ئێوارەی ڕۆژی هەینی، ۲۳ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۶
بە ئامادە بوونی شاندێکی ڕێبەریی لە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و پارتی سەربەخۆیی کوردستان، لە کەشوهەوایەکی هاوڕێیانە و بەپرسیارانەدا، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بەڕێوەچوو.

ئامانجی سەرەکیی ئەم کۆبوونەوەیە تاوتوێکردنی گۆڕانکارییە سیاسییەکان، هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ناوچەکە و هاوئاهەنگیکردنی زیاتری هەڵوێستی هەردولا بوو بەرامبەر بە پرسە چارەنووسسازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. هەر بەم هۆیەوە کۆمەڵێک تەوەر هاتنە بەرباس و گفتووگۆ.

لە دەستپێکی گفتووگۆدا هەردوو لایەن بە وردی دیدگا و تێڕوانینی خۆیان لەسەر ئاسۆی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەگەری گۆڕانکارییەکان لە دواڕۆژدا خستە ڕوو. کە تێیدا ئاماژە بە دواپێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە و کاریگەرییان لەسەر خەباتی ڕەوای کورد لە ڕۆژهەڵات کرا.

هەروەها سەرنج درایە سەر قەیرانە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی ڕژیمی ئێران و ئەو هەنگاوە پێویستانەی دەبێت کورد و حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرامبەر بە ئاڵوگۆڕەکان بەیەکەوە هەڵیانبگرن. جەخت کرایەوە لەسەر گرنگی و ڕۆڵی کارای هاوپەیمانی و یەکڕیزیی نێوان هێزە سیاسییە کوردستانییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پێشهات و جێبەجێکردنی ئەرکە نەتەوەییەکان.

لە درێژەی ئەم دانیشتەندا پێداگری لەسەر بەهێزترکردن و بەردەوامبوونی پەیوەندی و هاوکارییەکانی نێوان هەردوو لا وەک پێویستییەکی گرنگ لە پێناو دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرا.
جەخت لەسەر مافی دیاری کردنی چارەنووسی کورد، باسێکی دیاری ئەم دانیشتنە بوو کە هاوکاتیش پێویستیی ڕێزگرتن لە ویست و ئیرادەی ئازادانەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوابەدوا دووپات کرایەوە.

لە دەرەنجامی کۆبوونەوەکەدا، هەردوو لا کۆبوونەوەکەیان بە ئەرێنی و بەرهەمدار هەڵسەنگاند و جەختیان لەسەر بەردەوامیی دیالۆگ، ئاڵوگۆڕی زانیاری و بەهێزکردنی ئاستی هاوئاهەنگی و هاوکارییە مەیدانی و سیاسییەکان لە داهاتوودا کردەوە.

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان-پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان (دەرەوەی وڵات)
۲۰۲۶-۱۰-۲۸

Share.

Comments are closed.

Exit mobile version