پەیوەندیی نێوان کورد و بزووتنەوەی چەپ یەکێکە لە بابەتە سیاسی و فکرییە گرنگەکانی مێژووی هاوچەرخی کوردستان. ئەم پەیوەندییە تەنیا پەیوەندیی نێوان دوو بیرۆکە نەبووە، بەڵکوو لە ناو ململانێی دەسەڵات، نەتەوە، چین، ئازادی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیدا گەشەی کردووە؛ بۆیە تێگەیشتن لە مێژووی چەپ لە کوردستاندا، بەبێ تێگەیشتن لە پرسی کورد و بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە تەواو نابێت.

بیرۆکەکانی سۆسیالیزم، مارکسیزم و کۆمۆنیزم لە سەدەی بیستەمدا لە ڕێگەی ڕۆشنبیران، خوێندکاران و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ناوچەکەوە گەیشتنە کۆمەڵگەی کوردی. ئەم بیرۆکانە لەگەڵ خۆیاندا پرسیاری نوێیان هێنا: کێ دەسەڵاتدارە؟ بۆچی هەژاری و نابرابەری هەیە؟ پەیوەندیی نێوان زەوی‌دار و جووتیار چۆنە؟ و ئایا ئازادیی سیاسی بەبێ دادپەروەریی کۆمەڵایەتی دەکرێت؟

لە کوردستاندا، ئەم پرسیارانە بە پرسی نەتەوەیی کوردەوە تێکەڵ بوون. کورد تەنیا لەگەڵ نابرابەریی چینایەتیدا ڕووبەڕوو نەبوو؛ بەڵکوو لە زۆر قۆناغدا لەگەڵ نەبوونی مافی نەتەوەیی، سنووردارکردنی زمان و ناسنامە و دەسەڵاتی ناوەندیی دەوڵەتەکانیشدا ڕووبەڕوو بوو. لەبەر ئەوە، چەپ لە کوردستاندا بە شێوەیەکی تایبەت پەرەی سەند، چونکە پرسی چینایەتی و پرسی نەتەوەیی بەردەوام لەگەڵ یەکدا بوون.

یەکێک لە گرنگترین ناکۆکییە فکرییەکان ئەوە بووە کە کام پرسە دەبێت لە پێشەوە بێت: پرسی نەتەوەیی یان پرسی چینایەتی؟ چەپی کلاسیک زۆرجار سەرنجی لەسەر ململانێی چینایەتی و کەمکردنەوەی نابرابەریی ئابووری بوو، لە کاتێکدا بزووتنەوەی کورد جەختی لەسەر مافە نەتەوەیی و سیاسییەکان دەکردەوە. بەڵام لە کوردستاندا هەندێک ڕەوتی چەپ هەوڵیان دا ئەم دوو پرسە یەک بخەن و ئازادیی نەتەوەیی لەگەڵ ئازادیی کۆمەڵایەتی و ئابووریدا پێکەوە ببینن.

مێژووی بزووتنەوەی چەپ لە کوردستاندا بەهۆی دابەشبوونی جوگرافی و سیاسییەوە، لە هەر پارچەیەکدا خاوەن تایبەتمەندی، ڕێڕەو و مێژوویەکی جیاوازە. بزووتنەوەی چەپ لە سەرەتادا زیاتر لە ژێر کاریگەریی حیزبە کۆمۆنیستەکانی وڵاتانی ناوچەکەدا (عێراق، ئێران، سوریا و تورکیا) سەری هەڵدا، بەڵام دواتر ڕەهەندی نەتەوەیی و ڕزگاریخوازیی بە خۆوە گرت.

لێرەدا کورتەیەک لە مێژووی ئەم بزووتنەوەیە لە هەر چوار پارچەکەدا دەخەینە ڕوو:

۱. باشووری کوردستان (عێراق)

سەرەتای سەرهەڵدان لە دەوروبەری ساڵانی ١٩٣٠ و ١٩٤٠دا، مێژووی چەپ لەم بەشەدا لەتەک مێژووی حزبی شیوعیی عێراقدا دەستی پێ کرد. کەسایەتیی وەک فەهەد (یوسف سەلمان یوسف) ڕۆڵی گرنگی هەبوو لە ڕاکێشانی ڕووناکبیران و کرێکارانی کورد بۆ ناو ڕیزەکانی چەپ. ئەو بزووتنەوەیە درێژەی کێشا تا ساڵەکانی ١٩٧٥ دوای شۆڕشی ئەیلوول، کە کۆمەڵێک ڕێکخراوە سەریان هەڵدا.

