە مرۆڤییەکان و خوازیاری دموکراسی، کە لە ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەی جەماوەریی کوردستان دایە، ڕاگرێ. شۆڕشی ژینا شۆڕشی یەکخستنی خەبات بۆ مافی چارەیخۆ نووسین و سەرەوەریی نەتەوەیی و هەوڵ بۆ دادپەروەری و ژیانێکی شیاوی مرۆڤ و ئازادی و یەکسانی لە کوردستانە.
٢. پرسی کورد و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی کوردستان
بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی کوردستان ئەمڕۆ جێگە و پێگەیەکی بەرز و بەهێزی هەیە. کۆماری ئیسلامیی ئێران کە زۆر زوو بڕیاری هێرشی سرانسەریی بۆ سەر کوردستان دەرکرد تا ئەو دەرفەتە زێڕینەی ڕووخانی ڕژیمی پاشایەتی بۆ گەیشتن بە مافی سەروەریی نەتەوەیی بە کوردستانی دابوو لە نەتەوەی کورد بستێنێتەوە، ئەمڕۆ بە ئاکامێکی پێچەوانەی ئەو مەیلە گەیشتووە. بزووتنەوەی کوردستان بە بەشداریی میلیۆنیی خەڵکەکەی، بە بەرینبوونەوەی جوگرافیا سیاسییەکە و بە خۆڕاگریی و شکۆی ٤٥ ساڵەی لە بەرامبەر داگیرکاریی ڕژیمی ئێران و بە پشتبەستن بە وشیاریی نەتەوەیی کەموێنە لە کوردستان، خواستی جەماوەری خەڵکی بۆ سەرەوەریی نەتەوایەتی لە کوردستان بردووەتە پێش و گەیاندوویەتە ئاستێکی بەرزتر. کۆمەڵە نەک هەر پشتیوانی ویستی سەروەریی نەتەوایەتی تا باڵاترین ئاست لە کوردستان بەڵکوو ڕێکخەر و ڕێبەر و پێشڕەوی وەها ویستێکە و لە ڕیزی پێشەوەی ئەو خەباتەدایە.
گەیشتن بە یەکێک لە شێوازەکانی دەسەڵاتی نەتەوەیی لە کوردستان یان گرتنەبەری هەر سیاسەتێک لەو بارەوە، بابەتێکی حیزبی یان بڕیارێکی حیزبیی یەکلایەنە نییە و پێویستی بە هاودەنگیی حیزبە چالاکەکانی بزووتنەوەکە و قەبووڵکرانی لە لایەن زۆرینەی خەڵکی کوردستانەوەیە. خۆدموختاری، فێدێراڵیزم، کۆنفێدراڵیزم و سەربەخۆیی نابێ وەکوو ئامرازێک بۆ گوشاری سیاسی و بیانووی حیزبەکان دژی یەکدی و کێشمەکێشی بێسوود بەکار ببرێن. نەتەوەی کورد مافی خۆیەتی بڕیار لەسەر چارەنووسی سیاسیی خۆی بدا و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان هەموو توانای خۆی و سەرمایەی ئینسانی و مێژوو و قورسایی خۆی لەو ڕێگەیەدا دەخاتە گەڕ. هاوکاریی حیزبەکان، داڕەشتنی پلاتفۆرمێکی هاوبەش و پەسەندکرانی لە لایەن زۆرینەی خەڵکی کوردستانەوە بۆ دیاریکرانی شێواز و ناوەرۆکی دەسەڵاتی سیاسیی نەتەوەیی لە کوردستان پێویستن.
