​لە سایەی بارودۆخێکی هەرێمی و نێودەوڵەتیی زۆر هەستیار و ئاڵۆزدا، و لە کاتێکی دژواردا کە هەرێمی کوردستان تێیدا دەرباز دەبێت ، پاش تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ، لە ڕۆژی ٢٠٢٦/١١/٤ دانشتنی پەرلەمان ئەنجامدرا و دەستەی سەرۆکایەتیی  هەڵبژێردرا. کەچی ئەم هەنگاوە بەهۆی نەبوونی ڕێککەوتنی پێشوەختە لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەتایبەتی و لایەنە سیاسییەکان بەگشتی ، لێکەوتەی نەرێنی هاتەپێش .
​ئێمە لە کۆڕبەندی چەپی کوردستان، بە نیگەرانییەکی قووڵەوە لەو ڕەوشە دەڕوانین و داواکارین لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکاندا، لایەنەکان لە چارەسەرێکی هاوبەش نزیک ببنەوە و دەروازەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، پێکەوە بەڕێوەبردنی هەرێم و پاراستنی دامەزراوە یاسایی و دەستوورییەکان بدۆزنەوە. قووڵکردنەوەی ناکۆکییەکان لە بەرژەوەندیی گشتیدا نییە و مەترسیی گەورە لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان و ئەو دەستکەوتانە دروست دەکات کە بە خوێن و قوربانیدانی گەلەکەمان بەدی هاتوون.
​لێکەوتەکانی ئەم قەیرانە سیاسییە و قووڵکردنەوەیان، سێبەرێکی قورس دەخەنە سەر ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان و سەقامگیریی گشتی. بۆیە یەکخستنی هەوڵەکان بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، پێویستی بە ئیرادەیەکی هاوبەش هەیە لە پێناو کۆکردنەوەی توانای هێزە سیاسییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئالنگارییەکانی ناوچەکە و پێشهاتە بەردەوامەکاندا.
​لە ڕوانگەی هەستیاریی قۆناغەکە و هەستکردنمان بە بەرپرسیاریی مێژوویی ، داوا لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەت هەردوو حزْبە دەسەڵاتدارەکان دەکەین:
​گەڕانەوەی دەستبەجێ بۆ سەر مێزی گفتوگۆ .
​بەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی کوردستان .
​گەیشتن بە چارەسەرییەکی دادپەروەرانە کە مسۆگەریی ، هاوبەشی ڕاستەقینە لە حوکمڕانیدا بکات و قەوارەی هەرێم بپارێزێت .
​چونکە ئەم قۆناغە بەرگەی زیاتری پەرتەوازەیی و لێکترازان ناگرێت ، و دابینکردنی سەقامگیری و داهاتووی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارییەکی مێژووییە لە ئەستۆی هەموو لایەکدا.

Share.

Comments are closed.

Exit mobile version