ڕۆژی پێنجشەممە دووی گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاویی کاتژمێر یانزەی بەیانی ئاگرێکی گەورە کێوی ئاویەری شاری سنەی گرتەوە. بەگوێرەی راپۆرتەکان ئاگرەکە تا دەهات گڕەکەی زیاتر دەبوو و ئەمەش بووە هۆی پەرۆشی و نیگەرانی خەڵکی تێکۆشەر و ژینگە خۆشەویستی شاری سنە. بەم بۆنەوە چالاکانی ژینگە پارێزی سنە و ژمارەیەکی زۆری خەڵکی شارەکە بە هانای ئاویەرەوە چوون و هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەیان دا. بە داخەوە لە بەر ئاستی بەهێزی ئاگرەکە و نەبوونی کەرەسەی پێویستی ئاگر کوژێنەوەو کەمتەرخەمی بەرپرسانی ڕژیم و دام و دەزگاکانی پێوەندیدار چەندین کەس لەوانە موحسێن حسین پەناهی، مستەفا هۆژەبری، خەبات ئەمینی، چیاکۆ یووسف نژاد و حەمید مورادی بریندار بوون و جەستەیان سووتاوە کە کاک حەمید مورادی بە داخەوە ئەمڕۆ لە بەر قورسی برینەکەی و ڕادەی زۆری سووتاویەکەی گیانی لە دەستداوە.
جێگای ئاماژەیە کاک حەمید مورادی پارێزەر و بەرپرسی رێکخراوی شنەی نەوژین بووەو بەمشێوەیە گیانی ئازیزی لە پێناو پاراستنی ژینگەی کوردستان بەختکرد. لێرەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی مورادی و سەرجەم هاوڕێی و هاوکارانی کاک حەمید دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین و هەروەها هیوای تەندروستی و چاکبوونەوەی خێرا بۆ ژینگەپارێزانی بریندار ئەخوازین.
سکرتارییەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٣ی گەلاوێژی ١٤٠٤
٢٥ی جولای ٢٠٢٥
