بەشی دووهەم

تەوەریدووەم: پلانوبەرنامەکانیئێستا

٦- ساڵانێکی زۆرە کۆمەڵگەی کوردستان چاوەڕوانیی پێکهێنانی بەرەیەک یان ناوەندێکی هاوبەشی سیاسی لە نێوان هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. لە ناوەڕاستی بزووتنەوەی ژینادا ناوەندی هاوکاریی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە کردەوە لە کار کەوت. پێتان وایە بە لەبەرچاوگرتنی جیاوازییە ئایدیۆلۆژیک و سیاسییەکان، ئیمکانی پێکهێنانی بەرەیەک یان ناوەندێکی کاری سیاسیی هاوبەش لە نێوان ئەم هێزە سیاسییە جیاوازانەی کوردستاندا هەیە؟ چەند مانگێکە باس لە ناوەندی دیالۆگ دەکرێت. وێدەچێت تا ئێستا ئەم ناوەندە هێشتا هەر لە سەروبەندی ساخبوونەوەدابێت و بە ئەنجامی دڵخواز نەگەیشتبێت. گەورەترین بەربەستەکان بۆ پێکهێنانی بەرەیەک یان ناوەندێکی کاری هاوبەش لە نێوان هێزە سیاسییە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا چین؟ بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونەکانی ڕابردووی کاری هاوبەش لە نێوان ئەم هێزانەدا، چ میکانیزمگەلێک دەتوانن پێش بە لاوازییەکانی ئەزموونەکانی ڕابردووی کاری هاوبەش بگرن؟

• لە ڕوانگەی ئێمەوە هەندێک ڕێگر هەن کە ئاماژە بە سەرەکیترینەکانیان دەکەم: دروستبوونی جۆرێک لە جەمسەربەندی و پۆلاریزاسیۆن لە ناو حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتدا، کاریگەریی نەرێنیی لەسەر پرسی یەکگرتوویی هەبووە. جەمسەرەکان و لە ئاستێکی خوارووتردا لایەنەکان، نەک هەر لەبەر جیاوازیی ڕوانین، بەڵکوو لە ئیدعایان بۆ باڵادەستی لە هەژموونیی شەقامی ڕۆژهەڵاتدا تووشی جۆرێک لە ململانێ و ئاستێک لە بیرکردنەوە لە ڕادەی پێویستبوونی هاوکاری دەکەنەوە، کە لە قازانجی یەکگرتوویی و هاوکاری نابێت. لە ڕاستیدا ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ خەباتەکە پێویستی بە هەموو هێزی خۆی و هەموو چالاکان و خەباتکارانی هەیە؛ تەنانەت لە حاڵەتێکدا کە لایەن یان جەمسەرێک بزانێت لە کوردستان باڵادەستە، نابێت خۆی لە هاوکاری و یەکگرتوویی کە ویستی نەتەوەی کورد و پێویستیی خەباتی کوردستانە، بپارێزێت. هاوکات هەندێک پەیوەندیی هەرێمی هەن کە کاریگەریی نەباشیان لەسەر هاوکاری و یەکگرتوویی هەبووە، کە ئەمیش دیسان دەچێتە خانەی جەمسەربەندییەکانەوە.

لە بەشی دەرفەتەکاندا و ئایا هێشتا دەکرێت یەکگرتووییەک ساز بکرێت، پێم وایە هاوکات لەگەڵ ئەوەی پێویستییەکە لەبەر دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە ئاستێکی بەرزتردا هەیە، دەرفەتەکەش لە دەست نەچووە و هەیە. لە لایەک بزووتنەوەی کوردستان و خەڵک و شەقامی کوردستان ئەوە دەخوازێت و لە ساڵانی ڕابردوودا بینیومانە کە شەقام چۆن لە کاتی هاوکاری و هاودەنگیی حیزبەکاندا یەکگرتوو بە پیری بانگەوازەکانیانەوە چووە؛ مانگرتنە مێژووییەکانی ڕۆژهەڵات کە دوا نموونەی ١٨ی بەفرانباری ئەمساڵ بوو کە نزیکەی هەموو ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە.

