
“نادڵنیایی” لە «وێڵی» دا
چاوخشاندنێکی خێرا بە سەر ڕۆمانی وێڵی؛ لە نووسینی دلاوەر ڕەحیمی
سۆران محەمەدی
لە ڕێبازی ئەوپەڕپێکهاتەخوازییەوە دەق یەکەیەکی داخراو کە مانایەکی جێگیری هەبێت نییە و تۆڕێکە لە واتاکان کە هیچ نیشانەیەک، مانای کۆتایی یان یەکلاکەرەوەی تێدا بەدی ناکرێت. بیردۆزەکە لەسەر ئەو گریمانەیە دامەزراوە کە مانا هەمیشە لە دۆخی هەڵخزان و دواخستن و پێناسەکردنەوەیە و هیچ خاڵێک نییە کە بتوانێ وەک ئاماژەی کۆتایی بۆ لێکدانەوە هەژمار بکرێت. یەکەم شتێک کە من له ڕۆمانی «وێڵی»دا هەستم پێی کرد “نادڵنیایی” بوو. ئەوپەڕپێکهاتەخوازی پێی وایە کە هەموو دەقێک لە چەند تۆێیەکی دەنگ و ئاماژە و دژایەتی و پچڕان پێکهاتووە و خوێنەر لە ڕووبەڕووبوونەوەیدا ناچارە لە نێوان ئەم چینانەدا بجوڵێت و بەرگەی پرسیارە بێ وەڵامەکان بگرێ و چالاکانە بەشداری لە قەڵشتگەلی ماناییدا بکات. لەم ڕوانگەیەوە “نادڵنیایی” کێمایەسی نییە لە دەقدا، بەڵکو بەشێکی بنەڕەتییە لە پێواژۆی ماناسازی دەق و لەبری ئەوەی گێڕانەوەیەکی ڕوون بخاتەڕوو، بە ئەنقەست پێکهاتەیەک دروست دەکات کە ڕێڕەوی تێگەیشتن بە ناجێگیر و مەلەوەر دەهێڵێتەوە. لە وەها بارودۆخێکدا خوێنەر وەرگری مانایەک نییە، بەڵکو خوێنەر بۆ خۆی داهێنەری مانای رەخساو و فرەچەشن و کاتییەکانە. بۆیە لە «وێڵی»دا کات بووەتە چەمکێک وەک بواری بیرکردنەوە و لەبەر ئەوەی کە گێڕەرەوەیە کە ریوایەت دەکات، لە هەر ساتێکدا باز دەداتە سەر یادەوەرییەک، بیرەوەریەک، تایبەتمەندییەک و… لە ئەنجامدا کات نە هێڵییە و نە جێی متمانەیە. وەک ئەوە وایە لە پشت دەرگایەکەوە لەگەڵ کەسێک قسە دەکەیت و نازانیت پێنج خولەک تێپەڕیوە یان پێنج کاتژمێر.
بەکارهێنانی دیالۆگ لە نێوان یەکەم کەسی تاکەوە ڕوو لە دووهەم کەسی تاک، سڕینەوەی وەسفە سەقامگیرکەرەکان و بە تایبەت ڕۆنانی ناڕوونی لە ناسنامەی بەردەنگ، کات و شوێن… هەموو ئەو تەکنیکانەن کە لە نەریتی ئەوپەڕپێکهاتەخوازییەوە وەک ئامرازێک بۆ بەرهەمهێنان و بەهێزکردنی “نادڵنیایی” بەکاردەهێنرێن. بەم شێوەیە دەقی «وێڵی» نەک هەر لە “دڵنیایی” ڕا دەکات بەڵکو هەڵڵای لێ دەکا و خوێنەر بانگهێشت دەکات بۆ ئەزموونکردنی پرۆسەی ماناسازی لە حاڵەتێکی ناسەقامگیر و کراوە و شلەژاودا.
لەم ڕۆمانەدا ئەم چەشنە گێرانەوە (کە بە دەگمەن لە ئەدەبیاتی کوردیدا کەڵکی لێوەرگیراوە) دەبێتە ئامرازێک بۆ دروستکردنی پێکهاتەیەکی تەواو ئەوپەڕپێکهاتەخوازیی. لە بەشی یەکەمدا گێڕەرەوە بە جێگرەوەی “تۆ” پێناسەی بەردەنگ دەکات، شوناسێکی بۆ دروست دەکات و ڕابردووییەکی لێ دەگێڕێتەوە و داوای لێدەکات بۆ قبوڵکردنی ڕۆڵێکی دیاریکراو. بەڵام لە بەشی دووهەمدا هەمان “تۆ” وەڵام دەداتەوە و هەموو ئەم پەیوەندییانە نکۆڵی دەکات؛ ئەو نە ئەو کەسەیە کە گێڕەرەوە دەیڵێت و نە هیچ شتێکی لە ڕابردووی خەیاڵی پیاهەڵگووتراوی لەبیرە… ئەم دژایەتییە ناوەندی مانا لەناو دەبات و شوناسی “تۆ” لە ئاماژەیەکی جێگیرەوە دەگۆڕێت بۆ گۆڕەپانێکی خوڕ و دژ بەیەک. لە ئەنجامدا حەقیقەت نە لە دەنگی گێڕەرەوە و نە لە دەنگی وەڵامدەرەوە دیاری ناکرێت، بەڵکو لە مەودا و گرژی نێوان ئەو دووانەدا دەسوڕێتەوە. ئەم خلیسکانەی شوناس و ناڕوونیی یادەوەری و هەڵپەسێردراوی بەردەوامی نێوان دوو دەنگی دژبەیەک، ڕۆمان دەکاتە نموونەیەکی بەرچاوی گێڕانەوەی ئەوپەڕپێکهاتەخوازیی، کە تیایدا “نادڵنیایی” بەس تەکنیکێکی یارمەتیدەر نییە بەڵکو بناغەی پێکهێنەری دەقەکەیە.

