
پەیامی سکرتێری گشتیی کۆمەڵە
سەبارەت بە دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و هەڕەشە دەرەکییەکان
جەماوەری تێکۆشەر و خۆڕاگری کوردستان،
هێز و لایەنە سیاسییە نیشتمانپەروەرەکان،
لەم قۆناغە هەستیار و چارەنووسسازەدا کە ناوچەکە بە گۆڕانکارییەکی قووڵی ژیۆپۆلیتیکیدا تێدەپەڕێت، جارێکی دیکە هەڕەشە و گوشارەکان بۆ سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەغداوە چڕ بوونەتەوە. ئەم هەنگاوانە تەنیا کێشەیەکی ئیداری یان دارایی نین، بەڵکوو بەشێکن لە سیاسەتێکی مێژوویی و هاوبەشی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان کە هیچ کامێکیان چاویان بە بوونی هەر کیان و دەسکەوتێکی نەتەوەیی کورد هەڵنایەت و لە هەر دەرفەتێکدا هەوڵی لاوازکردن و سڕینەوەی ئیرادەی کوردستان دەدەن.
ئێمە وەک کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، پێمان وایە چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان ئەرکێکی نیشتمانییە و دەبێت لە ڕێگەی گفتوگۆ، چاکسازیی ڕاستەقینە و گەڕانەوە بۆ ئیرادەی خەڵک یەکلایی بکرێنەوە. بەڵام ناتەبایی و کێشە ناوخۆییەکان هەرگیز نابێت ببنە هۆکارێک بۆ ئەوەی نەیارانی کوردستان پێیان وابێت دەتوانن دەست بۆ مافە ڕەواکانمان و قەوارەی هەرێمی کوردستان ببەن.
لەم دۆخەی ئەمڕۆدا، یەکگرتوویی کورد و تەبایی نێوان هێزە کوردستانییەکان، بە تایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، گرینگترین ئامراز و بەهێزترین چەکە بۆ پاراستنی هەرێم و بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکان. کاردانەوەی هێزە کوردستانییەکان دەبێت لە ئاستی مەترسییەکاندا بێت و بگۆڕێت بۆ هاوپشتی و گوتارێکی نیشتمانیی یەکگرتوو کە بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەی کورد و خەڵکی کوردستان بکاتە خاڵی سەرەکی.
هاوکات پشتیوانیی جەماوەری و خەڵکی کوردستان کۆڵەکەی سەرەکیی پاراستنی ئەو دەسکەوتانەیە کە کورد لە باشووری کوردستان بەدەستی هێناوە. دەسکەوتێک کە بە خوێن و قوربانیدانی دەیان ساڵە هاتووەتە دی و پێویستە هەموومان بەیەکەوە بیپارێزین و دەسەڵاتدارانیش بە کردەوە وەڵامی داواکاری و مافەکانی خەڵک بدەنەوە تا بەرەی ناوخۆ پتەوتر بێت.
با نەیاران و داگیرکەرانی کوردستان باش بزانن کە ئێمە بە هاوپشتی، بەرژەوەندییەکانی نەتەوەکەمان دەپارێزین و سەرەڕای هەر ناتەباییەکی ناوخۆیی کە دەتوانین بە گفتوگۆ چارەسەری بکەین، لەسەر مافی نەتەوەکەمان و پاراستنی قەوارەی هەرێم هاودەنگین و ئامادەی هەموو فیداکارییەکین بۆ پاراستنی.
بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەی کورد لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە و ئیرادەی کوردستان لە هەموو هەڕەشە و پیلانێک بەهێزترە.
ڕەزا کەعبی
سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٥ی سەرماوەزی ١٤٠٥
٢٦ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٦

