هەروەک هەمووان ئاگادارن، ڕۆژی پێنج شەممە ٢٩ی خەرمانان تیمێک لە هاوڕێیانی پێشمەرگەی کۆمەڵە کەوتنە کەمینی هێزی داگیرکەری کۆماری ئیسلامی و دوای چەندین سەعات شەڕی قارەمانانە بەداخەوە هاوڕێی ئازیزمان فەرماندە ڕێبوار کەریمیان ناسراو بە ڕێبوار دارسێران ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان گیانی بەختکرد و بە ڕیزی گیانبەختکردووانی کوردستان پەیوەست بوو.
به گیانبەختكردنی هاوڕێ ڕێبوار، ڕووداوەکە بوو به بەرخۆدانێکی کوردستانیی و نیشتمانیی و وزە و هێزی زۆرتری بە هەموان بەخشی. له زۆربەی هەرە زۆری شار و گوندەکانی کوردستان هاوسۆزیەکی بەهێز، شەپۆلێکی جەماوەریی و کاردانەوەیەکی سەرتاسەری لێکەوتەوە. به تایبەت له شارەکانی مەریوان و سنە و سەقز جەماوەرێکی زۆر کەوتنە جموجوڵ که به هەر چەشنە دەتوانن به هانای هاوڕێیانەوە بچن. به تایبەت دەیان و سەدان ماڵ ئامادەبوون که یارمەتی هاوڕێیان بدەن و له ئامێزیان بگرن. خەڵکی به ئەمەگی مەریوان و ناوچەکە وێڕای گەمارۆی ماڵی هاوڕێ ڕێبوار لە لایەن هێزە سەرکوتگەرەکانەوە بەشدارییان له ڕێوڕەسمی یادی هاوڕێ ڕێبوار و پرسەکەیان کرد. سەدان پەیوەندێی تلفونی له ناوخۆی وڵاتەوە به ڕێبەریی کۆمەڵە و تەشکیلاتی نهێنییەوە گیرا و ئامادەییان دەڕبریوە به ئەنجامی هەر ئەرکێک لەو ڕۆژانەدا. لە توڕە کۆمەڵاتییەکان هەزاران پەیام و نوسراوە و بابەت و شێعر و پەخشانی حەماسی و خۆڕاگرانە بڵاو کرایەوە و هەر درێژەی هەیە. ژمارەیەک له حیزبە سیاسیەکانی کوردستان و سەدان کەسایەتی و تێکۆشەر به ناردنی پەیامی سەرەخۆشی به بۆنەی گیانبەختکردنی هاوڕێ ڕێبوار هاوسۆزیی خۆیان دەڕبڕی و لەم خەمە قورسە هاوخەم و هاوڕێمان بوون.
ئەگەرچی شەهید بوونی هاوڕێ ڕێبوار کەلێنێکی گەورەیە بۆ هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە و خەباتی ڕەوای خەڵکی کوردستان، بەڵام وزەیەکی نوێ و ئاسۆیەکی گەشی بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ڕۆژهەڵات بەخشی و لە هەمانکاتدا هاودەنگیی و هاوسۆزیی هەموو لایەکی لێکەوتەوە.
لێرەوە سپاسی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و گشت ئەوانەی لەو ڕۆژەدا به هانامانەوە هاتن و یەک بە یەکی ئێوە خەڵکی کوردستان، حیزب و لایەنە سیاسییەکان و هەموو تێکۆشەرانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەکەین بۆ هاوخەمی و هاوسۆزیتان کە دڵگەرمی زیاتری بەخشی بە ئێمە هاوڕێ و هاوسەنگەرانی فەرماندە ڕێبوار.
دەستەی کارگێڕیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٣ی رەزبەری ١٤٠٣ی هەتاوی
٢٤ی سێپتامبری ٢٠٢٤ی زایینی

Share.
Leave A Reply