
یادکردنەوەی مامۆستا جەلال مەلەکشا و دەرکەوتنی سەرلەنوێی ژنانی ڕەچەشکێنی کوردستان
گەلاوێژ عەبدیکانی
لە شەشەمین ساڵیادی کۆچی دواییی مامۆستا جەلال مەلەکشادا، وەک هێما و سۆمبولی ئەدەبیاتی خۆڕاگری لە بەرانبەر ستەم و زۆرداریدا، کە ڕۆژی هەینی ٨ی خەرمانانی ١٤٠٥ی هەتاوی لە ئاواییی مەلەکشا بەڕێوەچوو، جارێکی دیکە ڕۆڵی ژنانی ڕەچەشکێنی کوردستان خۆی نیشان دا.
ئەگەر بمانەوێ مێژووی نوێی کوردستان پاش هاتنەسەرکاری ڕژێمی کۆماری ئیسلامی هەڵسەنگێنین، لە ڕاستیدا وێنەیەکی زۆر دەگمەن لە شۆڕشێکی گەورەمان بۆ دەردەکەوێ کە تێکۆشەرانی کورد و بزووتنەوەکەی توانیان لە مەودایەکی کەم و بڕگەیەکی هەستیاری مێژووییدا، مۆرکێکی پرشنگدار و چارەنووسساز لە شۆڕشی کوردستان بدەن. لە کاتێکدا لە ئێراندا دواکەوتووترین ڕەوتی ئایینی، دژەژن، دژەئازادی و دێمۆکراسی هاتبووە سەر دەسەڵات، لە کوردستاندا دەرکەوتنی ژنانی تێکۆشەر لە ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا و تاقیکردنەوەی ئەزموونی ئازادی، دێمۆکراسی و پێشکەوتن، ئاسۆیەکی روونی لە داهاتووی کوردستاندا وێنا دەکرد.
بەڵام شەپۆلی سەرکوت و هێرشی کۆماری ئیسلامی و لایەنگرانی لە ئێران بۆ سەر پێشکەوتووترین ئەزموونی ئەو سەردەمە (واتە کوردستان) لە لایەک، و لە لایەکی دیکەوە بێدەنگیی نێودەوڵەتی بەرانبەر بەو هێرش و پەلامارانە، لە کۆتاییدا وای کرد هێزی سەربازی و سەرکوتی ڕژێم کوردستان داگیر بکات و هەوڵ بدات پڕۆژەی ئینتێگراسیۆنی زۆرەملێ (واتە قبووڵکردنی هەموو ئایدیای ڕژێمی ئیسلامی) بەسەر خەڵکی کوردستاندا بسەپێنێت؛ لەگەڵ ئەوەشدا، هەر لەو کاتەوە هەموو مەیدانەکانی خەبات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو داگیرکارییە و وەستانەوە دژی ستەم و زۆرداری بەگەڕ کەوتن.
یەکێک لەو سەنگەرە بەهێزانە، سەنگەری شێعری بەرنگارییە کە مامۆستا جەلال مەلەکشا ڕەگی بەهێزی ئەم ڕەوتەیە. ئەگەرچی مەبەستی سەرەکیی ئەم نووسینە چوونە ناو ئەو بابەتە نییە، بەڵام لە کوردستاندا باسکردن لە کلتووری خۆڕاگری بەبێ باسکردن لە شێعرەکانی مامۆستا جەلال، وەک باسێکی ناتەواو دێتە بەرچاو. لەم پێوەندەدا، لە کۆڕی ئەو یادکردنەوەیەدا کە بە بۆنەی شەشەمین ساڵیادی ئەو کۆچە خەمناکەوە ڕووی دا، دەرکەوتنی کۆمەڵگەیەکی زیندووی کوردستان ڕەنگی داوەوە کە ژنان لە ڕیزی پێشەوەیدا بوون. لە کاتێکدا کە سێبەری شەڕ هەندێک جار بزووتنەوە جەماوەرییەکان تا ڕادەیەک بەرەو پاشەکشە دەبات، بەڵام بوونی کلتووری وەستانەوە و خۆڕاگری لە کوردستاندا، بەتایبەتی بە بوون و بەشداریی ژنانی کوردستان کە بە وتارەکانیان جارێکی دیکە پەیامی بوون و مانەوەی کوردستان وەک جەستەیەکی سەربەخۆ پێناسە دەکەن، زۆر هیوابەخشە.
لە کاتێکدا کە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی وێڕای ئەوەی ڕەنگی مەرگی لێ نیشتووە و مەترسیی لەبەریکەوتوو و هەڵوەشانەوەی جوگرافیاییی خۆی هەست پێ کردووە، هاوتەریب لەگەڵ ئەوەشدا ئێرانییەکانی دەرەوە هەموو کەرەسەکانی خۆیان لە هەڕەشەی جۆراوجۆر تا پیلانگێڕی خستۆتە گەڕ بۆ ئەوەی بیری کورستانی لاواز بکەن، دەرکەوتنی بەهێزی گوتاری کوردستان لەسەر گڵکۆی مامۆستا مەلەکشا، جارێکی دیکە وەستانەوەیە دژی ڕەوتی گشتخواز کە هیچ مافێک بۆ کورد و شۆڕشەکەی بە فەرمی ناناسێ.
ئەو ژنانەی کە لە مێژوودا دووجار چەوسێندراونەتەوە (واتە جارێک وەک ژن و جارێکیش وەک ژنی کورد)، ئەمجارەیان لەم شۆڕشە نوێیەدا کە لە ڕەوتی «شۆڕشی ژینا» گەیشتە لووتکە، ژنانی کورد نەک تەنیا دژی هەڵاواردنی ڕەگەزی، بەڵکوو لە هەمان کاتدا ڕێبەرایەتیی گوتاری کورستانیبوونیان بە دەستەوە گرت. واتە ژن و ژنی کورد وەک دوو چەمکی لێکئاڵاو توانیان ئەو دوو ئاستە گرینگە بخەنە سەر ڕەهێڵەیەکی پێشکەوتووانە، کە هەم کوردستان وەک کیانێکی سەربەخۆ وێنا دەکات و هەم هاوکات ئەم پێگەیە بە شوێنی گەیشتن بە داخوازییەکانیشی دەزانێت.
شۆڕشی ژنانی کورد بەردەوام ڕوو لە گەشەیە و لە حاڵی کێشانی درووستترین وێنەیە لە شۆڕشی کوردستان؛ واتە ئەم توێژە داهێنەرەی کۆمەڵگا داوای نەک تەنیا چارەنووس بۆ تاکی خۆی دەکات، بەڵکوو لە ئاستی گشتیدا داوای مافی چارەنووس بۆ هەموو کورد دەکات کە دەبێ ئەو مافە گشتییە بە فەرمی پێی بێتە ناسین و قبووڵ بکرێت. لەم تێڕوانینەدا ژنی کورد رزگاریی خۆی دەبەستێتەوە بە رزگاریی گشتیی کۆمەڵگا لە ژێر هەر چەشنە ستەم و چەوسانەوەیەکدا. هەر بۆیە دەرکەوتنی گوتاری ژنان لە یادکردنەوەی مامۆستا جەلال مەلەکشادا، وەک سەرلەنوێ گەڕانەوەی ترووسکەی هیوایە بۆ ئەو نەتەوەیەی داوای مافی تاک و گشتیی چارەنووسی بەرز کردۆتەوە و لە قووڵایی مەیدانی سەرەکیی خەباتدا خەریکی ململانێیە.