ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
ئاخێزی نوێی جەماوەری و پێویستیی یەکگرتوویی بەرینی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان
شەپۆلی نوێی ئاخێزی جەماوەری کە لە هەشتی مانگی بەفرانبارەوە بە ناڕەزایی دەربڕینی بازاڕییەکانی تاران دەستی پێکردووە و ڕۆژانی دواتر بەرینتر بووەتەوە و زۆر شار و شارۆچکەی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی گرتووەتەوە، کاردانەوەیەکی کاتی نییە. ئەم ئاخێزە وەڵامی خەڵکە بۆ قەیرانی قووڵی پێکهاتەی سیاسی و ئابووریی کۆماری ئیسلامی، قەیرانێک کە دەری دەخات ناڕاەزاییەکان بەرامبەر بە دۆخی نالەباری ژیان و ئابووری و گوشارە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر لە جاران گرێدراوی چارەنووسی سیاسییە.
بەرامبەرکێی کۆمەڵایەتی لە ئێراندا گەیشتووەتە قۆناخێکی یەکلاکەرەوە، قۆناخێک کە تێدا دژبەریی نێوان زۆرینەی خەڵکی بەشخوارو (نەتەوە ژێردەستەکان، ژنان، کرێکاران و چینی کەمداهات، لاوان و …) لەگەڵ سیستەمی سیاسی و ئابووریی زاڵ، ئاشکراتر و ناسازگارتر لە جاران دەرکەوتووە. ئەوەی ئەمڕۆ لە شەقام و کۆڵانەکان، شوێنی کارەکان، بازاڕەکان و زانستگاکاندا ڕوو دەدات، ئاکامی کەڵەکەبوونی ساڵانێک ستەم، چەوساندنەوە، هەڵاواردن و بێبەشکردنی سیستێماتیکی زۆرینەی خەڵک لە مافی دیاریکردنی چارەنووسی سیاسیی خۆیانە.
ئەم ئاخێزە بەتایبەت بە بەشداریی توێژە جۆراوجۆرەکانی کرێکاران، ژنان، زەحمەتکێشان، بازاڕییەکان، شۆفێرەکان، مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆکان و چینی کەمداهات، دەری دەخات کە ناڕەزاییە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر لە جاران لە ئاستی داوکاریهاییەکی پەرشوبڵاو تێپەڕیوە و گەیشتووەتە ئاستێکی قووڵتر و سیاسیتر.
شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی خاڵی وەرچەرخانی ئەم ڕەوتە بوو، شۆڕشێک کە لە بەرامبەر کۆنترۆڵ بەسەر جەستە، ژیان و ئازادیدا ڕاوەستا و بنەما ئیدۆئۆلۆژیکەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کردە ئامانج. ئەمڕۆ هەر ئەو بزووتنەوەیە بە گرێدران بە داخوازییە چینایەتی و کۆمەڵایەتییەکانەوە هاتووەتە مەیدانی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکەوە و سیستەمی دەسەڵاتی لە هەموو ئاستەکانیدا تووشی قەیران کردووە. ئەم ئاڵوگۆڕانە دەری دەخات کە کۆمەڵگا بە چاکسازیی درۆیینەی دەوڵەتی و ڕووکەش ڕازی نابێت و هەوڵ بۆ چارەسەرێکی بنەڕەتی دەدا.
لە ڕوانگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانەوە، کۆماری ئیسلامی پێکهاتەیەکە کە لەسەر بنەمای سەرکوت، نکۆڵی لە بوون و مافی نەتەوەکان، هەڵاواردنی ڕەگەزی، تاڵانی داهاتی گشتی و سەپاندنی هەژاریی ڕێکخراو بەسەر خەڵکدا کە ئاکامی تەریککەوتنەوەی نێونەتەوەیی و پێداگری لەسەر هەناردەکردنی تیرۆریزم و شەڕخوازییە، دامەزراوە و نە دەیەوێت و نە دەتوانێت داواکارییەکانی خەڵک وەڵام بداتەوە و نە هیچ ئاسۆیەک بۆ داهاتوویەکی مرۆیی دەداتە خەڵک. ئەزموونەکانی چەند دەیەی ڕابردوو سەلماندوویەتی چۆن کۆمەڵە هەر لە سەرەتای دەسەڵاتی حکوومەتی ئیسلامییەوە ڕایگەیاندووە ئەم دەسەڵاتە دیکتاتۆرییە گشتخوازە نە چاکسازی تێدا دەکرێت و نە دەرفەتی گۆڕانی تێدا هەیە. بەردەوامبوونی دەسەڵاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران تەنیا دەبێتە هۆی قووڵبوونەوەی کەلێنە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان و باری قورسی ئەم دۆخە دەکەوێتە سەرشانی کۆمەڵانی زەحمەتکێش.
