٢٧ی ڕەشەمە لە مێژووی کۆمەڵەدا، وەبیرهێنەرەوەی گەلێک گیانبازی و فیداکاریی کەموێنەیە. ژمارەیەکی زۆر لە خەباتکارانی کوردستان و مرۆڤە چەپ و سۆسیالیستەکانی ئەم ڕەوتە، گیانی ئازیزیان فیدای ئامانجە بەرزەکانی کوردستان و کۆمەڵە کردووە. لەدەستدانی ئەم ئازیزانە بۆ بنەماڵەکانیان و ئێمەی هاوڕێیان و هەموو ئەوانەی دڵیان بۆ ئازادی و یەکسانی لێدەدات، ئازارێکی قورس و خەسارێکی قەرەبوونەکراوە.

لە نێو ئەم هەموو خەسار و لەدەسدانە دڵتەزێنانەدا، گیانبەختکردنی هاوڕێیانی گوردانی شوانی کۆمەڵە ئازارێکی تایبەت و برینێکی قووڵتر بوو لەسەر جەستەی کۆمەڵە و کوردستان.

لە ٢٧ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی، کاتێک بە فەرمانی حکوومەتی ئەوکاتی عێراق شاری هەڵەبجە کیمیاباران کرا و زیاتر لە ٥ هەزار هاووڵاتی بوونە قوربانی، هاوڕێیانی گوردانی شوان کە لەو ناوچەیە جێگیر بوون، بەهۆی ئەو هێرشەوە ژەهراوی بوون و لە شەڕێکی نابەرانبەردا گیانیان فیدای ئامانجەکانیان کرد.

گوردانی شوان، کە کۆمەڵێک تێکۆشەری لێبڕاو و چەپی کوردستانی تێدا بوو، مێژوویەکی پڕ لە سەربەرزییان تۆمار کردبوو. ئەوان سەمبۆلی شۆڕشگێڕی و وەفاداری بە خەباتی چەوساوەکانی کوردستان بوون و لە دوایین تاقیکردنەوەی ژیانیاندا، بوون بە گەشاوەترین ئەستێرەی ئاسمانی خەباتی کۆمەڵە و کوردستان.

ساڵانێک دوای ئەو کارەساتە، ڕۆژی ٢٧ی ڕەشەمە وەک ڕۆژی گیانبەختکردووانی کۆمەڵە دیاری کرا. ئەم ڕۆژە ئێستا سەمبۆلی خۆڕاگری، تێکۆشان و شۆڕشگێڕبوونە تا دواهەناسە. گیانبەختکردنی هاوڕێیانی گوردانی شوان و تێکۆشەرانی دیکە، سەرەڕای خەمی قورسی لەدەست دانیان، هەمیشە سەرچاوەی وزە و هەوێنی بەردەوامیی خەباتی کۆمەڵە و بزووتنەوەی کوردستان بووە.

پێشمەرگەی کۆمەڵە بۆ ئەمڕۆ و داهاتوو، دەبێ ئەزموونی گیانبەختکردووان بکاتە چرای ڕێنوێن و بە ناسینی پێویستییەکانی سەردەم، هیوای خەڵکی چەوساوەی کوردستان گەش ڕاگرێت.

ئەمڕۆ کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دۆخێکی تایبەتدا تێدەپەڕێ، هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە وەکوو جاران و بە دەرس وەرگرتن لەو مێژووە پڕ فیداکارییەی هاوڕێیانی گوردانی شوان و باقی گیانبەختکردووانی کۆمەڵە دەبێ ئامادە و وشیار لە ڕیزی پێشەوەی خەبات بۆ ڕزگاری و گەیشتن بە کوردستانێکی سەربەست و یەکسان و دادپەروەردا بێ.

لە ٢٧ی ڕەشەمەدا ڕێز لە یادی هاوڕێیانی گیانبەختکردوومان لە گوردانی شوان و هەموو گیانبەختکردووانی کۆمەڵە دەگرین و بەڵێنیان لەگەڵ تازە دەکەینەوە کە بۆ بەدیهێنای ئاواتی ڕزگاری و عەداڵەت و یەکسانی شێلگیر و بەردەوام بین و ڕێگەیان ون نەکەین.

بەڕێزە ڕۆژی گیانبەختکردووانی کۆمەڵە

کومیتەی ناوەندی

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

٢٧ی ڕەشەمە ١٤٠٤ی هەتاوی

١٨ی مارسی ٢٠٢٦ی زایینی

#کۆمەڵەی_زەحمەتکێشانی_کوردستان

Share.

Comments are closed.