بە داخ و پەژارەوە، هەواڵی ژیان‌ئاوایی دکتۆر کەمال شاکر، تێکۆشەری دێرینی سیاسی، سکرتێری پێشووی حیزبی شیوعی کوردستان و یەکەمین وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەدەستمان گەیشت.

دکتۆر کەمال شاکر ساڵی ١٩٤٣ لە خانەقین لەدایک بوو. ژیانی خۆی تەرخانی خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی کرد و بەهۆی چالاکییە سیاسییەکانی چەندین جار دەستگیر کرا و حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا. دواتر ئەو حوکمە جێبەجێ نەکرا، بەڵام زیاتر لە ١٤ ساڵ لە زیندانەکانی ڕژیمی بەعسدا بەسەر برد و ڕووبەڕووی ئازار و ئەشکەنجەی زۆر بووەوە.

دواتر، دکتۆر کەمال وەک پێشمەرگە لە شاخەکانی کوردستان خەباتی کرد و پاشان لەلایەن ڕێبەرایەتیی حیزبەکەیەوە ڕەوانەی مۆسکۆ کرا، کە لەوێ توانی بڕوانامەی دکتۆرا بەدەست بهێنێت.

لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١، یەکەمین وەزیری تەندروستی و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو. هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە بۆ ماوەی زیاتر لە ١٢ ساڵ، سکرتێری کومیتەی ناوەندیی حیزبی شیوعی کوردستان بوو.

دکتۆر کەمال شاکر شەوی ١٦ی سێپتامبری ٢٠٢٦ لە هەولێر، بەهۆی نەخۆشییەوە، لە تەمەنی ٨٣ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.

بەم بۆنەوە، هاوخەمی و پەژارەی خۆمان بۆ بنەماڵە و کەسوکاری، هەروەها هاوڕێیانی حیزبی شیوعی کوردستان و هەموو هاوڕێ و هاوخەباتانی ئەو تێکۆشەرە دێرینە دەردەبڕین.

یاد و ناوی دکتۆر کەمال شاکر بە زیندوویی دەمێنێتەوە.

دەستەی کارگێڕی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

١٨ی سێپتەمبەری ٢٠٢٦ زایینی

Share.

Comments are closed.

Exit mobile version