٣. بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکان لە کوردستان (سەردەمی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان)
بەرەوڕووبوونەوەی خەڵکی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرەتا بە خەباتی سیاسی و مەدەنی دەستیپێکرد و سەدان ڕێکخراوی مەدەنی و سیاسی، کولتووری، ناوەندی دموکراتیکەکان، ڕێپێوانە دوروودرێژەکانی دانیشتوانی شارەکان، کۆچی مەریوان، یەکیەتیی جووتیاران، چاپی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان لە سەرەتاکانی هاتنە سەر دەسەڵاتی حکوومەتی ئیسلامی، دەریخست کە خەڵکی کوردستان لە ڕێگەی مەدەنی و سیاسییەوە دەیانەوێ مافەکانیان دەستەبەر بکەن. بەڵام حکوومەتی ئێران کە نەیتوانی کوردستان ئیسلامیزە بکا هێرشی نیزامیی کردە سەر کوردستان و خەباتی مەدەنیی کوردستانی تووشی بەربەست کرد و خەڵکی کوردستانی ناچارکرد بۆ بەرگری لە خۆیان هێزی پێشمەرگە ڕێکبخەن و دەست بۆ چەک بەرن. کۆماری ئیسلامی بەو هێرشە ساڵانێکی زۆرە دۆخی جەنگی و داگیرکارانەی بە سەر کوردستندا سەپاندووە.
لە ناوەڕاستەکانی دەیەی ٧٠ی هەتاوییەوە و بە کەمبوونەوەی چالاکیی نیزامیی پێشمەرگانە، دەرفەت و هەل بۆ هاتنەمەیدانی بەرینتر خەباتی مەدەنی ڕەخسا. لەم دوو دەیەدا کوردستان هەنگاوی بەرچاوی لە خەباتی مەدەنی و سیاسی و کولتووری و هونەری و نافەرمانیی مەدەنیدا هەڵگرتووە. ڕێکخراو و ئەنجومەنی جۆراوجۆر لە هەموو شارەکانی کوردستان دامەزراون و هەرکامەیان لە بوارێکدا چالاکن. بزووتنەوەی ژنان، ژینگە، کرێکاران، مافی مرۆڤ و دژایەتیی ئیعدام و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکانی ڕۆژی جیهانیی ژن و ڕۆژی جیهانیی کرێکار و ئازادکردنی پەلەوەرەکان لە قەفەس و هەوڵ بۆ بەرگرتن بە حوکمی تۆڵە (قصاص) و پێکهێنانی جەوێکی پڕ لە لێبووردن و بەرگرتن بە پەرەسەندنی دوژمنایەتی و توندوتیژی نموونە بەرچاوەکانی ئەو پێشکەوتنە لە کوردستانن.
بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دوو دەیەی ڕابردوو، سیمای کوردستان و بزووتنەوە ڕزگاریخوازانەکەیان مودێڕنتر و دیموکراتیکتر کردووە و توانای خەڵکی و دەرفەتی داهێنانێکی بەرینتری پێبەخشیوە. پشتبەستنی بزووتنەوەکە بە خەباتی چەکدارانەی کەمکردووەتەوە و هاوکات جێگەی تایبەت و پێویستیی خەباتی پێشمەرگانە و پێگەکەی سەرلەنوێ پێناسە کردووەتەوە.
بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بەشداریی جەماوەر لە چارەنووسی سیاسیی کوردستانیان گەیاندووەتە ئاستی میلیۆنی. ئەم بزووتنەوانە ژمارەیەکی بەرچاوی چالاکانی سیاسی و مەدەنی و ڕێبەرانێکی بە توانای داهێنانی نوێوە پەروەردە کردووە کە بەشێکی بەرچاوی باری بزووتنەوەی کوردستانیان لە سەرشانە.
کۆمەڵە لە کوردستان بە ئەندازیاری بزووتنەوە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکان ناسراوە. ئەم بزووتنەوانە بوارێکی گرینگی ئەرکەکان و بەرپرسایەتییەکانی ئێمە لە کوردستانن. ڕۆڵ و دەوری بزووتنەوە مەدەنییەکان بێگومان لە داهاتووی کوردستان و بزووتنەوەکەیدا گرینگتر و کاریگەرتر دەبێ و پەرەدەستێنێ.
پەیوەندیی حیزب لەگەڵ ئەو بزووتنەوانە کارێکی داهێنارانەی دەوێ کە دەبێ خزمەت بە پەرەسەندن و پشکووتنیان بکا. کۆمەڵە ڕەوتێکە کە بە چوونەسەرەوەی ئاستی ڕێکخراوبوون و وریایی گشتی و چالاکبوونی کۆمەڵەگا پێگەی قایمتر دەبێ و پێشدەکەوێ.
