بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، هەواڵی کارەساتی دڵتەزێنی هاتووچۆ لە ڕێگای دشت‌عەباس بۆ مورمووری، لە ئیلام، کە شەوی شەممە ٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ بەهۆی وەرگەڕانی پاسی هەڵگری کرێکارانی کۆمپانیای نەوتی دێلۆڕان ڕوویدا و بووە هۆی گیانلەدەستدانی ١٢ کەس و برینداربوونی ١٦ کەسی دیکە، پڕ بەدڵ خەمباری کردین.

ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە، کە ژمارەیەک لە ئەندازیارانی زەحمەتکێشی لە ژیان بێبەش کردووە و چەندین بنەماڵەی خستووەتە ماتەم و پەژارەوە، جارێکی دیکە ڕەهەندەکانی قەیرانی بێبەرپرسیاری و ناکارامەیی کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر ژیان و سەلامەتیی هاووڵاتیان ئاشکرا دەکات.

لە وڵاتێکدا کە سەرەڕای سەرچاوە و سامانە گەورە سروشتی و ئابوورییەکانی، ڕێگاوبان و ژێرخانی گشتی لە دۆخێکی نالەباردان، سەلامەتیی کرێکاران و چینی زەحمەتکێش پشتگوێ دەخرێت و خەڵک بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی خۆیان ناچارن ڕۆژانە مەترسییە جۆراوجۆرەکان قبوڵ بکەن، ڕوودانی ئەم جۆرە کارەساتانە ناتوانرێت تەنها بە ڕووداوێکی ئاسایی یان هەڵەیەکی تاکەکەسی لێک بدرێتەوە. کۆماری ئیسلامی، بەهۆی سیاسەتەکانی، دابەشنەکردنی دادپەروەرانەی سەرچاوەکان، پشتگوێخستنی پەرەپێدانی ژێرخان و نەبوونی چاودێری و پێداویستییە سەرەتاییەکانی سەلامەتی، بەرپرسیارییەکی سیاسی و حاکمیەتیی قورس لە ئەستۆیە.

سکرتارییەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان وێڕای مەحکووم کردنی ئەم جۆڕە کارەساتانە کە سیاسەتی ستەمی سیستماتیکی کۆماری ئیسلامیی لە پشتە، سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری گیانلەدەستچووان، خەڵکی خەمباری ئاودانان و هەموو خەڵکی ئیلام دەکات و هاوخەمیی خۆی لەگەڵیان دەردەبڕێت. هەروەها هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارانی ئەم ڕووداوە دەخوازێت.

یاد و ناوی گیانلەدەستچووان بەڕێز بێت.

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان_سکرتارییەتی کومیتەی ناوەندی

٢٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٥
١٥ی نوامبری ٢٠٢٦

Share.

Comments are closed.

Exit mobile version