ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

بە بۆنەی ماڵاوایی لە ژیانی هاوڕێ یەدوڵڵا بیگلەری
 لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە

ئەمڕۆ کاتژمێر ٨ی بەیانی بە کاتی سوێد دڵە گەورە و مێهرەبانەکەی هاوڕێ یەدوڵڵا بیگلەری بۆ هەمیشە لە لێدان کەوت و هاوڕێ و هاوسەری ژیانی عەزیزە خانمی وەتەندووست و بنەماڵە و کۆڕی گەورەی یاران و خەڵکی کوردستان و بە تایبەت شاری سنەی بە جێهێشت و درێژەی خەباتی زیاتر لە شەست ساڵی خۆی بە هۆگرانی تێکۆشان بۆ عداڵەت و بەرابەری، خەبات بۆ بە سەرکەوتن گەیاندنی بزووتنەوەی ڕزگاری خوازی کوردستان و گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسان سپارد.

هاوڕێ یەدوڵڵا بیگلەری کە لە ساڵەکانی سەرتایی دەیەی ٤٠ی هەتاوی تێکەڵ بە خەباتی سیاسی ببوو، ساڵی ١٣٤٨ی هەتاوی لە گەڵ چەند هاوڕێ بەشداری چالاکانە و کاریگەری لە دامەزراندنی کۆمەڵەدا کرد. هەر لە پاییزی ساڵی ١٣٤٨ تا ئەمڕۆ کە بۆ هەمیشە ماڵ ئاوایی لێکردین، وەک ڕێبەر و خەباتکارێکی شۆڕشگێڕی کۆمەڵە و کوردستان و کادرێکی لە مێژینەی بزووتنەوەی چەپ و سووسیالیستی و پێشمەرگەیەکی خاکی و لە خۆ بردوو و خاوەن کەسایەتییەکی پۆخت، مەتین و مێهرەبان و شێلگیر و بە پرەنسیب لە بیر وباوڕ و هەروەها خاوەن کەسایەتییەکی خۆشەویست و جێگای متمانە مایەوە.
کاک یەدێ زیاتر لە ٦٠ ساڵ خەباتی سیاسی بێوچانی و هەر لە تەمەنی لاویەتییەوە بە حزووری سادقانە و پاکی خۆی سیمایەکی جێ متمانەی لە خۆی نیشاندا. وەک پارێزەری دادگوستەری نیشانیدا کە شوێنی کاریی نە تەنیا ناتوانێ لە تێکۆشان بۆ بیر و باوڕی دووری بخاتەوە، بەڵکوو لە هەمان کاتدا بۆ بەرگری لە چینی چەوساوە و ستەم لێکراو و چالاکانی چەپ کەلکی وەرگرت. هاوڕێ یەدێ ناو و ناوبانگ و توانا و پێگەی خۆی وەک دادوەر و پارێزەرێکی شەریف، لە خزمەت خەڵکی چەوساوە و لایەنگرانی بەکارهێنا.

یەدێ بیگلەری خەباتکارێکی دەیان ساڵەی ڕەوتی چەپ و عەداڵەت خۆازی بوو. بەشداریی چالاکانەی له دامەزراندنی کۆمەڵە وەک حزبێکی چەپی کوردستانی کە ئەو دەم به تەواوی نوێ دەی نواند پێویستی به ئیرادە و متمانە به ڕێبازەکە هەبوو و کاک یەدێ ئەو ئیرادە پۆڵایین و بڕوا قووڵەی لە خۆی نیشاندا.

کاک یەدێ تێکۆشەرێکی پاک و سادق و سەمیمی و پێشمەرگەی خاکیی بزووتنەوەی ڕزگاریخۆازی کوردستان و خەباتکاری شێلگیری مافی دیاریکردنی چارەنوس بوو و تا ئەمڕۆ که بۆ هەمیشە چاوەکانی لێکنا، وەک سیماێکی خۆشناو و خۆشەویست و سامانێکی پڕبایەخ له ناو هاوڕێیان و هەموو ئەوانەی دەیاناسی جیگای خۆیی کردبووە.

کاک یەدی هەموو ژیانی بۆ خەبات له پێناو بیروباوەی تەرخان کرد. کاتێ که وەک دادوەرێک رژیمی شای تاوانبار دەکرد و هیچ گومانی نەبوو که ئەو رژیمە دەبێ بروخی، پێگەی ئەو خەباتەی قورستر و قایمتر دەکرد. کاتی که کۆمەڵە حوزووری خۆیی ئاشکرا کرد وجود و بوونی کادرێکی وەک یەدێ بیگلەری بەس بوو که شارێکی گەورەی وەک سنە گومان له دروستی و ڕەوایی ڕێبازی کۆمەڵە نەکەن. کاتێ که ڕژیمی ئیسلامی هێرشی کردە سەر کوردستان چەک هەڵگرتن و بوون بە پێشمەرگەی کەسێک بە جێگە و پێگە و تەمەنی هاوڕێ یەدێ بیگلەرییەوە، رەوایدانێکی پڕبایەخ به بزووتنەوەی کورد و داخۆازیە ڕەواکان و بەرگریی پێشمەرگانە لە کوردستان بوو.

ژیان و خەباتی هاوڕێ یەدێ بیگلەری نموونەیەکی بەرزی شۆڕشگێڕبوون، لەخۆبردوویی و پابەند بوون بە پرەنسیب و ناوەرۆکی بیر و بڕوای کۆمەڵە بوو. یادی هاوڕێ یەدێ هەرمانە و دەفتەری خەبات و ژیانی هەزاران وانەی تێدایە بۆ فێربوون و ناسینی ڕێبازی کۆمەڵە.

سەرخۆشی لە خانەوادەی هاوڕێ یەدێ بەتایبەت هاوڕێ عەزیزەی وەتەندووست و منداڵەکانیان حەمە و سۆما، هاوڕێ ساعێد وەتەندوست (مامۆستا برایم) و دۆستان و هاوڕێیانی، ڕێبوارانی ڕێبازی کۆمەڵە و خەڵکی شاری سنە و هەموو کوردستان دەکەین. بەشداری ئەو خەمە گەورەیەین و ڕێز لە یادی ئازیزی هاوڕێ یەدێ دەگرین.

کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٩ی خاکەلێوە بەرانبەر بە ٢٨ی مارسی ٢٠٢٤

Share.
Leave A Reply