
کۆڕبەندی چەپی کوردستان لە ڕوانگەی هەستکردن بە ئەرک و بەرپرسیارێتی نیشتمانیی کوردستانی و ڕەنگڕێژکردنی دیدگای هاوبەش ساڵانە کۆنفرانسی خۆی دەبەستێت.
کۆڕبەندی چەپی کوردستان، بە بەشداریی لایەنەکانی و ئامادەبوونی بەشێک لە حزبە سیاسییەكانی كوردستان و (120) کەسایەتی سیاسی و ئەکادیمی و ڕۆشنبیری سەربەخۆ لە هەر چوار پارچەی کوردستان، ڕۆژی 28ی ئۆکتۆبەری 2026 لە شاری هەولێر پێنجەمین کۆنفرانسی لەژێر دروشمی ( کوردستان لەنێو گۆڕانکارییەکان و پێشهاتە سیاسییەکان، ئاڵنگاری و دەرفەتەکان ) بەست.
لە کۆنفرانسەکەدا چوار پانێڵ بەڕێوەچوو، لە هەر پانێلێکدا ڕەوشی یەکێک لە پارچەکانی کوردستان شرۆڤە کرا و بەشداربووانی کۆنفرانس ڕاو و بۆچوونی خۆیان لەبارەی بابەتەکانی کۆنفرانس خستەڕوو. لە کۆی وتار و گفتوگۆی پانێڵەکاندا، ئەم خاڵە هاوبەشانەی خوارەوە وەکوو ئەنجامنامەی کۆنفرانس، بڵاودەکەینەوە:
1.ڕەوشی سیاسی :
دیارە بەستنی کۆنفرانس لە کاتێک دایە ، کە جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ڕەوشی شەڕ و لێکەوتەکانی تێپەڕدەبێت، دەڤەرەکە ڕووبەڕووی ئاڵنگاری گەورە بووەتەوە، سێبەری شەڕ و لێکەوتەکانی، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر سەقامگیریی سیاسی و ئابووری و قووڵبوونەوە و فراوانبوونی ململانێ لە ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا هەیە، بە هۆی بەردەوامی ئەو ڕەوشە و پەرەسەندنی سیاسەتی فراوانخوازیی زلهێزەکان و بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکانیان، ئاسۆی ڕووداوەکان و ئاییندەی سیاسی ناوچەکە ڕۆشن نییە ، و ئەگەری خرابتربوونی دوخەکە لە بەردەوامبوون و بەرفراوانبوونی شەر ، لەو چوارچێوەیەدا کە کوردستان لەنێو جەرگەی ڕووداوەکان دایە ، هەر لەو کاتەدا مەترسی لەسەر گەلی کوردستان و بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان هەیە.
بەردەوامبوونی ئەم ڕەوشە مەینەتی زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت ، مەودای هەژاری و بێکاری فراوانتر دەکات و چینە زەحمەتکێشەکان لەگەڵ ژیانێکی ناهەموارتر ڕووبەڕوو دەکاتەوە ، بۆیە کۆتاییهێنانی ئەو دۆخە ناهەموارە لە بەرژەوەندیی گشتیی و گەلانی ناوچەکەیە ، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستیی بە سەقامگیریی و بەهێزکردنی بنەماکانی ئازادی و یەکسانی و دیموکراسی و پێکەوەژیانی برایانەی نێوان گەلان و چارەسەرێکی دادپەروەرانەی کێشەی گەلانی ناوچەکەیە .
2.مافی چارەنووسی گەلی كوردستان
لەبەر ڕۆشنایی ئەو ڕووداوانەدا ، دادپەروەرانە نییە لە ڕەنگڕێژکردنەوەی نەخشە و هاوکێشە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست ، گەلی کوردستان لە مافی چارەنووس بێبەش بکرێت و جارێکی دیکە گەلی کوردستان بکرێتەوە قوربانی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتە زلهێزەکان .
کۆڕبەندی چەپی کوردستان لەو ڕەوشە هەستیارە ، داخوازی لە حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکات لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە گشتییەکانی گەلی کوردستان ، یەکڕیزیی کوردستانی پێکبهێنن و بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندیی و سەربەخۆیی لە بڕیاردان لە هەر پارچەیەکی کوردستان، بەپێی کارنامەیەکی هاوبەش لە کاتێکی نزیک گۆنگرەیەکی کوردستانی ببەستن .
3.کۆڕبەندی چەپی کوردستان، لەسەر بنەمای سڕینەوەی سیاسەتی ئینکارکردن و ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی و داننان بە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان و بە زمان و ناسنامەی نەتەوەیی کورد لە باکووری کوردستان ، پشتیوانی لە چارەسەری سیاسی و ئاشتیانەی دۆزی گەلی کوردستان دەکات لە تورکیا.
4.کۆڕبەندی چەپی کوردستان، بەتوندی ئیدانەی سیاسەتی بێبەشکردن و سەرکوتکردن و لە سێدارەدانی کورد دەکات لە ئێران دا، هاوکات بانگ لە لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات لەنێو گۆڕان و پەرەسەندنە سیاسییەکانی ئێران ، یەکڕیزیی خۆیان پتەوتر بکەن بۆ چەسپاندن و بەدیهێنانی ئامانجەکانی گەلەكەمان.
5.کۆڕبەندی چەپی کوردستان، بە نیگەرانییەوە لە ڕەوشی گەلی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان دەڕوانێت لە پرۆسەی سیاسی و گۆڕانکاریەکانی ڕەوشی سووریادا، بۆیە ڕووی داخوازی لە حزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژاوای کوردستانە پێکەوە هەوڵبدەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکان و چەسپاندنی سیستەمێکی دیموکراسی و زامنکردنی مافە ڕەواکانی گەلی کورد و مافی خۆبەڕێوەبەریی و بە فەڕمی ناسینی زمانی کوردی لە دەستووری داهاتووی سووریا .
6.کۆڕبەندی چەپی کوردستان، هەرێمی کوردستان وەک ئەزمونەکی فیدراڵی لە عێراق، وەکوو دەستکەوتی نەتەوەیی تەماشا دەکات و خوازی لە هەموو لایەنەکان ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان بە حکومەت و پەرلەمان و بە دامەزراوە قەزایی و دامەزراوەکانی جڤاکی مەدەنی و ئازادیەکان و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەلایەتی ، بەهێزتر و پتەو بکەن .
هەرچی زووە کۆتایی بە قەیرانی سیاسی بهێنرێت و بە شێوەیەکی واقیعبینانە لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە گشتییە کوردستانییەکانەوە، وەکوو ئەرک و بەرپرسیارێتی هاوبەش، مامەڵە لەگەڵ ڕەوش و پەرەسەندنە سیاسییەکان بکرێت و لە ڕێگەی دیالۆگەوە، کێشە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت و پەلە لە دەست بەکاربوونی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکرێت.
کۆڕبەندی چەپی کوردستانی
-پارتی سۆسیالیستی کوردستان (PSK) /باکوور
-پارتی کۆمۆنیستی کوردستان (KKP) / باکوور
-کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان/ڕۆژهەڵات
-پارتی یەکێتیی دیموکراتی کورد لە سوریا
-پارتی کۆمۆنیستی کوردستان /ڕۆژاوا
-حزبی شیوعی کوردستان /عێراق
-بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان /باشوور
-حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان /باشوور
29ی ئۆکتۆبەری 2026