دەیان ساڵە سەرەڕای ئەوەیکە هێرش و پەلاماری دڕندانە و بێوچانی داگیرکەرانی کوردستان بە هەموو شێوەیەک لەسەرمان بووە و هەیە و هەناسەمانی بڕیوە، سیاسەتێکی شەرمنانە و نەرم و هێدیمان گرتووەتە بەر و لە جێگەی ئەوەیکە بکەر بین چاولێکەر بووین و تەنیا کاردانەوەمان بەرامبەر ڕووداو و پێشهاتەکان و سیاسەتی ئەم و ئەو بووە؛ یان بووینەتە قوربانیی بەرژەوەندییەکانی نەتەوە و هێزەکانی دیکەی ناوچەکە و جیهان، یانیش سیاسەتی وڵاتانی دیکەمان کۆپی کردووە و کردوومانەتە نووشتە بۆ چارەنووسی کوردستان و خەڵکی بەش مەینەتی کورد.

لە ڕاستیدا هێشتا لە داوێک خۆمان ڕزگار نەکردووە، خۆمان و چارەنووسی خەڵکەکەمان خستۆتە داوێکی دیکەوە. ئەمانە نە ڕەشبینییە و نە دژایەتیی بزووتنەوەی کورد، بەڵکوو ڕوون و ڕاشکاو خستنەبەرچاوی هەنگاوەکانی ڕابردوو و ئێستاشمانە کە بە هیچ شێوەیەک نەمانتوانیوە ئەزموون لە مێژوو وەربگرین و بەردەوام لاسایی سیاسەتی ڕابردوومان کردووەتەوە و خۆمان لەو چەقبەستووییەدا هێشتووەتەوە؛ بۆیە بە دەگمەن شک دەبەین کە هەنگاوێکمان بەرەو پێش نەچووبێت و دە هەنگاو پاشەکشەمان نەکردبێت. ڕەنگە توانیبێتمان تا هەنووکە بە دروشم ڕوومەتی بزووتنەوە و حیزبەکان سوور ڕابگرین، مەخابن ئێستا خەریکە دروشمەکانیشمان لە کرداردا دەبنە بڵقی سەر ئاو و دانەبەدانە بە دەستی خۆمان بە بیانوو و پاساوی جۆراوجۆرەوە ون دەبن.

بە گشتی نەمانتوانیوە سیاسەتێکی تایبەت بە خۆمان و بەرژەوەندییەکانی خۆمان لە چوارچێوەی مانیفێستێکی کوردستانیدا پێک بێنین و دوور کەوینەوە لەو چەمک و دەستەواژە و داوایانەی کە توانیویانە لە ڕووی هزری و کردەیییەوە خۆمان بە دەستی خۆمان بەند بکەن و باڵی فڕینمانیان بڕیوە.

یاریزانانی نێو گۆڕەپانی سیاسەتمان هیچ کات ئەوەندە بڕوایان بە خۆیان و گەلەکەیان نەبووە کە پشت‌ئەستوور بن بە سیاسەت و کردەوەیەکی پتەو و لەسەری مانۆڕ بدەن. هەمیشە خۆیان و کوردستانیان لە بازنەی داگیرکەراندا پێناسە کردووە و بەداخەوە ئێستاشی لەگەڵ بێت دەیکەن و بە دیپلۆماسی و خەباتیش پێمان دەفرۆشنەوە.

هەر بۆیە نەمانتوانیوە لە بەرانبەر داگیرکەرە گەورە و بچووک و ڕەنگاوڕەنگەکاندا خۆمان وەکوو خۆمانێکی بەهێز و خاوەن ناسنامەی تایبەت پێناسە بکەین و یەکگرتوو بین و هێزی خۆمان بۆ بەرژەوەندیی کوردستان بخەینە گەڕ.

ئەو سیاسەتوانە کوردانە هەموو بەرژەوەندییەکیان لە چوارچێوەی تاک، دەستە، خێڵ، حیزب، گرووپ و…دا بینیوەتەوە (کە ئەمە تا ئاستێک دروست و بەجێیە، بەڵام نەک بە نرخی قوربانیکردنی مافی نەتەوەیەک)؛ و لە ڕاستیدا دەتوانین بێژین لەباتی ئەوەیکە خەبات بۆ ڕزگاریی کوردستان و خەڵکەکە لە ژێردەستی بکەن و قورسایی خۆیان بەو هەموو خوێن و فرمێسکەی خەڵکی کوردەواری پێوانە بکەن، تێکۆشاون بۆ زەقکردنەوەی خۆیان و ئەو گرووپ و حیزب و تاقمگەلەی کە خۆیان بەسەریدا زاڵ بوون، و دەتوانین بڵێین کە کەم و زۆر دژ بە کوردستان سیاسەتیان کردووە. لەمەودا ئیتر پێویستمان بە دوژمن نەبووە ماڵمان کاول بکات و خۆمان لە خۆمان بێزار و دوور بکاتەوە، خۆمان ئەو ئەرکەمان وەئەستۆ گرتووە.

بەداخەوە ئەمڕۆکەش سەرەڕای ئەم هەموو شەڕ و ململانێ و ئاڵوگۆڕە سیاسییە لە ناوچەکە و جیهاندا، و سەرەڕای ئەوەی ڕۆژانە دەیبینین و دەیبیسین، زۆربەی بژاردە و ڕووناکبیر و خەباتکار و پێشەنگەکانی کۆمەڵگەی ئێمە ئەوەندەی لە بیری خۆتواندنەوەدان لە چوارچێوەی داگیرکەراندا، ئەوەندە لە بیری ڕزگاریی نەتەوە و نیشتمانەکەیاندا نین. بەشێک لەو کەسگەلەی کە ساڵانێکە بە ناوی خەباتکار خۆیان ناساندووە تەنانەت لە خوێنیش دەترسن و لە ڕاستیدا ناسکەخەباتکارن و تەنیا لە دۆخی ئاساییدا خەبات دەکەن. ئەمانە زۆربەیان پوازی شۆڕشن و زیانیان لە قازانج زیاتر بووە بۆ شۆڕشی ڕزگاریخوازیی کوردستان.

ئەگەر ئەمانەی سەرەوە وەکوو بەشێک لە بنەمای بەناو تێکۆشانمان بۆ ڕزگاری پێناسە بکەین، ئیدی ئەمڕۆمان هەر ئەوەی لێ دەوەشێتەوە کە هەیە و داهاتووشمان بێجگە لە توانەوەی خۆخوازانە ئەستەمە هیچی لێ شین بێت.

بۆیە پێویستمان بە خۆگۆڕین و خۆنواندنێکی نوێ بە سیاسەتێکی کردەییی تازەوە هەیە بۆ گەیشتن بە سەربەخۆییی سیاسی کە تاکە چارەسەرە بۆ دەرچوون لە توانەوە.

Share.

Comments are closed.

Exit mobile version