پێنجەمین کۆنفرانسی کۆڕبەندی چەپی کوردستان بەڕێوە چوو و وفدێکی باڵای کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان تێیدا بەشداریی کرد. لەم کۆنفرانسەدا حیزب و لایەنی چەپ و پێشکەوتنخواز لە هەموو بەشەکانی کوردستان ئامادە بوون.

پانێلی یەکەم لەژێر ناوی “باکووری کوردستان؛ بارودۆخی سیاسی، ئالنگاری و دەرفەتەکان” لەلایەن سەرحەد ئەحمەدی بەڕێوە چوو و سیپان جەعفەری، سکرتێری پارتی کۆمۆنیستی کوردستانی باکوور و ئەندامی پەرلەمانی دەم پارتی، بارم بۆزڵ، سەرۆکی کەشتی پارتی سۆسیالیستی کوردستانی باکوور و شەڕەفخان جزیری، نووسەر سێ تەوەری جیاوازیان باس کرد.

جێی ئاماژەیە کۆڕگێڕی پانێلی دووەمی ئەم کۆنفرانسە کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بوو. لەو پەنێلەدا هاوڕێ موحەممەد حەکیمی، ئەندامی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە دانیشتنەکەی سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە برد و هاوڕێ ڕەزا کەعبی، سکرتێری کۆمەڵە وتارێکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد. تەوەری دووەم و سێیەمی پانێلی دووەم، لەلایەن هەریەک لە جەلیل ئازادیخواز و کەیوان کەمانگەر نەسب پێشکەش کرا و بەشی کۆتاییش بۆ ڕەخنە و پرسیارەکان تەرخان کرابوو.

ناونیشانی پانێلی سێیەم “ڕۆژاوای کوردستان؛ بارودۆخی سیاسی، ئاشتیگاری و دەرفەتەکان” بوو و لەلایەن شیرین خەلیل عەبدو بەڕێوە چوو. تەوەری یەکەم بۆ نەجمەدین مەلا عومەر، سکرتێری حیزبی کۆمۆنیستی کوردستانی ڕۆژئاوا، تەوەری دووەم بۆ ئازاد ئەحمەد عەلی، جێگری سکرتێری پارتی یەکێتی دیموکراتی کورد – سووریا و تەوەری سێیەم بۆ “جیڤارا ڕامی الفرحە” تەرخان کرابوو.

ناونیشانی پانێلی چوارەم “باشووری کوردستان؛ بارودۆخی سیاسی، ئالنگاری و دەرفەتەکان” و بەڕێوەبەر نەهرۆ عەلی بوو. بەڕێزان نەبو کاروان، سکرتێری حیزبی شیوعیی کوردستان – عێراق (باشوور)، ڕابەر تەلعەت و یەکس قادر، جێگری سکرتێری حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستانی باشوور، سێ تەوەریان تاوتوێ کرد.

ئەم کۆنفرانسە بەرینە لەژێر ناونیشانی “کوردستان لەنێو گۆڕانکارییەکان، پێشهاتە سیاسییەکان، ئالنگاری و دەرفەتەکان” لە چوار بەشی جیاوزدا بەڕێوە چوو.

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان_کۆمسیۆنی ڕاگەیاندن ( ئاسۆسات )

Share.

Comments are closed.