بابەتێکی دیکە ئەوەیە کە ئاستێک لە داخوازیی گشتی هەیە کە حیزبەکان دەبێت لەسەر ئەو داخوازییانە هاوکاری و یەکگرتوویی خۆیان دابمەزرێنن: نەمانی کۆماری ئیسلامی، سەروەریی نەتەوەیی و مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ نەتەوەی کورد، ئازادییە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکان، چارەسەری ستەمی ڕەگەزی و هتد، لەو خاڵانەن کە نزیکەی هەموو حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لەسەریان ساغن. ئەمانە دەتوانن ببنە هەوێنی ئەو یەکگرتووییە. ململانێ حیزبییەکان دواتر و لە سندوقەکانی دەنگداندا دەتوانن وەڵامی خۆیان وەرگرنەوە.

بۆ بەرگرتن بە دووپاتبوونەوەی بەشە ناسەرکەوتووەکانی ئەزموونەکانی ڕابردوو، دەکرێت چەند ڕێکارێک بگرینە بەر. وەکوو پێشتر ئاماژەم پێ کرد، کارکردن لەسەر ئەوەی پێی دەوترێت Minimum Consensus Model، واتە کۆدەنگی لەسەر لانیکەمێک کە خواستی گشتیی خەڵکی کوردستانە. بە دامەزراوەییکردنی بڕیار و ڕێککەوتن، بابەتێکی گرنگی دیکەیە کە دەتوانێت گەرەنتیی پابەندبوونی هەمووان بە بڕیارە گشتییەکانی ناوەند یان بەرەیەکی کوردستانی بێت؛ تا کاتێک کە پەیوەندییەکان لە ئاستی تاکەکەسی و بابەتی کەسیدا بمێنێتەوە، ڕیسکی سەرنەکەوتن زیاترە. هاوکات لەبەر ئەوەی چارەنووسی خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردستان بابەتێکی گشتییە، ئاگاداربوونی ڕای گشتی لە ڕێککەوتنەکان و باسەکان زۆر گرنگە؛ ئەگەر هەموو باسەکان بە ڕوونی ڕوو بە کۆمەڵگەی کوردستان بکرێن و هەڵوێستی هەموو حیزبەکان لەسەر بابەتەکان بە ئاگاداریی ڕای گشتی بگات، تاکڕەوی و بیرکردنەوە لە بەرژەوەندیی حیزبی، کۆنتڕۆڵکراو دەبێت و لایەن و حیزبەکان لە بەردەم خەڵکی کوردستاندا بەرپرسانەتر هەڵسوکەوت دەکەن و دەبێت بەرپرسیارێتیی هەڵوێستەکانیان بگرنە ئەستۆ.

٧- بزووتنەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەنی جیاواز پێک دێت، بۆ نموونە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕووناکبیر و ئەکادیمیسیانە بێلایەنەکان و هتد. ئاخۆ پەیوەندییەکی دوولایەنە و بنیادنەر لە نێوان ئەم پێکهاتە جیاوازانەی بزووتنەوەی کوردستاندا هەیە؟ یان هەر لایەنێک وەک دوڕگەیەکی لێک دابڕاو خەریکی کاری خۆیەتی؟

• پەیوەندیی حیزبەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی، پەیوەندییەکی ئاڵۆزە. ساڵانێکی زۆرە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاستێکی بەرزدا چالاکیی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی تێدا بەدی دەکرێت و ئەمە زیندووبوون و پێشکەوتووبوونی ڕۆژهەڵاتی وڵات دەردەخات؛ ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییانە کۆمەڵگەی کوردستانییان ڕێکخراوتر، مۆدێرنتر، سیاسیتر و لێکئاڵاوتر کردووە.

ئەوەی پێویستە حیزبەکانی کوردستان لەبەرچاوی بگرن، ئەوەیە کە ئەم بزووتنەوانە نابێت بکرێنە تریبۆنی پڕوپاگەندەی حیزبی و سەربەخۆییان لێ بستێندرێتەوە. لە ڕاستیدا ئەگەر ئەو بزووتنەوانە بەحیزبی بکرێن، لە ئەرکی خۆیان بەتاڵ دەکرێنەوە و کاریگەریی خۆیان لە دەست دەدەن و دەبنە بەشێک لە حیزب؛ لە حاڵێکدا ئۆرگانەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوەیی لەو بابەتە، بە سەربەخۆبوونیانە کە دەتوانن ببنە ئامرازێکی گرنگ بۆ پاراستنی ئازادییەکان و مافەکانی خەڵک و ڕێگە لە سەرەڕۆیی دەسەڵات و سیستەمی سیاسی بگرن.

