بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە،هەواڵی ژیانئاوایی هاوڕێ ئیسماعیل مەنسووری، پێشمەرگە و هەڵسووڕاوی دێرینی کۆمەڵە، یەکێک لە خەباتکارانی ناسراو و خۆشەویستی ناوچەی بانە کە دوێنێ پێنجشەممە ٧ی خەزەڵوەر بەهۆی جەڵدەی دڵەوە گیانی لە دەستدا، پێمان پێگەیشت

هاوڕێ ئیسماعیل مەنسووری، ساڵی ١٣٣٠ی هەتاوی لە شاری بانە چاوی بە ژیان هەڵێنا. چالاکیی سیاسیی خۆی هەر لە ساڵانی پێش ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دەستپێکرد و لە ڕاپەڕینی ١٣٥٧ی هەتاویدا بەشداریی هەبوو.
دوای ڕاپەڕین پێوەندیی بە تەشکیلاتی نهێنی کۆمەڵەوە گرت و بوو بە یەکێک لە هەڵسووڕاوانی چالاکی ئەو ناوچەیە. دوای ڕووخانی ڕژیمی پاشایەتی، پەیوەست بوو بە ڕیزەکانی پێشمەرگایەتی کۆمەڵە و بە دڵسۆزی و پابەندییەکی بێوچان بە ڕێبازی خەبات، ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی خۆی بەڕێوە دەبرد.

هاوڕێ ئیسماعیل، بەهۆی گرفتە بنەماڵییەکانەوە ناچار بوو ڕیزەکانی کۆمەڵە بەجێبێڵێت و بگەڕێتەوە بۆ شاری بانە و لەوێ درێژە بە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆی دا. بەڵام گۆڕانی بارودۆخی ژیانی نەیتوانی پێوەندییەکەی لەگەڵ کۆمەڵە و خەباتی سیاسی بپچڕێنێت. سەرەڕای زەخت و گوشارەکانی دەزگا ئەمنییەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، کۆڵی نەدا و بە پێی توانای خۆی بەردەوام بوو لە چاڵاکی و هەڵسووڕانی سیاسی. کاک ئیسماعیل لە هەموو ئەو ساڵانەدا، وەک هاوڕێیەکی دڵسۆز، باوەڕدار، کەسایەتییەکی خۆشەویست، خۆڕاگر و جێگای متمانە لە ناو خەڵک و هاوڕێیان، خەڵکی بانە و دەوروبەری دەناسرا.

ئەم هاوڕێیە دێرینەمان لە قۆناغە جیاوازەکانی ژیانی خۆیدا، سەرەڕای هەموو کۆسپ و فشارەکان، پێوەندیی بە کۆمەڵە و باوەڕی بە ڕێگای خەباتی خەڵکی کوردستان پاراست.

ژیانئاوایی ئەم هاوڕێیە دڵسۆزە، بۆ کۆمەڵە و هاوڕێیانی خەباتگێڕی، لەدەستدانی کەسایەتییەکی خەباتکار و خۆشەویستە؛ هاوڕێیەک کە بەشێک لە ژیانی خۆی لە ڕیزەکانی خەباتدا بەسەر برد و یاد و بیرەوەرییەکانی لە ناو هاوڕێیان و خەڵکی ناوچەکەیدا دەمێنێتەوە.

بەو بۆنەوە، لە لایەن ڕیزەکانی کۆمەڵەوە، سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆمان ئاراستەی هاوسەری بەڕێزی، منداڵان، بنەماڵەی ئازیزی مەنسووری، هاوڕێیان و خەڵکی خۆڕاگری بانە و بە گشتی خەڵکی کوردستان دەکەین و خۆمان بە هاوبەشی خەم و پەژارەیان دەزانین.

یاد و ناوی هاوڕێ ئیسماعیل مەنسووری و هەموو ئەو خەباتکارانەی کە بە باوەڕ و دڵسۆزییەوە بەشێک لە ژیانی خۆیان بۆ خەباتی ئازادی و ڕزگاریی خەڵکی کوردستان تەرخان کردووە، هەمیشە بە ڕێزەوە دەمێنێتەوە.

ماڵئاوا هاوڕێ ئیسماعیل.

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان_ سکرتارییەتی کومیتەی ناوەندی

٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ی هەتاوی

٣٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦ی زایینی

Share.

Comments are closed.

Exit mobile version