
ئەمڕۆ هەینی، ٢٧ی خەرمانانی ١٤٠٥، شاندێکی کۆمەڵە بە سەرپەرشتیی هاوڕێ ڕەزا کەعبی، سکرتێری گشتیی کۆمەڵە و بە بەشداریی ئەمجەد حوسێن پەناهی، ئەندامی دەستەی کارگێڕی کۆمەڵە، بەشداریی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی د. کەمال شاکر، سکرتێری پێشووی حیزبی شیوعی کوردستانیان کرد.
د. کەمال شاکر ساڵی ١٩٤٣ لە خانەقین لەدایک بوو. بەشی زۆری ژیانی خۆی تەرخان کرد بۆ خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی. بەهۆی چالاکییە سیاسییەکانی چەندین جار لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە دەستگیر کرا و حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا، بەڵام ئەم حوکمە جێبەجێ نەکرا. دواتر زیاتر لە ١٤ ساڵ لە زیندانەکانی ڕژێمی بەعس بەسەر برد و لەو ماوەیەدا ڕووبەڕووی ئازار و ئەشکەنجەی زۆر بووەوە.
دواتر د. کەمال شاکر وەک پێشمەرگە لە شاخەکانی کوردستان بەردەوامی بە خەباتی خۆی دا و پاشان لەلایەن ڕێبەرایەتیی حیزبەکەیەوە بۆ خوێندنی باڵا ڕەوانەی مۆسکۆ کرا، کە لەوێ توانی بڕوانامەی دکتۆرا بەدەست بهێنێت.
دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١، د. کەمال شاکر بوو بە یەکەمین وەزیری تەندروستی و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان. هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە بۆ ماوەی زیاتر لە ١٢ ساڵ، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی شیوعی کوردستان بوو.
د. کەمال شاکر شەوی ١٦ی سێپتەمبەری ٢٠٢٦ لە هەولێر، بەهۆی نەخۆشییەوە و لە تەمەنی ٨٣ ساڵیدا، ماڵاوایی لە ژیان کرد.
هەینی: ۲۷ی خەرمانانی ٢٧٢٦ی کوردی
١٨ی سێپتەمبەری ٢٠٢٦ زایینی