هەرچەند ئەو ڕاستییە ناتوانین لەبیر بکەین کە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان لە ژێر کاریگەریی بزووتنەوەی نەتەوەیی و سیاسیی گشتیدان. لە مێژووی کاری جەماوەریدا، کۆمەڵە جێگەیەکی دیار و بەرچاوی هەیە و دەوری حاشالێنەکراوی لە بەهێزکردنی ڕێکخراوە جەماوەری و مەدەنییەکان و بنەمای فیکریی بوونی ئەو جۆرە ڕێکخراوانەدا هەبوو کە لە بنەڕەتدا لە بیری چەپەوە هەڵقوڵاون. ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پەیوەندیی خەباتکارانە و مافخوازانەیان، دەورێکی گرنگیان لە پێشکەوتن و سەرکەوتنی بزووتنەوەی گشتیدا هەیە.

ڕووناکبیران و ئەکادیمیسیانەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات چالاکییان زۆرە و بەرهەمی باشیان بووە کە بزووتنەوەی کوردستان سوودی لێ بینیوە، بەڵام کاریگەرییان لەسەر بڕیاری سیاسی لاواز بوو. لە ڕاستیدا پەیوەندیی نێوان ڕۆشنبیران و سیاسەت، پاراستنی هاوسەنگیی نێوان دەسەڵات و ڕاستییە. لێرەدا حیزبەکان دەبێت ڕێز لە سەربەخۆیی زانست، لێکۆڵینەوە و کاری ڕووناکبیران بگرن؛ کارەکانیان بکەنە بنەما بۆ داڕشتنی سیاسەت و شێوەی کاری حیزبی و هەوڵ بدەن یارمەتیدەر و پشتیوانیان بن بەبێ ئەوەی بیانەوێت وەکوو کەسی حیزبی و بۆ تەئیدی خۆیان بەکاریان بێنن.

خاڵێکی گرنگی دیکە کە ئەرکی حیزبە سیاسییەکانە ئەوەیە کە ڕەخنەی ئەکادیمیسیەنە سەربەخۆکان وەکوو دژایەتی و دوژمنایەتی نەبینن، بەڵکوو گوێبیستی بن و هەوڵ بۆ ئەوە بدەن بیکەنە بنەمایەک بۆ چاکسازی لە سیاسەت و لە کاری حیزبیی خۆیاندا. بەداخەوە زۆر جار ڕووناکبیران تەنیا کاتێک بانگ دەکرێن کە حیزبێک پێویستی بە شەرعییەت یان وتارێکی «جوان» هەبێت بۆ کۆنفرانسەکانی. لە لایەکی دیکەوە، ئەکادیمیسیەنەکان و ڕۆشنبیران پێویستە زانستییانە و بەبێ هەستکردن بە قورسایی ئایدیۆلۆژیک کار بکەن؛ ئاکامی لێکۆڵینەوە و کارە زانستییەکانیان بەبێ ئەوەی بیروڕای تاکەکەسیی خۆیانی تێکەڵ بکەن، ڕابگەیەنن؛ بەرهەم و کەسایەتییەکەیان لە خزمەت بزووتنەوە و بەرژەوەندییە گشتییەکەدا بێت نەک کەسایەتی یان لایەنێکی دیاریکراو؛ گرنگتر لە هەمووی ئەوەیە کە وەکوو ڕەخنەگرێکی دڵسۆز لە سیاسەت و هەڵسوکەوتی حیزبی سیاسی بڕوانن.

٨- پرسی ستەم و نایەکسانیی جێندەری پرسێکی گرنگی کۆمەڵایەتی و سیاسییە. لە کوردستان ژنان هەم لە لایەن پێکهاتە یاسایی، سیاسی و ئابوورییەکانی ڕژێمی ئێرانەوە دەچەوسێنەوە و هەم کولتووری کۆمەڵگەی کوردستان کولتوورێکی پیاوسالارە. ژنانی کوردستان هەوڵ و خەباتێکی زۆریان بۆ سڕینەوەی ئەو ستەمە و گەیشتن بە یەکسانیی جێندەری داوە. حیزبەکەی ئێوە چ بەرنامەیەکی واقیعی و کردارەکی بۆ ستەم و نایەکسانیی جێندەری هەیە و چۆن ڕووبەڕووی ئەو پرسە بووەتەوە؟

