پەیامی دەستەی کارگێڕی کۆمەڵە بە بۆنەی ساڵۆگەڕی ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ و بڕیاری خومەینی بۆ دوبارە داگیرکردنەوەی کوردستان
٤٦ ساڵ بەسەر فەرمانی خومەینی بۆ هێرشی هەمەلایەنی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی تاران بە هێزی زەمینی و ئاسمانی و تەنانەت دەریاییش بۆ سەر کوردستان تێپەڕیوە. ئەم فەرمانە نەک هەر هێرشی دەسەڵاتێکی داگیرکەر بۆ سەر نەتەوەیەک و فەرمانێک بۆ دیسان داگیرکردنەوەی کوردستان بەڵکوو هاوکات هێرشی بیرێکی ڕەش و دواکەوتوو بۆ سەر سەنگەری پێشکەوتووی و ئازادی بوو. فەرمانێک کە دەستی شۆڤینیزمی فارس و ئەو کەسانەی نەتەوەی دەسکردی ئێرانیان تیۆریزەکردبوو لە هاندانی حکوومەت و بە ڕەوا نواندنی ئەو هێرشەدا تێدا بە ڕوونی دیار بوو، هێرشێکی دڕندانە کە بە بیانووی پڕوپووچ و پڕۆپاگاندەی درۆینەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی حکوومەت ڕێگەیان بۆ خۆش کرد. بڕیارێک کە ژمارەیەکی زۆر خەڵکی ناوشیار و بێئاگا لە دەرەوەی کوردستان و هەروەها ژمارەیەک هاوبیرانی تاریکبیری کۆماری ئیسلامی لە کوردستان و وڵاتفرۆشان لە دەوری کۆبوونەوە و هێرشێکی دڕندانەی دوور لە هەموو یاسا و ڕێسایەکی شەڕ، بۆ سەر کوردستانیان دەستیپێکرد.
لە کاتێکدا لە زۆربەی شوێنەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی تازە پێگرتووی ئیسلامی بە ڕابەریی خومەینی، ئازادییەکان زەوت کرابوون و خەڵک یان سەرکوتکرابوون یان دوای دەسەڵاتدارانی نوێ کەوتبوون و ملیان بە یاسای سەدە ناوەڕاستیی ئەوان دابوو، لە شارەکانی کوردستان حیزب و لایەنی سیاسیی جۆراوجۆر بە مەیلی جیاوازەوە دەژیان و خەڵک بە ئازادی ڕۆژنامە و بڵاوکراوەی حیزبەکانی دەخوێندەوە و شورای خەڵکی لە چەند شوێن دەسەڵاتی شار و لادێکانی بەدەستەوە بوو. لە ماوەی کورتی دوای ڕووخانی دیکتاتۆریی پاشایەتی شاری سنە یەکێک لە نموونە سەرکەوتووە کەموێنەکانی دەسەڵاتی خەڵکیی تاقیکردەوە. خەباتکارانی ڕێگەی یەکسانیی ئینسان و ئەوانەی بڕوایان بە مافی یەکسانی ڕەگەزەکان بوو بوێرانە هاواری خۆیان بە گوێی خەڵک دەگەیاند و ژنان چالاکانە لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا دەوریان هەبوو و لە ڕێزی پێشەوەی هەموو بوارەکانی کاری سیاسی و کولتووریی کۆمەڵگادا دەبیندران.
کۆماری ئیسلامی کە هەر لەسەرەتای دەسەڵاتییەوە هەستی بەوە کردبوو شۆڕشی کوردستان لەمپەرێکی گەورەیە بۆ دامەزران و دەسەڵاتی، بە شێوەی جۆراوجۆر و لە ئاستی جیاوازدا هێرشی کردە سەر چالاکانی سیاسی و دانیشتوانی کوردستان بەڵام پاش ئەوە نوێنەرەکانی دەسەڵاتداران بۆ کوردستان کە خۆیان لە ئاستی یەکەمی دەسەڵاتدا بوون چاویان بە دەستەی نوێنەرایەتیی کورد کەوت و هەڵوێستی ڕوونی کۆمەڵە و دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد و دەنگی دلێری کاک سدێقی کەمانگەریان لە بەرگری لە کوردستان و بزووتنەوەکەی بیست زانیان کە بەرانبەر بەم بزووتنەوە تەنیا ئامرازێک کە بەدەستیانەوە ماوە چەک و هێرشی هەمەلایەنەیە.
