شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکان لە ئێران دەچێتە دەیەمین ڕۆژی خۆی. ئەم ناڕەزایەتییانە “نا”گوتنێکی ئاشکرا، بەرز و گشتیی دیکە بە تەواوەتیی کۆماری ئیسلامییە، سەبارەت بەو هەموو نەهامەتییەی لە مێژووی دەسەڵاتدارەتیی خۆیدا بۆ گەلانی ئێرانی بەدیاری هێناوە. ئامانجی ئەم ناڕەزایەتییانە لە ئێران و کوردستان ستاندنی ماف و ئازادی، گەڕاندنەوەی کەرامەتی ئینسانی و کۆتایی‌هێنان بە سیاسەتی حاشاکردن، پەراوێزخستن، کوشتن، تێرۆر و هەڵاواردنە نەتەوەیی و فەرهەنگییەکانە.
کوردستان لە ٤٧ ساڵی ڕابردوودا پێشەنگ و ڕچەشکێنی ئەو “نا”گوتنە و سەنگەری هەمیشەیی و لەگیراننەهاتووی ئازادیخوازی و بەربەرەکانی دژی کۆماری ئیسلامی بووە. هەروەها بە بزووتنەوەی ژینا، “ژن، ژیان، ئازادی” دەسەڵاتی دێکتاتۆریی کۆماری ئیسلامیی تووشی گەورەترین قەیرانی شەرعییەت لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات کرد. سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان لە ناوچەکانی خوارووی کوردستانیش پێشانی دا کە ژیلەمۆی ئەو ڕاپەڕینە هەروا گەشاوەیە، بۆیەشە خۆپێشاندانەکان بە توندی سەرکوت کران و لە مەلەکشایی تاوانێکی گەورە خوڵقێندرایەوە.

Share.

Comments are closed.

Exit mobile version