٤ ــ هێزی پێشمەرگە و بەرگریی چەکدارانە لە بزووتنەوەی کوردستاندا
بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان، بزووتنەوەیەکی چەکدارانە نییە، بزووتنەوەیەکی سیاسیی مافخوازانەی خەڵکێکی ستەملێکراوە کە بۆ ئەستاندنەوەی مافەکانیان هەوڵ دەدەن، بەڵام داگیرکەران ئەم خواستە ڕەوا سیاسی و مەدەنییەی خەڵکیان بە توندوتیژییەکی لەڕادەبەدەر، بە کوشتار و داگیرکاری، گەمارۆدانی شارەکان، بومبارانی شوێنە سێڤیلەکان و شار و دێ و کوشتنی بە کۆمەڵ و ئیعدامی بە کۆمەڵی خەڵک داوەتەوە. بۆ خەڵکی کوردستان و حیزبە سیاسییەکانی، خۆڕاگریی پێشمەرگانە و هەوڵ بۆ بەرگرتن لە داگیرکاری کە ئەوپەڕی گیانفیدایی و خۆبەخشیی تێدا کراوە، ڕێگەیەکی ناچاربووە. هێزی پێشمەرگە باسکی بەهێزی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستانە و لە خۆڕاگریی ئەم بزووتنەوە و بەردەوام بوونی و درێژەی خەبات بۆ ئەستاندنی مافی چارەیخۆ نووسین دەورێکی گاریگەری گێڕاوە.
سەرەڕای ئەوەی لەم دەورەیەدا هێزی پێشمەرگە لە بزووتنەوەی کوردستاندا ئەو دەورە تاقانە و دیارکەرەی جارانی نییە بەڵام بەشێکی گرینگ و سەرەکیی بزووتنەوەکەی لەسەر شانە.
هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە لە دەیەکانی ڕابردوودا دەورێکی چارەنووس ساز و گرینگی لە بزووتنەوەی کوتردستاندا بووە. کۆمەڵە پێش دامەزرانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و بەتایبەت پاش نەورۆزی خوێناویی سنە و سەردانی نوێنەرانی دەسەڵاتدارانی تازە بۆ کوردستان، دڵنیا بوو کە حکوومەت پلانی هێرشێکی سەرانسەریی بۆ سەر کوردستان داڕەشتووە. کاک فواد هەر ئەوکاتە بە ڕوونی وتبووی کە تەنانەت ئەگەر یەک ڕۆژ بتوانین هێرشی حکوومەت وەدوابخەین کارێکی گرینگمان کردووە هەر بۆیە کۆمەڵە یەکەمین فێرگەی پێشمەرگە و فەرماندەکانی لە کۆتایی بەهاری ساڵی ١٣٥٨دا دامەزراند. پاش هێڕشی حکوومەت سەرەڕای ئەوەی خەڵکی کوردستان و حیزبەکانی چاوەڕوانی هێرشێکی ئاوا خێرایان نەدەکردن بەڵام بڕیاریان دابوو کە بە کەمترین کەرەستە و پێداویستییەوە و بە ژمارەیەکی کەم پێشمەرگەوە لەبەرانبەر ئەو هێرشەدا ڕاوەستن. دۆخی کوردستان خەباتکارانە و پڕ لە دڵنیایی و پێداگر لەسەر خۆڕاگری بوو.
دەیەی ٦٠ی هەتاوی کۆماری ئیسلامی سەرەڕای بەردەوامیی شەڕی لەگەڵ حکوومەتی عێراق، شەڕێکی داگیرکارانەی بەسەر کوردستاندا سەپاند، پێشمەرگەی کۆمەڵە کارنامەیەکی زێڕینی لە خۆڕاگری و فیداکاریی پێشمەرگانە بۆ خۆی تۆمار کرد و هاوکات وەکوو هێزێکی وشیاریدەر و خۆشەویست جێی خۆی لە ناو خەڵکدا کردەوە. بوونی ژنان لە ڕێزەکانی پێشمەرگەی کۆمەڵەدا هەم ڕێزێکی زیاتری پێبەخشیبوون هەم پێگەی ژنانی لە کۆمەڵگادا گۆڕی بوو. پێشمەرگەی کۆمەڵە بە دیسیپلینێکی ناوخۆیی و قارەمانەتی نواندن لە شەڕی بەرگری و هەڵسووکەوتی مرۆڤانی لەگەڵ ئەسیرەکاندا وێنەیەکی لە خۆی نەخشاند کە ئەمڕۆکەش بیرەوەرییەکانی سەرمایەیەکی سیاسیی گرینگی بزووتنەوەی کوردستانن. هەڵسوکەوتی ئینسانی لەگەڵ ئەسیرەکانی سپای داگیرکەر لە حاڵێکدا بوو کە هێزەکانی دوژمن پێشمەرگە بەدیلگیراوەکانیان ئەشکەنجە و گوللەباران دەکرد و جاری وابوو تەرمەکانیان بە دوای ئۆتۆمبێلە سەربازییەکاندا بە نێو شاراندا ڕادەکێشا.
