
ڕاگەیەندراوی کۆمەڵە بە بۆنەی ٢٥ی نوامبر، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان
٢٥ی نوامبر دەرفەتێکە بۆ لێپرسینەوە لەو نیزامەی کە زاڵبوون بەسەر ژناندا لە یاسادا جێگیر دەکات، لە کولتووردا پاساوی بۆ دەهێنێتەوە و لە ژیانی ڕۆژانەدا بەرهەمی دێنێتەوە. لەوەیکه سەربەخۆیی ژن بە یاخیبوون دادەنێت و مافی هەڵبژاردنی لە دەستی کەسێکیتردایه. توندوتیژی ڕەگی لە پەیوەندییەکانی دەسەڵاتدا داکوتاوە؛ پەیوەندییەک کە بۆ پیاو مافی فەرمانڕەوایی و بۆ ژن ئەرکی گوێڕایەڵی دیاری دەکات. ژنکوژی توندترین جۆری دەربڕینی ئەم زاڵبوونەیە: لێسەندنەوەی مافی ژیان لە مرۆڤێک کە ئیرادە و ئازادییەکەی بە فەرمی ناناسرێت.
ڕەهەندە جیهانییەکانی ئەم تاوانە سامناکن. بەپێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا نزیکەی ٤٧ هەزار ژن و کچ لە جیهاندا بە دەستی خۆشەویست،هاوژین یان ئەندامانی خێزانیان کوژراون؛ واتە بە تێکڕا زیاتر لە پێنج قوربانی لە هەر کاتژمێرێکدا.
لە ئێرانیش، هەر لە یەکساڵی رابردوودا، ١٥٩ حاڵەتی ژنکوژی تۆمار کراوە. تەنیا لە مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵدا، بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، زیاتر لە ١٧ حاڵەتی ژنکوژی لە میدیاکاندا ئاشکرا کراوە. ئەمانە تەنیا حاڵەتە تۆمارکراو و ئاشکراکراوەکانن و بەهۆی نەبوونی چالاکیی ڕێگەپێدراو لە نێو ئێراندا،دەشێت ئەم ڕێژەیە زیاتر لەوە بێت کە بڵاو کراوەتەوە. ئەوەش بزانین کە لە پشت هەر ژمارەیەکەوە، ژیانی مرۆڤێک، داهاتوویەکی لەدەستچوو و برینێکی قووڵ لە سەر جەستەی کۆمەڵگەوە بەجێدەمێنێت.
ژنکوژی یەکێک لە توندترین و بێگەڕانەوەترین شێوەکانی توندوتیژی دژی ژنانه و ئەم تاوانە هیچ پاساوێکی بۆ نییه کە بە ناوی «نامووس»، «ئابڕوو» یان «ناکۆکیی بنەماڵەیی» ئەنجام ئەدرێن. هیچ جۆرە جلوبەرگ و پۆششێک، پەیوەندی، بڕیاری جیابوونەوە یان هەڵبژاردنی شێوازی ژیانێک، ڕێگه به توندوتیژی نادات. تاوانبار بەرپرسی ئەو جنایەتەیە کە ئەنجامی داوە، بەڵام ئەو یاسا و دامەزراوە و نەریتانەش کە توندوتیژکاران دەپارێزن و ژنان لە بەرامبەر هەڕەشەدا بێپشتوپەنا دەهێڵنەوە، لە بەردەوامبوونی ئەم جنایەتانەدا بەرپرسیارن.
کۆماری ئیسلامی لە بەردەوامبوونی ئەم دۆخەدا بەرپرسیاریەتیی ڕاستەوخۆی سیاسی و پێکهاتەیی هەیە. حکوومەتێک کە پلەدووکردنی ژنان دەکاتە بنەمای یاسا و سیاسەت، مافی بڕیاردانیان لەسەر جەستە و ژیانی خۆیان سنووردار دەکات و خەبات بۆ یەکسانی سەرکوت دەکات، خۆی یەکێک لە پایەکانی بەرهەمهێنانەوەی توندوتیژییە. یاسا جیاکارانەکان، سزاسووککردن بۆ تاوانباران و نەبوونی پاراستنی کاریگەر بۆ ژنانی لە مەترسیدا، بەستێنی بەردەوامبوونی ئەم جنایەتانە خۆش دەکەن.
هاوکات، کولتووری پیاوسالارانەش دەبێت بە ڕوونی بەر ڕەخنە بکەوێت. باوک، برا و هاوسەر خاوەنی ژن نین. پێشخستن و گرنگیدان به «ئابڕووی بنەماڵه» بەسەر ئاسایش و ئەمنییەتی ژندا، هاوسەرگیریی زۆرەملێ، هەڕەشە بەهۆی جیابوونەوە و تاوانبارکردنی قوربانی، هەموویان یارمەتیی بەردەوامبوونی توندوتیژی دەدەن. هیچ نەریت و باوەڕێک لە ڕەخنە بەدەر نییە و هیچ شتێک نابێت لە مافی ژیان و ئازادیی ژنان بەرزتر دابنرێت.
هەڵوەشاندنەوەی یاسا جیاکارانەکان، دەستەبەرکردنی یەکسانیی تەواو لە یاسا و کرداری، سەربەخۆیی ئابووریی ژنان و بەڕەسمیناسینی مافیان بۆ بڕیاردان لەسەر جەستە و ژیانی خۆیان، داخوازییەکی بنەڕەتی و پاشەکشەهەڵنەگرە. دابینکردنی ماڵی ئارام، پشتگیریی دارایی و یاسایی له ژنانی هەڕەشەلێکراو، دەستێوەردانی خێرا بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژی و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی، هەنگاوی پێویست و دەستبەجێن. هیچ ژنێک نابێت بەهۆی هەژاری و بێپەناییەوە ناچار بێت لە ژینگەیەکی پڕ لە توندوتیژیدا بمێنێتەوە.
کۆمەڵە، بە دەربڕینی هاوپشتی لەگەڵ ژنانی توندوتیژیلێکراو و بزووتنەوەی دادخوازی، بانگەواز بۆ ڕێکخراوەکانی ژنان، دامەزراوە مەدەنییەکان و هەموو هێزە ئازادیخوازەکانی کوردستان و سەرانسەری ئێران دەکات کە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بکەنە خەباتێکی بەردەوام و بەهێزتری بکەن.
پەیامی «ژن، ژیان، ئازادی» بانگەوازێکە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەک کە تێیدا هیچ ژنێک بەهۆی ژنبوون و هەڵبژاردنەکانیەوە ڕووبەڕووی هەڕەشە و کوشتن نەبێتەوە. مافی ژیان و ئازادیی ژنان نابێت بۆ داهاتوو دوا بخرێت؛ پاراستنی گیان و دەستەبەرکردنی ئازادییان ئەرکی ئەمڕۆی هەموومانە.
نا بۆ ژنکوژی؛ نا بۆ بێسزامانەوەی توندوتیژکاران
بژی ئازادی و یەکسانی
ژن، ژیان، ئازادی
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان_ سکرتارییەتی کومیتەی ناوەندی
٢٥ی نوامبری ٢٠٢٦ | ٤ی سەرماوەزی ١٤٠٥