۲. باکووری کوردستان (تورکیا)

سەرەتای سەرهەڵدان لە ساڵانی ١٩٦٠ و ١٩٧٠دا، گەنجان و ڕووناکبیرانی کورد لە ناو بزووتنەوە چەپەکانی تورکیادا وەک DDKO (کانوونە ڕۆشنبیرییەکانی شۆڕشگێڕیی ڕۆژهەڵات) دەستیان بە چالاکی کرد. بەڵام دواتر هەستیان بەوە کرد کە چەپی تورک گرنگیی تەواو بە مەسەلەی نەتەوەیی کورد نادات؛ دواتر لە هەمان دەیەدا لە لایەن ڕووناکبیرانی چەپی کوردەوە کۆمەڵە ڕێکخراوێکی چەپ لە چوارچێوەی داخوازییەکانی گەلی کورددا لە باکووری کوردستاندا پێک هات.

۳. ڕۆژئاوای کوردستان (سوریا)

سەرەتای سەرهەڵدان؛ چەپ لەم بەشەدا لە ژێر کاریگەریی حیزبی شیوعیی سوریا و پاشان کۆمەڵە ڕێکخراوێکدا دەستیان بە چالاکی کرد. بەڵام لە ڕووی مێژووییەوە بەهۆی سەرکوتکارییەکانی ڕژێمی بەعسەوە، بزووتنەوەی چەپی کوردیی سەربەخۆ تا ماوەیەکی درێژ دەرفەتی گەشەکردنی نەبوو؛ دواتر کۆمەڵێک کەسایەتیی چەپ توانییان لە ساڵانی ٢٠٠٠ بەولاوه چەند ڕێکخراوێکی چەپ پێک بێنن.

٤. ڕۆژهەڵاتی کوردستان (ئێران)

مێژووی بزووتنەوەی چەپ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بە شێوەیەکی فەرمی و ڕێکخراوەیی بۆ کۆتاییی سەدەی نۆزدەیەم و سەرەتای سەدەی بیستەم، بە تایبەت بۆ قۆناغی پاش شۆڕشی دەستووریی ئێران (مەشرووتە) لە نێوان ساڵانی ١٩٠٥ بۆ ١٩١١ دەگەڕێتەوە، کە کۆمەڵێک کەسایەتیی سیاسیی ناسراو و سەرۆک‌هۆزەکانی کورد وەکوو: محەمەد خانی کرماشان، سەعید خانی ئەردەڵان، شێخ عەلی قازی، جەعفەر ئاغای شکاک و… هتد، پاڵپشتیی سەرسەختی شۆڕشی دەستووریی ئێران بوون بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتی شای قاجاڕ.

شێوازی هاتنی بیرۆکەی چەپ لە ڕێگەی کرێکارانی ئێرانییەوە بوو کە بەشێکیان کورد بوون و لە باکۆدا ڕووبەڕووی سەختترین بارودۆخی ژیان و بژێوی، نیشتەجێبوون لە شوێنی پیس و ناتەندروست، نەخۆشی و جیاوازی لە مووچەدا بوونەوە. ئەزموونی هاوبەشی ژیان لە ئازار و چەوساندنەوەدا، وای لێ کردن ئامادەتر بن بۆ پەسەندکردنی دروشمەکانی یەکسانی و دادپەروەری. ئەوان لە مانگرتنە گەورەکانی کرێکارانی قەفقاس لە نێوان ساڵانی ١٩٠٠ تا ١٩٠٥دا بەشدارییان کرد و لە نزیکەوە لەگەڵ چەمکی هێزی ڕێکخستنی کرێکاری ئاشنا بوون؛ هێزێک کە کرێکاران دەتوانن بەهۆیەوە لە بەرامبەر سەرمایەداران و دەوڵەتدا وەک هێزێکی کۆمەڵایەتیی ڕێکخراو دەربکەون.

