کۆمەڵانی تێکۆشەری کوردستان!
کوردستانیانی ئازادیخواز!
یەکسانیخوازان و تێکۆشەرانی ڕێگەی دادپەروەری!
بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختکردووان!
٢٦ی ڕێبەندان، ڕۆژی کۆمەڵەتان لێ پیرۆز بێ!

ڕۆژی کۆمەڵە تەنیا یادکردنەوەی ڕۆژی ئاشکرابوونی خەباتی کۆمەڵە و باسی مێژووی حیزبێک نییە، بەڵکوو گوزارشتە لە بزووتنەوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و جەماوەری، تەمەنێک نوێگەری، ئیرادە و لەخۆبوردوویی چەند جیلی تێکۆشەرانی کوردستانە کە ویستیان و دەیانەوێت کوردستانیان لە وڵاتی خۆیاندا سەروەریی سیاسییان هەبێت و لە سەر چارەنووسی خۆیان بڕیار بدەن. خەباتکارانێک کە زۆریان گیان و ژیانیان نایە ڕێگەی گەیشتن بە کوردستانێکی دادپەروەرانە و یەکسان و ئازاد.

تایبەتمەندیی ٢٦ی ڕێبەندانی ئەمساڵ ئەوەیە کە دۆخی خەبات و هەلومەرجی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حکوومەتی داگیرکەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە قۆناغێکی هەستیار و جیاوازدایە، لە دۆخێکدا کە حکوومەتی تاوانباری کۆماری ئیسلامی کە ٤٧ ساڵە لە کوردستان تاوان دەخولقێنێت، ئەمڕۆ لە خوارووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەشێکی بەرچاو له شارەکان له تاران و ڕەشت و ئیسفەهان و کەرەج و دەیان شاری ژێر دەسەڵاتیدا بە کۆمەڵکوژیی دەیان هەزار کەس ئەو تاوانانەی دووپات کردووەتەوە و ناوەڕۆکی بە ڕوونی بۆ هەموو نەتەوەکانی ناو ئێران و هەموو دانیشتوانی ئەو جوگرافیایە باشتر دەرکەوتووە. ئەمە سەلمێنەری ڕەوایی بزووتنەوەی کوردستان و هەڵوێستی کۆمەڵە بەرامبەر بە حکوومەتی ئێرانە.

کۆمەڵە هەر لە سەرەتاوە، ئەم دەسەڵاتەی بە ناڕەوا زانیوە و ملی بۆ کەچ نەکردووە و خۆڕاگرانە بەرامبەری ڕاوەستاوە و خەڵک و بزووتنەوەی کوردستانی بۆ ڕێکخستووە و کوردستان هەر لە سەرەتاوە باجی قورسی بۆ ئەم خۆڕاگرییە داوە. ڕاوەستاویی کوردستان بەرامبەر بە فەرمانی جیهادی خومەینی وەکوو تەنیا قەڵای داگیرنەکراوی ئازادی، هەزاران گیانبەختکردوو و دەیان هەزار زیندانیی سیاسی و ئیعدامە بە کۆمەڵەکان لە کوردستان، بەڵگەی ئەو ڕاستییە مێژووییەن.

پاش ٤٧ ساڵ خەباتی ئاشکرا، هەزاران گیانبەختکردوو، دەیان هەزار بریندار و تێکۆشەرانی پەڕیوەی دوورە وڵات، پاش نزیکەی نیو سەدە ڕەنج و خۆڕاگریی بنەماڵەی گیانبەختکردووان و زیندانیان سیاسی، هزر و ڕوانینی کۆمەڵە دەتوانێت و دەبێت دەورێکی شوێندانەر و دیاریکەری لە بزووتنەوەی کوردستاندا هەبێت. کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان خۆی بە میراتگری ئەم مێژووە دەزانێت و ئەرکەکانی خۆی لە ئەمڕۆی کوردستاندا ئاوا پێناسە کردووە:

