بۆ ڕای گشتی، وڵاتان، ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ!

ڕێژیمی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ پەردەپۆشکردنی شکستە سیاسی، سەربازی و ستراتیژییە ئایدۆلۆژییەکانی، جارێکی دیکە پەرەی بە هێرشە دڕۆنییەکانی بۆ سەر تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان داوە. ئەم هێرشانە نیشانەی دەستەوەستانی و لاوازیی ڕێژیمە لە بەرامبەر گۆڕانکارییە ناوچەییەکاندا. هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە ٣ خاڵدا بۆچوونی خۆی لەسەر دۆخی ئێستا ڕادەگەیەنێت:
١. هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران پێداگری دەکاتەوە ئەم شەڕ و ئاڵۆزییانە، شەڕی کۆمەڵگەی ئێران و نەتەوەکانی ئەم وڵاتە لەگەڵ جیهان نییە؛ بگرە ئەوە ڕێژیمی دیکتاتۆر و سەرکوتگەری تارانە کە تەواوی خەڵکی ئێرانی بە بارمتە گرتووە. ئەو شەڕەی ئێستا هەڵگیرساوە، ئاکامی دەیان ساڵ سیاسەتی زێدەخوازی، دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتان و پاڵپشتیی تێرۆریزمە؛ سیاسەتێک کە دواجار هەم ئێرانی تووشی داڕمانی ئابووری کرد و هەم کۆماری ئیسلامییشی بەرەو لێواری ڕووخان بردووە.
٢. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای ئەم قۆناغەی شەڕەوە تا ئێستا، زیاتر لە ٧٠٠ جار سەروەریی خاکی عێراقی بەزاندووە و هەرێمی کوردستانی کردووەتە ئامانج. لەم نێوەدا، زیاتر لە ١٥٠ هێرشی ڕاستەوخۆ کراوەتە سەر کەمپی پەنابەرانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لە ئەنجامی ئەم جینایەتانەدا، تا ئێستا ٢١ کەس شەهید بوون؛ کە ١٠ کەسیان تێکۆشەران و پەنابەرانی ئەندامی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانن. ئێمە بە ئامانجگرتنی کونسوڵخانەکان، کەمپە سیاسییەکان و شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیل بە پێشێلکردنی “کۆنڤانسیۆنی ژێنف” و تاوانێکی جەنگی دەزانین. هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران داوا لە وڵاتان، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان دەکات لە هەمبەر ئەم هێرشانەی کۆماری ئیسلامیدا هەڵوێستی جدی و بەکردەوەیان هەبێت.
٣. داوا لە سەرجەم هاونیشتمانییەکانمان لە دەرەوەی وڵات دەکەین، بە شێوەیەکی یەکگرتوو و بە بەرپرسیارێتیی نیشتمانییەوە، لەسەر شەقام و لە بەردەم باڵوێزخانەکان و ناوەندەکانی بڕیاردا دەنگی خەبات و خۆڕاگریی نەتەوەکەمان بن. هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران پێشوازی لە هەر جۆرە هاوکارییەک لەگەڵ لایەنە کوردییەکان، حیزب و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئۆگران و لایەنگرانی ئازادی و دادپەروەری بۆ پاڵپشتی لە دۆزی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەقاودانی تاوانەکانی ئەم ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەکات.
لە کۆتاییدا، ڕایدەگەیەنین هێرش و پەلامارەکانی کۆماری ئیسلامی و لێکەوتەکانی، نەک هەر ئیرادەمان نالەرزێنێت، بەڵکوو باوەڕمان بە ڕەوایی خەبات بۆ ڕووخانی ئەم ڕێژیمە و ڕزگاریی کوردستان قایمتر دەکات.
نەمری بۆ شەهیدان و سەرکەوتن بۆ ڕێگای ئازادی.

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران

Share.

Comments are closed.

Exit mobile version