خەڵکی ئازادیخواز و تێکۆشەری کوردستان

کادر و ئەندامانی لەمێژینە،

تێکۆشەرانی دێرین و نوێی کۆمەڵە و

خەباتکارانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان!

هەر وەک دەزانن کوردستان و بزووتنەوەکەی لەبەردەم قوناخێکی مێژووی هەستیار و چارەنووس ساز دایە.

خەباتی نەتەوەی کورد بۆ ڕزگاری، مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە و کۆمەڵەش وەک ڕەوتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی چەپ و پێشکەوتنخواز لە بزوەتنەوەی ڕزگاری خوازانەی کوردستاندا ڕۆڵی گرنگ و مێژووی گێڕاوە و کاریگەریی بەرچاوی لە پێشخستن و مودیڕن و ئینسانیتر کردنی بزووتنەوەکەدا هەبووە. ئەمڕۆ کە تێکڕای ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانکاریی بنەڕەتی و ئاڵوگۆڕی ژئوپۆلتیک دایە، پێویستە بزووتنەوەی کورد ئەمە وەکوو دەرفەتێک بۆ خۆی ببینێ و بۆ نزیکبوونەوە لە ئامانجەکانی سوودی لێوەرگرێ.

کۆمەڵە وەک ڕەوتی چەپی بزووتنەوەی کوردستان کە پێداگرە لەسەر چارەسەری پرسی نەتەوەیی، عەداڵەتی کۆمەڵایەتی، یەکسانیی رەگەزی و ئازادییە سیاسی و مەدەنییەکان، پێویستە ڕۆڵی گرنگی مێژووی خۆی لەو گۆڕانکاریانەدا بە قازانجی بزاڤی ڕزگاریخوازانە و داپەروەرانەی کوردستاندا بگێڕێت.

دامەزرێنەران، کادر و ئەندامانی لەمێژینەی کۆمەڵە!

ئێوە سەرمایەی کۆمەڵە و بزووتنەوەی کوردستانن و ڕۆڵی گرنگتان لە خەباتی مافخوازانەی کوردستاندا گێڕاوە و بە رەنج و خەباتی ئێوە کۆمەڵە بوو بە جێی متمانەی خەڵک و گەلێ شکۆ و شانازیتان بۆ ڕەوتی چەپ و شۆڕشگێڕی کوردستان خوڵقاندووە. ئەمڕۆ لەم قۆناخە هەستیارەدا کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ئێوە بە خانەخوێ دەزانێ و نەک هەر دەرگای بەرەو رووتان کراوەیە و بەڵکوو چاوەڕوانی تیشکی ئەزموون و ئیرادەی ئێوەیە، داوا ئەکەین بۆ پێشخستنی بزووتنەوەی کورد بەگشتی و چەپی کوردستانی بەتایبەتی وزە و هێزی خۆمان یەک بخەین هەتا بەهێزتر و پتەوتر ڕۆڵی مێژووییمان لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستاندا بگێڕین.

هەروەها داوا لەسەرجەم کادر و پێشمەرگە دێرین و نوێیەکانی کۆمەڵە و هەموو لاوانی تێکۆشەر و ئازادیخوازی کوردستان دەکەین بۆ بەدی هاتنی ئاوات و ئامانجەکانتان وەرنە ڕیزی کۆمەڵەی خۆتانەوە، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان.

لێرەوە سپاسی هەموو ئەو کادر و پێشمەرگە و لایەنگرانەی کۆمەڵە دەکەین کە لەم قۆناخە چارەنووس‌سازەدا بەبێ لە بەر چاوگرتنی چکۆلەترین قازانجی تاکەکەسی و تەنیا بەهۆی هەست بە بەرپرسایەتی لەپێناو ڕزگاریی کوردستاندا دەستیان لە ماڵ و ژیانی ئاسوودەی خۆیان هەڵگرتووە و دیسانەوە ڕوویان کردووەتە سەنگەری ئاوەدانی پێشمەرگایەتی و چالاکیی سیاسیی خۆیان بە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانەوە گرێداوە. شۆڕشی کوردستان گەرمە و ئێوەش بەخێر بێن بۆ لامان.

سەرکەوێ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان

دەستەی کارگێڕی

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

١٩/ڕەشەمە/١٤٠٤

١٠/مارس/٢٠٢٦

Share.

Comments are closed.