١. دەوڵەمەندکردن و پەرەدان بە ناسنامەی نوێگەری بە ئاسۆیەکی چەپ و پێشکەوتنخوازەوە
دامەزرانی کۆمەڵە هەم وەڵامێک بە پێویستییەکی مێژوویی لە کوردستان بوو کە تینووی نوێگەری و بیری سەردەم، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و چارەسەری پێشکەوتووانەی ستەمەکانی سەر نەتەوەی کورد بوو، هەم ڕێگە و ڕێبازێک بوو کە لە درێژەی خۆیدا بوو بە هۆی پێشخستنی ڕوانین و شێوازی خەباتی سیاسی و ڕێبەرایەتیی ئەو خەباتە لە کوردستان. کۆمەڵە چارەسەری خۆی بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی پێشکەش بە کوردستان کرد، سیاسەت و بەشداری لە ڕێبەرایەتیی سیاسیی لە پاوانی چینێکی تایبەت دەرهێنا و جەماوەریی کردەوە، ئاڵای ڕزگاریی کرێکاران و چەوساوەکانی هەڵکرد و بوو بە نوێنەری یەکسانیخوازانی کوردستان، خەباتی مەدەنیی لە بەرینترین ئاست لە کوردستان ئەزموون کرد. هەموو ئەو کارانەی لە مێژووی کۆمەڵەدا کراون نەک هەر وەکوو شانازییەکی مێژووی بایەخیان هەیە بەڵکوو دەبێت ببنە بنەمایەک بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگا و سەرکەوتنی خەباتی ئەمڕۆ و دواڕۆژی تێکۆشەرانی کوردستان بۆ گەیشتن بە کوردستانێکی سەربەست و ئازاد و یەکسان و پڕ لە دادپەروەری و مافی ئینسان.
ئەرکی ئێستامان لە درێژەی مێژووی کۆمەڵەدا بریتییە لە نوێکردنەوەی گوتارە سیاسییەکان و شێوەی خەباتی بە جۆرێک کە وەڵامدەرەوەی نەوەی نوێ و ئەو ئاڵوگۆڕانە بێت کە لەم نزیکەی نیو سەدەیە و بەتایبەت پاش “شۆڕشی ژینا” لە کوردستان هاتوونەتە پێشەوە و کاریگەرییان لە سەر ناوەڕۆک و فۆرمی خەباتەکە بووە گوتاری شۆڕشی ژینا و دروشمەکانی نیشانیدا که گوتار و هزری کۆمەڵە چلون له کۆمەڵگای کوردستان ڕەگی داکوتاوە.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ساڵانێکە هەوڵی یەکخستن و یەکڕیزیی چەپێکی کوردستانی دەدا. کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لە باتی ئەوەی ڕەوتی کۆمەڵە لە ژێر ناوی خاوێنیی ئیدۆئۆلۆژیکدا تووشی پەراوێزکەوتن بکا یان لە باتی ئەوەی بە بێ لەبەرچاوگرتنی پرەنسیپەکانی کۆمەڵە دەست بۆ هەر جۆرە هاوپەیمانییەک و دوورکەوتنەوە لە رێچکەی چەپ ببات، خاوەنداریەتیی لە ڕەوتێکی چەپی کوردستان دەکات.

ڕەوتێک کە بە خوێندنەوەی دۆخی کۆمەڵگای کوردستان، بە ناسینی مێژوو و توانا و زەرفییەتەکانی چەپ لە کوردستان بە تێگەیشتن لە کاریگەریی داگیرکراوبوونی کوردستان لەسەر دۆخی چەوساوەکان و بزووتنەوەی چەپ و بە دانانی پلانێکی هەمەلایەنە، ڕێگەی گەیشتن بە کوردستانێکی دادپەروەرانە و یەکسان و ئازاد خۆش دەکات و ڕێبەرایەتیی ئەو خەباتە دەگرێتە ئەستۆ.

٢. بەهێزکردنی یەکگرتوویی نەتەوەیی
کوردستان ڕەنگاوڕەنگە و خاوەنی مەیلی سیاسی جیاوازە و بۆ ئەوەی هەموو هێزی یەکبخات تا بتوانێ بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی و داگیرکاران و تەنانەت دەسەڵاتی پاش کۆماری ئیسلامی بەرگری لە مافە ڕەواکانی نەتەوەی کورد بکات، پێویستی بە کاری هاوبەش و هاوپەیمانیی بەرینی حیزبە سیاسییەکانی هەیە.
لە سەروبەندی ڕۆژی کۆمەڵەی ئەمساڵدا ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای کوردستان و کاردانەوەی کوردستان بەرامبەریان نیشانەی زیندوویی گیانی تێکۆشان بۆ ڕزگاری لە ستەمی نەتەوایەتی و، ئامانجی هاوبەشی کوردستانیانە بۆ تێکشکاندنی ئەو سنوورە دەستکردانەی کە نەیانتوانیوە لێکمان جیا بکەنەوە. لەم سۆنگەیەوە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان جەخت لە سەر ڕەوایی هەڵوێستی خۆی لە بەرنامەی سیاسیی پەسەندکراوی کۆنگرەی ژن ژیان ئازادیدا دەکاتەوە و دووپاتی دەکاتەوە کە “بۆ چارەسەری بنەڕەتیی ستەمی نەتەوەیی سەربەخۆیی ئامانجی دواڕۆژ و ئاسۆی ڕزگاریی یەکجارییە و لەم پێناوەشدا کۆمەڵە وەک هەمیشە ئاڵاهەڵگری خەباتە بۆ وەدەستهێنانی هەر دەسکەوت و هەنگاوێکی نەتەوەیی کە هەر ئاستێک لە ماف بۆ کوردستانیان لە ڕۆژهەڵاتی وڵات بگەڕێنێتەوە”.