خەڵکی کوردستان و حیزبە سیاسییە چالاکەکانی ئەو دەورەیە کە دەیانزانی بە هاتنی سوپای داگیرکەری ئیسلامی کوردستانیش وەکوو ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی تاریکی باڵی بەسەردا دەکێشێ و ئازادییە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکانیان زەوت دەکرێن و ئەو دەسکەوتانەی بە هەوڵ و تێکۆشانی خۆیان بەدەستیان هێناون لێیاندەسێندرێتەوە، سەنگەری خەبات و خۆڕاگرییان هەڵبژارد. پاش ئەو فەرمانە داگیرکارانەی ڕێبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کۆمەڵە لە بانگەوازێکدا لە ژێر ناوی “خلق کرد در بوتە آزمایش” بڕیاری خۆڕاگریی دەر کرد و وەکوو رێکخەر و پیشڕەوی ئەو خۆڕاگرییە داوای لە خەڵک کرد یەکگرتووانە و بە هەموو شێوازێک کە بۆیان دەکرێ بەر بە هێڕشی حکوومەت بەرگری لە کوردستان بکەن.
بەرگریی جەماوەری خەڵک لە ئازادی و ماف و دەسکەوتەکانیان لە کاتێکدا کە ئیمکاناتێکی ئەوتۆیان بەدەستەوە نەبوو و تەنها بە ئیرادە و بڕوابەخۆیان چوونە ئەو شەڕەوە و بەرانبەر بە دواکەوتوویی و داگیرکاری تەسلیم نەبوون، لە لاپەڕە پرشنگدارەکانی مێژووی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. لەو ڕۆژەوە تا ئەمڕۆ گەلێک وێنەی فیداکاری و خۆبەخشی بۆ پاراستنی ماف و ئازادی و دەسکەوتەکان لە کوردستان تۆمار کراون.
لەو سەردەمەدا تێکۆشەرانی چەپ و پێشکەوتن خواز لە نەتەوەکانی دیکە پشتیوانییان لە بزووتنەوەی کوردستان کرد و دەیان کەسیان لە ڕیزی خەباتی شۆڕشگێڕانەی کوردستان گیانیان بەخت کرد بەداخەوە ئەمڕۆ تەنانەت هێزە بەناو چەپەکانیش ناوێرن پشتیوانیی تەواوی بزووتنەوەی کوردستان بکەن و کەوتوونەتە ژێر ڕەکێفی شۆڤینیزمی ئێرانی و پاراستنی یەکپارچەیی سەرزەمینی و جێگەی ئەو پشتیوانی و هاوکارییە بەتاڵە و ئەمە کەلێنێکە کە بە قازانجی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
کوردستانی پاش ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی بە هەموو پێوەر و پەیمانەیەک جیاواز و تایبەت بوو، کوردستان کۆمەڵە و کاک فوادی موستەفاسوڵتانیی هەبوو کە ئەندازیاری چالاکیی مەدەنی و شێوازێکی نوێی ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەی جەماوەری و کاری حیزبی بوو. کۆچی مێژوویی مەریوان کە لەسەر دەستی کۆمەڵە و بە پیشەنگایەتیی کاک فواد رێکخرا و نموونەیەکی بەرزی کاری مەدەنی بوو بۆ هەمیشە وەکوو خاڵیکی پرشنگداری جێگەی لێفێربوون لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا تۆمار کراوە. هاوکات لە کوردستان بوونی مامۆستا شێخ عیززەدینی حوسێنی وەکوو مامۆستایەکی ئایینی چاکسازیخواز و لایەنگری تۆلێرانس و بەرگرتن بە قوتبی بوونەوەی کۆمەڵەگای کوردستان لە سەر ئایین و کەلێن کەوتنە ناو خەباتی کوردستان بوو دەورێکی بەرچاوی لە یەکگرتوویی و هاوخەباتی لە کوردستان بوو. مامۆستا بەڵام بە قووڵی داکۆکیی لە مافی نەتەوەی کورد بۆ سەروەریی سیاسی لە خاکی خۆیدا دەکرد و لە باری ئازادییە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکانیشەوە پیشڕەو بوو و پیشکەوتووانە بیری دەکردەوە و بە ئاشکرا دژی سیاسەتی گشتخواز و سەپێندراوی حکوومەتی ئیسلامیی تاران بوو.
