بۆچی لاوان کۆچ دەکەن؟

چاوێک لە خەونە ونبووەکان، نایەکسانی و داهاتوویەکی نادیار

ماریا جەهانگیرپور

کۆچی لاوان یەکێکە لە پرسە کۆمەڵایەتییە گرنگەکان لە جیهانی ئەمڕۆدا. لاو سەردەمی پێکهێنانی کەسایەتی، خەون و ناسنامەی مرۆڤە؛ کاتێک کە هەموو کەسێک دەرفەتی خوێندن، ئەزموون، پەرەپێدانی بەهرەکانی و پلاندانان بۆ داهاتووی هەبێت. بەڵام بۆچی زۆرێک لە لاوان لەبری ئەوەی داهاتوویەک لە وڵاتەکەی خۆیاندا بنیات بنێن، بیر لە کۆچکردن دەکەنەوە؟ یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی کۆچی لاوان نەبوونی هیوا بۆ داهاتووە. لاو کاتێک هەست دەکات خوێندنەکەی گەرەنتیی ژیانێکی باشتر نییە، بەدوای وڵاتێکدا دەگەڕێت کە دەرفەتی پێشکەوتنی زیاتری تێدا بێت.

کێشەی ئابووری و هەژاری

یەکێکە لە هۆکارە گرنگەکانی کۆچکردن. زۆرێک لە لاوان لە خێزانێکدا دەژین کە لەگەڵ کێشە ئابوورییەکاندا دەجەنگن و هەندێک جار ناچار دەبن زوو بچنە ناو بازاڕی کارەوە یان دەستبەرداری خوێندن و خەونەکانیان بن بۆ ئەوەی یارمەتیی خێزانەکانیان بدەن.

نەبوونی دەرفەتی خوێندن

نایەکسانیی دەستڕاگەیشتن بە خوێندن، سنوورداربوونی ئامرازەکانی خوێندن و نەبوونی دەرفەت بۆ بەردەوامبوون لە خوێندن، وا دەکات هەندێک لە لاوان کۆچکردن وەک ڕێگەیەک بۆ گەیشتن بە خەونەکانیان ببینن. ئەوان دەیانەوێت لە ژینگەیەکدا بژین کە بەهرەکانیان ببینرێت و داهاتوویەکی پەروەردەیی باشتریان هەبێت. شەڕ، توندوتیژی، نائەمنی و جیاکاریی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی، هۆکاری دیکەی کۆچی لاوانن. هیچ لاوێک نابێت لە ترسی داهاتوو، توندوتیژی یان بێبەشی گەورە بێت. مافی ژیان لە سەلامەتی، پەروەردە و دەرفەتی یەکسان، مافی بنەڕەتیی هەموو منداڵ و لاوێکە.

هەندێک لە لاوان هەست دەکەن کە ناتوانن لە کۆمەڵگاکەیاندا بە ئازادی بیر بکەنەوە، بۆچوونەکانیان دەرببڕن، یان بڕیار لەسەر داهاتووی ژیانیان بدەن. ئەوان بەدوای کۆمەڵگایەکدا دەگەڕێن کە تێیدا ڕێز لە کەسایەتی، بیرکردنەوە و هەڵبژاردنەکانیان بگیرێت.

خەونبینین بە ژیانێکی باشتر

هەندێک جار، کۆچکردن تەنها دەربازبوون نییە لە کێشەکان؛ هەوڵێکە بۆ گەیشتن بە خەونەکان. لاوانمان دەیانەوێت داهاتوویەک بنیات بنێن کە تێیدا دەرفەتی خوێندن، کارکردن، ئازادی، ئاسایش و ئارامییان هەبێت.

کۆچکردن؛ هەڵبژاردن یان ناچاری؟

دەبێت لەخۆمان بپرسین بۆچی لاوانمان کە پێویستە لەگەڵ خێزان، هاوڕێ و کۆمەڵگاکەی گەورە ببێت، دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە دەیەوێت لە خاکێکی تردا بەدوای داهاتووی خۆیدا بگەڕێت؟

کاتێک لاوانمان زێدی خۆیان بەجێ دەهێڵن، نەک تەنها سەرچاوە مرۆییەکان لەدەست دەچن؛ بەشێک لە بەهرە، داهێنان، کلتوور و داهاتووی کۆمەڵگایەکیش لەگەڵیان کۆچ دەکات.

بێگومان کۆچکردن هەمیشە هەڵبژاردەیەکی ئازاد نییە. هەندێک جار لاوان بەهۆی بارودۆخی خێزانی، هەژاری، شەڕ یان نائەمنی، ناچار دەبن ماڵ و زەوییەکانیان بەجێ بهێڵن. هەروەها ئەم ڕێگایە دەتوانێت بەرەوڕووی مەترسییەکانی وەک بازرگانیکردن بە مرۆڤ، خراپبەکارهێنان، هەڵاواردن و بێبەشکردنیان بکاتەوە.

ئەنجام

کۆچی لاوان نابێت تەنها بە بڕیارێکی کەسی هەژمار بکرێت؛ بەڵکو پێویستە بە نیشانەی قووڵتربوونی کێشە کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسییەکان هەژمار بکرێت. لاوان سەروەت و سامانی داهاتووی هەر کۆمەڵگایەکن. ئەگەر کۆمەڵگایەک بیەوێت نەوەی گەنجی خۆی بپارێزێت، لەبری ئەوەی تاوانباریان بکات، دەبێت هەلومەرجێک دروست بکات کە تێیدا هەست بە سەلامەتی، ئازادی، ڕێزگرتن و هیواخوازی لە خاکی خۆیدا بکات.

Share.

Comments are closed.