‍ پەیامی سەرەخۆشی کۆمەڵە بە بۆنەی ژیانئاوایی هاوڕێ ئیرەج ئەسکەندەری

بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە ئاگادار بووین کە ڕۆژی دووشەممە، ١١ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ی هەتاوی، هاوڕێ ئیرەج ئەسکەندەری، پێشمەرگەی دێرینی کۆمەڵە، بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجەوە، لە وڵاتی سوئید ژیانی بەجێهێشت.

هاوڕێ ئیرەج، ناسراو بە «مەمەد فارس»، لە شاری شیراز چاوی بە ژیان هەڵێنا و هەر لە سەرەتای لاویدا هەنگاوەکانی خۆی لە خەباتی سیاسی دژی ڕژیمی پاشایەتی نا. بە هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی و بەردەوامبوونی خەبات دژی سەرکوت و ستەم، خۆی بە بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانە و ئازادیخوازانەی کوردستانەوە بەستەوە و لە ساڵی ١٣٦٢ی هەتاویدا پەیوەست بوو بە ڕیزەکانی کۆمەڵە.

لە ماوەی تێکۆشانی سیاسی و حیزبییدا، هاوڕێ ئیرەج لە بواری تەکنیکی و ڕاگەیاندندا بەشێکی گرنگی لە پێشبردنی ئەرکەکانی ئەو بوارەدا گێڕا. بە پشتبەستن بە توانایی و شارەزایی خۆی، لە دامەزراندن و پێشخستنی ڕادیۆ دەنگی شۆڕشی ئێراندا بەشداریی کرد و بوو بە یەکێک لەو کادرانەی کە لە پێشبردنی ئەو ئەرکەدا ڕۆڵیان هەبوو.

هاوڕێ ئیرەج لە تێکۆشانی خۆیدا تەنها بە ئەرکە تەکنیکییەکانەوە سنووردار نەبوو؛ بەڵکو بە باوەڕێکی قووڵ بە ئازادی، یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، خۆی بە بەشێک لە خەباتی چەپ و سۆسیالیستی دەزانی و ئەو بەها و ئامانجانەی، لە بنەماکانی تێڕوانین و تێکۆشانی سیاسییدا جێگیر بوون.

هاوڕێ ئیرەج مرۆڤێکی دڵسۆز، خۆشەویست و جێی متمانە بوو. باوەڕی بە یەکسانیی مرۆڤەکان و هاوچارەنووسیی زەحمەتکێشان، بەبێ جیاوازیی نەتەوەیی، ڕەگەزی و کۆمەڵایەتی، لە بنەماکانی بیرکردنەوە و تێکۆشانی ئەودا بوون. هەرچەندە لە سەرەتاکانی دەیەی ١٩٩٠ی زایینییەوە لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێ بوو، بەڵام دووریی جوگرافیایی نەیتوانی پەیوەندیی فکری و سیاسیی ئەو لەگەڵ ئامانج و ئاواتەکانی ببڕێتەوە و تا کۆتا ڕۆژەکانی ژیانی بەو باوەڕانەوە مایەوە.

بە بۆنەوە، لە لایەن هەموو ڕیزەکانی کۆمەڵەوە، هاودەردی و هاوخەمیی خۆمان ئاراستەی هاوڕێیان، هاوبیران، هاوسەنگەران و بنەماڵەی بەڕێزی هاوڕێ ئیرەج ئەسکەندەری دەکەین و هیوادارین ئەم خەم و پەژارەیە دوا خەمیان بێت.

یاد و ناوی هاوڕێ ئیرەج لە بیرەوەریی هاوڕێیان و هاوخەباتانی، وەک هاوڕێیەکی دڵسۆز و تێکۆشەر، بە زیندوویی دەمێنێتەوە.

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان_سکرتارییەتی کومیتەی ناوەندی

پێنجشەممە: ١٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٦ی کوردی  
                  ٥ی نۆڤامبری  ٢٠٢٦ زایینی

Share.

Comments are closed.