بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، هەواڵی ژیان‌ئاوایی کاک محەمەد مستەفاسوڵتانی، کادر و تێکۆشەری ناسراو و خاوەن هەڵوێستی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد و کەسایەتییەکی دیار لە مێژووی خەبات و بەرخودانی کوردستان، پڕ بە دڵ خەمباری کردین. ژیان و هەڵوێستەکانی کاک محەمەد بە بەشێکی گرنگ لە مێژووی خەبات و بەرخودانی نەتەوەی کورد و بنەماڵەیەکی خەباتکارەوە گرێدراوە.

کاک محەمەد لە قۆناغی سەرەتای هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی و لە مەریوان، لەگەڵ خەباتی شارستانی و مەدەنیی خەڵکی ئەو شارەدا، هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بە سەرکوت و زۆرداریی دەسەڵات و لە پشتیوانی لە مافە ڕەواکانی گەلی کورد بە ئاشکرا دەربڕی. گفتوگۆی نەترسانەی ئەو لە کانی میران لەگەڵ میدیای حکومەتی، کە بە شێوەیەکی سەرانسەری لە ئێراندا بڵاو کرایەوە، دەرفەتێک بوو بۆ دەربڕینی دەنگی خەڵکی کورد و ئاشکراکردنی هەندێک لە سیاسەت و کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی.

ئەم هەڵوێستانە بوونە هۆی زیادبوونی فشار و گوشاری ئەمنی و سیاسی لەسەر کاک محەمەد کە دواتر ناچار بوو زێدی خۆی جێبهێڵێت و لەو ماوەیەدا چەندین جار لەلایەن سپای پاسدارانەوە دەستگیر و زیندانی کرا و ماوەیەک بێسەروشوێن کرا. لەگەڵ ئەوەشدا، بەردەوام هەڵوێستی خۆی پاراست و لە بەرامبەر فشار و سەرکوتدا سەری دانەنەواند.

لە هەمان قۆناغدا، بنەماڵەی مستەفاسوڵتانی لە چەندین لاوە کەوتنە بەر هێرشی دڕندانەی کۆماری ئیسلامی. گیانبەختکردنی هاوڕێی ڕێبەر کاک فوئاد مستەفاسوڵتانی و گوللەباران و لە سێدارە دانی چوار براکەی، کاک حوسێن و کاک ئەمین،کاک ئەمجەد و کاک ماجید لەگەڵ بەسەرهات و تاڵییەکانی دیکە، بەشێک بوون لەو مێژووی پڕ لە ئازار و بەرخودانی ئەو بنەماڵەیە. کاک محەمەد تا کۆتایی ژیانی، بە متمانە بەخۆ و بوێرییەوە، لە هەڵوێستی خۆی و لە مافە ڕەواکانی نەتەوەی کورد بەرگری کرد.

لە ساڵانی کۆتایی ژیانیدا، بەهۆی هەڵکشانی تەمەن و نەخۆشی و ئازارەکانی تر، لە نەخۆشخانەیەکی شاری سنە لەژێر چاودێری پزیشکان بوو. بەداخەوە، لە ٢٧ی سپتامبری ٢٠٢٦ ژیانی پڕ لە هەڵوێست و بەرخودانی کۆتایی پێهات بۆ هەمیشە کۆڕی هاوڕێیان و ئازیزانی بەجێهێشت و لە گۆڕستانی تاڵەسوار لە ئاڵمانە نێژرا.

هەر بەم بۆنەەوە لە لایەن هەموو ڕیزەکانی کۆمەڵەوە، سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی ناسراو و گەورەی مستەفاسوڵتانی، هاوژین و منداڵەکانی و هەموو خزم و نزیک و دۆستانی کاک محەمەد دەکەین و خۆمان بە هاوبەشی خەمیان دەزانین.

بەڕێزە یاد و ناوی کاک محەمەد مستەفاسوڵتانی.

کۆمەڵەی زەحمتکێشانی کوردستان_سکرتارییەتی کومیتەی ناوەندی

٦ی ڕەزبەری ١٤٠٥ی هەتاوی
٢٨ی سپتامبری ٢٠٢٦ زایینی

Share.

Comments are closed.