پێویستیی بەرگریی پێشمەرگانە لە کوردستان نەک هەر کەمبایەخ نەبووەتەوە بەڵکوو دەبێ پێداگریی لەسەر بکرێ. پێشمەرگەی کۆمەڵە لە دواڕۆژدا دەبێ لە گەڵ هێزی پێشمەرگەی گشتیی کوردستان تێکەڵ بێ و لەم ڕێگەیەوە یارمەتیدەری یەکگرتووی حیزبەکان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانە و لێکهەڵپێکرانی ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بێ. ڕاگرتن بەهێزکردن و ڕاهێنانی ئەمڕۆیی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە پێویستییەکی هەنووکەییە.
٥. پاراستنی ژینگە
یەکێک لە دیاردە پێشکەوتووانەکانی کوردستان بە تایبەت لە دوو دەیەی ڕابردوودا بزووتنەوەی پاراستنی ژینگەیە. ئەو بزووتنەوەیە تا ئێستا زۆر پەرەی سەندووە و بەریناییەکی زیاتری کوردستانی گرتووەتە خۆی و فەرهەنگ و وشیاریی گشتیی لەسەر ژینگە بردووەتە ئاستێکی بەرزتر. پاراستنی ژینگە لە کوردستان ڕێبەران و چالاکانی ناسراوی خۆی پەروەردە کردووە کە ژمارەیەکیان گیانیان ناوەتە پێناوی چالاکییەکانیان.
کۆماری ئیسلامی کە دەزانێ ئەم بزووتنەوەیە ئەمڕۆکە و لە داهاتوودا چ کاریگەرییەکی هەیە و هەموو جووڵە و بزووتنەوە و هەوڵێکی یەکگرتووانە بە زەرەری مانەوەی خۆی لە کوردستان دەزانێ، دژایەتیی ئەم بزووتنەوەیە دەکا و کۆسپ دەخاتە سەر ڕێگایان.
بزووتنەوەی ژینگەپارێزی لە کوردستان لە دوو دەیەی ڕابردوودا ڕێگرێکی سەرەکیی سەر ڕیگەی حکوومەتی ئیسلامیی دژە ژینگەی ئێران بووە کە هۆکارێکی جیددی تێکچوونی ژینگە لە کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بووە، ئاسەوارە ئەرێنییەکانی ئەم بزووتنەوە لە داهاتوودا زیاتر دەردەکەوێ.
٦ ــ حیزبە کوردستانییەکان
بوون و فراوانیی حیزبە کوردستانییەکان دیاردەیەکی پێشکەوتوو، دیموکراتیک و ڕەنگاوڕەنگە کە خەڵک پێشوازییان لێکردووە. کۆمەڵە زەحمەتکێشان لە ١٥ ساڵی ڕابردوودا پەیوەندییەکی نزیک و دۆستان و پڕ لە هاودڵی و هەوڵ بۆ لێک تێگەیشتنی لەگەڵ حزبەکانی کوردستان بووە.
کۆمەڵە حیزبە کوردستانییەکانی بەشداری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان نەک وەکوو نەیار یان ڕەکابەر بەڵکوو وەکوو هاوپەیمان و هاوکار و هاوڕێ لە بوارە جۆراوجۆرەکانی بزووتنەوەکەدا دەبینێ و هەموو کاتێک پێداگریی لەسەر بەرزترین ئاستی دۆستایەتی و هاوکاری تا ئاستی پێکهێنانی بەرەیەکی کوردستانی کردووە.
