
بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی ژیانئاوایی هاوڕێ ڕەشید سپێهری، پێشمەرگە و خەباتکاری دێرینی ڕیزەکانی کۆمەڵە، خەمباری کردین. هاوڕێ ڕەشید لەو نەوەیەی خەباتکارانی کۆمەڵە بوو کە لە ساڵانی پێش ڕاپەڕینی گەلانی ئێرانەوە هەنگاوی لەگەڵ خەبات و بزووتنەوەی حەقخوازانەی کوردستاندا نا و بە تێپەڕبوونی ساڵان، ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ کۆمەڵە و خەباتەکەی، نەگۆڕی.
هاوڕێ ڕەشید لە ناوچەی بۆکان، لە ساڵانی پێش ڕاپەڕین، لەگەڵ کۆمەڵە و ژمارەیەک لە هاوڕێیانی ئەو سەردەمە پەیوەندی گرت و دوای ڕاپەڕین بەشداریی لە خەباتی کۆمەڵە و بزووتنەوەی کوردستان کرد. لە شەڕەکانی سەقز و مەریوانەوە تا پەیوەستبوونی بە ڕیزی پێشمەرگایەتیی کۆمەڵە دوای داگیرکردنی بۆکان، بەشێک بوو لەو نەوەیەی کە لە قۆناغێکی پڕ لە سەختی و مەترسیدا، بە هەموو توانای خۆیەوە لە پێناوی ئازادی و دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد خەباتی دەکرد.
ژیانی خەباتگێڕانەی هاوڕێ ڕەشید تەنیا لە قۆناغێکی دیاریکراوی ئەو سەردەمەدا نەوەستا و پەیوەندیی بە کۆمەڵە و هاوسەنگەرییەکەی، بە تێپەڕبوونی ساڵان و دووربوونەوە لە کوردستان نەپچڕا و ژیانی لە هەندەران نەیتوانی لە خەبات و پەیوەندیی سیاسی و تێکۆشان دایببڕێت و تا کۆتایی ژیانی، وەک هاوسەنگەرێکی دڵسۆز و دێرینی کۆمەڵە، لەگەڵ ئەو ڕێگایەدا مایەوە.
بە بۆنەی ماڵاوایی لە ژیانکردنی هاوڕێ ڕەشید سپێهری، لە لایەن هەموو ڕیزەکانی کۆمەڵەوە سەرەخۆشی و هاودەردیی خۆمان پێشکەشی بنەماڵە و کەسوکار، هاوسەنگەران و هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە لەگەڵ ئەم خەباتکارە دێرینە پەیوەندی و هاوڕێیەتییان هەبوو. خۆمان بە شەریکی خەم و پەژارەی بنەماڵە و نزیکانی دەزانین.
یاد و ناوی هاوڕێ ڕەشید سپێهری لە بیر و یادەوەریی هاوسەنگەرانی و هاوڕێیانی بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان_سکرتارییەتی کومیتەی ناوەندی
١٣ی ڕەزبەری ٢٧٢٦ی کوردی
٥ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٦ زایینی