• لە ڕوانگەی ئێمەوە «ئینسان» بناغەی ڕوانینە؛ واتە بەبێ لەبەرچاوگرتنی ڕەگەز، ڕەگەزی بایۆلۆژی و مەیلی ڕەگەزی، هەموو تاکەکان خاوەن مافی یەکسانن. کۆمەڵە ستەمی سەر ژنان و کەمینە ڕەگەزییەکان وەک دەرهاویشتەی سێ هۆکار دەبینێت: یەکەمیان سیستەمی باوک/پیاوسالارە کە ژێرخانی کۆمەڵایەتی و کولتووریی ئەو ستەمەیە؛ دووەمیان سیستەمی سەرمایەدارییە کە قازانجپەرەستانە ئەو ستەمە درێژ دەکاتەوە و بەرهەمی دێنێتەوە؛ سێیەم ئایینە، کە وەکوو ئامرازێک بۆ ڕەواییدان بە ستەمی ڕەگەزی لە لایەن دەسەڵاتەوە بەکار دەبرێت.

ستەمی ڕەگەزی سەرەڕای ئەوەی دیاردەیەکی جیهانییە، بەڵام لە هەر شوێنێک، لەوانە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەپێی دۆخی وڵاتەکە تایبەتمەندیی خۆی هەیە و ئاستەکەشی جیاوازە؛ بۆیە ئێمە پێمان وایە دەبێت دۆخی وڵاتی خۆمان بناسین و چارەسەری گونجاو لەگەڵ ئەو دۆخە تایبەتەدا بدۆزینەوە. بۆ نموونە: یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی کوردستان کە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر قووڵتربوونی ستەمەکان هەیە، داگیرکراوبوونی کوردستانە.

کۆمەڵە بە شێوەی مێژوویی، کاری فیکری و کردەیی بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ نایەکسانیی ڕەگەزی کاری کردووە و مافی ژن و ناوی کۆمەڵە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گرێدراوی یەک بوون. ڕێگەخۆشکردن بۆ ژنانی خەباتکاری کوردستان بۆ ئەوەی لە هەموو ئاستەکانی خەباتی سیاسی و پێشمەرگانەدا بەشدار بن، خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویی بوو کە خەباتی ژنان و پلە و پێگەیانی لە خەباتی ڕزگاریخوازی کوردستان بۆ هەمیشە گۆڕی. ئەمڕۆش خەبات بۆ نەمانی ستەمی ڕەگەزی، ئەجێندایەکی سەرەکیی کاری کۆمەڵەیە و پێمان وایە کوردستان تا کاتێک یەکسانیی تێدا دەستەبەر نەبێت، بە تەواوەتی ڕزگار نەبووە.

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، دوا کۆنگرەی خۆی واتە کۆنگرەی ١٤ی بە «کۆنگرەی ژن، ژیان، ئازادی» ناو لێ ناوە و ئەمە قووڵبوونی بیری یەکسانیخوازانە لە ناو کۆمەڵەدا دەردەخات، کە ئەو دروشمە وەکوو سیمبولێک کە بە توندی گرێدراوی ئازادیی ژنانە بۆ ناوی کۆنگرەی خۆی هەڵدەبژێرێت.

بۆ قۆناغی دوای ڕزگاریی کوردستان، کۆمەڵە پلان و بەرنامەی دیاری هەیە کە لە بەرنامەی سیاسیی ئێمەدا هاتووە. ئەم پلانە لە ئاستی پەروەردە و یاسا و هەروەها بۆ ڕێگرتن لە بیری دواکەوتوو بۆ لەمپەردانان لە ڕێگەی ژناندا داڕێژراوە. هاوکات پێمان وایە پێویستە دەسەڵاتی سیاسیی کوردستان پلانێکی تۆکمەی درێژخایەنی هەبێت بۆ یارمەتیدانی ئەو ژنانەی کە لە سایەی سیستەمی پیاوسالاریدا خەسار و ئازاریان چەشتووە و هەروەها بۆ ڕێخۆشکردن بۆ گەیشتن بە یەکسانی. بە کورتی، کۆمەڵە پرسی ژن لە پرسە نەتەوەیی و چینایەتییەکان جیا ناکاتەوە و پێی وایە ئەم ستەمانە «لێکدراو»ن (Intersectional). هاوکات ئێمە شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» وەک بەڵگەیەکی زیندوو دەبینین کە دەری دەخات کۆمەڵگەی کوردستان ئامادەیی بۆ ئەم گۆڕانکارییە گەورەیە هەیە.