لەڕاستیدا حیزبەکان هەر چەن خاوەن پێگە بن بەڵام خەڵک و بزووتنەوەکە بە تەنها بە هانای حیزبێکەوە ناچن. بانگەوازی هاوبەشی حیزبەکان بۆ مانگرتنی گشتی و وەڵامی بەهێزی خەڵک لە هەموو کوردستان بۆ ئەو بانگەوازە، سەلماندی کە هاوکاری و یەکگرتووی چەندە بۆ خەڵک گرینگە.
کۆمەڵە زەحمەتکێشانی کوردستان هەموو هەوڵی خۆی بۆ سەرلە نوێ ڕێکوپێک کردن و داڕەشتنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حیزبەکان و هەموو حیزبەکان پێکەوە دەخاتە گەڕ و ئەم مەسئەلەیە بە پرینسیپی حیزبی و پێویستیی بەرینبوونەوە و پێشکەوتنی بزووتنەوە و خەباتی خەڵکی کوردستان دەزانێ، بەتیابەت لە دۆخێکدا کە بزووتنەوەی کوردستان و چالاکانی بوێری لە شەڕ و بەرەوڕووبوونەوەیەکی سەختدان و کۆماری ئیسلامی کوردستانی داگیرکردووە و ئیعدام و تاوانە هەموو ڕۆژەکانی بەردەوامە، یەکگرتنی حیزبەکان، خۆپاراستن لە ڕەکابەریی بێسوود و هەوڵی بێسەرمەر بۆ خۆ بە خاوەن زانین و تاقانە بوون لە کوردستان، پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە و هەر کارێک لەو ئاراستەیەدا نەبێ بێجگە لە زەبر وەشاندن لە خەباتی خەڵک و پەرەم پەرەم بوونی بزووتنەوەکە و بڵاوکردنەوەی تۆوی بێهیوایی ئاکامێکی نابێ.
یەکگرتووی وەکوو پێویستییەکی ئەوڕۆیی یارمەتیی بەهێزبوون و پتەوکردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان دەدا و لە دواڕۆژی ڕووخانی حکوومەتی ئێراندا ئەو هیوایە لە دڵی خەڵکدا گەش دەکاتەوە کە حیزبەکان لە ڕێگەی سیاسی و دیالۆگ و هاوکارییەوە پەیوەندییەکانی خۆیان ڕێکدەخەن.
٧ ــ کۆمەڵە و خەبات بۆ دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ئابووری
کۆمەڵە حیزبێکی چەپ و عەداڵەتخواز و یەکسانیخوازە و ڕێکخەر و بزوێنەری بزووتنەوەی دادپەروەری، یەکسانیخوازی و گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی دوور لە هەڵاواردن و نایەکسانیه.
لە دەیەکانی ڕابردوودا لە ناو دڵی خەبات و خۆڕاگریی بەرینی خەڵکی کوردستاندا دژی داگیرکاریی حکوومەتی ئێران و بە سەرەنجدان بە ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان و پێشکەوتنەکانی کۆمەڵگای کوردستان لە هەموو بوارێکدا، بزووتنەوە و مەیلی خەڵک بۆ ژیانێکی شیاو، دادپەروەرانە، یەکسان و دوور لە هەڵاواردنی چینایەتی، ڕەگەزی و نایەکسانی پەرەی سەندووە. ئەو ویستە کە لە داواکارییەکانی بزووتنەوەکە، لە ئاخێزەکان و ناڕەزاییەکانی کرێکاران، ژنان، لاوان، خوێندکاران و سەدان ڕێکخراوی مەدەنی و سیاسی و پیشەییدا بە ڕوونی باسکراوە، بە شۆڕشی ژینا قووڵتر بە خێراییەکی زیاتر خۆی دەرخست.
شۆڕشی ژینا کە بزووتنەوەی کوردستان و خۆڕاگرییە دەیان ساڵەکەی بەرینتر کردەوە و پەرەیپێدا و سۆز و پشتیوانیی جیهانیی لەگەڵ بوو، هاوکات دادپەروەری، یەکسانیخوازی و ڕۆڵی ژنان لە ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشی قووڵتر کردەوە و هێزێکی زیاتری پێدان.
