ڕۆژی ٢٥ی سێپتەمبەری ٢٠٢٦، کۆنفرانسی «قەیرانی مافی مرۆڤ لە ئێران؛ لە بنەما هاوبەشەکانەوە بۆ کردەوەی هاوبەش» لە ئۆسلۆی نەرویژ بەڕێوە چوو. لەو کۆنفرانسەدا نوێنەرانی بەشێک لە حیزب و هێزە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و هەروەها نوێنەرانی نەتەوە و بزووتنەوە جیاوازەکان بەشدار بوون، لەوانەش کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان. ئەم کۆنفرانسە دەرئەنجامی پرۆسەیەکی ساڵێک گفتوگۆ و دانوستاندن بوو لەسەر کۆمەڵێک بنەمای کەمینەی مافی مرۆڤ بۆ قۆناغی گواستنەوە، کە لە کۆتاییدا بە واژۆکردنی بەڵگەنامەکە لە لایەن لایەنە بەشداربووەکانەوە کۆتایی هات. هەنگاوێکی لەم جۆرە، لە ڕووی دروستکردنی بوارێکی هاوبەش بۆ گفتوگۆ و هاوکاریی هێزە سیاسییە جیاوازەکانەوە، گرنگە، بەڵام گرنگتر لە خودی واژۆکە، ئەو پرسیارەیە کە لە دوای واژۆکردنەکەدا دەبێت بخرێتە بەردەم هەموو لایەنەکان: ئایا بەڵگەنامەیەکی مافی مرۆڤ دەتوانێت بە تەنیا کۆتایی بە ستەمی نەتەوەیی، جێندەری، چینایەتی و ستەمە پێکهاتەیییەکانی دیکەی ناو کۆمەڵگەی ئێران بێنێت؟
وەڵامەکە بە ڕوونی «نا»یە. چونکە لە نێوان داننان بە ماف و دەستەبەرکردنی ماف، لە نێوان ئەوەی لە دەقێکی یاساییدا بە فەرمی بناسرێت و ئەوەی لە واقعێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بکرێتە مافی زیندوو، مەودایەکی زۆر گەورە هەیە. ماف بە خۆی خۆی پەیوەندییەکانی دەسەڵات ناگۆڕێت؛ ئەگەر هێز و دامەزراوە و کۆمەڵگەی سیاسی نەبنە هێزی جێبەجێکردن و پاراستنی ئەو مافانە. بەڵگەنامەکە دەتوانێت لە سنووری دەق و پابەندیی ئەخلاقییەوە پێشتر نەچێت. لە بنەڕەتدا، ستەم تەنیا لە نەبوونی یاسای دادپەروەرانەدا نییە، ستەم لە پێکهاتەی دەسەڵات، دابەشکردنی سامان و دەرفەت، هەژموونی سیاسی و کلتووری، دامەزراوەکان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا جێگیرە. بۆیە ئەگەر ئەم پەیوەندییانە نەگۆڕدرێن، تەنانەت دەستوورێکی پێشکەوتوو و یاسایەکی فراوانی مافی مرۆڤیش ناتوانێت بە تەنیا میراتی ستەم لەناو ببات.
ئەزموونی ئەفریقای باشوور لەم بارەیەوە نموونەیەکی گرنگە: ڕووخانی ئەپارتاید و دامەزراندنی دەستوورێکی نوێ لەسەر بنەمای یەکسانی، گۆڕانێکی مێژوویی بوو، بەڵام نایەکسانیی مێژوویی لە سامان، زەوی و دەرفەتە ئابوورییەکان بە خۆکار لەگەڵ گۆڕانی سیاسییدا نەڕووخا. لە هیندستانیش، سەرەڕای دەستوور و یاساکانی دژی جیاکاری، هەندێک لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە مێژووییەکان کە جیاکاری دژی دالیتەکان و کۆمەڵگە بومییەکان بەرهەم دەهێنن، هێشتا بەردەوامن. واتە یاسا دەتوانێت جیاکاری قەدەغە بکات، بەڵام گۆڕینی یاسا بە تەنیا بە مانای گۆڕینی ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییە نییە کە جیاکاری و نایەکسانی لەناویان کۆتایی پێ نایەت و دووبارە بەرهەم دەهێنرێتەوە.
