محەمەد حەکیمی
بە هۆی هەڕەشەکانی “عەلی خامنەیی” و دەستووری هێرش و سەرکوت بۆ سەر خۆپیشاندەران لەلایەن ناوبراوەوە، ڕاپەرین چووە ناو نۆهەمین ڕۆژی خۆی. ئەم شۆڕشە درێژەدەری شۆڕشی ژن ژیان ئازادییە.
شۆڕشێ ژن ژیان ئازادی توانی خەڵکی ئێران بە تایبەتی ژنان بێنێتە سەر شەقام و بە گشتی ئێرانی توشی ئاڵوگۆڕی جیددی کرد. هەر چەند ڕژیم سەدان ژن و پیاوی ڕاپەڕیوی کوشت و هەزاران کەسی دەستگیر و خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێرانی سەرکوت کرد و دوابەدوای سەرکوتی ئازادیخوازانی ئێران بە تایبەتی کوردستان، دەستی دایە ئێعدام، زیندان و ئەشکەنجە کردنیان. تا ئێستە کۆمەڵگای ئێران تێچووی زۆریداوە، بەڵام گەورەترین دەستکەوتی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، توانی ژن ئازاد بکات و ژن هەموو تانوپۆکانی پیاوسالاری و دەسەڵاتی کۆنەپەرەستی ئیسلامی هەژاند و تەخت و بەختی هێنایە لەرزین.
ئەو شۆڕشە بە مەرگی ژینا دەستی پێکرد، بەڵام زۆر زوو بە هۆی ئەوەی کوردستان وەک هەمیشە پشتگیری ڕۆڵەکانی خۆی دەکا، جەماوەری کوردستان هەر لە یەکەم ساتی بڵاوبوونەوەی هەواڵی مەرگی ژینا هاتنە پشت سەری تەرمەکەی. ئەمە بووە هۆی گۆڕانی بنەڕەتی لە ئێران، شۆڕشی ژینا پیشانیدا کە کۆمەلگەی ئێران ترسی لە ڕژیم شکاوە و ئەو قۆناغەی تێپەڕاندوە و لەو ساتەوە دروشمەکان بۆ مەرگ بۆ خامنەیی گۆڕدرا.
ئێستە دوای چوار ساڵ خەڵک جارێکی دیکە هاتوونەتە سەر شەقام، هاتنی ئەمجارە جیاوازە و داواکاریەکان باس لە کێشەکانی ئابووری و نەمانی ڕژیم دەکەن، کۆمەڵێک کێشە کە کۆماری ئیسلامی ئێران هەرگیز ناتوانێت چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆیان هەبێت، هەڵاوسان بەرۆکی بە خەڵک گرتووە و گەمارۆکان خەڵکی ئێرانی بە گشتی خنکاندووە و خەڵک لە ئیران ناتوانن نەفەسێک بە ڕاحەتی بکێشن. دۆخی ئابووری خەڵک بە گشتی خراپە و هێڵی هەژاری لە ئێران گەیشتوەتە ٨٥ میلیۆن تمەن و ئەوەش ئاستێکی مەترسیدارە و خەڵک بە گشتی بڕستیان لێ براوە و هیچیان بۆ نەماوەتەوە. ئێستا ناوەرۆکی درۆشمەکان بوەتە مەرگ بۆ خامنەیی و هەروەها خەڵک داوای گۆڕینی ڕژیمی ئیسلامی دەکەن.
کۆماری ئیسلامی ئێران ساڵەها هەوڵی داوە کە رۆخسارێک لە خۆی نیشان بدات کە دەتوانێ بە هێزی ناوەکی، دەسەڵاتی مووشەکی و درۆنی و هەروەها هێزە نیابەتیەکانی خۆی لە ناوچەکە قەڵغانێک بۆ خۆی دروست بکات، قەڵغانێک کە بتوانێت بەر بە هەر هێرشێک بۆ سەر ئێران بگرێت، خامنەیی هەمیشە وتوویەتی ئێمە شەڕمان بردەوتە دەرەوەی وڵاتی خۆمان، بەڵام ئێستا نە هێزی نیابەتی ماوە و نە ناوەکی، شەڕی دوانزە ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل هەموو خەونەکانی ئیمپراتوریەتی خامنەیی ڕووخاند و کردی بە خۆڵەمێش، لە دوانزە ڕۆژدا دەیان فەرماندەی باڵای ڕژیم و شوێنی ناوەکی و مووشەکی ئێران لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە بە گشتی لە نێو بردران یا لە کار خران.
لەم چوارچێوەدا ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بە ئاماژە بە وتەکانی سێ بەرپرسی باڵای ڕژیم دەڵێت؛ هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتیەکانی ئێران، بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە وتووێژی ناوخۆیاندا وتوویانە ڕژیم چووەتە قۆناغی مان و نەمان. ئەم سێ بەرپرسەی ڕژیم هەروەها وتوویانە کە ڕۆژی هەینی دوای هەڕەشەی “دۆنالد ترامپ”، شۆڕای باڵای نیزامی کۆماری ئیسلامی کۆبوونەتەوە و سەبارەت بە چۆنیەتی بەرگەگرتن و سەرکوتی خۆپیشاندانەکان و هەروەها خۆئامادەکردن بۆ ئەگەری هێرشی نیزامی چی بکەن. لەلایکی دیکەوە “عەباس عێراقچی”ش لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لەگەڵ ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی ڕاگەیاندنەکانی سەر بە ڕژیم وتوویەتی؛ ڕژیم لە قەیراندایە و شەڕی مان و نەمان دەکات. واتە هیچ شتێکی بۆ نەماوەتەوە و لە سەرە مەرگدایە و بە زوویی “عەلی خامنەیی” چارەنووسی وەک “قەزافی” یا مادۆرۆ”ی دەبێت.
ئێستا ڕژیمی ئیسلامی ئێران لە نێوان چەن گۆشاردا گیری کردووە. دروشمی خۆپیشاندەران و هەموو خەڵکی ئێران بە گشتی داوای مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی و ڕژیمەکەی دەکەن، هەروەها ئامادە بوونی ئەمریکا و ئیسرائییل بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، ئەستەمە ڕژیم بتوانێت لەم چەن کێشە خۆی ڕزگاری بکات و ڕووخانی مسۆگەرە.
ئەمە لە حاڵێکدایە هێزەکانی سەر بە ڕژیم و سپای ئەو ڕژیمە دوای گرتنی “مادۆڕۆ” بەو ئاکامە گەیشتوون کە دەبێ بچنە پال خەڵک، چونکا دیکتاتور لە کاتی ڕاکردن یەک کەسیان لەگەڵ خۆی نابات و تەنها خۆی ڕزگار دەکات، وەک ئەوەی بەشار ئەسەد لە سوریە کردی و سەگەکەی لەگەڵ خۆی برد، بەڵام ئامادە نەبوو وەزیری شەڕەکەی لەگەڵ خۆی ببات.
ئەمە لە حاڵێکە کە جەماوەری وەزاڵە هاتووی ئێران لە شەقامەکان بە درۆشم و داواکاری جۆربەجۆر، داوای تێپەڕین و نەمانی ڕژیمی ئیسلامی ئێران دەکەن و هەموو درۆشمەکانیان گۆڕدراوە بۆ مەرگ و نەمان بۆ کۆماری سێدارە.
بەڵام ئەمە لە حاڵێکدا ڕوو دەدات و ئەو ڕژیمە دەڕووخێت کە هەموو چین و توێژەکانی ئێران یەک بگرن و یەکگرتوو بن.


