
تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی
بۆچی پرسی نەتەوەیی کورد نابێت بۆ داهاتووی سیاسیی ئێران دوا بخرێت؟
سەرهەڵدانی گفتوگۆکان لەسەر تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی و داڕشتنی سیستمێکی سیاسیی نوێ لە دوای ئەو، تەنیا لە گۆڕینی دەسەڵات یان جێگرتنەوەی پێکهاتەی سیاسیی ئێستا کورت نابێتەوە، ئەم بابەتە پێویستی بە سەرلەنوێ بیرکردنەوە هەیە لە بنەماکانی ڕەوایەتیی سیاسی، پێکهاتەی دەوڵەت، هاوکێشەکانی دەسەڵات و چۆنیەتیی ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو نەتەوانەی لە ئێراندا دەژین. لەم چوارچێوەیەدا، پرسی نەتەوەیی کورد یەکێکە لە پرسە بنەڕەتییەکان کە یەکلاییکردنەوەی ناکرێت بۆ قۆناغی دوای گۆڕینی دەسەڵات دابنرێت. چونکە چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم پرسەدا، بابەتێکی لاوەکی نییە لە پرۆسەی تێپەڕیندا، بەڵکو یەکێکە لە پێوەرە سەرەکییەکان بۆ هەڵسەنگاندنی ماهیەتی دیموکراتیانەی سیستمی سیاسیی داهاتوو.
یەکێک لە چالێشە سەرەکییەکان لە گوتاری بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامیدا، پێشینەدانە بە زەروورەتی ڕووخانی دەسەڵات و هەڵپەساردنی ناڕوونی و جیاوازییە بنەڕەتییەکان دەربارەی پێکهاتەی سیاسیی داهاتوو. بەپێی ئەم تێڕوانینە، سەرەتا دەبێت کۆتایی بە سیستمی ئێستا بهێنرێت و پاشان بڕیار لەسەر بابەتەکانی پەیوەست بە مافە نەتەوەییەکان، پێکهاتەی دەوڵەت و چۆنیەتیی دابەشکردنی دەسەڵات بدرێت. بەڵام ئەم جیاکردنەوەیە لە نێوان خەبات بۆ گۆڕینی دەسەڵات و دیاریکردنی بنەماکانی سیستمی سیاسیی داهاتوو، لە ڕووی تیۆری و سیاسییەوە ڕووبەڕووی پرسیاری جدی دەبێتەوە. ئەگەر بڕیارە سیستمی داهاتوو لەسەر بنەمای ئازادی، یەکسانی و ئیرادەی خەڵک دابمەزرێت، چۆن دەکرێت مافی دیاریکردنی چارەنووسی بەشێک لەم خەڵکە بۆ قۆناغێک دوا بخرێت کە پێکهاتەی دەوڵەت و یاسا سیاسییەکانی لەوانەیە لە پێشەوە شێوەیان گرتبێت؟
لێرەدا پێویستە چاوێک بخشێنین بە سەر پرسی نەتەوەی کورد و سنوورداربوونی تێڕوانینی هاووڵاتی_تەوەر.
پرسی نەتەوەیی کورد ناتوانرێت تەنیا لە چوارچێوەی داواکاریی کولتووری، زمانی یان نەهێشتنی هەڵاواردنی بەڕێوەبەری و ئابووریدا شیکاری بۆ بکرێت. ئەم داواکارییانە، ئەگەرچی بەشێکی دانەبڕاون لە خەبات بۆ یەکسانی و نەهێشتنی ستەم، بەڵام هەموو ڕەهەندەکانی پرسی نەتەوەیی ناگرنەوە. پرسی نەتەوەیی لە کوردستاندا بەستراوەتەوە بە نکۆڵیکردن لە ناسنامەی سیاسی و نەتەوەیی، بێبەشکردنی مێژوویی لە بەشداریکردن لە دیاریکردنی چارەنووسی سیاسی و بەردەوامیی پێکهاتە ناوەندگەرەکانی دەسەڵات.
لێرەدا جیاوازی نێوان مافی هاووڵاتیبوون و مافی بەکۆمەڵی نەتەوەیەک گرنگی پەیدا دەکات. کێیە کە نەزانێت دەستەبەرکردنی یەکسانیی هاووڵاتیان لە بەردەم یاسادا، ئازادییە تاکەکەسییەکان و مافە کولتووری و زمانییەکان، لە پێداویستییەکانی هەر سیستمێکی دیموکراتین،بەڵام دانپێدانان بەم مافانە لۆژیکیەن بە واتای قبوڵکردنی مافی نەتەوەیەک نییە بۆ دیاریکردنی ئازادانەی پێگەی خۆی و داهاتووی سیاسیی خۆی. بۆ نموونه، ڕەنگە دەوڵەتێک مافی کولتووری و زمانیی نەتەوەکان دەستەبەر بکات، بەڵام هێشتا بڕیاردان لەسەر پێکهاتەی سیاسی و ولاتدا بەشیوازێکی قۆرخکراو لە دەستی دەوڵەتی ناوەندی بهێڵێتەوە.
