پەیامی سەرەخۆشی کۆمەڵە بە بۆنەی ژیانئاوایی شەریفەخانم ڕەزاقولی

بە داخەوە ئاگادار بووینەوە کە شەریفەخانم ڕەزاقولی، خوشکی هاوڕێی گیانبەختکردوو بێهرووز ڕەزاقولی ناسراو بە سیروان باوەرێز، دوێنێ دووشەممە ٢ی سەرماوەزی ١٤٠٥، بەهۆی نەخۆشییەوە، لە تەمەنی ٧٧ ساڵیدا لە شاری سنە ماڵئاوایی لەژیان کرد.

شەریفەخانم ژنێکی تێکۆشەر و دڵسۆز و ئاشنای ساڵانی خەبات و پێشمەرگایەتی بوو. بۆ دیداری براکەی و هاوڕێ پێشمەرگەکان، بە گوند و شاخەکانی کوردستاندا دەگەڕا و سەختی و ماندوویی ڕێگای دەگرتە ئەستۆ. ئەم دڵسۆزی و نزیکایەتییە وای کردبوو لەنێو هاوڕێیاندا وەک خوشکێکی خۆیان خۆشیان بوێت و ڕێزی بگرن.

لەدەستدانی شەریفەخانم بۆ بنەماڵە و کەسوکارەکەی کۆستێکی گەورە و بۆ هاوڕێیانی کۆمەڵەش جێگەی داخە. بە مردنی ئەو، ژنێکی بەوەفا و پشتیوانێکی دڵسۆزی هاوڕێیانمان لەدەست دا. ڕێزگرتن لە یادی ئەم ژنە تێکۆشەرە، ڕێزگرتنە لە ژنانێک کە لە ساڵانی دژواردا لە تەنیشت پێشمەرگە و خەباتی خەڵکەکەیان مانەوە و پاڵپشتیان بوون.

هەر بەم بۆنەوە و لە لایەن هەموو ڕیزەکانی کۆمەڵەوە، سەرەخۆشیی گەرمی خۆمان ئاراستەی منداڵەکانی، ڕامین، ڕامش و ڕەوشەنەک و هەروەها کەسوکار و هاوڕێیانی شەریفەخانم دەکەین و خۆمان بە هاوبەشی خەم و پەژارەیان دەزانین.

یادی شەریفەخانم ڕەزاقولی بەڕێز بێت.

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان_ کۆمیسیۆنی راگەیاندن

٣ی سەرماوەزی ١٤٠٥ی هەتاوی

   ٢٦ی نۆڤامبری  ٢٠٢٦ زایینی 

Share.

Comments are closed.