٩- لەم ساڵانەی ڕابردوودا ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوو لە گەشە بووە و چین و توێژە جیاوازەکانی کوردستان هەوڵیان داوە داخوازییە جیاوازەکانی خۆیان – بۆ نموونە پرسە جێندەرییەکان، پرسی ژینگە و پرسی نایەکسانیی کۆمەڵایەتی – لەگەڵ ناسیۆنالیزمی کوردیدا جومگەبەندی بکەن. چ خوێندنەوەیەکتان بۆ ئەم دۆخە هەیە و بۆچوونی ڕێکخراوەکەی ئێوە لەسەر ناسیۆنالیزمی کوردی چییە؟

• لە ساڵانی ڕابردوودا تا هاتووە ڕۆشنبیریی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەشەی کردووە. واتە خەڵک زیاتر وشیار بوونەتەوە و مانای مافخوازی قووڵتر چووەتە نێو کۆمەڵگاوە. ئەمڕۆ زۆرن ئەو کوردانەی بڕوایان بە داگیرکراوبوونی کوردستانە و بە مافی خۆیان دەزانن سەروەریی سیاسییان بەسەر وڵاتی خۆیاندا هەبێت. ساڵانێکی دووروودرێژ، داگیرکەرانی کوردستان بە هەموو شێوەیەک هەوڵی تواندنەوەی نەتەوەی کوردیان دا. لە ڕۆژهەڵاتدا بە شێوەی دیار هەوڵ بۆ جێگیرکردنی ئەو ڕوانینە کە دانیشتووانی ئێران یەک نەتەوەن، هەم لە لایەن دەسەڵاتی پاشایەتی و هەم حکوومەتی ئیسلامییەوە کاری زۆری بۆ کرا. سازکردنی نەتەوەیەکی ساختە لەسەر بنەمای زمانی فارسی و مەزهەبی شیعە، ئامانجی تواندنەوەی نەتەوەکان و دابەزاندنیان بوو بۆ ئاستی قەوم و بەشێک لە «نەتەوەی مەزن»ـی ئێران؛ سەرکوت و هێرش بۆ سەر هەر تاک و لایەنێک کە ئەو ناسنامە ساختەیە قبووڵ ناکات، مێژووی زیاتر لە سەد ساڵی ڕابردووی دەسەڵات لە ئێرانە.

ئەمڕۆکە کوردستان هەم لەباری جوگرافییەوە خەریکە دەچێتە سەر سنوورە ڕاستەقینەکانی خۆی و ئەو بەشانەی ساڵانێک هەوڵی دابڕانیان لە کوردستان درا، بوونەتە سەنگەری ئاوەدانیی شۆڕشی کوردستان؛ هەم لەباری ڕۆشنبیرییەوە مانای ناسیۆنالیستبوون ڕوونتر و ناوەڕۆکەکەی پێشکەوتووانە و ئینسانییە. مافخوازیی ئەمڕۆی نەتەوەی کورد، نەک دژایەتی و ڕق بەرامبەر بە نەتەوە و خەڵکی دیکە، بەڵکوو دژایەتیی داگیرکەران و دەسەڵاتدارانێکە کە مافی سروشتیی چارەی خۆنووسینیان لە کوردستان زەوت کردووە.

ناسیۆنالیزم لە بنەڕەتدا هەڵگری مەیلێکی گشتخوازە و لەسەر بنەمای جۆرێک خۆبەزلزانینی نەتەوەیی بنیات نراوە و فۆرمێک لە گەڕانەوە بۆ دواوەی تێدایە. ناسیۆنالیزم دەتوانێت بیرۆکەیەک بێت کە هەوڵ دەدات لەناو قووڵایی مێژوودا بەدوای سەلماندنی جیاوازبوون و تایبەت بوونی خۆیدا بگەڕێت و بیکاتە بیانوویەک بۆ سەپاندنی باڵادەستیی خۆی بەسەر «ئەوانی دیکە»دا. نموونەی ئەو ڕوانینە لە هەڵگرانی بیری «ئێرانی یەکپارچە»دا دەبینین، کە ئەمڕۆ بووەتە گرفتێک لەسەر ڕێگەی پێشکەوتن و ئازادی و دیموکراسی. هۆکارەکەی ئەوەیە کە ئەم ڕوانینە لەسەر بنەمای دابەشکردنی مرۆڤ بە «ئێمە»ی باڵادەست و «ئەوان»ی ژێردەست دامەزراوە و پەنا بۆ ڕابردوویەکی ئەفسانەیی و شکۆمەندییەکی وەهمی دەبات بۆ ئەوەی خەڵک کۆ بکاتەوە. ئەمەش ڕێگرە لەوەی مرۆڤ بە شێوەیەکی مۆدێرن و عەقڵانی بیر بکاتەوە، چونکە سۆز دەخاتە پێش عەقڵ. ئێریک هابسبام لە کتێبی (The Age of Extremes, 1994) سەبارەت بە سەرهەڵدانی نازیزم و فاشیزم لە ئەڵمانیا، باسی ئەوە دەکات کە یەکێک لە فاکتەرە سەرەکییەکانی سەرهەڵدانی نازیزم، گەڕان لە قووڵایی مێژوویەکی ونبوودا بوو بۆ ئەوەی شتێک بدۆزنەوە کە بۆ ناساندنی خۆیان وەک نەتەوەی هەڵکەوتووی مێژوو، پشتی پێ ببەستن.