لە ڕوانگەی ئێمەوە ڕزگاریی خەڵک تەنیا لە ڕێگەی ڕێکخستنی سەربەخۆی هێزە کۆمەڵایەتییەکان، هاوپشتیی وشیارانەی بزووتنەوە ناڕەزاییەکان و لێک هەڵپێکانی خەباتی چینایەتی لەگەڵ خەباتی یەکسانیخوازانە و خەبات بۆ ئازادییە سیاسییەکان و دەستبەرکردنی مافی نەتەوەکان و یەکسانیی کۆمەڵایەتییەوە مومکینە. هیچ هێزێک لەسەرەوەی ئیرادەی خەڵک، هیچ لایەنێکی ناو دەسەڵات، هیچ پرۆژەیەکی خۆسەپێن و زۆردارانەی نوێ و هیچ ئەڵتەرناتیڤێکی درۆیینەی لە دەرەوە دروستکراو وەڵامی داخوازییە ڕەواکانی خەڵک نییە.
شۆڕشی ژینا کوردستانی کردە جەمسەری هەرە گرنگەی خەباتی سیاسی و مەدەنی و خۆڕاگری خەباتی جەماوەری ملیۆنی لە کوردستان بووەتە وێردی زمانی هەمووان. ئاڵوگۆڕەکانی دوو ساڵی ڕابردوو و ئاسۆیەک کە نەخشاندوویەتی، هیوای لە دڵی نەتەوەی کورد و خەڵکی کوردستاندا گەشاندووەتەوە. بەڵام دەبێت بزانین کە ئەو هیوایە کاتێک دەگاتە ئاکام کە بەر لە هەموو شتێک ویستی یەکگرتووی و هاوکاریی حیزبە کوردستانییەکان دەسکەوتێکی دیاری ببێت و بگاتە ئاکامێکی بە کردەوە. هەوڵە بەنرخ و هەنگاوە باشەکانی مانگەکانی ڕابردوو هێشتا پڕ بە پێستی پێویستییەکانی ویستی هاوپشتی و داواکاریی بەردەوامی کوردستان بۆ یەکگرتوویی حیزبە سیاسییەکان نییە. هەنگاوی پتەوتر و بەرنامە و ڕێکاری دیاریکراو و ڕوون بۆ هاوکاری و هاوپشتی و کاری هاوبەش پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە.
لە ڕاستیدا یەکگرتووی حیزبە کوردستانییەکان دەبێتە بنەمایەک بۆ هاوکاری لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە و هاوپشتیی بزووتنەوەکانی کرێکاران، ژنان و چین و توێژە مافخوراوەکانی دیکە و لە ئاکامدا بزووتنەوەی کوردستان دەکاتە ئەڵتەرناتیڤێکی بەهێز لە ئاستی ئێران و لە ئاستی نێونەتەوەییدا. بزووتنەوەکانی کرێکاران و ژنان و کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستان هەردەم پشتیوانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان بوون و هێز و وزەیان لێ وەرگرتووە و ئاسۆی هیوایان بووە. حیزبە کوردستانییەکان دەبێت وەکوو سەرجەمێکی سەرەکی لە هاوکێشە سیاسییەکان و دیاریکردنی ئەڵتەرناتیڤی داهاتوودا دەور و نەخشێکی شیاوی بزووتنەوەی کوردستانیان هەبێت کە نزیکەی نیو سەدەیە بەرامبەر بە دەسەڵاتی داگیرکەر و دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی خەبات دەکات. حیزبە کوردستانییەکان دەبێت بەهێزترین و دیاریکەرترین هاوپەیمانیی سیاسی بن. سەردەمی چاوەڕوانی بۆ ئەوەی دەسەڵاتێکی سیاسی دابمەزرێ و دواتر داوای مافی لێ بکەیت بەسەرچووە. هەر لە ئێستاوە دەبێت ڕەوتی ئاڵوگۆڕە سیاسییەکان و چۆنیەتی دەسەڵاتی داهاتوو دیار بێ، دەسەڵاتێک کە وەڵامدەرەوەی خەباتی دوورودرێژ و فیداکارییەکانی نەتەوەی کورد و خەڵکی کوردستان بێ و تێیدا خەڵکی تینووی ڕزگاری، ئازادی، دادپەروەری و یەکسانی بگەنە ئاواتەکانیان.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بەشێک لە ڕێکخەرانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانە و پێداگری لەسەر درێژەی پشتیوانی و هاوخەباتی لەگەڵ کرێکاران، ژنان و قوربانیانی دیکەی باوک/پیاوسالاری، زەحمەتکێشان، لاوان و هەموو هێزە ئازادی و یەکسانیخوازەکان دەکاتەوە. داهاتووی ئێران دەبێت دوور بێ لە وەبەرهەمهێنانەوەی زۆرداری و لەسەر بنەمای دانانی سیستەمێک لە سەر بنەمای ئازادی، یەکسانی، مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ نەتەوەکان و دادپەروەریی ئابووری و کۆمەڵایەتی بێ.
کۆمیتەی ناوەندیی
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
١١ی بەفرانباری ١٤٠٤
ڕێکەوتی ١ی ژانڤیەی ٢٠٢٦