بە دڵنیاییەوە کۆمەڵە کە حیزبێکی چەپە کە هەر لەسەرەتای دامەزرانییەوە بەشێکی گرینگی کاری خۆی بۆ وشیارکردنەوە و ڕێکخستنی خەڵک بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی دادپەروەر و یەکسان تەرخان کردووە، ئەم پشتوانە بەنیرخە دەیان ساڵەیە لە هەر هەلومەرجێکدا و بە بەشداریی بزووتنەوەی دادپەروەری، دەپارێزێ و بۆ پەرەپێدان و بەهێزکردنی هەوڵ دەدا و خەبات دەکا و دەبێ لە دەوری داهاتووی چالاکی و ڕێکخستنەکانی کۆمەڵە لە کوردستان لەم بوارەدا بگاتە پێگەی شیاوی خۆی.
گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرانە و عادڵانە، بوونی دەرفەتی یەکسان بۆ پشکووتن و پێشکەوتن لە کۆمەڵگادا، ئەوەی کە پێشکەوتنی ئازادانەی هەر تاکێک مەرجی پێشکەوتنی ئازادانەی هەمووان و کۆمەڵگا بێ، ژیانی شیاوی مرۆڤی سەردەم، بەهرەمەند بوونی هەمووان لە مافەکانی شارومەندان و ئازادییە تاکەکەسی و گشتییەکان هەموویان پێویستیان بەوەیە ئەم پابەند بوون بە بەرابەری و ئازادییە لە سیمای کۆمەڵە، ڕابەران و چالاکانی و چالاکییەکانیدا دیار و بەرچاو بێ. دەبێ بۆ ڕێکخستنی بەرین و بەهێزکردنی بزووتنەوەی کرێکاری و بەرابەریخوازانە لە هاوکێشەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردستاندا هەوڵ بدەین و پلانمان بۆی هەبێ. دامەزراندن، پەرەپێدان و بەهێزکردنی ڕێکخراوەکانی کرێکاران و چینە زوڵملێکراو و مافخوراوەکان لە گرینگترین ئەرکەکانی کۆمەڵە و ناسنامەی حیزبی ئێمەیە.
٨ ــ کۆمەڵە و پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەو وڵاتانەی کورد تێیاندا نیشتەجێیە، لە ڕوانگەی ئێمەوە یەک پرسە. ئێمە پشتیوانی لە مافی چارەی خۆ نووسینی نەتەوەی کورد لە بەشەکانی دیکەش تا دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ دەکەین. ئێمە خوازیاری پەیوەندییەکی چڕی سیاسی لەگەڵ حیزبەکان و بزووتنەوەی کوردستان لە هەموو بەشەکانین و سەربەخۆیی ئەو بزووتنەوانە بۆ دیاری کردنی ڕێبازی سیاسی و خەباتی نەتەوەییان دەسەلمێنین. بۆیە ئێمە لە بەشەکانی دیکەی کوردستندا حیزب یان ڕێکخراوێک دانەمزرێنین بەڵام بەدواداچوون و چاوەدێریی ڕەوتی سیاسی و ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی هەموو بەشەکان دەکەین وپەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان چارەنووسی هەموو بەشەکانی کوردستان دەبینین.
ئێمە خوازیاری هاوکاری و هاوئاهەنگیی خەباتکارانە لە نێوان حیزبە کوردستانییەکانین و هەوڵ بۆ داڕەشتنی ستراتێژییەکی نەتەوەیی هاوبەش کە هەمووان پێی وەفادار بن بە پێویستییەکی ئەمڕۆ دەزانین. ئێمە پێمان وایە و پێداگری لەسەر ئەوە دەکەین کە هەرگیز نابێ بەشێک لە بزووتنەوەی کوردستان یان حزبە سیاسییەکانی لە دژی بەرژەوەندیی بزووتنەوەکە لە بەشێکی دیکەدا بجووڵنەوە. هیچ حیزبێکی کوردستانی بۆی نییە لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان لە دژی بزووتنەوەی کوردستان هاوپەیمان بێ یان سەر بۆ پلانەکانی داگیرکەران دانەوێنێ.