بەڵام ناسیۆنالیزمی ناو بزووتنەوەی کورد لە فۆرمی ناسیۆنالیزمی نەتەوەی بندەست و ڕزگاریخوازە و ڕووی لە پێشکەوتنە. بۆ نەتەوەیەک کە خاکەکەی داگیر کراوە، ناسیۆنالیزم «دواکەوتوویی» نییە، بەڵکوو تاکە کەرەستەی «بەرگری»یە. کەواتە جیاوازییەکی بنەڕەتی لە نێوان ئەو دوو ناسیۆنالیزمەدا هەیە و من هەوڵ و خەباتی گەلی کورد بۆ بەدەستهێنانی سەروەری بەسەر خاک و وڵاتی و بڕیاردان لە چارەنووسی خۆی، بە ڕەوتێکی مافخواز و یەکسانیخواز پێناسە دەکەم، کە چەپ وەکوو بنەمای فیکری و ڕوانینی ئێمە بە ئەرکی خۆی دەزانێت کاری بۆ بکات. ئێمە خوازیاری یەکسانی و بەرابەری و سڕینەوەی هەموو جۆرە ستەمێکین، کەواتە یەکسانیی نێوان نەتەوەکانیش ئەرکی ئێمەیە. بەم شێوەیە من بنەمای هەوڵدانی نەتەوەی کورد بۆ سەروەری بەسەر چارەنووسی خۆیدا، لە چوارچێوەی مافخوازیی نەتەوەیەکی داگیرکراودا پێناسە دەکەم کە هەوڵ دەدات بە شێوەی یەکسان و هاوشان لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە ببینرێت، واتە نە کەمتر و نە زیاتر.

بۆ کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، وەکوو لە بەرنامەی سیاسیی پەسەندکراوی کۆنگرەی ١٤ (کۆنگرەی ژن، ژیان، ئازادی)دا هاتووە: «بناغەی خەباتی کۆمەڵە بۆ ڕزگاری لە ستەمی نەتەوایەتی لەسەر ئەو ڕوانینە دامەزراوە کە دەسەڵات بەسەر خاکی کوردستاندا مافی خەڵکی کوردستانە و هەر دەسەڵاتێکی سیاسی کە لە دەرەوەی ئیرادە و ویستی نەتەوەی کورد خۆی بەسەر ئەم وڵاتەدا زاڵ بکات، نایاسایی و ناڕەوایە. لە ڕوانگەی ئێمەوە داگیرکراوبوونی کوردستان ڕێگری سەرەکیی سەروەری، ئازادی، یەکسانی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و بەختەوەریی نەتەوەی کورد و کوردستانییەکانە».