ئەمە بۆ ئێران گرنگییەکی تایبەتی هەیە چونکە قەیرانی ئێران تەنیا قەیرانی نەبوونی ئازادییە مەدەنی و سیاسییەکان نییە، بەڵکوو قەیرانی پێکهاتەی دەسەڵات و شێوازی دابەشکردنی دەسەڵات و سامانە. پرسی نەتەوەیی، مافی دیاریکردنی چارەنووس، نایەکسانیی جێندەری، ستەمی ئابووری و نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی، هەموویان لەگەڵ ئەو پێکهاتە سیاسییە پەیوەندیدارن کە دەسەڵات لەسەر بنەمای ئەوەی «کێ بڕیار دەدات و کێ بڕیاری لەسەر دەدرێت» دابەش دەکات. لەبەر ئەوە، گواستنەوەی سیاسی لە ئێراندا نابێت تەنیا بە گۆڕینی ناوی سیستەم یان دەسەڵاتدارانی ناوەند سنووردار بکرێت، ئەگەر پەیوەندییە بنەڕەتییەکانی دەسەڵات بەجێ بمێنن، گۆڕانەکە لە ئاستی ناوەڕۆکدا دەتوانێت تەنیا گۆڕینی بەڕێوەبەر بێت، نەک گۆڕینی پێکهاتە.
بۆ نەتەوەی کورد و نەتەوە بندەستەکانی دیکەی ئێران، ئەم خاڵە گرنگترە، چونکە پرسی نەتەوەیی نابێت لە چوارچێوەی دەستەواژەی گشتیی «یەکسانیی هەموو هاووڵاتییان»دا بتوێنرێتەوە. یەکسانیی هاووڵاتیبوون بنەمایەکی پێویستی مافی مرۆڤە، بەڵام وەڵامی هەموو پرسی نەتەوەیی نییە. پرسیارە سەرەکییەکە تەنیا ئەوە نییە کە تاکی کورد یان نەتەوەکانی ژێر ستەم لە بەرامبەر یاسادا لەگەڵ تاکەکانی دیکەدا یەکسان بێت، پرسیارەکە ئەوەیە کە نەتەوەکانی بندەست چ مافی سیاسی و دامەزراوەییان هەیە بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری خۆیان و دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان. مافی زمان و کلتوور، مافی بەڕێوەبردنی کاروباری خۆی، بەشداریی ڕاستەقینە لە دەسەڵاتدا و مافی دیاریکردنی چارەنووس، بابەتگەلێکن کە بە یەک ڕستەی «یەکسانیی هاووڵاتییان» چارەسەر نابن، چونکە ئەوەی لە ئاستی تاکدا یەکسانییە، لە ئاستی نەتەوەدا لەوانەیە بەردەوامیی پێکهاتەی بندەستی بێت.
هەمان شت لەبارەی ستەمی جێندەرییەوە ڕاستە. داننان بە یەکسانیی ژن و پیاو و یەکسانیی جێندەری لە یاسادا پێویستە، بەڵام ئەگەر پەیوەندییەکانی دەسەڵات، دابەشکردنی کاری ناوخۆ، نایەکسانیی ئابووری، توندوتیژی دژی ژنان و کەمبوونی بەشداریی ژنان و کەمینە جێندەرییەکان لە ناوەندەکانی بڕیارداندا نەگۆڕدرێن، یەکسانیی یاسایی دەتوانێت لە ئاستی کاغەزدا بمێنێتەوە.
بەرەنگاربوونەوەی ستەمی جێندەری پێویستی بە خەباتێکی ڕێکخراو و درێژخایەنە و پێویستیشی بە گۆڕینی ئەو هێزە هەیە کە نایەکسانی بەرهەم دەهێنێت و دووبارەی دەکاتەوە.
