سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی، دوو برای کوردی یارسان بە ناوەکانی «موجتەبا وەیسی» و «مەیسەم وەیسی» لە ئەنجامی هێرشی ڕاستەوخۆ و تەقەی هێزەکانی ڕژیمی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی لە گوندی خۆیان لە ناوچەی داڵاهۆ گیانی ئازیزیان بەخت کرد.

ئەم دوو خەباتکارە کە لە ناڕەزاییەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا کە گەورەترین کوشتاری سەد ساڵی ڕابردووی لێ کەوتەوە، بە مەبەستی پاراستنی گیانیان، شوێنی ژیانیان بەجێهێشتوو و خۆیان حەشار دابوو، دواجار لە ماڵێکدا کەوتنە بەر هێرشی قورسی چەکدارانی ڕژیم و گیانیان لەدەست دا.

موجتەبا و مەیسەم، وەک دوو چالاکی فەرهەنگی و مەدەنیی کرماشان، لە دامەزرێنەرانی کتێبخانەی شارۆچکەی دەرەدرێژ بوون و بە خزمەتکردن بە فەرهەنگ و ..هۆشیاریی کۆمەڵایەتی ناسراون؛ هەروەها موجتەبا وەیسی وەک وەرزشوانێکی ناسراو و کوشتیگیرێکی بەناوبانگ، خاوەنی چەندین مەدالیای ئاستی سەرانسەری و پارێزگایی بوو و لە مەیدانی وەرزشیشدا وەک نمونەیەک لە هەوڵ و خەبات ناسرابوو.

ئێمە ئەم تاوانەی کۆماری ئیسلامی بە درێژەی جینایەتەکانی ڕابردووی ئەم ڕژیمە دەزانین و وێڕای مەحکووم‌کردنی، داوا لە کۆڕ و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین کە ڕێگە نەدەن تاوانەکانی ئەم دەسەڵاتە تاوانبارە بێ تێچوو بمێنێتەوە،چونکە ڕابردوو دەریخستووە کۆماری ئیسلامی بۆ پەردەپۆشکردنی جینایەتێک،دەست بۆ جینایەتێکی نوێ دەبات و هەر دەبێ ئەم ماشینی تیرۆر و کوشتارە ڕاگیرێت.

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، پرسە و سەرەخۆشیی تایبەتی خۆی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری ئەم دوو خەباتکارە گیانبەختکردووە، خەڵکی شاری کرماشان و ناوچەی داڵاهۆ دەکات.

ناو و یادی ئازیزیان بەرز و بەڕێزە.

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان_سکرتاریەتی کومیتەی ناوەندی

٨ی جۆزەردانی ١٤٠٥
٢٩ی مەی ٢٠٢٦

Share.

Comments are closed.