کۆمەڵانی تێکۆشەری خەڵکی کوردستان
به بۆنەی بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانە و یەکگرتووانەی مانگرتنی ئەمڕۆ ٢٥ی خەرمانان لە دووهەمین ساڵیادی شۆڕشی ژینا، گەرمترین پیرۆزبایتان پێشکەش دەکەین و جارێکیتر پەیامی ئیرادە و عەزمی خۆتان بۆ گەیشتن به مافەکانتان زۆر بەهێز و خۆڕاگرانە به هەمووان گەیاند. ئێوە نیشانتاندا که شۆڕشی ژینا که به ناوی گەورەترین بزووتنەوەی سیاسی لە ماوەی دەسەڵاتی ئەم رژیمە ناوبانگی دەرکردووە، درێژەی هەیە، زیندووە و جێگایەکی شیاوی لە مێژووی بزوتنەوەی کوردستان بۆ خۆی دەستەبەر کردووە.
مانگرتنی سەرتاسەری و پڕشکۆی ئەمڕۆ وەڵامێکی ڕوونە به سیاسەتەکانی رژیم که ملهۆڕانە و وێڕای شکستهێنانی له سەرکوتکردنی شۆڕشی ژینا و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان پێداگرییان له سەر دەکات. به پێچەوانەی پیلانەکانی چل و پێنج ساڵەی بۆ تەریک خستنەوەی کوردستان و بزووتنەوەکەی و حزبەکانی، ئەوەی که دەیبینین پەرەسەندنی متمانەی سیاسی کوردستان و به کردەوە بوونی کوردستان به قەڵایەکی بەهێزی سیاسی و خەباتکارانە و سەرمایەیەکی سیاسی بەنرخ.
مانگرتنی ئەمڕۆ له کاتێکدا بەڕێوەچوو که رژیم هەموو هێز و توانای خۆی له عێراق خستووەتە کار بۆ گواستنەوەی ئوردوگاکانی کۆمەڵە له هەرێمی کوردستان، که نیشانیدا حزبەکانی کوردستان ریشەیان له کوردستاندایە و هیچ سەرکوت و پیلانگێڕییەک ناتوانی له خەڵک جیایان بکاتەوە. کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە مانگرتنی ئەمڕۆدا دووپاتیان کردەوە که هێزی لەبن نەهاتووی خەبات و بەرخۆدانن و هەر ئەمەش ڕەمزی مانەوەی حزبەکانە.
جارێکیتر وێڕای دەستخۆشی و پێزانین بۆ ئێرادەی لە بن نەهاتوو و یەکگرتوویی و هاوپشتیتان، و هەروەها دەستخۆشی له چالاکوانانی مەدەنی و سیاسی و لیدرە مەیدانیەکان، بەڵێن نوێ دەکەینەوە بتوانین شایستەی ئەم نەتەوە سەربەرز و بزاڤە زیندووەکەی بین.
یادی ژینا و سەرجەم گیانبەختکردووانی رێگای ئازادی و سەربەستی کوردستان بەرز رادەگرین و لە بەرانبەر خۆراگری زیندانیانی سیاسی سەر دادەنوێنین.
بژی یەکگرتوویی خەڵکی کوردستان
بەردەوام بێت شۆڕشی ژینا
ژن ژیان ئازادی
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٢٥ خەرمانانی ١٤٠٣
١٥ی سێپتامبری ٢٠٢٤