٣. ڕێکخستنی خەباتی جەماوەری و مەدەنی وەکوو بڕبڕەی پشتی دیموکراسی
ئەمڕۆ کوردستان له بۆاری خەباتی مەدەنی له ئاستێکی بەرز و دەوڵەمەندایە که سەدان و هەزاران لیدەر و چالاکۆانی مەدەنی و جەماوەریی پەروەردە کردووە.
کۆمەڵە که مێژوویەکی پڕشەنگداری لە خەباتی مەدەنیدا هەیە، ئەرکی ئێستای دەوڵەمەندکردن و گواستنەوەی ئەو ئەزموونەیە بۆ ناو جەرگەی کۆمەڵگا، بۆ ئەوەی خەڵک خۆیان ببنە بڕیاردەری سەرەکی لە دیاریکردنی چارەنووسیاندا و سیاسەت بکرێت بە ئەمری گشتی و لە پاوانی دەستەیەکی دیاریکراو دەربهێنرێت و جەماوەری کوردستان لە “دەنگدەر”ەوە ببنە “بڕیاردەر”.

٤. درێژەی “شانازیی مێژوویی” لە “کردەوەی سیاسی”دا
ئەرکی ئەمڕۆی کۆمەڵە ئەوەیە ئەو مێژووە پڕ لە شانازییە بکاتە هەوێنی کار و پلانە سیاسی و حیزبییەکانی بۆ ئەوەی بتوانێت وەڵامدەرەوەی پێویستییەکانی خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردستان بێت.

٥. له گۆڕەپانی سیاسی ئێراندا،
لە سەروبەندی ٤٧هەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشی ١٣٥٧ی ئێران، ڕژیمی ئیسلامی کە بەرەوڕووی ڕاپەڕین و شەپۆلی ناڕەزایی بەرفراوان بووەتەوە، لە شۆڕشی ئەم دواییەی مانگی بەفرانباردا جەنایەتێکی خوڵقاند کە لە مێژووی هاوچەرخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وێنەی نەبووە و لەوپەڕی وەحشیگەرییەوە، دەیان هەزار کەسی ناڕازیی و بێتاوانی کوشت. بێ گومان ئەم تاوانە ترسناکە دوا هەوڵی ڕژیمە بۆ بەردەوام‌بوون و پاراستنی دەسەڵاتی ڕەش و نگریسی خۆی.
کۆمەڵگەی کوردستان له بەردەم تاقیکردنەوەیەکی چارەنووس سازدایە. کوردستان و حیزبە سیاسەکانی به ئەزموونی ٤٧ ساڵ خۆڕاگری و خەبات، ڕێگا نادەن که دەسەڵاتێکی داگیرکەر و دژە خەڵکی و دیکتاتوری جێگای خۆیی بدات به دەسەڵاتێکی ڕەشتر و دیکتاتۆرێک لە جلوبەرگێکی جیاوازدا. کوردستان و هاوپەیمانیی حیزبە سیاسەکانی دەتوانن و دەبێ ڕێگا نەدەن که دەسەڵاتێکی سەرکوتگەری دیکە هەڕەشە له خەبات و تێکۆشانی کوردستان، نەتەوە بندەستەکان، کرێکاران و ژنان و کۆمەڵگای پێشکەوتنخواز بکات. هاوپەیمانی کوردستان دەتوانێ ڕۆڵی یەکلاکەرەوە ببینێ و ڕێگا نەدات که جارێکی دیکە داگیرکاری و شەڕ و لەشکرکێشی رووبەرووی کورد و نەتەوەکانی دیکە بێتەوە و دەسەڵاتێکی خۆسەپێن هەر له ئێستاوە هەڕەشە له خەڵک و کۆمەڵگای مەدەنی و ئازادیەکانی تاک و کۆمەڵگا بکات.

شکۆدارە ٢٦ی ڕێبەندان ڕۆژی کۆمەڵە
بەڕێزە یادی گیانبەختکردووانی کۆمەڵکوژیی مانگی بەفرانباری ئەمساڵ
سەرکەوێ بزووتنەوەی کوردستان بۆ ڕزگاری و ئازادی و یەکسانی
بڕووخێ رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران

کومیتەی ناوەندی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٢٣/ڕێبەندانی/١٤٠٤
١٢/فێورییەی/٢٠٢٦

Share.

Comments are closed.

Exit mobile version