لەو سەردەمەدا، قەفقاز و بە تایبەتی باکۆ، یەکێک بوو لە ناوەندە سەرەکییەکانی چالاکیی شۆڕشگێڕانی مارکسیست و سۆسیال‌دیموکراتەکانی ڕووسیا، لەوانەش بەلشەفیکەکان. ڕۆشنبیرانی شۆڕشگێڕی ناوچەکە، بە بینینی ژمارەیەکی زۆر لە کرێکارانی موسڵمان و ئێرانی، هەوڵیان دەدا هۆشیاریی سیاسیی ئەوان بەرز بکەنەوە و بە بیرۆکەکانی یەکسانی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و خەباتی چینایەتی ئاشنایان بکەن. لەبەر ئەوەی زۆربەی کرێکارانی ئێرانی موسڵمان بوون، ڕاکێشانیان بۆ ناو حیزبە ڕووسی و ئەرمەنییەکان ئاسان نەبوو؛ لە ساڵی ١٩٠٤دا شۆڕشگێڕانی قەفقاز بە هاوکاریی هەندێک کەسایەتی، لەوانەش نەریمان نەریمانۆڤ، ڕێکخراوی «هیممەت»یان لە باکۆ دامەزراند.

بە فراوانبوونی بیرۆکەکانی سۆسیال‌دیموکراسی لە نێو کۆچبەرانی ئێراندا، لەرکێک/لَقێکی ئێرانیی ئەم ڕەوتە بە ناوی «فیرقەی سۆسیالیستە عەوامییەکان» (اجتماعیون عامیون) پێک هات، کە یەکەمین هەستەی بیرۆکەی چەپی سیاسی بوو لە ئێراندا. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان جیا لە تاک و کەسایەتییە سیاسییە چەپەکان، بزووتنەوەی چەپ لە ناوچەکەدا کاریگەریی لەسەر ڕەوتی پێکهێنانی ڕێکخراوەکان دانا:

  1. حیزبی ئازادی (١٩٣٨): لە ڕێکخراوە کوردییە سەرەتاییەکانی ڕۆژهەڵات بوو کە کاریگەریی بیری چەپی لەسەر بوو.
    1. کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان — ژ.ک (١٩٤٢): ڕێکخراوێکی کوردی بوو کە گرنگیی بە نابرابەریی کۆمەڵایەتی، هەژاریی جووتیاران و کێشەی خاوەن‌زەوی و چینە هەژارەکان دەدا، و دژ بە سیستەمی فێئۆداڵی و پشتیوانی کشتوکاڵکاران بوو.
  2. دروستبوونی کۆمەڵە (١٩٦٩): و کاریگەریی لەسەر یەکخستنی خەباتی چینایەتی و نەتەوایەتی و پراکتیزەکردنی:
    1. لە سەرەتای شۆڕشی ئێراندا، کۆمەڵە بە ڕێکخستنی یەکێتیی جووتیاران و دابەشکردنی زەوییەکان، خەباتێکی ڕاستەوخۆی چینایەتیی دژ بە دەرەبەگایەتی بەرپا کرد؛ هاوکات ئەم خەباتە لە چوارچێوەی شۆڕشێکی نەتەوەییدا بوو بۆ سەلماندنی هێزی گەلی کورد بەرامبەر بە دەسەڵاتی ناوەندی.
    1. کۆمەڵە هێزی سەرەکیی شۆڕشی نەتەوەیی لە عەشیرەت و خێڵ و دەرەبەگ یان بورژوازییەوە گواستەوە بۆ سەر شانی جووتیاران، کرێکاران و ژنان؛ بەمەش ڕەهەندێکی چینایەتیی بەخشیە خەباتی نەتەوەیی.
    1. کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە مێژووی بزووتنەوەی سیاسیی کورددا هەوڵی داوە خەباتی چینایەتی و نەتەوایەتی لە چوارچێوەیەکی سیاسی و فکریدا پێکەوە ببەستێتەوە. لە ڕوانگەی کۆمەڵەوە، پرسی کورد تەنیا کێشەیەکی نەتەوایەتی نییە، بەڵکوو پەیوەندییەکی پتەوی بە چەوسانەوەی چینایەتی، نایەکسانیی کۆمەڵایەتی، هەژاری و بێبەشبوونی کرێکاران و زەحمەتکێشانەوە هەیە؛ بۆیە چارەسەری پرسی کورد ناتوانێت لە مافی نەتەوایەتی جیا بپەڕێت/بکرێتەوە. هەروەها خەباتی چینایەتیش بەبێ داننان بە مافی نەتەوایەتیی گەلی کورددا ناتوانێت ئازادی و یەکسانییەکی ڕاستەقینە مسۆگەر بکات.