هەروەها مافی مرۆڤ نابێت لە ئازادییە مەدەنی و سیاسییەکاندا کورت بکرێتەوە. مافی کرێکار، مامۆستا، خانەنشین، کاسبکار و چین و گرووپە کەم‌داهاتەکان بۆ ژیانێکی شایستە، کاری ئاسایشدار، پەروەردە، تەندروستی و بەشێکبوون لە سامان و دەرفەتەکانی کۆمەڵگە، بەشێکی دانەبڕاوە لە دادپەروەری. ئەگەر لە داهاتووی ئێراندا تەنیا شێوەی دەسەڵات بگۆڕدرێت، بەڵام نایەکسانیی ئابووری و دابەشکردنی ناعادڵانەی سامان و دەرفەت بەردەوام بن، ئەوا گۆڕانە سیاسییەکە هێشتا نەیتوانیوە بە تەواوی لەگەڵ پێویستییەکانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتیدا بگونجێت.
لەو چوارچێوەیەدا، هەڵوێستی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە واژۆکردنی بەڵگەنامەکەدا دەبێت بە وردی بخوێندرێتەوە، چونکە کۆمەڵە بە واژۆکردنی ئەو بەڵگەنامەیە، لەگەڵ ئەوەی بنەما هاوبەشەکانی مافی مرۆڤی بە گرنگ دەزانێت، واژۆکەی بە چوار مەرجی سەرەکییەوە گرێ داوە:

  1. داننان بە بوونی نەتەوەی کورد و مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی.
  2. داننان بە ڕەوایی و ڕۆڵی هێزی پێشمەرگە لە قۆناغی گواستنەوەدا.
  3. بەرزکردنەوەی پرسی مافی ژنان و کەمینە جێندەرییەکان لە ئاستی یەکسانیی یاساییەوە بۆ ناسینەوە و چارەسەرکردنی ستەمە پێکهاتەیییەکان.
  4. دانانی دادپەروەریی ئابووری و کۆمەڵایەتی و مافی چینە زەحمەتکێشەکان لە ناو بنەماکانی گواستنەوەدا.
    ئەم چوار خاڵە هەوڵێکن بۆ ئەوەی «مافی مرۆڤ» لە ئاستی دەستەواژەی گشتییەوە بخرێتە ناو ناوەڕۆکی سیاسیی گۆڕانەوە، و نیشان داده‌درێت کە ماف کاتێک مانای ڕاستەقینەی خۆی دەدۆزێتەوە کە لەگەڵ گۆڕینی پەیوەندییەکانی دەسەڵات و لەناوبردنی بنەماکانی ستەمدا بەستراوەتەوە.
    لە هەمان کاتدا، بابەتێکی دیکەی ئەم کۆنفرانسە سەرنجڕاکێش بوو: بەشدارینەکردنی هەندێک لە هێزە ئۆپۆزیسیۆنە بەناو سەرانسەرییەکانی ئێران، لەوانە پەهلەوییەکان، مجاهیدین، ڕەوتە مەشرووتەخوازەکان و هەندێک لایەنی دیکە. ئەم نەبوونییە خۆی پرسیارێکی سیاسییە و دەکرێت هۆکاری جیاوازی هەبێت، بەڵام ئەوەی نابێت ڕوو بدات، ئەوەیە بەشدارینەکردنی ئەوان بکرێتە بەهانە بۆ سووککردنەوەی ئەو هەنگاوە و لە ناوەڕۆکی سیاسیی بەڵگەنامەکە دوور بخرێینەوە. هەندێک کەس وای لێک دەدەنەوە کە چونکە هەندێک لایەنی بەناو سەرانسەری لە کۆنفرانسەکەدا بەشدار نەبوون، ئەوا کۆبوونەوەکە سەتحی و خوار و نزمە. ئەم لێکدانەوەیە نەک تەنیا هەنگاوەکە بە پێوەری هەڵە دەپێوێت، بەڵکوو هەمان ئەو تێگەیشتنە ناوەندگەرا و ژمارەمەحوەره دووبارە دەکاتەوە کە هەموو شتێک بەپێی ئامادەبوونی چەند ناوێکی دیار لە ناوەندەوە پێوانە دەکات.
    ئەوەی گرنگە، ئەوەیە هێزە جیاوازەکان بتوانن لەسەر بنەماکانی مافی مرۆڤ و مافە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگە کۆ ببنەوە، جیاوازییە سیاسییەکانیان بناسن و لە هەمان کاتدا بۆ خاڵە هاوبەشەکان میکانیزمی هاوکاری دروست بکەن. بەرە، چەتر یان کار و هەنگاوی هاوبەش و فراوان لە نێوان هێزە غەیرەسەراسەرییەکاندا، بە تایبەتی هێزەکانی نەتەوە بندەستەکان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان، دەتوانێت گرنگییەکی سیاسیی هەبێت؛ نەک تەنیا بۆ کۆکردنەوەی واژۆ، بەڵکوو بۆ ئەوەی دەنگ و خواستە جیاوازەکانی کۆمەڵگە لە پرۆسەی داهاتووی سیاسیی ئێراندا بە شێوەیەکی ڕێکخراوتر و کاریگەرتر بخرێنە پێشەوە. هاوبەشیی ڕاستەقینەش بەوە دروست نابێت کە هەموو لایەنەکان لەسەر هەموو شتێک هاوڕا بن، بەڵکوو بەوە دروست دەبێت کە لەگەڵ ناسینی جیاوازییە بنەڕەتییەکاندا، بتوانن لەسەر کەمترین بنەما هاوبەشەکان ڕێک بکەون و ئەو ڕێککەوتنە بکەنە بناغەی هاوکارییەکی سیاسیی درێژخایەن.

لەبەر ئەوە، بەڵگەنامەی مافی مرۆڤ نابێت وەک خاڵی کۆتایی بخوێندرێتەوە، بەڵکوو دەبێت وەک خاڵی دەستپێکی پرۆسەیەکی فراوانتر بێت؛ پرۆسەیەک کە لە تێگەیشتن لە مافەوە بگاتە دەستەبەرکردنی ماف، لە واژۆکردنی دەقەوە بگاتە دروستکردنی میکانیزمی جێبەجێکردن، و لە هاوڕایی لەسەر بنەماکانەوە بگاتە هاوکاریی سیاسیی ڕاستەقینە. ئەگەر ئەمە ڕوو بدات، ئەوا ئەو کۆنفرانسە دەتوانێت ببێتە بەشێک لە هەوڵی دروستکردنی بەرەیەکی فراوانتر بۆ داهاتووی سیاسیی ئێران؛ بەرەیەک کە تێیدا مافی مرۆڤ نەک وەک دەقێکی جوان، بەڵکوو وەک بنەمای ڕێکخستنی دەسەڵات و پەیوەندییەکانی کۆمەڵگە سەیر بکرێت.
لە کۆتاییدا، نابێت لە بیرمان بچێت کە واژۆکردنی بەڵگەنامە تەنیا دەستپێکە و دەتوانێت بنەما دیاری بکات، بەڵام ناتوانێت تەنیا خۆی، ستەم لەناو ببات. ئەوەی لە کۆتاییدا دیاری دەکات کە ئایا ئەم بنەما هاوبەشە دەبێتە واقع یان نا، ئەو هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییانەن کە ئامادەن لە دوای واژۆکردنەکەش بەردەوام بن لە گۆڕینی ئەو پێکهاتانەی کە ستەم بەرهەم دەهێنن و بەردەوامیی پێ دەدەن. مافی مرۆڤ بنەمای هاوبەشە، بەڵام ئەگەر ئەو بنەمایە نەگاتە گۆڕینی پەیوەندییەکانی دەسەڵات، دابەشکردنی سامان و دەرفەت، و لەناوبردنی پێکهاتەکانی ستەم، ئەوا هێشتا لە سنووری بەڵگەنامەدا ماوەتەوە.

Share.

Comments are closed.

Exit mobile version