بەڕێز بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان!
هەڤاڵانی هێژا لە سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان!
ئەندامان و پێشمەرگە و دڵسۆزانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان!

بە بۆنەی یادی پەنجا و یەکەمین ساڵی دامەزرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان گەرمترین پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی سەرکردایەتی، ئەندامان، پێشمەرگەکان و هەموو لایەنگرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات.

پەیوەندیی نێوان کۆمەڵە و یەکیەتی، پەیوەندییەکی مێژووییە کە لەسەر بنەمای ساڵانێک خەباتی هاوبەش بۆ ڕزگاریی کوردستان و بەرگری لە مافە ڕەواکانی نەتەوەی کورد درووست بووە. هەروەها هەردوو لایەن لە زۆرێک لە بەها و ئامانجە چەپ و پێشکەوتنخوازکاندا هاوبەشن و لە مێژووی خۆیاندا بەرگرییان لە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، مافەکانی خەڵکی چەوساوە، ئازادییە سیاسی و مەدەنییەکان و دیموکراسی کردووە. ئەم هاوبەشییە فکری و سیاسییە یەکێک بووە لە هۆکارەکانی پتەوی پەیوەندیی نێوان هەردوو لایەن.

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان هەرێمی کوردستان بە یەکێک لە گرینگترین دەسکەوتە مێژوویی و نەتەوەییەکانی خەڵکی کورد دادەنێت. پاراستن و بەهێزکردنی ئەم دەسکەوتە بەرپرسیارییەکی هاوبەشی هەموو هێز و لایەنە کوردستانییەکانە. هەر بۆیە کۆمەڵە لە ماوەی ڕابردوودا هەمیشە هەوڵیداوە لە پێناوی پاراستنی هەرێم و دامودەزگا دەستورییەکانی، هاوکار و هاوپشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هەموو خەڵکی کوردستان لە باشووری وڵات بێت و ئەم هەڵوێستەی بە بەشێک لە بەرپرسیاریی نیشتمانیی خۆی زانیوە.
ئەمڕۆ، لەگەڵ ئەو گۆڕانکاری و ئاڵۆزییانەی ناوچەکە و، ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە کوردستان و دەسکەوتەکانی دەخەنە بەردەم تاقیکردنەوە، پێویستیی کورد بە یەکگرتوویی، هاوئاهەنگی و گفتوگۆی بەرپرسانە لە هەر کاتێکی تر زیاترە. پاراستنی دەسکەوتەکانی نەتەوەی کورد، بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان و پێشخستنی دۆزی ڕەوای کورد لە ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا، پێویستی بە هەوڵ و کارکردنی هاوبەشی هەموو هێزە سیاسییەکان هەیە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەور و نەخش و ئەرکێکی گرینگ و تایبەتی لەو بوارەدا هەیە.

جارێکی تر پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەین و هیوادارین ئەم بۆنەیە ببێتە هاندەرێکی نوێ بۆ پتەوکردنی ڕیزە نیشتمانییەکان، بەهێزکردنی هاوکاریی نێوان هێزە کوردستانییەکان و خزمەتکردنی بەرژەوەندیی باڵای نەتەوە و نیشتمان.
کومیتەی ناوەندی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
١١ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی
١ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ی زایینی

Share.

Comments are closed.

Exit mobile version