خۆڕاگریی کوردستان بەرانبەر بە هێرشی ٢٨ی گەلاوێژ و ئەو هەوڵە سەرکوتکارانە و داگیرکارانەیە لە سەر بنجی بایکۆتی ڕێفراندۆمی کۆماری ئیسلامی و خۆڕاگریی نەورۆزی خوێناویی شاری سنە و خۆڕاگری لە سەنگەرەکانی دیکەی کوردستاندا ڕووابوو. تاوانەکانی حکوومەتی تازە لەوانە، کۆمەڵکوژییەکانی قاڕنێ و قەڵاتان و ئیعدامی ١١ کەس لە زێندانی دێزڵابادی کرماشان، ئیعدامەکانی پاوە و پادگانی مەریوان و فروودگای سنە و پادگانی سەقز و چەندین نموونەی دیکەی تاوان و جنایەت بەرانبەر بە خەڵکی مافخوازی کوردستان خەڵکی کوردستانی دڵنیا کردەوە کە بۆ پاراستنی خۆیان و ماف و ئازادییەکانیان دەبێ بەرانبەر بەم هێرش خۆڕاگری بکەن. لەو رۆژەوەی دەسەلاتدارانی کۆماری ئیسلامی پاش ١٢ی خاکەلیوەی ١٣٥٨ بە ئاشکرا بینییان کە لە کوردستان جێگەیان نییە و خەڵک دەسەڵاتی داگیرکەری ئیسلامیی ئەوانی ناوێ و جیاوازیی خۆیانیان بە ئاشکرا لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی حکوومەت نیشان دا، ئەو هێڕشە چاوەڕوانکراو بوو و حکوومەت دەیزانی تەنها بە زەبری چەک دەتوانێ لە کوردستان حکوومەت بکا.
٣٣ ساڵ پاش کۆماری کوردستان نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی وڵات دەرفەتێکی دیکەی دەسکەوتبوو کە بە مافەکانی بگا و ئاواتەکانی بۆ ڕزگاری و ئازادی بێنە دی، ئەمە ئێرادەیەکی بەهێزی خۆڕاگریی لە کوردستان خولقاند و ڕژیمێک کە پیگەیەکی لە کوردستان نەبوو بە ئیعدام و کوشتاری بە کۆمەڵ و هێرش نیزامی دەیویست خەڵک لە خواستەکانیان پاشەکشە پێبکات بەڵام ورەی ڕزگاریخوازانە و ئازادیخوازانە و شەپۆلی بیری نوێ و پێشکەوتنخوازانەی کوردستان ئەو دەسەڵاتەی بە ڕەسمی نەناسی و چۆکی دانەدا.
هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان و دەسکەوتەکانی، هێشتا بە هەموو شێواز و فۆرمەکانی بەردەوامە. کوردستان هەم بە هێزی نیزامی داگیرکراوە هەم لە هەموو بوارێکەوە توندترین گوشاری خراوەتە سەر و ناڕەواترین هەڵاواردن بەرانبەر بە خەڵک و ئابووری و ژینگەکەی لەم ٤٦ ساڵەدا بەردەوام بووە. لەبەرانبەردا کوردستان سەرەڕای ئاستەنگی و گوشارەکان خەباتەکەی پەرەی سەندووە و بەریناییەکەی زیاتری کوردستانی گرتووەتەوە. ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە حکوومەت هەوڵی دابڕاندنیان لە شۆڕشی کوردستانی دابوو و حزبە سیاسییەکانی کوردستانیش نەیانتوانی بەو جۆرەی شێاوە ئەو بەشی کوردستان بەشداری شۆرش بکەن. ساڵانێکە سەنگەری ئاوەدانی خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردستانن. بیری پێشکەوتنخواز لە کوردستان گەشەی کردووە، ژنان و کەمینە مافخوراوەکان چالاکتر و بوێرتر لە مەیدانن و داوای مافی خۆیان ئەکەن و لە خەبات بەردەوامن، خەڵکی وەزالەهاتوو لە هەژاری و کەمداهاتی مافەکانی خۆیان زیاتر دەناسن و ئامادەترن بۆ خەباتی مافخوازانەیان، کوردستانییەکان بۆ پاراستنی ژینگەیان گینفیدایی دەکەن و هەموو چین و توێژێکی مافخواروی کوردستان بە شێوازی جۆراوجۆر دەنگی خۆیان بەرانبەر بە داگیرکاری و بێمافی و نەبوونی ئازادی بەرز کردووەتەوە. کوردستان لە ئاکامی ٤ دەیە خەبات و خۆڕاگری و پێشکەوتن بوو بە کانگای شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی کە لە ناوچەکە بێوێنە بوو و هەموو بنەما فیکری و سیاسی و کولتوورییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کردە ئامانج و زەبری گەورەی لێدا. شۆڕشی ژینا دیسان وەکوو سەردەمی هێرشی داگیرکارانی کۆماری ئیسلامی لە ٢٨ی گەلاوێژدا خەباتکاری، شۆڕشگێڕی و خۆڕاگری کردە کولتووری زاڵی کۆمەڵگا، دەور و جێگە و پێگەی ژنانی گۆڕی و تەنانەت ئاڵۆگۆڕی جیددی لە ڕوانینی زاڵ بەرانبەر بە ژناندا پێکهێنا.
شۆڕشی ژینا کە بەرهەمی خەباتی دورودرێژی کوردستان بەرانبەر بە ستەم بوو پەیامی یەکگرتن و پشتبەستن بە خەڵکی کوردستانی پێ بوو.
خەڵکی خەباتکار بە ئاشکرا ڕایانگەیاند کوردستان هی هەموو کوردستانیانە و لە کوردستانێکی ڕەنگاوڕەنگدا جێگەی هەموو بیر و مەیلێکی مرۆڤانی دەبێتەوە و تاکەکانی ئەم نیشتمانە دەیانەوێ و دەتوانن بە سەربەستی و ئازادی پێکەوە تێدا بژین. ئەم شۆرشە دەریخست، کوردستان بەرانبەر بە سات و سەودا بە بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی کورد بێدەنگ نابێ. شۆڕشی ژن ژیان ئازادی پێویستیی ئازادییە تاکەکەسییان، مودێڕنیزم و پێشکەوتنخوازی و گوفتمانی چەپی کوردستانی لە کوردستان دەرخست و سەربەستی، ڕزگاری، دادپەروەریی ئابوور و کۆمەڵایەتی، یەکسانیی ڕەگەزی و زۆر دروشمی دیکەی چەپی کوردستانی بە ڕوونی و بە دەنگی بەرز لە شەقامی کوردستان هاوار کران. ئەمانە و دەیان وانەی دیکە بەرهەمەکانی زیاتر لە چواردەیە خۆڕاگریی کوردستان بەرانبەر بە داگیرکاری و دواکەوتوویی و چەوسانەوەن کە لە ٢٨ی گەلاوێژ و پیشترەوە دەستی پێکرد و لە شۆڕشی ژینادا خۆیان فورموولە کرد و بوونە دەنگی زاڵی کوردستان.