شەڕی ئێستەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوژمنیی ئاشکرای حکوومەتی ئێران و هێرشە هاژەکییەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، هێرشی سپای تورکییە بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان و بۆمبارانی بنەما و ژێرخانەکانی ئەو بەشەی کوردستان، ڕاپەڕینی مەزنی ژن ژیان ئازادی لە ڕۆژهەڵات، زیاتر لە جاران دەریان خستووە چارەنووس، دۆخ و توان و دەرفەتەکانی بزووتنەوەکانی کوردستانی لە داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە نێو هەموو ئاڵۆزی و شەڕ و ماڵوێرانیی ئەو ناوچەیە، پێکەوە بەستراوەتەوە. لە سەردەمێکدا کە دواکەوتوویی ئیسلامی و دەستوپێوەندەکانی حکوومەتی ئیسلایی ئێران ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان کردووەتە مەیدانی تەراتێنی خۆیان و وێرانی و شەڕیان بۆ خەڵک بەدیاری هێناوە، بزووتنەوەکانی بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستان و شۆڕشی ژینا هەڵگری ئینسانیتر و ئازادیخوازانەترین دوروشمەکانن.
٩ ــ نەتەوەکانی ناو جوگرافیای سیاسیی ئێران
ئێران وڵاتێکی فرە نەتەوەیە و پێکهاتەکەی لە باری نەتەوەییەوە لە هەموو وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕەنگاوڕەنگترە. دەسەڵاتەکانی زاڵ بەر سەر ئەو وڵاتەدا لە ئەمڕۆ و ڕابردوودا (کۆماری ئیسلامی و حکوومەتی پەهلەوی) بەردی بناغەی خۆیان لە سەر سەرکوتی نەتەوەکان داناوە.
حکوومەتی ئێران هەر لەسەرەتای دامەزرانیەوە بە دانانی دامودەزگای سەرکوت و ناوەند و ئورگانی جۆراوجۆر بە شێوەی سیستماتیک نەتەوەکانی ناو ئێرانی سەرکوت کرد و لە ئاستێکی بەرینتردا ستەم دژی نەتەوەکانی درێژە پێدا. هێرشی نیزامی و داگیرکاری، میلیتاریزەکردنی ناوچەکان، ئیعدامی بە کۆمەڵ و دانانی زیندان و ئەشکەنجەگا تۆقێنەرەکان هەموو بۆ یەخسیرکردنی دووبارەی نەتەوەکانی ناو ئێران بوو کە بە ڕووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی دەرفەتێکیان بۆ ڕزگاری دەسکەوتبوو.
سەرەڕای ئەمە ئەمڕۆکە دەبینی بزووتنەوەی مافخوازانەی نەتەوەیی لە هەموو نەتەوەکاندا ڕوو لە گەشەیە. لە کوردستان، خوزستان، بەلووچستان، ئازەربایجان و … باڵاکردنی بزووتنەوەهایەک دەبینین کە نەهێشتنی ستەمی نەتەوەیی و کۆتایی پێهێنان بە زۆرداریی دەسەڵاتی ناوەندی و داگیرکاری و میلیتاریزەبوونی ناوچەکەیان و شۆڤینیستی نەتەوەیی و ئایینییان کردووەتە ئامانج. کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بەرگری لە مافی نەتەوەکان بۆ دیاری کردنی چارەنووسی سیاسیی خۆیان تا دەمەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ دەکا و خۆی بە دۆست و هاوپەیمانی هەموو نەتەوەکان بۆ ڕزگاری لە ستەم دەزانێ. ئێمە خوازیاری هاوپشتیی نەتەوەکان بۆ لادانی ستەمی نەتەوەیی و سەرکوتکاری و شۆڤینیزم و پێکهێنانی بەرەیەکی بەهێز بۆ ڕووخاندنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانین.
داهاتووی ئێران یان مافی تەواوی هەموو نەتەوەکانی ناو ئەو وڵاتە زەمانەت دەکا یان ئێرانی یەک پارچە داهاتوویەکی نابێ.
سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان