لە مێژووی کۆمەڵەدا گەلێک گیانبازی و فیداکاریی کەموێنە کراون، ژمارەیەکی زۆر لە خەباتکارانی کوردستان و مرۆڤە چەپ و سۆسیالیستەکانی ئەم ڕەوتە گیانی ئازیزیان ناوەتە پێناو ئامانجە بەرزەکانی کۆمەڵە. لەدەستدانی هەموو ئازیزانە و هەموو گیانبەختکردووەکانی کۆمەڵە بۆ بنەماڵە و هاوڕێیانیان و ئەوانەی دڵیان بۆ ڕزگاری و ئازادی و یەکسانی و عەداڵەت لێدەدا ئازارێکی قورس و خەسارێکی قەرەبوو نەکراو بووە. لە نێو ئەو هەموو خەسار و لەدەسدانە دڵتەزێنانەدا گیانبەختکردنی هاوڕێیانی گوردانی شوانی کۆمەڵە ئازارێکی تایبەت و برینێکی قووڵتر لە هەموو برینەکانی لەسەر جەستەی کۆمەڵە و کوردستان بەجێهێشتووە.
ڕۆژی ٢٧ی ڕەشەممەی ساڵی ١٣٦٦ ی هەتاوی کاتێک بە فەرمانی حکوومەت ئەوکاتی عێراق شاری هەڵەبجە بومبارانی شیمییایی کرا و زیاتر لە پێنج هەزار هاووڵاتیی کورد بوونە قوربانیی شەڕی دواکەوتووانەی دوو دەسەڵاتی داگیرکەری کوردستان، هاورێیانی گوردانی شوان کە لەو ناوچەیە جێگیربوون و لە ئاکامی ئەو هێرشەدا ژەهراوی ببوون لە شەڕێکی نابەرانبەردا گیانیان نایە پێناو ئامانجە بەرزەکانیان.
گوردانی شوانی کۆمەڵە کە کۆمەڵێک لە تێکۆشەرانی لێبڕاو و خەباتکارانی چەپی کوردستان تێدا چالاک بوون و مێژوویەک لە سەربەرزی و ئازایەتییان تۆمار کردبوو و نموونەیەکی بەرزی پێشمەرگایەتی و سەمبۆلی شۆڕشگێڕی و وەفاداری بە خەباتی چەوساوەکانی کوردستان بوون تا ئەو کاتە گەلێک تاقیکردنەوەیان سەربەرزانە تێپەڕاندبوو و لە دواتاقیکردنەوەی ژیانیاندا سەربەرزتر لە هەمیشە هاتنەدەرەوە و بوون بە گەشاوەترین ئەستێرەکانی ئاسمانی خەباتی شۆڕشگێڕانەی کوردستان.
ساڵانێک دوای ئەو کارەساتە و ئەو زەبرە گەورەی لە کۆمەڵە و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان کەوت، ڕۆژی ٢٧ی ڕەشەممە ڕۆژی گیانبەختکردنی هاوڕێیانی گوردانی شوان وەکوو ڕۆژی گیانبەختکردووانی کۆمەڵە دیاری کرا. ئەو ڕۆژە ساڵانێکە بووتە سەمبۆلی خۆڕاگری و بەرزترین ئاستی تێکۆشان لە ڕێگەی ئامانج و ئاواتە ئینسانییەکاندا، بووە بە ڕەمزی سەربەرزی و کۆڵنەدان و شۆڕشگێڕبوون تا دواهەناسە.
گیانبەختکردنی هاوڕێیانی گوردانی شوان و هاوڕێیانی دیکەی ئەو ڕێبازە هەوێنی بەردەوامیی خەبات و سەرچاوەی وزە و هەوڵی تێکۆشەرانی دیکەی کۆمەڵە و بزووتنەوەی کوردستان بووە و لە شۆڕشی نوێی کوردستاندا ئاواتەکانی ئەوان لە هەمیشە بەرچاوتر و قووڵتر دەنگی داوەتەوە.
پێشمەرگەی کۆمەڵە بۆ ئەمڕۆ و داهاتوو دەبێ هەم ئەزموون ڕۆڵە گیانبەختکردووەکانی کۆمەڵە بکەنە چرای ڕێنوێن و هەم بە نوێگەری و ناسینی سەردەمی خۆیان هیوای خەڵکی چەوساوەی کوردستان گەش ڕاگرن و وەکوو هەمیشە هاودەستی جەماوەر بن و پێشەنگایەتیی خەبات بگرنە ئەستۆ.
لە ٢٧ی ڕەشەممەدا ڕێز لە یادی هاوڕێیانی گیانبەختکردوومان لە گوردانی شوان و هەموو گیانبەختکردووانی کۆمەڵە دەگرین و بەڵێنیان لەگەڵ تازە دەکەینەوە کە بۆ بەدیهێنای ئاواتی ڕزگاری و عەداڵەت و یەکسانی شێلگیر و بەردەوام بین و ڕێگەیان ون نەکەین.
بەڕێزە ڕۆژی گیانبەختکردووانی کۆمەڵە
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٢۶ی ڕەشەممەی۱۴۰۲
۱۶ی مارسی ۲۰۲۴