شۆرشی کوردستان لە پاش هێڕشی ٢٨ی گەلاوێژەوە تا ئەمڕۆ گەلێک شانازی و لاپەڕەی زێڕینی لە کاری مەدەنی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و فیداکاریی خەڵک و هێزی پێشمەرگە تۆمار کردووە، بەڵام بۆ بەرەوپێشچوونی بزووتنەوەکە پێویستە خاڵە لاوازەکانمان ببینین و لێکی بدەینەوە و چارەسەرێک بۆ قەرەبوو و دەربازبوون لێیان بدۆزنەوە. گرینگترینی ئەو خاڵانە بریتین لە:
• بزووتنەوەکە نەیتوانی هەموو هێزی خۆی یەک بخات و هەم لە باری جۆگرافیاوە و هەم لە باری پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەموو کوردستان و کوردستانییەکانی نەگرتەوە
• حیزبەکان و لایەنە سیاسییەکان نایەکگرتوو و ناتەبا بوون و بینیمان سەرەڕای بوونی دەستەی نوێنەرایەتیی گەلی کورد حیزبەکان هەرکامێکیان بە شێوازێک هەوڵیان دەدا ئەجیندای خۆیان ببەنە پێشەوە و تەنانەت وتووێژی یەکلایەنە لەگەڵ حکوومەت لەو ماوەیەدا ڕوویدا کە بە قازانجی بزووتنەوەکە نەبوو.
• هەر ئەو نایەکگرتوویی و ناتەباییە و هاوکات بیرنەکردنەوە لە گرینگیی دیپلۆماسی و پەیوەندیی نێودەوڵەتی وای کرد دەنگی ئەو خەباتە ڕەوایە و ئەو شۆڕش مەزنە بە کەمی بگاتە جیهان و بتوانێ پشتیوان بۆ خۆی ڕاکیشێ.
• حیزبەکان لە باتی هاوکاریی ناوخۆی بە دوای هاوپەیمانی “سەراسەری”دا دەگەڕان و کۆمەڵە حزبی کۆمۆنیستی ئێرانی پێکهێنا و حزبی دموکرات چووە ناو “شورای ملی مقاومت” ەوە کە هیچکام لەو هەوڵانە لە بەرژەوەندیی شۆڕشی کوردستان نەبوو.
• شەڕی ناوخۆیی کە کەلینێکی گەورەی خستە ناو شۆرشی کوردستانەوە و خەسار و لە دەست چوونی ژامرەیەک زۆر ڕۆڵەی تێکۆشەری وڵاتی لێ کەوتەوە و ژمارەیەکی زۆری لە خەباتی سیاسی دوورخستەوە و برینێکی قووڵی خستە جەستەی شۆڕشی کوردستان کە ئاسەوارەکەی ئا ئەمڕۆش دیارە.
بە بینینی ئەو خاڵە بەهێز و لاوازانەی خەباتی نزیک بە پێنج دەیە بەرانبەر بە کۆماری ئیسلامی و پاش نزیکەی ٥ دەیە سەرکوت و داگیرکاری لە لایەن حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و خۆڕاگری و خەبات لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە، ئیستە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان وەکوو پێشڕەو، بەشدار و ئەکتەری سەرەکیی ئەو خەبات و خۆڕاگرییە پەیامی ڕوونی ئەمەیە:
١. دەسەڵات بەسەر خاکی کوردستاندا مافی خەڵکی کوردستانە و هەر دەسەڵاتێکی سیاسی کە لە دەرەوەی ئیرادە و ویستی نەتەوەی کورد خۆی بە سەر ئەم وڵاتەدا زاڵ بکات، نایاسایی و ناڕەوایە. داگیرکراوبوونی کوردستان ڕێگری سەرەکیی سەروەری، ئازادی، یەکسانی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، و بەختەوەریی نەتەوەی کورد و کوردستانییەکانە.
٢. کوردستان ڕەنگاوڕەنگە و ئەم خاڵە دەبێ بکرێتە بنەمای بەهێزکردن و جوانیی ئەم خەباتە نەک پەرتەوازەیی و لێک دوورکەوتنەوە. خەباتی ڕزگاریخوازانە و ئازادیخوازانەی کوردستان پێویستی بە هەموو هێز و وزەی خۆی هەیە و یەکگرتنی هەموو مافخواراوانی کوردستان بە ویست و مەیلی جیاوازەوە پێویستیی سەرەکیی خەباتەکەیە و هیوای سەرکەوتن گەش دەکا. کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان هەموو کاتێک خوازیاری ئەو هاوپشتی و هاوکارییە بووە و لە دوا نموونەشدا دەسپێشخەر و ئامادە بووە بۆ هاوکاریی حیزبە سیاسییەکان لە ئەمڕۆ و داهاتووی خەباتدا.
٣. ژنان ناوەرۆک و هێزێکی پێشکەوتنخوازی تایبەتیان لەم خەباتەدا هەیە و بەشێکی مەزنی هێزی خەباتکاری کوردستان پێکدێنن. پێویستە دەور و نەخشی ژنان لە ڕێبەرایەتیی ئەم خەباتەدا بارتەقای تێکۆشان و بەشداریی بەرینیان بێ. شۆرشی کوردستان بە یەکسانیخوازییەوە ناسراوە و ئەم یەکسانیخوازییە لە ناوەرۆک و شێوازدا بزووتنەوەکەی چەندین هەنگاو بردووەتە پێشەوە. بەشداریی چالاکی ژنان و ئامادەبوونیان لە شوێنەکانی بڕیار و نوێنەرایەتیی بزووتنەوەی مافخوازانەی کوردستاندا هەم مافی خۆیانە و هەم شانسی سەرکەوتنی زیاتر دەکا.
٤. خەباتی مێژوویی کوردستان و بزووتنەوە ئەمڕۆیی و پیشکەوتنخوازانەکەی سیمایەکی مرۆڤانە و مودیڕنی لە پێش چاوی نەتەوەکانی دیکەی ناو جوگرافیای ئێران و هەروەها لە ئاستی جیهانیدا دەرخستووە. ئەم ناوبانگە دەتوانی ببێتە هەوێنی ڕاکێشانی پشتیوانی و یارمەتیی بیروڕای گشتیی جیهانی و ئۆرگان و لایەنە دموکراتیک و پێشکەوتنخوازەکانی جیهان بەڵام مەرجی ئەوەی ئەم پۆتانسیلە سوودی لێوەرگیرێ کاری هاوبەش و دیپلۆماسیی یەکگرتووی کورد لە ئاستی نێونەتەوەییدایە.
٥. بۆ ئەوەی هێزی بزووتنەوەی کوردستان یەکانگیر بێ و هەموو پۆتانسیێل و تواناکەی دژ بە داگیرکەر و ستەمکارانی دەسەڵاتدا بەکاربێت پێویستە ئۆرگان و مەرجەع و ناوەندێک ببێت کە نوێنەرایەتیی کورد و حزبە کوردستانییەکان بکات و هەم ڕێکخەر و سازماندەری خەباتی ناوخۆ بێ و هەم لە ئاستی نێونەتەوەییدا لە بارتەقای مەزنیی شۆڕشی کوردستان و فیداکاریی ڕۆڵەکانی، دەنگی کوردستان بە گوێی دنیا بگەیەنێت.
٦. بزووتنەوە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان نوێنەرایەتیی مەیل و مافی جیاواز دەکەن و بۆ دەستەبەرکردنی مافەکان و ڕێخۆشکردن بۆ مەیل و خواستەکان هەوڵ دەدەن، بوون و گەشەی بزووتنەوە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکان، لەسەر داهاتووی کوردستان کاریگەریی ئەرێنی دەبێت و یارمەتیدەری دامەزرانی سیستمێکی پێشکەوتووی هەمەلایەن و هەمەڕەنگە و ڕێخۆشکەری کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و ئەمڕۆییە. ئەم بزووتنەوانە دەبێ هاوکاری بکرێن بەهێز بکرێن و هەوڵ بدرێ لە ئاستی ناوچەیی و نێونەتەوەییدا یارمەتی و پشتیوانییان بۆ کۆبکرێتەوە و بەو شێوەیە سیمای ڕاستەقینەی کوردستانێکی هەمەڕەنگ و مودیڕن و پێشکەوتوو نیشان بدرێ. هاوکات ئەم بزووتنەوانە نابێت بکرێنە تریبۆنی پڕوپاگەندەی حیزبی و سەربەخۆییان لێ بستێندرێتەوە.
سەرکەوێ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازنەی کوردستان بەرەوپێشەوە بۆ کوردستانێکی سەربەست، ئازاد، یەکسان و عادڵانە ژن، ژیان، ئازادی
دەستەی کارگێڕی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٢٧ی گەلاوێژی ١٤٠٤
١٧ی ئاگوستی ٢٠٢٥
		