بۆیە کورتکردنەوەی پرسی نەتەوەیی کورد تا ئاستی داواکاریی کولتووری یان مافی هاووڵاتیبووندا، بە واتای پشتگوێخستنی ڕەهەندە سیاسییەکەی دێت.
مافی دیاریکردنی چارەنووس، لە واتای ڕاستەقینەی خۆیدا، دەربڕینی مافی نەتەوەیەکە بۆ بڕیاردانی ئازادانە لەسەر دۆخی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووریی خۆی،ئەو مافەی کە کورت ناکرێتەوە بۆ پێدانی ئیمتیازهایەک لەلایەن دەسەڵاتی ناوەندییەوە.
یەکێکی دیکه لە بابەتە مشتومڕاوییەکان لە نێوان هێزەکانی ئۆپۆزسیۆندا، جەختکردنەوەیە لەسەر پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێران وەک ئەسڵێکی پێشوەختە کە جێگەی گفتوگۆیان بە تەواوی لە سەری داخستووە. ئەم هەڵوێستە کاتێک گرنگی زیاتر پەیدا دەکات کە لە پاڵ ئەوەدا، باس لە قبوڵکردنی فرە نەتەوەیی، مافی زمانی و کولتووری و تەنانەت ئەگەری تاوتوێکردنی مۆدێلەکانی حوکمڕانی وەک فیدرالیزم دەکرێت..
کێشەی سەرەکی لێرەدا جیاوازی لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات نییه،لێرەدا پەیوەندی بە بنەما و سنوورەکانی مافی بڕیاردانی نەتەوەکانەوە هەیە. ئەگەر یەکپارچەیی خاک وەک ئەنجامێکی حەتمی و دەرەوەی بازنەی هەڵبژاردن و گفتوگۆ پێناسە بکرێت، لەم حاڵەتەدا بازنەی مافی دیاریکردنی چارەنووس، پێشوەخته سنووردار دەکرێت. لە بارودۆخێکی ئاوادا، قبوڵکردنی فرە نەتەوەیی و کولتووری لەوانەیە لە ئاستێکی سیمبولیک و ئیداریدا بمێنێتەوە، بەبێ ئەوەی ببێتە هۆی سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی ڕاستەقینەی هاوکێشەکانی دەسەڵات و قبوڵکردنی ئیرادەی سیاسیی نەتەوەکان.
بێگومان دەبێت جیاوازی دابنرێت لە نێوان قبوڵکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووس و بڕیاردانی پێشوەختە لەسەر ئەنجامە کۆتاییەکەی. داکۆکیکردن لەم مافە مەرج نییە بە واتای سەپاندنی شێوازێکی دیاریکراو لەوانه سەربەخۆیی لە ڕێکخستنی سیاسی بێت. بابەتی سەرەکی، قبوڵکردنی مافی هەڵبژاردنی ئازادانەیە. ئەم هەڵبژاردنە دەکرێت ببێتە هۆی شێوازی جیاواز لە پەیوەندییە سیاسییەکان، لەوانە پێکهاتەی فیدراڵی، ڕێککەوتنی سیاسی هاوبەش یان بژاردەکانی تر. ئەوەی ڕەوایەتی دیموکراتی بەم هەڵبژاردنە دەبەخشێت، ئازادبوونی پرۆسەی بڕیاردان و نەبوونی ئیجباری سیاسییە.
کوردستان ئەزموونێکی مێژوویی لە بەردەوامیی کێشەی دەسەڵاتی ناوەندگەرا هەبووه و هەر لە لایەن ئەو دەسەڵاتەوە لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا گەلێک ستەمی بینیوە.
ئەم ئەزموونه نیشانی دەدات کە گۆڕینی سیستمی سیاسی، وەکوو خۆی بە واتای کۆتاییهاتنی ستەمی نەتەوەیی نییە. شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ و گۆڕانکارییەکانی دوای ئەو، نموونەیەکی ڕوونی ئەم ڕاستییەن. سەرەڕای بەشداریکردنی گەلی کورد لە گۆڕانکارییە شۆڕشگێڕییەکاندا و خستنەڕووی داواکارییە سیاسی و نەتەوەییەکان، پێکهاتەی سیاسیی نوێ نەک هەر وەڵامدەرەوەی ئەم داواکارییانە نەبوو، بەڵکو لە ڕێگەی سەرکوت و ڕووبەڕووبوونەوەی نیزامییەوە، پەیوەندیی دژبەیەک و ململانێی نێوان دەوڵەتی ناوەندی و کۆمەڵگەی کوردستانی بەردەوام کرد.
