له‌گه‌ڵ شه‌پۆله‌کانی شێعری نوێی کوردیی

‌(١)

له‌ شێعری “نیما“یی سواره‌ وه‌ تا “چرکانه“‌ و “شێت“

ساڵح سووزەنی

بەشی دووهەم؛

ئه‌نجامی ئه‌و هه‌وڵانه‌ ده‌گاته‌ “داکار” واته‌ بڕیاردان بۆ پڕۆژه‌یه‌کی شێعریی دیکه‌.. که‌ به‌ پێی به‌یاننامه‌یه‌ک ویستی خۆی پێناسه‌ بکا1

 راسته‌ به‌یاننامه‌ی”داکار” ئه‌نجام له‌ چرکانه‌کاندا گیرسایه‌وه‌ ( که‌ به‌ڕای من وێکچووی یان هه‌مان ئه‌و خاڵانه‌ بوون که‌ ساڵانی 44 و دواتر له‌ لایه‌ن شاعیرانی به‌ ناو” شه‌پۆلی نوێ”- لقی شێعری ته‌شکیلی- له‌ کتێبی”صور و اسباب شعر امروز ایران” له‌ لایه‌ن “اسماعیل میری عه‌لا” وه‌ بڵاوکرایه‌وه‌ و دواتر (ساڵی 1377) له‌ کتێبی”تێئۆری شێعر”دا له‌ 19خاڵدا جه‌م و جۆرتر کرا)

شه‌مس له‌نگروودی ئاوه‌ا باسی ئه‌و شه‌پۆله‌ شێعرییه2‌ ده‌کا؛

” شێعرێ که‌ ده‌سه‌ڵاتی ده‌ربڕین و تۆکمه‌یی زمانیی له‌ شێعری نیماوه‌ وه‌رگرتبوو و وێنه‌سازیی و وه‌شه‌پۆلان خستنی فڕینه‌زێهنه‌ییه‌کانی له‌ “شه‌پۆلی نوێ” واته‌؛

1- روون بوونی ده‌ربڕینه‌کانی و دووره‌په‌رێزیی له‌تارمایی و بێمانایی میراتی شێعری نیما بوو..

2- وێنه‌یی بوونی زمان و ئازادبوونی زێهنی خوڵقێنه‌ر و.. هی‌ شه‌پۆلی شێعریی نوێ ..”

 (تاریخ تحلیلی شعر نو- جلد چهار)

 به‌ڵام تۆوی ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ و پرسیار و گومان و نووسینه‌کانی دوایی.. نوێخوازیی به‌ره‌و قۆناغێکی دی هاندا و له‌ هه‌نده‌سه‌ی شێعری یوونس ره‌زایی و “ئانارشیزمی زمانیی” خاوه‌نی ئه‌م قه‌ڵه‌مه‌ و داڵ بۆ دال و “خودمه‌رجه‌عی”ده‌قی ره‌زا عه‌لیپوور دا به‌ سێ ئاراسته‌ی جیاوازدا ته‌شه‌نه‌ی کرد؛

ئه‌لف- هه‌ر چه‌ند ده‌قی به‌یاننامه‌ی داکار باس له‌ جۆرێک شێعری “حجم”ده‌کا(بڕواننه‌ خاڵی 8 ی به‌یاننامه‌که‌ی داکار که‌ ده‌ڵێ: شیعر بزووتن و جوولانەوە، لە وشەیەکەوە بۆ وشەیەکی تر لە وێنەیەکەوە بۆ وێنەیەکی تر تا گەیشتن بە فۆرمێکی تەواو…) به‌ڵام جه‌ختی چرکانه‌کان له‌سه‌ر وێنه‌، وێنه‌گه‌لی هێڵیی لای خۆمان ده‌کاته‌ وێنه‌ی رووبه‌ر و دوو ره‌هه‌ند؛

” ئاو ئاشتبوونه‌وه‌ی سه‌رابه‌ و ده‌ریا

من په‌یژه‌ی هه‌ڵچوون تا شه‌ڕی واقیع له‌گه‌ڵ خۆیدا”        بێهزاد کوردستانی- غاره‌تی شه‌مامه‌

” پێخه‌فی هیوایه‌ک/ بۆ زه‌ریا ڕابخه‌/ رووناکی خه‌ون به‌ چاوانته‌وه‌ ده‌بینێ”

“تاریکی دڵۆپه‌ ئه‌کات/  هه‌ی ڕۆ!   ئه‌وین .. ئه‌وین”

چڵه‌ شێعرێک له‌ گوڵدانی مه‌مانتا په‌روه‌رده‌که‌/ ژیان خه‌ونێکه‌ ڕواو”

 ئه‌یاز خوونسیاوه‌شان- دوازده‌ چرکانه‌ی ته‌نیا

چرکانه‌کان به‌ هێنانه‌وه‌ی دوو وێنه‌ی سه‌ره‌کی داوا له‌ خوێنه‌ر ده‌کا مه‌ودای نێوانیان پڕبکاته‌وه‌ و به‌شداریی شێعره‌که‌ بکا… واته‌ کارێک که‌ پێشتر شاعیرانی شه‌پۆلی نوێ ده‌یانکرد. بڕواننه‌ ئه‌م شێعره‌ی “احمدرضا احـمدی” له‌ شاعیرانی شه‌پۆلی نوێی ئێران؛

    “هه‌موو ژیان، چێوێک به‌ ده‌نووک مه‌لێکه‌وه‌

     هه‌ڵده‌هات”( تمام هستی- چوبی بر دهان پرنده‌ای- می گریخت)      یان

“شهری فریاد میزند آری

کبوتری تنها/ به‌ کنار برج کهنه‌ می رسد/ می گوید: نه”

که‌ به‌ڕاستی له‌ چرکانه‌کانی داکاری ده‌چن(!!).     

 به‌ڵام شێعری “شێت” و ده‌قه‌کانی به‌ڕێز یوونس ره‌زایی وێنه‌ به‌ره‌و بزاڤ و حجم (چه‌ندره‌هه‌ندیی) ده‌با ( ئه‌وه‌مان له‌بیر نه‌چێ هێشتا جه‌خت له‌سه‌ر وێنه‌یه‌ له‌ هه‌مان پێناسه‌ی پێشوودا) واته‌ هه‌وڵدانه‌ بۆ چه‌ندره‌هه‌ندیی بوونی وێنه‌، له‌ مه‌نگیی و راوه‌ستاویی وێنه‌وه‌ بۆ بزاڤی وێنه‌یی” یانی دۆخی وێنه‌یه‌ک بتوانێ رێگای سێحرئامێزی وێنه‌یه‌کی دی داگیربکا، ئه‌وه‌ی که‌ هیچ وێنه‌یه‌ک ئاواره‌ و سه‌رگه‌ردان نه‌بن، به‌ڵکوو وێنه‌کان پێکه‌وه‌ عه‌وداڵی یه‌کدی بن.. تا له‌ شوێنێکدا(پێکه‌وه‌) تووشی ته‌قینه‌وه‌یه‌کی بازنه‌یی ببن.. لێره‌دا له‌بری ئه‌وه‌ی به‌دوای حه‌ره‌که‌یه‌کی وێنه‌یی له‌ ره‌هه‌ندی درێژیی(طولی)دا بگه‌ڕێین، کۆیه‌ک وێنه‌ی پڕجووڵه‌مان هه‌یه‌ که‌ پێکه‌وه‌ رووئه‌ده‌ن .. کاتێک شتی وا روو ئه‌دا؛ ئێمه‌ش هه‌ست به‌ ئه‌زموونکردنی دیارده‌ی نوێ ده‌که‌ین.. ئه‌م کۆوێنه‌ پڕجمووجووڵه‌ به‌بێ ته‌داره‌کی پێشوو دێن و ڕاسته‌وخۆ به‌دوای ده‌روونی مڕۆڤدا ئه‌گه‌ڕێن و وه‌ک رووداوێک.. له‌وێدا سه‌قامگیر ده‌بن، وه‌ک ئه‌وه‌ی خۆمان تووشی رووداوێک بووبێتین.. هه‌ر بۆیه‌ شێعره‌که‌ له‌ مه‌دارێکدا ناوه‌ستێ.. هه‌م لایه‌نی درێژیی و هه‌م له‌ هه‌موو بازنه‌کانیی جووڵه‌یی(دوایر حرکتی) تێده‌په‌ڕێ و ده‌یکاته‌ حه‌جم… مێعماریی حه‌جم یانی گه‌یشتن به‌ ئه‌وپه‌ڕایه‌تی ژیان، به‌هۆی بازدان له‌ سێ ره‌هه‌نده‌وه‌.. و له‌ گه‌ڕانه‌وه‌شدا ناگاته‌وه‌ سه‌کۆی واقیع.. واقیعی دایک.. یان هه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ک له‌ئارادا نیه‌، بۆ وه‌ی ره‌هه‌نده‌کانی پشت وێنه‌که‌ خراپ بوونه‌” 3  

“حجم گرایی نه‌ هوس است و نه‌ تفنن، نقشی است خشن و عصبی،تپشی آگاه برای هنر شاعری در انسان دیوانه‌ی شعر” (بیانیه‌ شعرحجم)

هه‌ربۆیه‌ ئه‌م چه‌شنه‌ شێعره‌ لای ئێمه‌ به‌ شێعری شێت پێناسه‌کراوه‌

” باران که‌ ده‌نووسێ دوێنێ

تا ئه‌لف و بێی ئاو

ئه‌لف و بێی دارستانی رووداوێک ده‌بارم له ‌بارانا ته‌ڕمده‌نووسی…..

شاعیرێک به‌ ئه‌لف و بێی بارانه‌وه‌

له‌ شێعرێکدا لووره‌ی ته‌ڕی رووداوه‌کان ون ده‌کا

له‌ گه‌ڵ حیله‌ی چکووله‌ترین پیت

ژیانی خۆی دارستانانه‌ ئه‌له‌رێته‌وه‌

هه‌ڵفڕینه‌ ئه‌م شێعره‌

له‌ خۆشه‌ویستی جه‌نگه‌ڵه‌وه‌ تا گیاندار..”

ده‌بینن چۆن وێنه‌کان شوێنگۆڕکێ ده‌که‌ن و به‌ هه‌ر سێ ره‌هه‌ندی شێعر، شاعیر، دیارده‌(باران)دا ته‌شه‌نه‌ ده‌که‌نه‌وه‌ بۆ یه‌کدی و هه‌ڵده‌فڕنه‌وه‌…( پێشتر به‌ڕێز ره‌هبه‌ر مه‌حموودزاده‌ خشته‌کانی بزاڤ و جووڵه‌ی وێنه‌یی شێعری شێتی له‌ وتارگه‌ڵ”هه‌ندسه‌ی شێعری په‌یڤ و “وشه‌ هه‌ڵگری ره‌ساڵه‌تی تریفه‌”دا به‌ جوانی کێشاوه‌ته‌وه‌ و پێویست به‌ پاتکردنه‌وه‌ ناکا بۆ وه‌ی ئه‌مه‌ هه‌مان بزاڤی وێنه‌یه‌ که‌ پێشتر روئیایی تێئۆریزه‌ی کردوه‌ و وه‌ک شێعریش ده‌قاندوویه‌تی؛

” من تن/ تن من/ من و تۆ تن تن

چون با تن تۆ می تنم / تن تن تن تن”   1+1=4

و “میری عه‌لا” ته‌نانه‌ت خشته‌ی چۆن سازبوونی ئه‌و چه‌شنه‌ وێنانه‌ له‌ رێگای وێکچوو و له‌وچوو و ئامرازی وێکچوو و هۆی وێکچویی یه‌وه‌ فرمووڵه‌ ده‌کا5

بۆ باشتر تێگه‌یشتن له‌ پشتیوانه‌ی تیۆریی چرکانه‌کان و شێعری شێت خوێنه‌ری چالاک حه‌تم ده‌بێ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ده‌قه‌کانی ئوکتاویۆپاز و ئیماژیسته‌کان له‌ شێعری جیهانیدا و وسازبوونی “شه‌پۆلێ نوێی”4 شێعری فارسی(ساڵانی 44تا48)  و جوێبوونه‌وه‌ دوولقی؛ شێعریی ته‌شکیلی(تجسمی) و شێعریی حجم(سپاسمانتاڵ)‌؛ واته ‌گروه طرفه‌ و “موج نوییها” به‌”جزوه‌ شعر”.و …  له‌ لایه‌که‌وه‌ و  رۆیایی – بیژن الهی – بهرام اردبیلی و” حجم”یه‌کان به‌”شێعر دیگر”ه‌وه‌  له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌..

پێویسته‌ لێره‌دا ئاماژه‌ی پێ بکرێ که‌؛ له‌م قۆناغه‌شدا پێناسه‌ی شێعر نه‌گۆڕدراوه‌، بۆ وه‌ی له‌بری کێش و سه‌روا گرینگیی دراوه‌ته‌ وێنه‌ی شێعری و له‌ وێنه‌ی شێعریشدا له‌ وێنه‌گه‌ڵ رووبه‌ره‌وه‌ (سطح، ئاسۆیی- ئستوونی)یه‌وه‌، هه‌ڵکشاوه‌ بۆ وێنه‌ی سپاسمانتاڵ واته‌ وێنه‌ی پڕبزاڤ و چه‌ند ره‌هه‌ند و پێکهاته‌ی وێنه‌یی تیایدا ده‌وری گرینگ ئه‌گێڕێ….

با وه‌کوو شێعری چه‌ندره‌هه‌ند(سپاسمانتاڵ) له‌ زمانی فارسی دا به‌ “روئیایی” یه‌وه‌ ده‌ست پێده‌کا و به‌ویشه‌وه‌ دوایی دێ، “روئیایی به‌ راستی له‌ هه‌موو تواناکانی ئه‌و بیرۆکه‌یه‌ که‌ڵکی وه‌رگرت و هه‌رکه‌س بیهه‌وێ لاسایی ئه‌و بکاته‌وه‌ هه‌ر تیایدا ون ده‌بێ، بۆ وه‌ی؛ ئه‌لف- ئه‌و‌ ئه‌زموونێکی ده‌ستی یه‌که‌می نواند و که‌سانی دی، ئه‌زموونی ده‌ستی دووهه‌م به‌کار ده‌هێنێن. ب- شێعری روئیایی ده‌ستی به‌سه‌ر هه‌موو تواناکانی شێعری حه‌جم دا گرتوه‌ و هه‌مووی”مصادره‌” کردوه”6‌) به‌ڵام تاقی کردنه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌زموونه‌ له‌ شێعری کوردیدا نه‌ک هه‌ر ره‌وتی نوێخوازیی ده‌باته‌ ئاستێکی تر، ( بۆ وه‌ی نوێخوازان ده‌یان جار دووپاتیان کردۆته‌وه‌ که‌ ئه‌زموونی شێعر و ئه‌ده‌بی جێهانی به‌ ئه‌زموونی ئه‌دب ده‌زانن و له‌و ده‌لاقه‌شه‌وه‌ ده‌قه‌کانی خۆیان ده‌نوێنن) به‌ڵکوو ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ش ئه‌داته‌ خوێنه‌رانی شێعر که‌ زێده‌تر ئاشنای تواناییه‌کانی دیکه‌ی شێعری “حجم” بن و له‌ وێنه‌ “مه‌حوه‌ری”یه‌وه‌ به‌ره‌و زمان مه‌حوه‌ری و له‌ ئیرجاع بۆده‌ره‌وه‌ بۆ ئیرجاع به‌خۆ به‌ره‌و ئاستێک یان قۆناخێکی دیکه‌ی نوێترخوازیی بیهێننه‌ ئه‌زموون؛

درێژەی هەیە..

Share.

Comments are closed.