کەواتە داگیرکراوبوونی کوردستان کاریگەریی لەسەر هەموو پرسەکان هەیە و هاوکات کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کە شوێنی خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و ئەرکی خۆی بە هەوڵ بۆ ڕزگاری و بەختەوەریی خەڵکی ئەو بەشەی کوردستان دەزانێت، ئەو بەختەوەرییە لە چوارچێوەی چارەسەریی پرسە سەرەکییەکانی دیکەدا دەبینێت. ئێمە خەڵکی کوردستان بە شیاوی ژیان لە کوردستانێکی سەربەست، دادپەروەرانە و یەکسان و ئازاد دەزانین. ڕزگاربوونی کوردستان لە داگیرکاری، چەترێکی بەرینە کە لە ژێریدا هەوڵ بۆ دابینکردنی ژیانی شیاو بۆ خەڵکی چەوساوە، یەکسانیی ڕەگەزی و ئازادییە تاکەکەسی و گشتییەکان، ژینگەیەکی پارێزراو کە بە شێوەیەکی دروست بۆ بەختەوەریی خەڵکی کوردستان سوودی لێ وەردەگیرێت و چارەسەرکردنی دەیان پرسی دیکە، دەتوانێت خەڵکی وڵاتی ئێمە بگەیەنێتە ڕزگاری و بەختەوەرییەک کە شیاوین.

١٠- داواکاریی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سێ فۆرمی خودموختاری، فیدرالیزم و کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک پێک دێت. بەشێک لەم حیزبانە خۆیان بە ڕێکخراوەی ناسیۆنالیستی دەزانن، لە کاتێکدا حیزب هەیە بە هەموو جۆرێک دژایەتیی ناسیۆنالیزمی کوردی دەکات. ئەم ناکۆکییانە لە گوتار و ئایدیۆلۆژیایاندا چ کاریگەرییەکیان لەسەر کاری مەیدانی و یەکگرتوویی نێوان ڕێکخراوەکان دەبێت؟

• جیاوازی لە ڕوانین و بەرنامەی سیاسی بۆ داهاتووی کوردستاندا، هیچ لەوە ناگۆڕێت کە نەتەوەی کورد بۆی هەیە چارەنووسی سیاسیی خۆی لە وڵاتی خۆیدا دیاری بکات. هاوکات بیرمان بێت کە کۆمەڵگە و حیزبەکانی و ڕێگەچارەکانیش، بابەتگەلێکی نەگۆڕ و چەقبەستوو نین و دایمە لە گۆڕان و نوێبوونەوەدان. ئەگەر ئێمە ئەمڕۆ چارەسەرێکی دیاریکراو بۆ ستەمی نەتەوایەتی لە کوردستان پێشنیار دەکەین، یان پێمان وایە کورد بەو ڕێگەیە بە ڕزگاری دەگات، ئاکامی لێکۆڵینەوە و خوێندنەوەی ئەمڕۆمانە لە بابەتەکە؛ لەوانەیە لە داهاتوودا لە ئاکامی ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئەو ڕێگەیە ناکارا بێت و وەڵامدەرەوەی دۆخەکە نەبێت، بەڵام ئەوەی نەگۆڕە، خاوەنمافبوونی خەڵکە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر چارەنووسی سیاسیی خۆیان و وڵاتەکەیان بدەن. بۆیە ناکۆکی لە ڕوانینی سیاسیدا و بوونی چارەسەری جیاواز، تا ئەو کاتەی ئێمە بە مافی نەتەوەی کورد بۆ ڕزگاری پابەند بین، نابێت ببێتە ڕێگرمان. کوردستان ڕەنگاوڕەنگە و مەیل و ویستی جیاوازی تێدایە و ئەمە دەبێت وەکوو خاڵی بەهێز ببینین نەک خاڵی لاواز؛ ئەوەی گرنگە ئەوەیە قبووڵ کەین کە کوردستان بۆ ڕزگاربوون لە داگیرکاری، پێویستی بە هێزی هەموو تێکۆشەرانی خۆی هەیە و هیچ گارانتییەک بۆ پلانێکی ئەمڕۆ داڕێژراو لە داهاتووی پاش ڕزگاریدا نییە، بەڵکوو دەنگی خەڵک و بڕیاری جەماوەرە کە ئەو یەکلایی دەکاتەوە کە چ چارەسەرێک بۆ وڵاتەکەیان بە شیاو دەزانن. دیارە دیسان ئەو بڕیارەش بڕیارێکی کۆتایی نییە و دەتوانێت گۆڕانی بەسەردا بێت، وەک چۆن لە باشووری کوردستان خەڵک سەرەتا ژیان لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدراڵیان پێ باش بوو، بەڵام دواتر لە ڕیفراندۆمێکدا زۆرینەیەکی مەزنیان دەنگیان بە سەربەخۆیی دا.

درێژەی هەیە- سپاس بۆ کاربەدەستانی گۆڤاری بەپێزی “تیشک” کە فایلی ئەم وتووێژی پێداین.

Share.

Comments are closed.

Exit mobile version