
لە ساڵیادی ۷ی ئۆکتۆبەردا، بەهۆی سیاسەتی ڕژێمی ئیسلامیی ئێرانەوە ناوچەکە تووشی کۆمەڵێک زۆر گرفت بووە. دوای تاوانی ۷ی ئۆکتۆبەر، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر «حەماس»، حزبوڵڵا، سوریا، ئێران و… هتد. لەم شەڕەدا ڕژێمی ئیسلامیی ئێران بە گشتی شکستی خواردووە و گرووپە نیابەتییەکانی یەک لە دوای یەک لە دەست داوە و زۆربەی ڕێبەرانی ڕژێمیش لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە کوژران. ڕژێم بۆ شاردنەوەی تاوانەکانی خۆی لە ناوخۆی وڵاتدا، دەستی داوەتە ئیعدام و زیندانیکردنی لاوانی شۆڕشگێڕ؛ بەو بۆنەیەوە «مای ساتۆ» نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتی ئەمساڵیدا سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی ڕژێمی تاران دەڵێت: «لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی ئیسلامیی تاراندا، جیاکاری و هەڵاواردن، سنووردارکردنی مافی زمان و بێبەشکردنی ئابووری تا دەگاتە لەناوبردنی ژینگە و پێشێلکردنی مافی زیندانییانی کورد و بەلووچ لە دۆسیە سیاسییەکاندا، کە دواجار وا لەوانە دەکات ڕووبەڕووی سزای قورس ببنەوە». ناوبراو لە درێژەی بابەتەکەیدا ئاماژەی بە دۆخی کۆڵبەرانی کورد کردووە کە بۆ بژێویی ژیانیان پشتیان بە گواستنەوەی کەلوپەل بەستووە و ئەوان ڕۆژانە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمەوە دەکرێنە ئامانج. لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا مای ساتۆ هۆشداریی داوە لەوەی کە هەڵاواردنی نەتەوەیی و ئایینی لە ئێراندا کاریگەریی خستووەتە سەر پرۆسەی دەستگیرکردن، لێپرسینەوە، دادگاییکردن و دەرکردنی سزا، بە تایبەتی لەو حاڵەتانەی کە دەبنە هۆی دەرکردنی سزای لەسێدارەدان.
لە ڕاستیدا لە ماوەی پێنج دەیەی ڕابردوودا، خەڵکی ئێران هەڵسوکەوتی دەسەڵاتی ڕژێمی ئیسلامییان ناسیوە، کە بە هەر هەڵسوکەوتێکی ئەو ڕژێمە بە جوانی دەناسن دۆخی ئێران لە چ حاڵ و هەوایەکدایە. هەر کاتێک ڕژێم باس لە بووژاندنەوەی ئابووری و دابەزینی نرخی دۆلار دەکات، خەڵک زۆر زوو زانیویانە کە کێشە و گرفتی زیاتر بۆ ئابووری و دۆلار دروست دەبێت. بەڵام گرنگتر لە هەموو ئەمانە ئەوەیە؛ هەر کاتێک ماشێنی سێدارەی ڕژێم کەوتبێتە خۆ، خەڵک زانیویانە کە ڕژێم هەست بە مەترسیی گەورە دەکات و بۆ داپۆشینی ئەو مەترسییە وەها نیشان دەدات کە هەموو شتێک لە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیدایە و هەموو شت لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەواندایە.
کاتێک لە بریتانیا باس لە تیرۆر و تەقاندنەوە دەکرێت، چەند کەس لە تیرۆریستەکانی ڕژێمی ئیسلامی دەگیرێن و دواتر بە کەفالەت/سەنەد ئازاد دەکرێن. ڕژێمی ئیسلامیی ئێران هەوڵ دەدات لە ناوخۆی وڵاتدا خەڵکی وەزاڵەهاتوو بە هەموو شێوەیەک سەرکوت بکات؛ بۆ ئەو مەبەستەش دەستی داوەتە گرتنی کەسانی ناڕازی، بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لە شەش مانگی ڕابردوودا بە سەدان گەنجی کورد بە بێ هۆکار و تەنیا بە بیانووی ئەوەی داوای مافە سەرەتاییەکانی خۆیان دەکەن، گیراون، و سێدارە و ئەشکەنجە چاوەڕێی بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی ئێران، بە تایبەتی کوردستان دەکات. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی ئەورووپی تەنیا ڕژێمی ئیسلامیی ئێرانیان ئیدانە کردووە یا گەمارۆیان خستووەتە سەر ئەو وڵاتە، کە ئەمە نە تەنیا نەیتوانیوە بەر بە کوشتاری خەڵک و زیندان و ئەشکەنجە و ئیعدام بگرێت، بەڵکوو بە پێچەوانەوە ڕژێم هارتر لە هەمیشە لە ئێران و بە تایبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەستی داوەتە تاوان؛ هەر ئێستا بە سەدان لاوی کورد لە سیاچاڵەکانی ڕژێمدا چاوەڕێی حوکمەکانیانن.
ڕژێمی ئیسلامی وەک جاران نە هێزی بەرگریی ماوە و نە توانای شەڕ و ئاڵۆزی لە ناوچەکەدا؛ هەر بۆیە لە ناوخۆدا بە توندی دەستی داوەتە سەرکوتکردنی خەڵکی خەباتکار. ئەمە لە لایەکەوە، و لە لایەکی دیکەشەوە دۆخی ئابووریی ئێران وای لە خەڵک کردووە کە چیتر توانای کڕینی شتومەکی ڕۆژانەی خۆیان نییە. هەموو ئەم دۆخە نیشاندەری ئەوەن کە ڕژێمی ئیسلامیی ئێران خۆی لە مەترسییەکی گەورەدا دەبینێت و بۆ ڕزگاربوون لەو کێشانە، خۆی لە هەموو شتێک سەرشێتانە وەردەدات و لە هر چەکێک بۆ خۆدەربازکردن کەڵک وەردەگرێت.
