‍ کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لەگەڵ پارتی چەپی سووسیالیستی نۆروێژ

رۆژی هەینی رێکەوتی ١۵ی خەزەڵوەر، نوێنەرانی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە لایەن پارتی چەپی سووسیالیستی نۆروێژەوە بانگهێشتی پارلەمانی ئەو وڵاتە کران.

نوێنەرانی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، لەم کۆبوونەوە کە لە پارلەمانی نۆروێژ بەڕێوە چوو لەگەڵ نوێنەرانی حیزبی سووسیالیستی چەپ، مافە نەتەوەییەکانی کورد لە ئێران و هەروەها پێویستیی پشتیوانیی سیاسی و مرۆییان لە بزووتنەوەی کورد، تاوتوێ کرد.

لەم كۆبوونەوە (Kathy Lie)، ئەندامی پارلەمانی نۆروێژ لە حیزبی سووسیالیستی چەپ، (Kaja Yngsdal)، ڕاوێژکاری پارلەمانی لە کاروباری پەیوەندیدار بە کەیسی کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و (Gjermund Skaar)، بەرپرسی بەشی پێوەندیە نێونەتەوەییەکانی حیزبی سوسیالیستی چەپی نۆروێژ و هەروەها مەسعود ناسری ئەندامی پێوەندیەکانی حزبی سووسیالیستی چەپی نۆروێژ بەشدار بوون.

لە کۆبوونەوەکەدا کۆمەڵێک داخوازی لە بابەتی پێوەندیدار پێشکەش کرا. جێی ئاماژەیە کە کۆبوونەوەکە لە کەشێکی زۆر دۆستانە و پڕ لە دیالۆگدا بەڕێوە چوو. هاوکات یەکدەنگی نوێنەرانی هاوپەیمانی و هاوئاهەنگییان، بوو بە جێی دەستخۆشیی پارتی سووسیالیستی چەپی نۆروێژ.

لەم کۆبوونەوەدا هاوڕێ شاهۆ بلووری وەک بەرپرسی کومیتەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە وڵاتی نۆروێژ بەشدار بوو راوبۆچوونی ئەم حیزبە و هاوپەیمانیی لەو پێوەندییەدا پێشکەش کرد.

کومیتەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان_نۆروێژ

شەممە: ١٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٦ی کوردی  
              ٧ی نۆڤامبری  ٢٠٢٦ زایینی

Share.

Comments are closed.

Exit mobile version