دوێنێ سێشەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٦ (١٧ی نۆڤامبری ٢٠٢٦) خەڵکی تێکۆشەری ئاودانان، دژی سیستەم و کاربەدەستانی گەندەڵ و بۆ ڕەتکردنەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هاتنە سەر شەقامەکان و بە دروشمەکانیان جارێکی دیکە دەسەڵات و شەرعییەتی ئەو ڕژێمە داگیرکەرەیان ڕەت کردەوە.
ئەم خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییە دوای کارەساتی وەرگەڕانی پاسێک لە ئاودانان سەریهەڵدا کە لەبەر خراپیی ڕێگاوبان و نەبوونی خزمەتگوزاریی فریاگوزاریی پێویست؛ بوو بەهۆی گیانلەدەستدانی۱۳ ئەندازیار و کرێکاری پیشەسازیی نەوت و برینداربوونی ١٧ کەسی دیکە.
ئەم ڕووداوە کارەساتبارە جارێکی دیکە نەبوونی فریاگوزاریی، ستانداردنەبوونی ڕێگاکانی هاتوچۆ و نابەرپرسایەتیی دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی کردەوە بە پرسێکی جێی سەرنج و شەپۆلێکی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی لەنێو خەڵکی ئاوداناندا ورووژاند. لەگەڵ ئەوەشدا، ناڕەزایەتییەکانی دوێنێی ئاودانان تەنها لە داواکاریی لێپرسینەوە سەبارەت بەم کارەساتەدا قەتیس نەمایەوە و بەخێرایی دەنگ و ڕەنگیی سیاسی و دژەحکوومەتیی بەخۆوە گرت.
خەڵکی ئازا و چاونەترسی ئاودانان خاوەندارێتییان لە قوربانییانی ئەو کارەساتە کرد و دژی دەسەڵاتی توتالیتێر و داگیرکەری کۆماری ئیسلامیی دەنگیان هەڵبڕی. لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە تەنها کاردانەوە بەرانبەر بەو رووداوە کارەساتبارە و نەبوونی خزمەتگوزاریی ڕێگاوبان نەبوو؛ بەڵکوو ئاڵقەیەکە لە زنجیرەی خەبات و ڕابوونی نەتەوەیی کوردستان و دەمارەکانی بۆ کۆمەڵێک پرس و قەیرانی کەڵەکەبووی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووریی و ئاسایشیی دەگەڕێتەوە. هەروەها دیمەنێکی دیکە پێشەنگایەتیی کوردستان لە ڕەتکردنەوە و خەبات دژی دیکتاتۆری و سەرەڕۆیی و نادادپەروەریی پێشان دەدا.
خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی دوێنێی دانیشتوانی ئاودانان، وەک هەمیشە لەلایان هێزە ئەمنییەکانەوە بە پەلامار و گرتن و لێدان و بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ و پچڕاندنی هێڵەکانی ئەنتەرنێت،  هەوڵی سەرکوت ودامرکاندنەوەی درا. ئامرازیەلێ کە نە رێژیمی لە قەیرانەکان رزگار کردوە و نە خەڵکی کوردستانی بەچۆکدا هێناوە.
کوردستانییان بە پانتایی نیشتمان ئەو راستییەیان ئەزموون کردووە کە تاران سەرچاوەی هەموو قەیرانەکان و تێکڕای ئەو هەڕەشانەیە کە لە سەر ژیان و ئاسایشیانە. هاوکات لەوەش تێگەیشتوون کە لە چوارچێوەی ئەم رێژیم و دەسەڵاتدا، هیچ ئاسۆیەکی ڕوون بۆ چاکسازیی و کۆتاییهاتن بە مەینەتەکان بەدیی ناکرێت. هەر بۆیە دەنگ هەڵبڕین دژ بە ڕێگاوبانی سەقەت و دژ بە بەڕێوەبەرانی گەندەڵ، بەخێرایی بۆ نیشانە گرتن لە کۆی رێژیم سەرکەوت.

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، وێڕای سەرەخۆشیی لە کەسوکاری قوربانییانی کارەساتەکەی ئاودانان، پشتیوانیی خۆی لە هاتنە سەرشەقام و دەنگهەڵبڕینی خەڵکی تازییەباری  ئاودانان دەردەبڕێ.
هاوپەیمانیی کوردستانی ، داوا لە خەڵکی سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکا بە هەر شێوەیەک بۆیان دەکرێ، پاڵپشتیی و هاودەنگیی بۆ دانیشتوانی ئاودانان دەرببڕن. داوا لە ڕێکخراوە مەدەنییەکان و کۆڕ و کۆمەڵەکانی مافی مرۆڤ  و میدیاکان دەکەین،  لەکاتێکدا تاران بە راگرتنی هێڵی ئینترنێت، بە تەمای خنکاندنی هاواری ڕۆڵەکانی نیشتمانەکەمانە، چاو و سەرنجیان لەسەر ئاودانان و ڕووداوەکانی بێت.

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران
٢٧خەزەڵوەری ٢٧٢٦
١٨نۆڤامبری ٢٠٢٦

Share.

Comments are closed.

Exit mobile version