یەکێک لە گرنگترین ئەرکەکانی کۆمەڵە ئەوە بووە کە خەباتی کرێکاران، جووتیاران، ژنان، خوێندکاران و هەموو چین و توێژە چەوساوەکانی کۆمەڵگە لەگەڵ خەباتی گەلی کورددا بۆ ئازادی و ڕزگاریی نەتەوەیی گرێ بدات. ئەم تێڕوانینە هەوڵێک بووە بۆ ئەوەی خەباتی نەتەوایەتی تەنیا لە چوارچێوەی گۆڕینی دەسەڵات و گەیشتن بە حوکمڕانیی سنوورداردا نەوەستێت، بەڵکوو ببێتە هۆی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکاندا؛ گۆڕانکارییەک کە تێیدا ئازادیی سیاسی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و مافی دیاریکردنی چارەنووس پێکەوە گرێدراو بن.

لەو چوارچێوەیەدا، مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کورد، لەوانەش مافی سەربەخۆیی، دەبێتە یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی خەباتی ڕزگاریخوازانە. مافی دیاریکردنی چارەنووس نابێت بە مافێکی سەر کاغەز و بەڵێنی سیاسی بمێنێتەوە، بەڵکوو دەبێت گەلی کورد بتوانێت بە ئازادی و بەبێ زۆرەملێ، لە ڕێگەی ویستی ئازادانەی خۆیەوە، داهاتووی سیاسی و چارەنووسی نەتەوەیی خۆی دیاری بکات. لەم تێڕوانینەدا، سەربەخۆیی تەنیا گۆڕینی سنوور و دروستکردنی دەوڵەت نییە، بەڵکوو دەبێت هەلی بنیادنانەوەی سیستەمێکی سیاسیی دیموکراتیک، یەکسانیی مافەکان و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بڕەخسێنێت.

بەڵام یەکخستنی خەباتی چینایەتی و نەتەوایەتی ئاسان نییە. لە هەندێک قۆناغی مێژووییدا، ململانێی نێوان پێداویستییەکانی خەباتی نەتەوایەتی و ئامانجە سۆسیالیستییەکان، لەگەڵ جیاوازییە ستراتیجی و سیاسییەکاندا، کاریگەرییان لەسەر بزووتنەوەی چەپ و کۆمەڵە هەبووە؛ بۆیە، پێویستە ئەم یەکخستنە لە ڕێگەی داننان بە فرەییی سیاسی، بەشداریی ئازادانەی جەماوەر، سەربەخۆییی ڕێکخراوە کرێکارییەکان و پاراستنی ماف و ئازادییە دیموکراتییەکانەوە بەرەو پێش ببرێت.

لە ئەنجامدا، گرنگیی کۆمەڵە لەوەدایە کە پرسی نەتەوەیی و پرسی چینایەتی وەک دوو پرسی پەیوەندیدار بە یەک دەبینێت، و هەوڵ دەدات پەیوەندییەکانیان ڕوون بکاتەوە و لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی سیاسیی ڕزگاریخوازانەدا یەکیان بخاتەوە. ئەگەر سەربەخۆیی ببێتە ئامانجێک بۆ بەدەستهێنانی ئازادی، یەکسانی و دادپەروەری، ئەوا دەتوانێت وەک ئاڵترناتیڤێکی سیاسی بۆ داهاتووی گەلی کورد باس بکڕێت؛ ئاڵترناتیڤێک کە تەنیا بە دەوڵەتسازی کۆتایی نایەت، بەڵکوو بە بەشداریی جەماوەر و مسۆگەرکردنی مافە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان واتای ڕاستەقینەی خۆی وەردەگرێت.

سەربەخۆیی بەبێ دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، ئازادییەکی ناتەواوە؛ دادپەروەریی کۆمەڵایەتیش بەبێ ڕێزگرتن لە مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کورد، ناتوانێت بناغەیەکی تەواوی ڕزگاری بێت. کۆمەڵە لە کۆنگرەی ١٤دا (ژن، ژیان، ئازادی)، وەکوو حیزبێکی چەپی کوردستانی، مافی دیاریکردنی چارەنووس مەعلووف/مەع تۆف بە سەربەخۆیی وەکوو ئاڵترناتیڤێک پێشنیار دەکات بۆ دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و داهاتووی کوردستان.

Share.

Comments are closed.

Exit mobile version