گرنگیی ئەم ئەزموونە لەوەدایە کە نیشانی دەدات کێشەکە تەنیا لەسەر ماهیەتی ئایدۆلۆژیی دەسەڵاتێک یان پێکهاتەی هێزە خاوەن دەسەڵاتەکان کورت نابێتەوە، بەڵکو پێکهاتەی ناوەندگەرای دەسەڵات و تێڕوانینی قۆرخکارانە بەرامبەر بە حاکمییەت ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەگێڕن. لەبەر ئەم هۆکارە، جێگرتنەوەی سیستمێکی سیاسی بە سیستمێکی تر، بەبێ پێداچوونەوە بە کێشەکانی پێوەندیدار بە نەتەوەکان و ئەو ستەمانه کە یەک بە دوای یەک بەرانبەریان کراوە، لۆژیکیەن نابێتە هۆی گۆڕانکارییەکی دیموکراتی ڕاستەقینە.
لەم ڕوانگەیەوە، دەبێت پرسی کورد لە قۆناغی پێناسەکردن و داڕشتنی بنەماکانی سیستمی سیاسیی داهاتوودا سەرنجی پێبدرێت، نەک ئەوەی دوای جێگیربوونی پێکهاتە نوێیەکە ببێتە بابەتێک بۆ گفتوگۆ و بڕیاردان.
هاوکاری سیاسی و زەروورەتی پاراستنی سەربەخۆیی هەڵوێستەکان یەکێکه لە ئەو بابەتانەی کە لە قۆناغی تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی دەبێت بە وریایی و وردبینییەوە لەگەڵی بجووڵینەوە.
خستنەڕووی پرسی نەتەوەیی لە پرۆسەی تێپەڕیندا، بە واتای ڕەتکردنەوەی هاوکاریی نێوان هێزە نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی نییە. هاوکاری سیاسی و دروستبوونی هاوپەیمانییە هاوبەشەکان دەتوانێت لە خەبات دژی دیکتاتۆری و داکۆکیکردن لە ئازادییە سیاسییەکاندا ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت. بەڵام ئەم جۆرە هاوکارییانە کاتێک خاوەن سەقامگیری و متمانە دەبن کە لەسەر بنەمای قبوڵکردنی ماف و داواکارییە بنەڕەتییەکانی هێزە بەشداربووەکان دابمەزرێن.
هەڵپەساردنی جیاوازییە سەرەکییەکان بە هیوای چارەسەرکردنیان لە داهاتوودا، ڕەنگە لە کورتماوەدا یارمەتیدەر بێت بۆ ئاسانکاریی هاوکارییەکان، بەڵام لە درێژماوەدا دەتوانێت ببێتە هۆی کەڵەکەبوونی ناڕەزایەتییەکان و دروستبوونی قەیرانی مەشرووع لە سیستمی سیاسیی داهاتوودا. بۆیە ڕوونی و شەفافیەت لەسەر پرسی نەتەوەیی و قبوڵکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووس دەبێت لە بنەما سەرەتاییەکانی هەر جۆرە هاوکارییەکی سیاسی بێت.
بۆ هێزە چەپەکانی کوردستان، ئەو ڕەوتانەی نوێنەرایەتی چەپ دەکەن لە کوردستان کە بەرچاوترینیان، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانه، ئەم پرسە جیا لە گرنگیی نەتەوەیی، خاوەنی ڕەهەندی کۆمەڵایەتی و چینایەتیشە. خەبات دژی ستەمی نەتەوەیی کاتێک دەتوانێت ببێتە پڕۆژەیەکی ڕزگاریبەخش کە ببەسترێتەوە بە خەبات دژی چەوسانەوەی ئابووری، نادادپەروەری کۆمەڵایەتی، هەڵاواردنی ڕەگەزی و سنووردارکردنی ئازادییە تاکەکەسی و سیاسییەکان. ڕزگاریی نەتەوەیی بەبێ دادپەروەری کۆمەڵایەتی، و دادپەروەری کۆمەڵایەتی بەبێ دانپێدانان بە مافە نەتەوەییەکان، ڕووبەڕووی مەحدوودییەتی بنەڕەتی دەبنەوە.
لە کۆتاییدا
تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی دەرفەتێکە بۆ سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی پەیوەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە ئێراندا،بەڵام بەدیهاتنی گۆڕانکارییەکی دیموکراتی پێویستی بەوەیە کە لۆژیکی ناوەندگەرایی زۆرەملێ، نکۆڵیکردن لە ناسنامە نەتەوەییەکان و قۆرخکردنی بڕیار لە ناوەنددا بخرێتە ژێر ڕەخنە و پێداچوونەوەوە.
پرسی کورد نابێت بۆ داهاتوو دوا بخرێت، چونکە ئەم دواخستنە بە واتای قبوڵکردنی چوارچێوەیەکە کە تێیدا سەرەتا پێکهاتەی دەسەڵات دیاری دەکرێت و پاشان بڕیار لەسەر ماف و پێگەی سیاسیی نەتەوەکان دەدرێت. ئەم ڕێزبەندییە لەگەڵ پرەنسیپی بەشداریکردنی یەکسان و مافی دیاریکردنی چارەنووسدا ناگونجێت.

