
شۆڕش بە بێ شۆڕش
محەمەد حەکیمی
هێگڵ دەڵێت: «هەر شتێک منداڵی کات و شوێنی خۆیەتی.» ئەم ڕستەیە سەبارەت بە شۆڕشەکان زۆر دروستە؛ شۆڕشەکان، هەرچەند زۆربەیان دەیانەوێت شتەکان لە وڵاتی خۆیاندا بگۆڕن، بەڵام هیچ کات لە یەک نەچوون و ناچن. شۆڕش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا ئێستە نەیتوانیوە منداڵی کات و شوێنی خۆی بێت، تەنها دووبارەکردنەوەی شۆڕشە کۆنەکانە و هەمیشە بێڕێبەر و بێبەرنامە و پلان بووە. بۆیە عەرەبەکان ئەزموونی جیاوازیان هەەیە؛ لە ساڵی ٢٠١٠ی زایینیدا شۆڕشێک لە وڵاتی تونس دەستی پێ کرد، کاتێک گەنجێک بەهۆی دۆخی خراپی ژیانییەوە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و هەر ئەوەش بووە هۆی کۆمەڵێک کاریگەریی کۆمەڵایەتی و ئابووریی بەربڵاو لە ناوچەکەدا.
بەهاری عەرەبی بووە هۆی گۆڕینی دەسەڵات لە شەش وڵاتدا: تونس، میسر، لیبیا، سووریا، یەمەن و بەحرین؛ بەڵام ئەو شۆڕشە هەر لە سەرەتای لەدایکبوونیدا تووشی کارەسات بوو. توندوتیژی هەموو ئەو وڵاتانی گرتەوە و کوشتنی دیکتاتۆرەکانی وەکوو «قەزافی» بەو شێوە درندانەیە، بووە هۆی ئەوەی کێشە و ئاژاوە هەموو ئەو وڵاتانە بگرێتەوە و بە ئێستەشەوە هیچ کام لەو وڵاتانە نەیانتوانیوە ڕووی ئارامی بە خۆیانەوە ببینن. ئەو شۆڕشەی توانی شەش دیکتاتۆر بڕوخێنێت، ئایا بەهاری عەرەبی توانی ڕێگەیەک بۆ بیرۆکەی نوێ سەبارەت بە شۆڕش بکاتەوە؟ ئایا ئەو شۆڕشە بووە هۆی ئەوەی کە شتێکی نوێ لە جیهاندا بێتە ئاراوە، یا بە پێچەوانەوە بەهاری عەرەبی هەر کە چاوی بە ژیان هەڵهێنا بەلارێدا برا و خنکێندرا؟
بەهاری عەرەبی، شەپۆلێک کە لانیکەم ٢٠ وڵاتی عەرەبی گرتەوە، کاردانەوەی زۆری ژئۆپۆلیتیک و ناوخۆییی لەگەڵ خۆیدا هێنا. شەش دیکتاتۆر لە دەسەڵات کێشرانە خوارەوە و سەرۆکوەزیرانی لوبنان ناچار کرا واز لە دەسەڵات بێنێت. لێرەدا کۆڤید-١٩ فریای دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە کەوت و توانی بەر بە ڕاپەڕینی جەماوەریی خەڵک بگرێت؛ ڕەنگە شۆڕش بۆ ماوەیەک کپ یا بێدەنگ کرابێت. ئەوەی گرنگ بوو، ئەو شۆڕشانە هیچیان نەیانتوانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، بەرابەری، یەکسانی و دێمۆکراسی بچەسپێنن؛ بە پێچەوانەوە، وڵاتەکانیان تووشی شەڕی ناوخۆ و ماڵوێرانی بوون و بە دەیان هەزار کەس لە خەڵکی ئەو وڵاتانە کوژران. ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە شەڕی قەبیلەگەری و ناوچەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستی پێ بکات و ئیسلامی توندڕەویش توانی تا ڕادەیەکی زۆر لە ناوچەکە گەشە بکات، و ئەوەش وای کرد کە داعش و دەیان ڕێکخراوی توندڕەوی ئیسلامیی دیکە لە ناوچەکەدا لەدایک بوون و بوونە هۆی کوژران و ماڵوێرانیی سەدان هەزار کەس.
بەڵام ئێمە چۆن دەتوانین لە هەنگاوی یەکەمدا چۆنیەتی و تایبەتمەندیی شۆڕشەکانی عەرەب بەو شێوەیە شڕۆڤە بکەین؟ ئایا بەهاری عەرەبی شتێکی نوێ بوو، یا هەر ئەو شۆڕشە کۆنانە بوو کە تاوتاوێک لە وڵاتانی عەرەبیدا ڕوویان دەدا؟ بە باوەڕی زۆربەی پسپۆڕانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شۆڕشی بەهاری عەرەبی نوێ نییە، بەڵکوو ئەوان وەک کێشە لە ناو بنەماڵە، شۆڕشی ئاشتیخواز یا گفتوگۆ پێناسە دەکرێن. بۆ نموونە «جۆرج لاوسون» ئاماژە بەوە دەکات کە شۆڕشی عەرەب بەشەماڵی خزمە؛ واتە کاتێک باوک دەمرێت، بەشەماڵی هەر کەس دەدرێت و ڕێک بەهاری عەرەبی بووە بەشەماڵ. یەکێکی دیکە لەو شتانەی کە بوونە هۆی ئەوەی بەهاری عەرەبی شکست بهێنێت، نەبوونی ڕێبەر و کاریزما بوو؛ هەرچەند کۆمەڵێک ڕێبەری ناوچەیی و عەشیرەیی بوونیان هەبوو، بەڵام ئەوانە تەنها نەخش و دەوری زۆر خراپیان گێڕا و تەنها وڵاتیان بەرەو دواوە برد و ئەوەش بووە هۆی شکستێکی گەورە. کاتێک باس لە شکست دەکەین، ڕاستە دەموچاوەکان دەگۆڕدرێن، بەڵام سیاسەت و بەڕێوەبردنی وڵات هەر ئەو شێوە کۆنەیە و شێوەی خوێندن و وانەوتنهوە نەگۆڕان و سیستەم هەر سیستەمی دیکتاتۆرەکانی پێشوو هاوشێوەیە، بۆیە بەهاری عەرەبی بە گشتی شکست خوارد.
زۆر کەس ئەو پرسیارە دێننە ئاراوە کە شۆڕش چی لێ هات و بەرەو کوێ ڕۆیشت؟ شۆڕش بە بێ شۆڕش، چۆن کرا؟ دەبێ بە وردی بزانین شۆڕشی بەهاری عەرەبی بۆ بەو شێوەیە بەسەر هات. بە ڕای من بەهاری عەرەبی هەر لە سەرەتادا شکست خوارد، چونکە هەڵگر و ناوەرۆکی شۆڕش نەبوو؛ ئەوەی ڕوویدا ناڕەزایەتیی جەماوەریی عەرەب بوو لە شێوەی بەڕێوەبردنی وڵات، ئەوان نەیاندەویست بنچینە و بنەڕەتی دەسەڵات بگۆڕدرێت، بەڵکوو دەموچاوەکان بۆیان کۆن ببوون و هیچ جێگرەوەیەک دوای دیکتاتۆر بوونی نەبوو، و ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکان تووشی شکست بن و هەر لە نوتفەدا بخنکێنرێن.
جیهانی عەرەب بە جێگەی ئەوەی هێدیهێدی بەرەو دێمۆکراسی هەنگاو بنێت، ئەو دەسەڵاتانەی هاتنە سەر کار، بوونە کۆپییەکی خراپتر لە دیکتاتۆرە پێشووەکان و هەر لە دەستپێکەوە دەستیان کرد بە گەندەڵی و هەڵاواردن؛ هەر بۆیە یەکێک لە هۆکارەکانی شەڕی ناوخۆیی ئەوە بوو و هۆکارێکی دیکەی شەڕی ناوخۆیی عەشیرە و ئایین بوون. لە کۆتاییدا دەبێ ئاماژە بەوە بکەم کە ئەگەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆی لە عەشیرە، ئایین و دەسەڵاتی گەندەڵ ڕزگار نەکات، ڕووی ئارامی بە خۆیەوە نابینێت و بەهاری عەرەبی دەبێتە خەزانی پاییز؛ بە واتەیەکی دیکە، ڕێنانسەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاتێک دەست پێ دەکات کە ئیسلامی سیاسی، عەشیرە و گەندەڵی لەم ناوچەیە بنەبڕ بکرێن.